دیوانی مەحوی و کاری تازەی مامۆستا مەلاکەریم

لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 23 خولەک  1453 بینین

شاعیرێکی فارس گوتەنی: هەر تاوێ لەم باغە بەرێ پێدەگا، تازەتر و تازەترێ پێدەگا. بەڵێ بنەماڵەی تێکستۆلۆگی کوردی باخەو، باخێکی زەنوێر و پڕ لەبەر. بەری ساڵانی پێشووی ئەم باخە زەنوێرەمان دەسکەوت و تام و لەزەتیمان چێشت. پیری تەمەن پیرۆز و لاوی بەتین و تاوی زانیاری و ئەدەب مامۆستا مەلاکەریمکەس هەوەڵین نەمامی باخی تێکستۆلۆگیی ئەدەبی کوردی بە ڕێکوپێک کردن و لێکۆڵینەوە دیوانی شای شاعیرانی کورد مەولەویکەس ناشت. پاشان وەکوو بنەماڵەیەکی وەجاخ ڕوون کوڕەکانی پێگەیشتن و لەژێر چاوە دێریی باوکیاندا فێربوون و کەوتنە یارمەتیدانی، ئەمجار بە هەرەوەز و بە ڕێنوێنی مامۆستا مەلاکەریم بەری تازەیان لەو باخە پێگەیاند دیوانی نالیکەس و شیرین و خوسرەو ی خانای قوبادیکەس یان ڕازاندەوە. ئێستا ئەوا بەری تازەتر پێگەیشتووە کە دیوانی مەحویکەسیە. پپت و بەرەکەتی تەمەنی پیرۆزی مامۆستا مەلاکەریم، جگە لە کارە بەنرخەکانی، ئەوەشە کە کوڕەکانی وا ڕاهێناوە بە ڕێگای ڕاست و ڕەوانی خۆیدا بڕۆن و خێر بۆ زمان و ئەدەبەکەمان بدەنەوە. مامۆستا مەلاکەریم هەر وەک هەوەڵین تێکستۆلۆگی کوردییە. هەوەڵین مامۆستا و داهێنەری کاری بە کۆللێکتیڤ یشە لە مەیدانی ئەدەبی کوردیدا لەگەڵ کوڕەکانی بە گورووپ و دەستە کاری کردووە و فێری کاری بە کۆللێکتیڤی کردوون کە لە دنیای پێشکەوتوودا باوە و، دوو یا چەند کەس بە یەکەوە کتێبێک دەنووسن یا وەردەگێڕن. یا کارێکی تری ئەدەبی و هونەری و زانیاری دەکەن. چاوەڕوانی دەکرا ئەدیب و نووسەر و لێکۆڵەرەوەی دیکە، کاری تێکستۆلۆگی لە مامۆستا فێر بن. بە ڕێگەی ئەودا بڕۆن. پرس و ڕای پێ بکەن و لە شارەزایی و تەجرەبەی زۆر بەنرخی ئەو بەهرە وەرگرن. بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەمە نەکراوە. یەک دوو جار لاساییەکی ئەو کراوەتەوە. بەڵام نەگەشتووەتە ڕادەی پەسەند! ئەوا دیوانی مەحوی بە جوانی و ڕێکوپێکی لە لە چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد چاپ کراوە و لە بایەخی چاپەمەنیی کوردی و چاپخانەی کۆڕی زانیاری زیاد دەکا. وەکوو لە لاپەڕەی ٨- ٩ ی کتێبەکەدا هاتووە لە ساڵی ١٩٦٠ەوە تا ساڵی ١٩٧٧ چەند ئەدیب و لێزان، تاک تاک و جووت جووت و، بە دەستە خەریکی کۆکردنەوە و نووسینەوەی ئەم دیوانە و، بیروڕا دەربڕین لە بارەی شێعرەکانی دیوانەکە بوون. لێرەشدا لەگەڵ ڕێز و قەدرزانینی کاری ئەوانی دیکە کە لەو جێگەیەدا ناویان هاتووە و پێویست بە دووپاتە کردنەوە نییە. بێگومان بە ڕای ئەوانیش مامۆستا مەلاکەریم دیسان شاسواری مەیدانە، چونکە دیوانەکە پڕە لە زاراوەی سۆفیگەری و فەلسەفەی ئیسلامی و ئیشارە بۆ ئایەتی قورئان و حەدیسی پێغەمبەر کە زانایەکی پایەبەرزی ئایینی و بەرچاو بەرین و فرەوانی وەک مامۆستا مەلاکەریم نەبێ، دژوارە ئەوانەی بۆ بچێتەوە سەر یەک و ئەو مەتەڵە قورسانەی لەو شێعرانەدا هاتوون هەڵێنێ. ئەوەی لێرەدا من بەشبەحاڵی خۆم لە ڕادەبەدەر پێی دڵخۆشم ئەوەیە کە هەر لەو لاپەڕەی ٩ یەدا کاک موحەممەدی مەلاکەریم نووسیویەتی:«لە سەرەتای ساڵی ۱۹۷۷دا پێش دەستکردن بە چاپ، من و مامۆستا شێخ موحەممەدی مەحوی و کاکەی فەللاح کۆڕێکی درێژمان گرت و لە سەرنجەکانی کاکەی فەللاح و کۆمەڵێ سەرنج و پێشنیاری مامۆستا شێخ موحەممەدمان کۆڵییەوە و هەموو شتێکمان لە بارەی ئەوانە بڕییەوە و بڕیاری پێویستمان بۆ چۆنیەتی لە چاپدانی دیوانەکەدا».. ئەما نیشانەی ئەوەیە کە کاری بە هەرەوەزی ئەدەبی لە چوارچێوەی بنەماڵەی تێکستۆلۆگییەوە خۆی گەیاندووەتە دەرەوەی ئەو چواچێوەیە و هیوای ئەوە پەیدا بووە پەرە بگرێ و تەلیسمی (ئیندیۆیدوتالیسم) {fn|ئیندیویدوئالیسم Individualism وشەیەکی فەڕەنسییە سێ مانای هەیە: یەکەم: ڕێبازێکی فەلسەفییە ویست و سوودی شەخسی لە سەرەوەی سوود و مەسڵەحەتی کۆمەڵ دادەنێ. دووهەم: بیروڕای ئیندویدوئالیستی ڕووداوەکان و بەسەرهاتەکان وەک نەتیجەی کردەوە و تێکۆشانی شەخسیەت دەزانێ، نەک هیی هەموو خەڵک و چینەکان.

سێهەم: شەپۆلێکی ئەدەبییە دەرک و فامی شەخسی دەردەبڕێ.} یا «تاکەتی خۆم خۆمی» بشکێت و لەو ڕەوشت و ئاکارە دزێوەی ژیانی سەردەمی فیئۆدالیسم و دەرەبەگایەتی تووشی ئێمەی کردووە ڕزگارمان بێ کە بێئەوەی خۆمان بمانهەوێ لە هەستی نائاگاماندا بە شێوەی جۆربەجۆر خۆی دەنوێنێ و نەک تەنیا لە کاری ئەدەبیدا، لە ژیانی ڕۆژانەشماندا دەمانچەڕێنێتە سەر تەڵە و کاری دزێومان پێ دەقەومێنێ. ئەگەر متمانە و پرس و ڕا لە ئارادا بووایە، ئێمەیش وەکوو ئەو هەموو خەڵکی خوایە کاری ئەدەبیی بە دەستەو هەرەوەزمان دەبوو. ئاسەواری ئەدەبیمان کۆدەکردایەوە و لە پرش و بڵاوی ڕزگار دەبوو. وە هەڵە و چەوت و چەوێڵی ڕووی نەدەدا. بەڵام ئێستا گەلێ جار ئەگەر کەسێ دڵسۆزی بکاو بە دۆستێکی خۆشی بڵێ فڵانە وشەت دروست بەکارنەهێناوە، یا فڵانە وتەت غەڵەتە، ئەگەر بە گژیشیدا نەچێ بەلانی کەمەوە لچی لێ هەڵدەقورچێنێ. جا لە ترسی «دەوەن بە ئاش» پڕکێشی ناکەن هەڵەی یەکتر ڕاست کەنەوە. بە ئاواتەوەم ئەو کارە باشەی کاک موحەممەد گێڕاویەتەوە «ئەو کۆڕەی بۆ پرس و ڕا لە بارەی شێعرەکانی مەحوی و چاپکردنی دیوانەکەی گرتوویانە» پەرە بگرێ و لەناو ڕۆشنبیر و ئەدیب و نووسەرەکانماندا ببێتە باو، پرس و ڕا بە یەکتر و هاوکاری کردن لەگەڵ یەکتر بێتە ئاراوە، بە مەندی و لەسەرخۆ لە مەبەستەکان بکۆڵنەوە، لە باس و خواسی ئەدەبیدا ئەوەی پاڵی بە دەلیل و بەڵگە دراوە و بەجێیە بسەلمێنن، دەنا بە نەرم و نیانی و بە دەلیل و بەڵگە ڕەتی کەنەوە. دوای ئەو قسانە ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە: داخۆ ئەم دیوانە ئەو هەموو ڕەنجە دەهێنێ کە وەکوو کاک موحەممەد لە لاپەڕەی ٨- ٩دا دەیگێڕێتەوە، لەگەڵی کێشراوە؟ بە ڕاکشاوی دەتوانم بڵێم: بەڵێ. چونکە لەو وڵاتانەی کە ژیانی «شارنشینی» پێشکەوتووە و ڕادەی زانست و زانین بەرزە. ئەم کارە نەک تەنیا لەگەڵ هەموو چەشنە ئاسەوارێکی ئەدەبی و مێژوویی خۆیان، بەڵکو لەگەڵ هیی خەڵکەکان و گەلەکانی دیکەش دەکەن و، لە تۆژینەوە و لێکۆڵینەوەیان کەڵکێکی زۆر وەردەگرن. ئێمەش ئەگەر بە وردی لە ئاسەواری کۆن و کلاسیکی خۆمان کە یەکێ لەوان «دیوانی مەحوی»یە بکۆڵینەوە، دەتوانین لەگەلێ لاوە کەڵکیان لێ وەربگرین. زۆر کەم چیکڵدانی دەبێ ئەگەر بڵێین ئەم شێعرانە سۆفی گەرین و بە کەڵکی ئەمڕۆمان نایەن و بییاننێینە ئەولاوە. هێندێ نموونەی ئەو کەڵک و سوودەی دەتوانرێ لە تۆژینەوەی ئەم دیوانە وەرگیرێ، ڕوونکردنەوەی ئەو مەبەستانەی خوارەوەیە کە تا ڕادەیەکی شایانی سەرنج، لەگەڵ ژیانی ئەوسای شار و ناوچەی سولەیمانی ئاشنامان دەکا:

۱. چەشنی بیرکردنەوەی ئەو سەردەمە.

۲. وشەی زۆری فارسی و عەڕەبی لە شێعری کوردی ئەو سەردەمەدا و دۆزینەوەی هۆی ئەمە.

۳. تەئسیری شێعری فارسی لە کوردیدا و سەبەبەکەی.

٤. مەحوی لە شێعری کام شاعیری فارسی تەئسیری وەرگرتووە و، بە دوای کام شاعیری کورددا ڕۆیشتووە؟

٥. چ ئیدیۆلۆژیەک لەم شێعرانەدا خۆی دەنوێنێ و، تەئسیری باش یا خراپی ئەو ئیدیۆلۆژییە لە کۆمەڵدا؟

٦. مەحوی بیروڕای چ تاقمێک دەردەبڕێ؟

۷. بیرکردنەوەی مەحوی لە چ چاوگەیەک ئاو دەخواتەوە، لە چی ناڕازییە، ناڕازییەتییەکەی بنەڕەتی و قووڵە، یا بانەکی و تەنک وتیوارە؟

۸. ئەو وشە ڕەسەنە کوردییانەی بەکاری هێناون.

۹.داخۆ ئەو وشە کوردییانەی بەکاری هێناون وشەی ئەوسای شاری سولەیمانی بوون یا نە؟ ئەگەر وشەی ئەو شارە نەبوون، هیی چ ناوچەیەک بوون؟ ئەگەر هی ئەوێش بوون بۆچی هێندێکیان گۆڕاون؟

۱۰. تەسویر و وێنەکێشان لە شێعری مەحویدا.

۱۱. بۆچی زۆربەی شێعرەکانی مەحوی قورسن و گەلێ کەس تێیان ناگەن؟

۱۲. ئەو کەسانەی و ئەو کارەساتە مێژووییانە ئیشارەیان بۆ کراوە.

ئەمانە و گەڵێ شتی تری لەم جۆرە. ئەمە لەمەڕ شێعرەکانی مەحوی. لە بارەی شێعری کلاسیکی دیکەش هەروایە. جگە لەوانە لە «تەشبیە» و «کینایە» و «تەسویر»ە ڕەسەنەکانیشی کە شەقڵی میللی و تەنانەت ناوچەیی و جێگەیشیان پێوە بێ، دەتوانرێ کەڵک وەرگرێ. ئەو مەبەستانەی لەسەرەوە ژماردمانن، لێرەدا جێگەیان نابێتەوە قسەیان لێ بکرێ. بەڵام بۆ نموونە نەختێ باسی کەڵک وەرگرتن لە تەسویرێکی ڕەسەنی مەحوی دەکەین کە شەقڵی ناوچەی سولەیمانی پێوەیە:

زەمانەی پڕ تەعەب دەتکاتە تیرۆک
لەتێ نانت دەداتێ دووبەشی نۆک

ڕووکاری ئەم شێعرە پێمان دەڵێ: زەمانەی پڕ لە مەینەت وەک «تیرۆک» هەڵت دەخولێنێ، ئەوسا لەتێ نانت دەداتێ، ئەویش دوو بەشی نۆکە. بە زمانی سادەتر: ئەوەندەت مەینەت بەسەر دێنێ تا لەڕوو لاواز دەبێ، جا پارووە نانێکی ناخالست دەداتێ. ئەم تەسویرە، وێنەکێشانێکی موجەسەمە. مەبەستەکە وەکوو شتێکی شایانی دەست لێدان دەخاتە بەرچاو. وێنە نیشاندانێکی گشتییە، بۆ گشت کەس و بۆ هەمووان شایانی تێگەیشتنە. هەموو کەس زەمانە، مەینەت، تیرۆک، نان، نۆک تێدەگا و لە پێوەندی نێوان ئەوانە شارەزایە. بەڵام دوو گرێی تیدایە یەکیان مەینەت دیتنی تیرۆک بە دەست هەویرێکەوە کە دوو بەشی نۆک بێ. ئەوی تریان هەویری ئەو نانە بۆچی دوو بەشی ئاردە نۆکە؟ تا ئێرە ڕۆژگاری وێنەکەیە. بۆ کردنەوەی ئەو دوو گرێیە دەبێ بچینە ئەودیوی مانای شێعرەکەوە: لە سولەیمانی باو بووە نەختێ ئاردی نۆکیان تێکەڵی ئاردی گەنم کردووە تا ڕەنگی نانەکە زەرد و جوان بێ. لەمەوە نان و نۆک ئاشنایەتییان پەیدا کردووە. بەڵام ئاردی نۆک بێ پێزە. کە نەختێ پتری تێکەن هەویرەکە بێ پێز دەکا و کردنەوەی گونتکێک هەڵخولانی تیرۆکی زیاتری دەوێ، خۆ ئەگەر بێت و دوو بەشی نۆک بێ، هەویرەکە ئەوەندە بزڕ بزڕ دەبێ تیرۆک تا گونتکێک دەکاتەوە توێخ و لوێخی دەچێ. لێرەدا چوارسووچکەی تەشبیهەکە دێتە دەست.

زەمانەی پڕ تەعەب- لەڕو لاوازکردنی تۆ.

هەویرێکی دوو بەشی نۆک بێ- توێخ و لوێخ چوونی تیرۆک.

ئەم پرسیارە ماوە وەڵامی بدرێتەوە: بۆچی ئەو هەویرە دوو بەشی نۆکە؟ چونکە گەنم کەمە. بۆچی گەنم کەمە؟ وەڵامەکەی شێعرێکی دیکە دەیداتەوە کە لە دەستە شێعرێکی دیکە دایە:

بەڵا هەر وەک کولە
دابارییە سەر مەزرەعەی ئومێدا
مەگەر ئەو تیپی موژگانە
بکەن وەک عەینەمەل چارێ

ئەمجار واز لە مەنای ڕووکاری شێعرەکە دێنین و ڕاستەوخۆ دەچینە ئەودیوەوەی. بەڵام ئەو دیوەی کە ئێمە لە ڕێگەی کەڵک وەرگرتن لە تەسویرەوە مەبەستمانە. کوللە هاتووە و گەنمی بە شینی خواردووە. وەکوو دەزانین کوللە بەهاران دێ. دوای کوللە دەرفەتی چاندنی نۆک دەمێنێ. نۆکیان چاندووە و ئێستا کەمبوونی ئاردی گەنم به ئاردی نۆک پڕ دەکەنەوە. ئەی بۆچی بەربەرەکانێی کوللەیان نەکردووە و پێش ئەوەی زیان بدا. نەیانفەوتاندووە؟ هەوڵی ئەوەیشیان داوە. مامۆستا مەلاکەریم لە مانای ئەم شێعرەدا نووسیویەتی: عەینەمەل باڵدارێکی ڕەشە، لە چۆلەکەیەکی قەڵەو گەورەترە. زۆر دوژمنی کوللەیە و پۆل پۆلیش دەفڕن. زیانیشی بۆ میوە زۆرە. هەر ساڵێک زۆر بێ دەنێرن لەو وڵاتانەی عەینەمەلیان تیایە، ئاوی کانی دەهێنن و بە دەغڵ و دان و ناوباخیدا دەپڕژێنن، گوایە عەینەمەل بە دوای ئاوی وڵاتەکەی دێت و دەست دەکا بە قەڵاچۆکردنی کوللە لەو شوێنەدا کە ئاوەکە کراوە بە دەغڵ و دان و ناوباخیدا. وەکوو هێندێ ئەشکەوتی ا هەیە کۆتری زۆر تێدایە و پێی دەڵێن «کونە کۆتر»، جێگای واش لە هاوشار «لە ناوچەی موکریان» هەیە عەینەمەلی تێدایە، پێی دەڵێن «هەیوان ساری». ئەو ئەشکەوتە ئاویشی تێدایە. بۆ هێنانی عەینەمەل بۆ سەر کوللە چوون لەو ئاوەیان هێناوە. ئەگەر زەینی خۆمان بەرچاو تەنگ نەکەین دەتوانین بڵێین ڕەنگە ڕاست بێ، عەینەمەل بە دوای ئاوەکەدا هاتبێ. وەکوو شتێکی بەڵگە بۆ ئیسپاتی نەبێ، ناتوانین لە سەری بوێستین، کە دەلیل بۆ ڕەتکردنەوەشی نەبێ، ناتوانین لەسەر ڕەتکردنەوەی پێداگرین. نەزانینی ئێمە هیچ کاتێ دەلیلی نەبوونی شت نییە. تەبیعەت ڕاز و نهێنی وای زۆر هەیە کە ئێمە بەخەیاڵیشماندا نەهاتووە. ئێستا ئەگەر بە کابرایەکی ساویلکەی لادێیی بڵێین: سەگ دز و شتی دزیەتی دەدۆزێتەوە. ئەگەر دەستەڵاتی ببێ لەوانەیە سەنگەسارت بکا. دەڵێ خوایە بە زیادی نەکا، سەگیش بوو بە غەیبزان! کەچی دەبینین لە گەلێ جێ پۆلیس بۆ دۆزینەوەی دز و شتی دزیەتی کەڵک لە سەگ وەردەگرێ. بەهەر جۆر، ئەگەر ڕاستیش نەبێ، نیشانەی ئەوەی کە چینی وەرزێڕی کورد ئارەزووی ئەوە بووە بەڵای ماددی بە شتێکی مادی چارە بکا و بە چەشنی ئەفسانە ئارەزووەکە خۆی دەربڕیوە و پاشان زانست بۆی پێکهێناوە. ئەوەی تا ئێرە لە بارەی نانی تیری و نانێکی دوو بەشی نۆک بێ و، زۆربوونی کوللە و ئاواتی فەوتاندنی کوللە بە چەشنێکی ڕاست یا ئەفسانەیی گوتمان ئەگەر زۆری وردکەینەوە ڕەنگە بۆ پزیشکیش جێگای سەرنج بێ کە نانی تیری چ گۆڕانێکی کیمیایی لە ماددەی قەند و نیشاستەی گەنمەدا پێکدێنێ. ئێمە چوزانین. بەشکم نانی تیری کە تەنکە و باش دەبرژێ زووتر هەزم بێت و ماددەی قەندیشی کەمتر تێدا بمێنێ. ئەمجار ئەو نانەی ئەوەندە نۆکەی تێدابێ چ کارێک دەکاتە ئۆرگانیزمی ئەوانەی دەیخۆن؟ ئەمە پزیشک دەیزانێ. هەروەها بۆ پسپۆڕێکی کشتوکاڵیش وەکوو پارچەیەک لە مێژووی کشتوکاڵی ئەو ناچەیە جێی سەرنجە. پسپۆڕی ئابووریش سەری هەودای داکەوتوویی ئابووری ئەو ناوچەیەی دەست دەکەوێ کە بنچینەکەی لەسەر ئابووریی کشتوکاڵی بووە و کشتوکاڵەکەش ئەوەندە بە شێوەی سەرەتایی بووە لە بەرامبەر کوللە و بەڵای دیکەی وەکوو «سن» و «هاڕییە» و «ژەنگ» و «گڕە» دا خۆی ڕانەگرتووە.. ئەم دیمەنە ئەو وەختە بە تەواوەتی خۆی دەنوێنێ کە دەگەیە ئەم شێعرە:

بۆ پارە حەیفە
خۆ دەکەیە پوولی ناڕەواج
بۆ پاروێکی نان ئەسەفە
ڕوودەکەی بە ساج

کە بەسەر ڕووکاری مانای ئەم شێعرەدا تێپەڕین و بچینە ئەودیوەوەی، دەبینین ئەوسا لە شاری سولەیمانی بە ساج یان به ساجیش نان کراوە. نان بە ساج کردن دیاردەیەکی ژیانی خێڵایەتی و کۆچەرییە و پێمان دەڵێ ئاکار و خووڕەوشتی فیئۆدالیزمی نێوە خێڵەکی هێشتا بە تەوژم بووە کە یەکێ لە تایبەتییەکانی ئیندیویدوئالیزمە- کەیە. ئیتر کلیلی کردنەوەی ئەو تەلیسمەمان دەست دەکەوێ کە وەکوو لە شێعرەکانی مەحویدا دەبینین هەر کەسەو هەر دەستەو تاقمەی خەڵکی ئەو شارە بە پەرۆشی کۆمەڵ یا کەسێکی تر و دەستەو تاقمێکی دیکەوە نەبووە و، تەنیا خۆی و سوودی خۆی مەبەست بووە، کە ئەمەش بووەتە هۆی پارە پەرستن، چڵ و چۆکەری، بێوەفایی و بێ ئەمەگی، کێشە و ناکۆکی و بەبەرەکانێ کردنی یەکتر و شەنکردن لەو لایەوە کە بای دێ. لەگەڵ تەواوی ئەوانە، پێویستە سەرنجی ئەوەش بدەین کە مەحوی بە ڕەشبینی ڕوانیویەتە جیهان و خەڵک و کۆمەڵ و تەنیا لایەنی سەلبی و دزێوی دیوە. هەر چەند ئیدیۆلۆژیی سۆفیگەری بە چەشنی گشتی، ئەوە دەخوازێ، بەڵام ڕوانگەی خۆشی دەستی لەوەدا هەیە. ئەگینا مەولەویش سۆفییەکی تۆخ بووە، کەچی هەموو شتێک بە جوان دەبینێ، ئەمە باسێکی زۆر درێژی دەوێ لەبەر ئەوە بەسەریدا تێدەپەڕین. شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی قووڵی ئەدەبی کلاسیکی و خۆگەیاندنە ئەودیوی ڕووکاری ماناکەی، کە وەکوو لە بیرم بێ یەکێ لە پسپۆڕەکانی ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی ناوی ناوە «مانای مانا»، گەلێ شتی ڕابوردوومان بۆ دەردەخا و سەرچاوەی گەلێ کار و کردەوە و خووڕەوشتی ئێستامان بۆ ڕوون دەکاتەوە. ئەوەی لە بارەی دیوی پشتەوەی مانای ڕواڵەتی و ڕووکاری ئەو شێعرانە گوتمان: نموونەی ئەوە بوو کە دەتوانرێ لە کینایە و تەسویری شێعری شاعیرانی بەرز گەلێ کەڵکی وا وەرگیرێ کە لەوانەیە مەبەستی شاعیرەکە نەبووبێ، لەگەڵ ئەوەش بۆمان هەیە ئەو کەڵکە وەرگرین بۆ نموونە وەک شیرێک یا تاقە شاڵێکی کیشمیر و کرمان کە سەد دوو سەد ساڵ لەمەپێش دروست کرابێ و تەنرابێ و ئێستا لە مووزەیەک دانرابێ. بێگومان ئەو ئاسنگەرە و ئەو جۆڵایە، وەختی خۆی ئەو شیرە و ئەو تاقە شاڵەیان بۆ ئەوە دروست نەکردووە و نەتەنیوە کە دوای سەد دوو سەد ساڵ لە مووزە دانرێن. کەچی ئێستا ئەوا لە مووزە دانراون و لێزانانی ئەو سنعاتانە بە وردبوونەوە لەوانە چلۆنایەتیی ئاسن و پۆڵای ئەوسا و چۆنیەتی سەنعەتی شیر دروستکردن و چەشنی ڕستن و ڕەنگکردن و تەنینی ئەوسای شاڵ تێدەگەن. وا باشە ئەمەش بڵێین کە ئێمە هەمیشە و لە هەموو جێگایەک ناتوانین و بۆمان نییە ئەم کارە بکەین. ئەمە لەو جێگایە دروستە کە شاعیر خۆی، یا ئیدیۆلۆژی و بیروڕای گشتی ئەو، یا جێگا و زەمانی ژیانی ئەو- هەرکامێکیان لە جێی شایانی خۆیدا و بەشبەحاڵی خۆی- نیشانەیەکی وای دانەنابێ پەلمان بگرێ و بمانباتە دیوی پشتەوەی مانای ڕووکاری شێعرەکە. ئەگەر داینابێ دەبێ بێ لامجوومی دوای شاعیر کەوین، دەنا شێعرەکە بە لایەکی دیکەدا دەخەین و لە جیاتی ئەوەی مەبەستەکە ڕوون کەینەوە دەیشێوێنین. بەداخەوە لە پێشەکییە جوانەکەی کاک موحەممەد و هی دیکەشدا بۆنی ئەمە دەکرێ، وەک ئەم شێعرە:

موئەززین بەرقی شەو
وەک مورغی بێوادە دەشێوێنێ
هەموو وەختی لە ئێمە کردووە
بەم قووقووە زایع

لەوە دەچێ ئەم بەیتە ئیقتیباس بێ لە شێعرێکی «سەعدیکەس» کە لە بارەی شێوانی بەزمی شەو بە بانگی بانگدەر دەڵێ:

مٶذن بانگ بی هنگام برداشتفارسی
نمیداند که‌ چند از شب گذشته‌ استفارسی

کاک موحەممەد ئەو بەیتەی کردووەتە نموونە بۆ ئەوەی مەحوی بە چاوی سووک تەماشای ڕژێمی کۆمەڵایەتی کردووە. وەکوو دەزانین بانگدەر لە ڕێژێمی کۆمەڵایەتیدا نەخش و ڕۆڵێکی وای نییە کە بە ناوی سیمبولی ڕێژیم پەلامار بدرێ و، بانگدان کارێکی ئایینی گرنکیش نییە فریودان و خەڵەتاندنی تێدابێ. بە تایبەتی کە سەرنجی بەیتی هەوەڵی ئەم دەستە شێعرە دەدەی:

شەتی ئاوی کە زاهید بۆ وزوویەک
کردوە زایع
فەقیرە هەر بە بایەک
ئەو هەموو ڕەنجەی بوو زایع

سەرت سووڕ دەمێنێ و لە خۆت دەپرسی ئەم شاعیرە دیندارە چۆن سووکایەتی بە بانگ و بە دەسنوێژیش دەکا کە شەرتی نوێژە و نوێژیش واجبێکی گرنگی ئاینییە؟ بەڵام کە دێتەوە بیرمان ئەمانە شێعری مەحوین و مەحویش خەلیفەی شێخ بەهائەددین و باوکی خەلیفەی شێخ سیراجەددین و تەنانەت باپیریشی هەر شێخ بووە و خۆی خاوەن خانەقاش بووە، سەرەتای ئەم ماشەرە ئاڵۆزاوەمان دەست دەکەوێ و هەڵیدەکەین تا دەمانگەیەنێتە مانای ئەودیوی شێعرەکان. ئەودیوی مانای ئەو دوو شێعرە و هی دیکەی وەک ئەمانەش جیهانی سۆفییەتییە. لەم جیهانەدا سۆفی ڕواڵەتی شەریعەت و کار و کردەوەی شکڵی و زاهیری بەنرخ نازانێ. زمانی حاڵی ئەوەیە: تا وەشوێنکەوتنی ڕێگایەک کە ڕاستەوخۆ وەرگرتنی فەیز و بەهرە لە خودا دەلوێنێ مومکینە، بۆچی دەبێ وەشوێنکەوتنی ڕێگای ناڕاستەوخۆ بە فیڕۆ بدرێ. جگە لەوە شەرع «هۆ»یە بۆ گەیشتن بە حەق کە خودایە. کە «عاریف» گەیشتە حەق، ئیتر پێداویستی بەم شتە ڕواڵەتییانە نییە.

بایەزیدی بەستامی گووتوویەتی: «لە نوێژ، لە ڕاوەستانی لەش بەولاوەم نەدی و، لە ڕۆژوو لە برسیایەتی بەولاوەم نەدی، ئەوەی هەمە لە فەزلی ئەوە نەک لە کردەوەی من. ئەوەی هەمە پێش هەردوو دنیایە. بەڵام بەندەی بەختەوەر ئەوەیە کە دەڕواو قاچی بە گەنجێکدا دەچێ و دەوڵەمەند دەبێ».

جەلالەدینی ڕۆمیکەس کار و کردەوەی زاهیری مەبەستە، عیبادەتی بەدەنی و زمانی بە دەڵاڵ دادەنێ و دەڵێ:

این نماز و روزه‌ و حج و جهادفارسی
هم گواهی داده‌ است بر اعتقادفارسی

تا بە دوای ئەوەدا ئاخرەکەی دەڵێ:

قول و فعل آن بول رنجوران بودفارسی
که‌ طبیب جسم را برهان بودفارسی
وان طبیبی روح در جانش رودفارسی
وز ره‌ جان اندر ایمانش رودفارسی
حاجتش نبود به‌ فعل و قول خوبفارسی
احذروهم، هم جواسيس القوبعەرەبی

لە جێگایەکی تر بە ئیشارە کردن بۆ ئەم ئەوانەدا دەڵێ: گەیشتوومەتە پایەی «عاریف» و دەشوبهێنێ و دەڵێ:

چونکه‌ با معشوق گشتی همنشینفارسی
دفع کن دلالگانرا بعد ازینفارسی

محویش لەو دوو شێعرە و هی دیکەی وەک مەبەستە،عیبادەتی بەدەنی و زمانی بە دەڵاڵ دەزانێ و دەڵێ لەگەڵ یار دانیشتووم و ئیتر پێویستم بە دەڵاڵ نییە. لێرەدا بە جێیە مانای «عاریف» کە زاراوەیەکی سۆفیگەرییە ڕوون کەینەوە. ئەبوعەلی سیناکەس لە کتێبی «اشاراتناوی تایبەت»دا دەڵێ: ( ئەو کەسەی لە نیعمەت و خۆشی دنیا واز بێنێ پێی دەڵێن زاهید . ئەو کەسەی وریای بەجێگەیاندنی عیبادەت وەکوو نوێژ و ڕۆژوو بێ پێی دەڵێن عابید. ئەو کەسەی فیکر و بیری خۆی بە قودسی جەبەرووتەوە خەریک بکا و لە سیڕڕ و نهێنی خۆیدا چاوەڕوانی تیشکی نووری حەق بێ پێی دەڵێن «عاریف». ) «عاریف» عەمەل و کاری قەلب و دڵی لە عەمەلی لەش و ئەندامی بەدەن بەلاوە باشترە، بەڵام هەر لەوکاتەشدا زۆر وەخت کاری لەش و بەدەنیشی تەرک نەکردووە، بەڵام کاری قەلبی بەبنچینە زانیوە. بە وتەیەکی دیکە سۆفی دەیگوت ئەندامی تایبەتی ژیانی ئایینی قەبە و هیچی تر. ئەندامی دیکەی بەدەن ئەندامی واقیعی ژیانی ئایینی نین. دەتوانین بڵێین بنەڕەتی ئەو بیروڕایەتی مەحوی لە زۆربەی شێعرەکانیدا دەینوێنێ ئیدیالیستی و فەناتیسمێکی نەک تەنیا ئایینی، ئاوڕی لەمە داوەتەوە و بە نەرم و نیانی لە لاپەڕەی «۲۸»دا نووسیویەتی: «.. وا دەبێ هەستێکی قەدەرییانەی پاشکەوتوویش لە بیری مەحویدا بەدی دەکەین کە ئینکاری دەوری هەموو هۆیەک دەکا لە ژیاندا و ئینسان دەکا بە پووشکەیەک بە دەم بای قەدەرەوە». بەڵام دوای ئەوە کە لە لاپەڕە «۲۷»دا ناوی «نالی»یشی هێناوەتە ناو، هەق وابوو لێرەدا بڵێ نالیش هەروایە، چونکە ئەویش دەڵێ:

ئەحوەلی تەفرەتە نەزەر
تەقوییەتی سەبەب دەکا

یا دەڵێ:

سەهم و نەسیبی ئەسڵییە..
بەحسی گیاە و گڵ نییە..
تووتنە خەرجی سووتنە..
مۆدنە ماچی لەب دەکا..

مەحوی سۆفی بووە و ئیدیۆلۆژییەکەی ئەوەی خواستووە، نالی بۆچ؟

ئەگەر نەچینە قووڵاییەوە و، بە سادەیی و ڕێڕەوی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە دەتوانین بڵێین لە لایەک شێعری عیرفانی یا سۆفییانە، لەبەر هێندێ شت کە لێرەدا جێی باسکردنیان نابێتەوە، لە ئەدەبی گەلە موسڵمانەکاندا زۆر ورد و قووڵە و، سەنعەتی جوانی تێدا کراوە و شێوەی درکاندنی مەبەستەکانی زۆر ناسکە. سەبارەت بەمە هێندێ لەو شاعیرانەی سۆفیش نەبوون، ئەم شێوەیەیان بەکار هێناوە. لە لایەکی دیکە بیری «جەبر» و مل ڕاکێشانی بێ لامجوومی کە بنچینەی ئیدیۆلۆژیی عیرفانە، لە سەردەمی ژیانی نالی و مەحویدا و زۆر دوای ئەوانیش، نەک تەنیا لە کوردستان، لە تەواوی جیهانی ئیسلامدا بە جۆرێکی وا زاڵ بووە و گەمارۆی فیکر و بیری خەڵکی داوە، تەنانەت هێندێ «نصوصعەرەبی»ی قورئانیشیان لەبیر چوووەتەوە یا ناویانەتە لاوە. بۆ نموونە دەڵێن: لە شەڕی هەوەڵی جیهانیدا کەشتییە جەنگییەکانی ئینگلیس کەشتییەکانی عوسمانییان بەر تۆپ دەدا و ڕاودەنا. لەوکاتەدا پارلەمانی عوسمانی قسەی لە پەسەندکردنی بودجەی خەتمی «بوخاری» بۆ سەرکەوتنی کەشتییەکانی عوسمانی دەکرد. یەکێ لە نوێنەرەکان کە لە چاو ئەوانی دیکە وریاتر بوو، گوتی: کەشتیی دوژمن بە «بوخار» دەگەڕێ، هیی ئێمە بە «بوخاری».. نوێنەرەکانی دیکە لێی ڕاستەوە بوون، تێروپڕیان کوتا و تەنانەت سەریشیان شکاند. کە دەڵێین پێداگەڕان و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی کلاسیک کەڵکی هەیە، یەکێ لە کەڵکەکانی زەق و زیندوو، تێگەیشتن و ڕوونکردنەوەی ئەم مەسەلەیەیە کە لە دواکەوتوویی ئێستاماندا بەشبەحاڵی خۆی تەئسیرێکی کەمی نییە. ئەوا تێکستۆلۆگەکان لە بارەی دیوانی لە بارەی دیوانی مەحویش کاری خۆیان بە جوانی کردووە و، ئەگەر هەڵەش بێ دڵۆپێکە لە دەریایەک و ڕێگایان بۆ لێکۆڵینەوەی قووڵ و کەڵک وەرگرتن لەو شێعرانە کردووەتەوە، بۆ هەرکەسێ بیەوێ پێیانەوە خەریک بێ. بێ جێ نابێ لێرەدا مەبەستێک وەبیر خەینەوە کە بۆ لێدوان دەشێ. ئەویش ئەوەیە لە سەرەوەی چەپکە شێعرەکانی کۆتاییان بە پیتێک دێ، نووسراوە تیپ. لام وایە بەکارهێنانی «تیپ» لە جیاتی «حرف» لە جێی خۆیدا نییە، چونکە «تیپ» وشەیەکی یۆنانییە، ئەسڵەکەی «Typos»ە بە مانای سیما و مودیل و فۆرمی شتێک، یا نەوع و دەستەیەک. لە کوردیشدا بە مانای پۆل و دەستە و تاقمە. ئەوە نییە مەحویش لەو شێعرەدا کە لە سەرەوە باسمان کرد دەڵێ:

مەگەر ئەو تیپی موژگانە
بکەن وەک عەینەمەل چارێ

وابزانم دروستەکەی پیتە. دەلیلیش بۆ ئەمە هەیە. بەڵام لەسەر ڕۆیشتنی زۆر درێژە دەکێشێ. هەڕەمەی خەڵکیش هەر پیت بەکار دێنن و بە کۆلکە خوێندەوار دەڵێن: دوو پیت و لەتێکی خوێندووە.