ئەمە ناهەقییە لە مەولەوی کراوە

لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 9 خولەک  818 بینین

لە ژمارەی ٤٣٦ی دووشەممەی ٧ی ١٩٧٨ی ڕۆژنامە «هاوکاری»دا وتارێکی کاک محەممەدعەلیکەس قەرەداغیم خوێندەوە بە ناوی «لە نێوان مەولەوی و مەلا قاسمدا» بەداخەوە من کاک موحەممەد عەلیم نەدیوە، بەڵام جاروبار تووشی وتاری هاتووم. وا دێتە بیرم جارێک شتێکی لە بارەی «نالیکەس»ش نووسیبوو. وا دیارە برادەرێکی لێزان و ئەدیبە، بەڵام نەختێ بە هەڵە و پەڵەیه. ئەمە لە وتارەکەی ئێستایدا پڕ دەردەکەێ. خۆزگە پتر بە شێنەیی بووایه. لە سەرەتای وتارەکەیدا نووسراوە: «لە قۆناغەکانی پێشووی ئەدەبدا، کاتێک بازاڕی چاپەمەنی پەرەی نەسەندبوو، ڕەخنە و ڕەخنەکاری نەهاتبووە کایەوە، شاعیرێک ئەگەر ویستبای خۆی سێنێ و پلە و توانای شێعریی خۆی دەربڕێت دەهات بەربەرەکانێ و کێبەرکێ «موسابەقە»ی لەگەڵ شاعیرێکی ناسراوی سەردەمی خۆی یا پێشتردا دەکرد و بەو کارە خۆی دەناساند». وەکوو دەزانن لێدوانی ئەدەبی دەبێ بە زاراوە و ئیستیلاحاتی ئەدەبی بێ. ئەو دێڕانەی سەرەوە، بەداخەوە- لەو نەریتە بەدەرن. یەکەم- قسەی لە قۆناغی پێشووی ئەدەبە بە گشتی و نەبوونی ڕەخنە و ڕەخنەکاری بە تایبەتی لە باری وردبوونەوە لە وەزن و قافیە و بەکارهێنانی دروستی وشە و داڕشتنی وتەدا باو بووە و شەرحێکی زۆر لە دیوانی شاعیرانی عەڕەب و فارس کراوە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوە کە زمانەکانیان ڕێکوپێک و وشەکانیان بە سەلامەتی بمێنێتەوە. لە کوردیشدا ئەمە- وەکوو خۆشمان لە بیرمانە- لە حوجرەی مزگەوتان و لە ناو ئەدیباندا باو بووە، بەڵام نەدەنووسرا و هەر سەرزارەکی بوو لەبەر ئەمەشە کە شێعری کلاسیکیمان لەم بارەیەوە ڕێکوپێکترە. دووەم- بێگومان کاک موحەممەدعەلی خۆی زۆر باش دەزانێ کە لە زاراوەی ئەدەبیدا باسێکی بۆ «سرقاتی شێعری» هەیە. ئەم باسە «اقتباسفارسی» و «تضمينفارسی» و تاد ... دەگرێتەوە ... لە

ئەدەبی فارسیدا «استقبالفارسی»یش هەیە، بەو مانایە بە پیر قەسیدە یا غەزەلی شاعیرێکی دیکەوە چوون و هەر بەو ئوسلووبە و لەو مەبەستە شێعریان گوتووە. دەتوانین ئیلهام وەرگرتنی شاعیرێک لە شێعرێکی شاعیرێکی دیکەش هەر لەو بابەتانە بژمێرین. بەڵام بەربەرەکانێ کە «هجوفارسی، مفاخره‌فارسی، مشاعره‌فارسی» و شتی وا دەگرێتەوە لە بابەتێکی دیکەن. بۆ تەواوی ئەمانەش قاعیدە و فۆرمولی تایبەتی دانراوە. ئیتر وەنەبێ مەبەست تەنیا خۆناساندن بووبێ. هەق وابوو سەری وتارەکە لەم باسەوە دامەزرێ. بەڵام بە پەلەپەل نووسیویەتی و گوێی نەداوەتە باسەکە ... کاک موحەممەدعەلی دوو بەیتی مەولەویکەس لەگەڵ سێ بەیتی مەلا قاسمکەس بەراورد کردووە و حوکمێکی بێ ئینسافانەی داوە. بەیتەکانی مەولەوی ئەمانەن:

تەرسوون ئەر بەدەن ڕەقیب دڵ سەرد
کەردش وەتووتیا ئاسیای چەپگەرد
وەقت تەماشای ئەو بەر گوزیدەم
شەماڵ بشانۆ گەردش نەدیدەم

هینەکانی مەلا قاسمیش ئەمانەن:

تەرسوون ئەر ئازیز جە پڕ مەیلیی وێش
کیانۆ نامەیێ نەر لای خەستەی وێش
جەودەمدا ڕەقیب جە حەسرەت بۆ گەرد
شەماڵ پەیاپەی بەرۆش نە ڕووی هەرد
وەقت تەماشای نامەی ئازیزم
شەماڵ بشانۆش دیدەی هوون ڕێزم

حوکمە ناڕەواکەشی ئاوا داوە دەڵێ: «.. ئەگەر نەختێ لەم دوو پارچە شێعرە ورد ببینەوە دەبینین مەلاقاسم- لێرەدا- پێشی مەولەوی کەوتووە. مەولەوی لە شێعرەکەی خۆیدا ڕەقیبی کردووە بە گەرووی ئاشی چەپگەرددا و بە بەرداشی ئەو ئاشە کردوویە بە تووتیا! بەڵام مەلا قاسم دێت هۆیەکی جوانی شیاوی جێگەکە دەدۆزێتەوە و بێ هۆ ڕەقیب ناهاڕێ. هۆیەکەشی ئەوەیە: ڕەقیب بە بیستنی هاتنی نامەی دۆست لە داخ و حەسرەتدا دەبێ بە تۆز! لەگەڵ ئەوەشدا نایەڵێ دڵداری بۆ هەواڵی دۆست سووتاو نامەکە بخوێنێتەوە، چونکە کاتێ تەماشای ئازیز شەماڵ ئەو تۆزێ ڕەقیبی لە داخا بە تۆز بووە دەکات بە چاویدا». ئەم حوکمە ناڕەوایە، چونکە دوو بەیتەکەی مەولەوی لە بارەی شکڵەوە ئەوەندە بەرز ڕێکخراون، دەڵێی دەستی زێڕینگەرێکی هونەرمەند دووڕ و مرواریی لە گەردنبەندێکی زێڕدا هۆنیوەتەوە، پیتێک یا وشەیەکی زیادی تیا نییە، هەموو شتێک لەوپەڕی وەستاییدا لە جێگای خۆی دانراوە. وەزن و قافیە ڕێک و دروستن. بەڵام لە بەیتەکانی مەلا قاسمیشدا تەواو بە پێچەوانەی ئەمەوەیە. لە نیوە شێعری هەوەڵی بەیتی هەوەڵدا جارێک ئەر ی هێناوە و دەڵێ: «تەرسوون ئەر ئازیز جە پڕ مەیلیی وێش». لە نیو شێعری دووهەمی هەر ئەو بەیتەدا جارێکی کەش «ئەر»ی هێناوە و دەڵێ: «کیانۆ نامەیێ ئەر لای خەستەی وێش». یەکێ لەم ئەرانە زیادی و بێمانایە. ئەو بەیتە قافیەکەشی غەڵەتە، «پڕ مەیلیی وێش» ناتوانێ بێتە قافیە لەگەڵ «خەستەی وێش». لە بەیتی دووهەم و سێهەمدا دووجار «شەماڵ»ی هێناوە و ماناکە بووتە ناشییانە. بەڵام مەولەوی بە تاقە جارێکی «شەماڵ» ماناکەی لەوپەڕی جوانیدا گەیاندووە. لە نیوە شێعری بەیتی سێیەمدا «جوملە» نادروستە و «نە»یەک کەوتووە. دەبوو وەزنی ئەو نیوە شێعرە وا ڕێکخا بتوانێ بڵێ «شەماڵ بشانۆش نە دیدەی هوون ڕێزم». مەولەوی ڕەقیبی نەکردووە بە گەرووی ئاشی چەرخدا و بیاڕێ. ئێوە لە ستیل و ئوسلووبی ئەو شارەزان. چەرخی شوبهاندووە بە ئاش و خەڵکی شوبهاندووە بە دانەوێڵە کە ئەو ئاشە دەیانهاڕێ. لە هێندێ جێ خۆشی ئامادە کردووە بۆ گەرووی ئەو ئاشه. کە وردبینەوە دەبینین مەولەوی بە دڵئاوایی و میهرەبانییەکی زۆرەوە لەگەڵ ڕەقیبیش دەبزوێتەوە. بە حەسوود و بەخێڵی دانانێ و هۆیەکی شیاو و لێبوردووانە بۆ ڕەقابەتەکەی دادەنێ کە دڵساردییە دەڵێ: تین و گەرمایی عیشق لە دڵیدا نییە بۆیە دەبێتە بەرهەڵستی عیشق. جگە لەوە وەکوو مەلاقاسم بە تەواوەتی نایهاڕێ و ڕۆحی بۆ دەهێڵێتەوە. لای وایە تەنیا بەدەنی دەکەوێتە بەر ئاشی چەرخ. حەزیش بەم هاڕینە ناکات و ئەمە بە کارێکی چەوتی چەرخ دادەنێ و چەرخ لەسەر ئەم کارە بە «چەپگەردی» تاوانبار دەکات. مەولەوی لە هەموو شێعرەکانیدا «وجود» و ژیانی بە هەردوو بەشەکەی ڕۆحی و بەدەنییەوە بەلاوە جوان و بەنرخە، وجودی ڕۆحی بە نەفەوتاو دەزانێ بۆ فەوتانی وجودی بەدەنیش داخی دێ. مەولەوی تاقە شاعیری کوردە کە تەواوی وردەکارییەکانی کوردی دەپارێزێ و بە وەستاییەکی عەجایبەوە بەکاریان دەهێنێ. «شەماڵ» لە زمانی کوردیدا بە «با»ی پیرۆز و بە پیت و بەرەکەت دانراوە کە خێر و بێر دەهێنێ و خراپە و چەپەڵی لادەبا:

شەماڵ بیشەنێ یەخەی کەتانی
تا تۆز نەنیشێ لەناو مەمانی

گۆرانیی شەماڵ لە کۆتاییەکانی زستاندا بە ناوبانگە کە شەماڵ بانگ دەکەن بێت و بەفر ڕاماڵێ. بڕوانە ئەمەی لەم شێعرەدا چەند جوان گونجاندووە دەڵێ: من ئەوەندە چارەڕەشم، دەترسم ڕەقیبی دڵسارد کە تین و گەرمایی عیشق لە دڵیدا نییە و ئاگای لە دەردی ئاشقان نییە، وەبەر ئاشی چەرخ کەوێ کە ئیشو کاری چەپگەڕان و ناڕەوانە و ببێتە تۆز. جا بۆ بەدبەختیی من کە شەماڵ دەبێ تۆز لابات و ڕوونی و سافی بێنێ، کاتێ تەماشای ئەو بەرگوزیدەیە ئەو تۆزە دەکاتە چاوم و نایەڵێ بیبینم. مەولەویی بەرگوزیدە دەڵێ: ئازیز شتی وا ناڵێ.

بەم وشەیە ئیشارەت دەکات کە عیشقەکەی عیشقێکی عیرفانییە و، ڕەقیبیش کەسێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو بەرهەڵستی زوهور و تەجەلییە. بەڵام شێعرەکانی مەلاقاسم زۆر ناشییانەن. تەنیا بەرگی هەورامییە کە لە گەیاندن و درکاندنی مەعنا و مەبەستدا زۆر بە کاردێ- ڕازاندوویەتییەوە. ئەگەر ئازیز پڕ مەیل بێ نامە ناردن و لە عاشق پرسینەوەی، کارێکی تەبیعییە و نە «ئەرێ دەوێ» و نە «خەستەیی»، هاتنی نامەی ئازیز چاوی پێ ڕوون دەبێتەوە نەک «خوێنڕێژی». عاشقان لە هەموو شێعرێکی دڵداریدا چاویان بۆ ئازیزی بە مەیل و جەور و جەفا پیشە «خوێنڕێژە»، نەک بۆ ئازیزی پڕ مەیل. «شەماڵ»یش لەو شێعرانەدا مەفهووم و خاسیەتەکەی خۆی لە کیس چووە و وەکوو وشەیەکی ڕەق و تەق و وشک و بەکارهاتووە و نیوە شێعری «شەماڵ پەیایەی بەرۆش لە ڕووی هەرد»یش ئەسڵەن زیادەیە و خزمەتێکی هیچ ناکات. لە سەریقاتی شێعریدا قاعیدە وهایە ئەگەر شاعیرێک سەنعەت و مەزموونی شاعیرێکی دیکە وەرگرێ کە جوانتر لەوی هەوەڵ بیڕەنگێنێ مەقبووڵە، دەنا مەزمووم و خراپە. ئەم سێ شێعرەی مەلاقاسم وبەر بەشی دووەم دەکەوێ. وە: گوتم من- بەداخەوە- کاک موحەممەدعەلی قەرەداخی ناناسم. جا لەبەرئەوە ئەم سکاڵایە لای ئەوانە دەکەم کە مەولەوی ناسن و ئەرکی دیفاع لە مەولەوییان کەوتووەتە سەرشان. «مینۆرسکی»- لە بیرمە نزیکەی چل ساڵ لەمەپێش کۆڕێکی جیهانیی بۆ بیرەوەریی هەزار ساڵەی فیردەوسیکەس لە تارانشوێن گیڕا. مینۆرسکی لە ئاخاوتنی خۆیدا لەو کۆڕە جیهانییە، مەولەویی بە هاوتای فیردەوسی دانا. بە حەیفی دەزانم ئێستا ئێمە خۆمان ڕەخنەی لێبگرین، ئەویش بە ناڕەوا.

پەراوێزەکان:

۱. لامان وایە «کەروش» هەڵەیە و ڕاستەکەی «کەرۆش»ە. ڕۆشنبیری نوێ.