بیرەوەرییەک: قارەمانێکی منداڵ

لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 11 خولەک  773 بینین
علی قدر فضل المرء تاتی خطوبهعەرەبی
ويحمد من الصبر مما يصيبهعەرەبی
فمن قل فيما يلتقيه اصطبارهعەرەبی
لقد قل فيما يرتجيه نصيبهعەرەبی

جوانی گوتوە شاعیری عەڕەب: ئینسان چ تاک و چ کۆمەڵ چەند گەورە و مەزن بێ بەو ئەندازەیەش دەرد و بەڵا ڕووی تێدەکا. حزبی شیوعی عێراق لەژێر ئەو دروشمەدا خەباتی کردووە و دەیکا: «نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار». ئەم دروشمە وتەیەکی کورتە، گوتنی بە دەم ئاسانە، ناوەڕۆکێکی زۆر گەورەی هەیە. ئەو ناوەڕۆکە گەورەیە حزبی بەرەنگاری ئیستعماری ئینگلیزی و حکومەتی دەستنێژی ئەو و چینی دەرەبەگ و تەواوی کۆنەپەرەستەکان کرد. ئەوانە هەموویان پەلاماری حزب و ئەندامەکانی حزبیان دا. بە پێی گەورەیی ناوڕۆکی دروشمەکە، وە لە توانای ئەو هەموو دوژمنە بەقەوەتەدا دەرد و بەڵا و مەینەت ڕوویکردە حزب و ئەندامەکانی. بەڵام بە ئیرادەیەکی ئاسنینەوە خۆیان ڕاگرت، بەو هەموو گێژەڵوکە و تۆفانەدا تێپەڕین. وە ئەوا بە سەربەرزییەوە تەمەنی حزبیان گەیاندۆتە چل ساڵانە. دەڵێی ئینسان له تەمەنی چل ساڵەییدا دەگاتە ڕادەی کەماڵ، حزبیش تەجرەبەی دەوڵەمەندی چل ساڵ تەمەنی خۆی بێگومان ئێستا لە ڕادەی کەماڵدایە. ئەوەی لێرەدا دەیگێڕمەوە دڵۆپێکە لە دەریایەک و یەکێکە لە هەزاران بەڵا و مەینەت کە بەسەر شیوعییەکانی عێراقدا هات. حزب خۆی بە تێکڕایی و بە مێژوویەوە، ئەندامەکانی تاکە تاکە بە خۆیان و بە بەسەرهاتیانەوە بە هەزاران تاڵ و هەودا پێوەندییان بە ڕەوتی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی چل ساڵەی عێراق و جیهانەوە هەیە. وە ئەمە مەیدانێکی ئەوەندە هەراو و بەرینە زۆر بە ئاسانی پیاو تێیدا ون دەبێ. لەبەر ئەوە تاقە ڕووداوێکی لێ دەپچڕین و لە قوژبنێکی تەسکەوە تێی دەڕوانین کارمان بەوە نییە ئەو کەسانەی لێرەدا باسیان دەکرێ ئەمڕۆ چۆنن و چ کارەن، ئێمە بە چاوی ئەوسا تەماشایان دەکەین وە لە چوار چێوەی ئەو زەمانەدا بەسەرهاتەکە دەگێڕینەوە. باشم لە بیر نییە وابزانم ساڵی ۱۹٥٦بوو، لە گرتووخانەی گشتی بەغداشوێن- موقف عام- بووین. گرتووخانە لە بەیانیەوە تا نیوەڕۆ جموجۆڵ بوو. گیراوەکان لە حەوشەکەدا تاق و جووت پیاسەیان دەکرد، بەڵام چاویان لە دەرگا ئاسنینەکە بوو، کێ دەبەن و کێ دەهێنن؟ هەموو کەسێ خۆی ئامادە کردبوو، داخۆ کەی بانگی دەکەن. کوتوپڕ عەریف سەعدون یا عەبدووزەهرا، یا تەشار لە پشت دەرگاکەوە ناوێکی دەگوت، خڕەی دەرگاکە دەهات، دەچووە دەرەوە لە چاو ون دەبوو. کێ دەیزانی بۆ کوێیان دەبرد و چی لێدەهات؟ جارێکی دیکە کوتوپڕ دەرگاکە خڕەی دەهات. یەکێک یا چەند کەسیان دەکردە ژوورەوە. بەڵام ئەمجارە دەمانتوانی بزانین کێن و لە کوێوە هێناویانن. نیوەڕۆ وردە وردە گرتووخانە هێدی دەبۆوە. ڕۆیشتووەکان ڕۆیشتوون، ئەوانەش کە مابوونەوە لەگەڵ تازە هێنراوەکان دەستیان دەکرد بە قسە و باس. قسە و باس بە چەشنی گشتی لە دەوری چەند پرسیاردا دەخولاوە: سەر بە چ لایەکی؟ کەی گیراوی؟ هیچت لێ گیراوە؟ چەندیان ئازار داوی؟ بەڵام ئەم پرسیار و وەڵامانە بە پێی حاڵی هەر کەسێکی تازە هێنراو تازە دەبونەوە. چونکە هەر کامێکیان لە جێگایەک گیرابوو. بە جۆرێک گیرابوو بە چەشنێک لێی پرسرابوو وە بە تەرزێک جەزرەبە درابوو. جگە لەمان، لە تازە هێنراوەکان ئەوەش دەزانرا ئەو جێگایەی لێیەوە هێنراون چەند کەسی لێیە و چ بەڵایەکیان بەسەرهاتووە. بە کورتی ئەو ڕۆژە مێشکی ئینسان هێندێکی دیکەی لە ژمارەی گیراوان و لە چەشنی ئازاردان و کوشت و پڕ لێ دەئاخنراوە ئامادە دەبۆوە بۆ سبەینێ کە ئەوەندەی دیکەی تێ ئەخنرێتەوە. لەم قوژبنە بچوکەدا کە لە تەویلەی ماڵە دەوڵەمەندێک گەورەتر نەبوو، دوو دنیای سەیر و سەمەرە دەبینرا وە هەمیشە بە بەرچاوەوە بوو. یەکیان دنیای گیراوەکان، ئەوی دیکەش دنیای زیندانەوانەکان. سەیر کە ئەو وەختە باش دیاری دەدا کە لە ڕوانگەی «تجرید»ەوە سەرنجی بدەی. یانی مەسەلەکە وەکوو مریشکی ئاوەڕووتکراو لە هەموو پەڕوپۆیەک ڕووت کەیەوە و تەماشای کەی. ئەمانە لەسەر ئەوە گیرابوون کە گووتوویانە «نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار» شانیان وەبەر تێڵا و کوتەک دابوو، لەسەر قسەی خۆیان وێستابوون. ئەوانیش لەهەر چوار وشەی نیشتمان، ئازاد، گەل، بەختیار بە تاقە تاقە و بەیەکەوە بێخەبەر بوون. وە لەسەر ئەم زەوییە بۆرە و لەژێر ئەم ئاسمانە شینەدا لەم چوار وشەیە زیاتر شارەزا نەبوون: زیندان کەلەپچە، موئمور مەرکەز، معاش! لەم حەوشەیەدا دنیای جەهل و نەزانینی ڕەش فەرمانڕەوا بوو بەسەر دنیای بیری ڕووناک و هەستی ئینسانەتیدا. تەشار کە زیندانەوانێکی پیرەمێرد و دەم کەلەوا بوو. هەر جارێک کە دەیخوڕیە یەکێک لە گیراوەکان پیاو لە لایەک داخ دەچووە دڵی، لە لایەکیش پێکەنینی بە گاڵتەی ڕۆژگار دەهات کە بەشەر یەت چۆن بۆتە گەپجارێ جانەوەران! ڕۆژێک لەو ڕۆژانە خڕەی دەرگای ئاسنین هات، عەریف سەعدون چوار کەسی کردە ژوورەوە. سێ کوڕ و پیاوێک، دوانیان کورتە باڵا، دوانیشیان کەڵەگەت. پیاوەکە لێیاندا بوو دەستیان شکاندبوو، لە گچیان گرتبوو. کوڕێکیشیان قاچێکی شکابوو لە گەچ گیرابوو. لێیان کۆبوونەوە، دوای چاک و خۆشی دەستمان کرد بە لێپرسینیان. پیاوە دەست شکاوەکە ناوی «سابت» بوو، کوڕە قاچ شکاوەکە ناوی «کازم» بوو. ئەوانی دیکەش یەکێکیان ناوی «عەدنان» بوو، لە خۆپیشاندانی گەڕەکی «فەزڵ» دا گیرابوون. لەو خۆپیشاندانەدا پۆلیس و خۆپیشاندەرەکان بەگژ یەکدا چووبووە، وە چەند کەس لە هەردوولا بریندار بووبوون. ئەم چوار کەسە بەوە تاوانبار کرابوون کە پۆلیسێکیان گوایا بریندار کردووە.پێویست بەوە ناکا کە بڵێین چۆنیان لێ دابوون. گەچەکەی دەست و قاچیان شاهیدی دەدا چیان بەسەر هاتووە. دەست شکاوەکە حاڵی باشتر بوو، دەیتوانی بێت و بچێ. بەڵام قاچ شکاوەکە دەبوو بچنە بنباڵی بیبەنە سەر ئاو و بیهێننەوە. دوای چەند ڕۆژ بیستمان پۆلیسە بریندارەکە مردووە، ژنی پۆلیسەکە بە شیوەن و گریان چۆتە ماڵی نووری سەعید، نووری سەعید بەڵێنی داوەتێ یەکێ لەم چوار کسە- تاوانبار بن یا بێتاوان- لە جیاتی مێردەکەی ئیعدام کات، ئیتر ئەوە فەرمانی پاشایە، وە یەکێ لەم چوارە، قەبر دەمی بۆ داپچڕیوە. بەڵام کامیان؟ خۆیان و بەختیان! لە کاتێکی ئاوادا دەبوو هەر چواریان بترسن. لە گیان و ژیان بوو، هەر کەسێکیش بڵێ بە پەرۆشی گیان و ژیانەوە نیم، درۆ دەکات. کەچی هیچیان ترس و لاوازییان لێ دیار نەبوو، بەڵام دەست شکاو و قاچ شکاو هەر بە ڕاستی دەتگوت بە پەرۆشی گیان و ژیانەوە نین. ڕۆژێک نزیکەی سەعات هەشتی خڕە لە دەرگاکە هات، عەریف سەعدوون بانگی کردن و بردنی. نیوەڕۆ هاتنەوە، کازم هەر وەک خۆی بوو، سیانەکەی دیکە وادیار بوو گریابوون، چاویان پڕ بوو لە فرمێسک لێمان پرسین، «سابت» گوتی: شێمە «تبریە» بووین، بەڵام مدعی العامعەرەبی داوای ئیعدامی کازمی کرد. پۆلیس ئەوانی برد و کازم مایەوە. ئەو شەوە کازم دەیگوت حسابی توور و گێزەر دەکات، زۆر لەسەرخۆ و بەگەپ و گاڵتەوە دیفاعی خۆی نووسی و لێی خەوت بەیانی سەر لە نوێ دەرگەکەیان کردەوە و کازمیان برد. تەواوی گرتووخانەکە کەش و مات بوو، هەموومان چاوەڕوان بووین، نیوەڕۆ تێپەڕی و کازمیان نەهێنایەوە، کەوتینە پرسیار، بەڵام کێ دەپرسێ، کێت دەس دەکەوێ وەڵامت بداتەوە؟ بە دەوری عەریف سەعدووندا کەوتینە داوە لوزە، تاق و جووت دەچووین بەلایەوە. یەکێ پاکەتە جگەرەی دەدایە، یەکێکی بیبسی کۆلای بۆ دەکڕی، لە قسە و باسدا ئیشارەیەکمان بۆ کازم دەکرد، بەڵام عەریف وەکوو بەراز عەزری بوو، متەق لە دار و بەردەوە بهاتایە لەوەوە نەدەهات. کابرایەکی کەتەی شان و بەهۆ و دلێر لە ناوماندا بوو، ناوی «ئەحمەد ئەبولنەفتکەس» بوو، سیاسی نەبوو، تاوانبار کرابوو بەوە کە لە کوشتنی کابرایەکدا دەستی هەیە. ئەحمەد لەگەڵ شیوعیەکان نێوانی خۆش بوو. نازناوی «ئەبولنەفت»یشی بەم بۆنەیە وەرگرتبوو. ئەحمەد لەوەپێش جارێکی دیکەش حەپس بووە. لەگەڵ گیراوە سیاسییەکان لە بەندیخانە بووە. پۆلیس ویستوویەتی گیراوە سیاسییەکان بەرێ بۆ «نقرە سلمان». ئەوانیش مانیان گرتووە و ئامادە نەبوون بچن. پۆلیس خەریک بووە دەرگاکە بکاتەوە و بە زۆر بیانبات. گیراوەکان بەر دەرگایان گرتووە و ڕێگای پۆلیسیان نەداوە. ئەحمەد تەنەکەیەک نەوتی بردووەتە لای دەرگاکە، دوو گیراوی بە شقارتەوە لەولاوە ڕاگرتووە، پەیتاپەیتا دەمی پڕ کردووە لە نەوت و پخی کردۆتە ناو دەرگاکە، ئەمانیش شقارتەیان لێداوە. ناو دەرگاکە پڕ بووە لە ئاگر، چەند پۆلیس ئاگریان گرتووە، ئاخرەکەی پۆلیس لە بانەوە تەقەی کردووە و ئەحمەد گوللە لە قاچی دراوە.

لەوساوە بە «ئەبولنەفت» ناوبانگی دەرکردووە. ئەحمەد لە مەڵبەندی بەندیخانە و زینداندا جۆرە ئازادییەکی هەبوو، بە ئاسانی دەیتوانی بە ناو زیندانی گەورەدا بگەڕێ و سەری دۆست و ئاشناکانی بدات. ئەم جۆرە گیراوانە بەلای پۆلیسەوە چەشنە ڕێزێکیان هەبوو. چونکە شتێکیان لێ هەڵدەوەری وە لەوانەش بوون ئەگەر تووڕە بکرێن بە هۆی دەستە و تاقمەکەیانەوە لە دەرەوە دەست بوەشێنن. ئەحمەد گوتی دەچمە بەندیخانەی گەورە بەشکم خەبەری کەزم بزانم. دوای چەند ساعەت هاتەوە و گوتی: کازم حوکمی ئیعدام دراوە، لە ژووری ئیعدامە، زنجیری لە پێدایە، وەکوو شێر لە ژووری ئیعدام بە تاقی تەنیا دانیشتووە، ئەوەش کە هەر بە خەیاڵیدا نییە مەرگە. سڵاوی لە هەمووتان دەکرد. دوای چەند ڕۆژ، گیراوی تازە هێنراو دەیانگوت لە دادگا کاتێ حوکمی ئیعدامی خوێندۆتەوە، کازم زۆر بە هێمنی و لەسەرخۆ گوێی لێگرتووە تا تەواو بووە. پاشان گوتوویەتی شانازی دەکەم کە لەسەر شیوعییەت دەکوژرێم. بژی شیوعییەت. چەند پارێزەر کە وەکوو سەیرانکەر لەوێ بوون، بوونەتە پارێزەری ئەو، وە حوکمەکەیان «تەمیز» کردووە. ئەحمەد جاروبار دەچوو سەری کازمی دەدا، دوو سێ مانگی ڕابوورد جاری دوایی کە ئەحمەد چوو هاتەوە، گوتی: دوێنێ لیژنەیەک لە پارێزەر و دوکتۆر و حاکم و ئەفسەری پۆلیس چووەتە لای کازم، پێواویانە چەند درێژە، چەند ئەستوورە، تەمەنی چەندەیە. وە گەلێ پرسیاری دیکەیان لێکردووە. دوو سێ ڕۆژی پێچوو، ڕۆژنامەیەکیان دەستکەوت، بڕیاری دادگای «تەمیز»ی تێدابوو. بڕیارەکە زۆر درێژ بوو، سێ لاپەڕەی ڕۆژنامەکەی گرتبوو. ئەو پرسیارانەی لەسەرە مەرگدا لە پۆلیسە کردووەکە کرابوون هیچ کامێک لەم چوار کەسەی نەگرتبووەوە، لە بەر ئەوە کە «پاشا» فەرمانی دابوو یەکێکیان لە جیاتی پۆلیسەکە ئیعدام کەن، پۆلیس وەڵامی پرسیارەکەی دەرهێنابوو، بەڵام بە ڕێکەوت تاقە پەڕەیەکی لە دۆسیەکەدا مابوو، یەکێ لەو دەلیلانەی کە دادگای «تەمیز» قەبووڵی کردبوون ئەم تاقە پەڕەیە بوو. پۆلیسەکە گوتبووی: «پیاوێکی قەڵەوی چوارشانەی کورتەباڵا بە خەنجەر لە منی دا». ئەو لیژنەیە بۆی دەرکەوت کە کازم پیاو نییە، کوڕە و منداڵە «چونکە هێشتا هەژدە ساڵی تەواو نەکردبوو قەڵەو نییە لاوازە»، کورتە باڵا نییە درێژە. دادگای «تەمیز» کازمی «تەبریە» کرد و هێنایانە لای ئێمە. دوای چەند ڕۆژ «عەریف سەعدوون» خڕەی لە دەرگای ئاسن هێنا و نەڕاندی: کازم!

-کازم ڕۆیشت، دوای نزیکەی سەعاتێک هاتەوە و پێدەکەنی.

-کازم، چ باسە؟

-شتێکی سەیرە دوو ئەفسەری «تەحقیقاتی جەنائی» هاتووە، پێم دەڵێن «بەرائە» بدە تەبریە دەبی. گوتم: کاکی خۆم حوکمی ئیعدام درام بەرائەم نەدا گوتم بژی شیوعییەت. وێستاکە«تەبریە» کراوم «بەرائە» بدەم!؟ گوتیان: کە وایە؟ بەرت نادەین. گوتم ئێرە هەرچەندە ناخۆش بێ دیسان لە قەبر هەر باشترە، زۆر چاکە با هەر لێرە بم! لە ڕۆژنامەی «بیری نوێ»، ژ ۱۰٤، ۱۹۷٤/۷/۱٤ دا بڵاو بۆتەوە.

-کاک محەممەدی مەلا کەریم نووسیویە: ئەو ساڵە ۱۹٥۳ بووە. مامۆستا قزڵجی لەو ساڵەدا لە بەغدا گیراوە و نێرراوەتەوە بۆ ئێران. من ئەمە زۆر چاک ئەزانم و لێی بە ئاگام.