مامۆستا مەلا کەریم هەوەڵین تێکستۆلۆگی کوردی

لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 26 خولەک  1687 بینین

١. سەرەتا

٢. مامۆستا مەلا کەریم و «دیوانی مەولەوی»

٣. کاک محەمەد و «شیرین و خوسرەو»ی «خانانی قوبادی»

٤. ئەوان و کاک فاتێح و شێعرەکانی «نالی»

-١-

«تێکستۆلۆگیا» یارمەتیی ڕێکوپێکبوونی فیڵۆڵۆگی دەدات. ئوسوول و ڕێوشوێنی لێکۆڵینەوە و ڕاستکردنەوەی تێکستەکان و مەتنەکانی کۆن و مێژینەی ئەدەبی دەکاتە گشتی.

ئەو شتانەی کە تێکستۆلۆگیا لێیان دەکۆڵێتەوە، بریتین لە تێکستی ئەسەرەکان و، لە پێش هەموویانەوە تێکستی موشەخخەسی ئدەبی کۆن، سەنەد و بەڵگە مێژوویییەکان، بەتایبەتی ئەسەری بێ ناوونیشانی نووسەران و دیاریکردنی کات و مێژووی ئەسەرە دێرینەکان و ئامادەکردنیا بۆ چاپ بڵاوکردنەوە.

تێکستۆلۆگیا، ماتریانڵی تیووریک و مێژوویی – ئەوانەی کە بەتەواوەتی جێگای دڵنیایی و شەری بنەڕەتین بۆ دۆزینەوەی لایەن و ڕێگای دروست بۆ لێکۆڵینەوە و پشکنینی عیلمی و زانستی پێشکەش دەکات.

بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجی خۆی. تێکستۆلۆگیا خزمەتی میتۆدە جۆراوجۆرەکان دەکا کە گرنگترینی ئەوانە لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی ئامانجدارە، تا چاوگە و ڕەچەڵەی هەرە بڕواپێکراو و جێگای دڵنیایی تۆمار بکا. جەریانی هەڵە و غەڵەتەکان لە حاڵەتی جۆراوجۆردا پیشان دەدات و تێکستە بنەڕەتییەکەی هەوەڵ سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە. وردکردنەوە و توێژینەوەی تێکستۆلۆگی جێگای هەوەڵی هەیە لە لێکۆڵینەوەی مێژووییی دەستنووسەکانی نووسەر و ڕاستکردنەوەی نوسخەکان و نوسخەی چاپکراودا بە پێی نوسخەی نووسەر و بیرەوەرییەکان و ماتریاڵە پشکێنراوەکان و هی دیکە.

بڵاوکراوە عیلمی و زانستییەکان هەمیشە بیرەوەرییەکانی تێکستۆلۆگی و ڕوونکردنەوە و مانالێدانەوەیان لەگەڵە. تێکستۆلۆگیا -وەکوو زانست- لە ڕۆژگارانی زۆر کۆندا خۆی دەنوێنێ و کاری ڕێداکتۆری و ڕێکوپێککردنی زاناکانی ئیسکەندەرییە لە سەردەمی ئێلنیزم «کولتووری کۆنی یۆنان»، «سەدەکانی ١-٤ی پ.ز» کە لەبارەی تێکستەکانی «ئیلیادناوی تایبەت»ە هۆمێرەوەیان کرد، ئەم خاستییەتەی هەبوو. وا دیارە ئەم کارە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، ئەو کاتەی کە زانستەکانی یۆنانی وەرگێڕراونەتە سەر زمانی عەڕەبی، بە چەشنی «حاشیە» و «شەرح» و وردبوونەوە لە مەتنەکان، لە نووسراوە عەرەبییەکاندا پەیدا بووە.

زانا ئاینییەکانی کوردیش ئەم کارەیان لەو کتێبە عەڕەبییانەدا کردووە کە لە ناویاندا باو بوون. بەڵام لە ئەدەبی کوردیدا ئەوا ئێستا پەیدا دەبێ. شانازییەش وەبەر مامۆستا مەلاکەریمکەس و کوڕەکانی کەوتووە.بۆ ئەو کەسەی ئەم کارە دەکا پێویستە:

۱. نوسخەی زۆر، ئەوەندەی لە توانادا هەیە، پەیدا بکات

۲. توانای ئەوەی هەبێ خەتی ئەو نوسخانە بخوێنێتەوە.

۳. ئەو نوسخانە لەگەڵ یەکتر بەراورد بکا.

٤. ئەوندە مەند و لەسەرخۆ بێ لە بەراورد کردن و هەڵسەنگاندنی نوسخەکاندا نەشڵەژێ و زوو شەکەت و ماندوو نەبێ.

٥. وشەیەک، یا وتەیەک، یا دێڕێک، کە لەو نوسخانەدا جیاوازیی هەبێ دیاریی بکات.

٦. ئەوەی لە ناو هەموویاندا بە دروستی دەزانێ بدۆزێتەوە.

۷. بەڵگەی بە دەستەوە بێ بۆ دروست زانینی ئەوەیان.

۸. ئەوەندەی لە ستیلی شاعیر و نووسەرەکە شارەزا بێ، ئەوەی بە دروستی زانیوە، پڕە بە جێگای خۆی بێت و لە ڕەوتی نووسراوەکەدا بگونجێت و لە شوێنەکەی بکۆڵێتەوە.

۹. ئەوەندەی زانیاری لە بارەی ناوەڕۆکی نووسراوەکە ببێ، زاراوە زانستی و ئابووری و جوغرافیایی و پیشەیی و وشە مەحەللی و بێگانەکان و ئەو ئیشارەتانەی بۆ چیرۆک و ئەفسانەی کۆن و شتێ فۆلکلۆری کراون- بناسێ و بچێتە بنج و بناوانیان.

۱۰. بۆنەی شێعرەکان یا نووسراوەکە بدۆزێتەوە.

۱۱. کات و مێژووی ئەوانە دیاری بکات و گەلێ شتی زۆر وردی تر.

تێکستۆلۆگی کورد کە خەریکی تێکستە کۆنەکان دەبێ، کاری بە وەندە نابڕێتەوە. دەبێ لە کۆنە ڕێنووسی فارسیش شارەزا بێ و حینجەی ئەو وشە بێگانانەش بزانێ کە لە تێکستەدا هاتوون تا بتوانێ بە دروستی بیهێنێتە سەر ڕێنووسی ئێستای کوردی.

مامۆستا مەلا کەریم هاتووە ئەم ڕێگا هەوراز و لاپێ و پڕ لە دڕک و داڵ و هەزار بە هەزارەی گرتووەتە بەر. ئەویش لە کوێ؟ لە دیوانی مەولەویدا. «دەک خوا لە پشتی بێ و دەست بە باڵی بگرێ !». ڕاستەکەی ئەوەیە ئەگەر بەرهەمەکەم بە چاوی خۆم نەدیتایە هەرگیز بڕوام نەدەکرد. بۆ چی؟ چونکە تەنیا ئەوانەی شارەزای وەزعی خەفەتاویی شوێنەواری ئەدەبی کوردن دەزانن کارێکی چەندە دژوار و سەختە. نوسخەکانی دیوانی مەولەوی هەر یەکەیان لای کەسێک بوون. ئەو کەسانەیش هەر یەکەیان لە ناوچەیەک و لە گوندێک. لەوانەیە پیاو دەستی بگاتە مانگ و ئەستێران ئاسانترە تا ئەوان. مامۆستا مەلا کەریم توانیویە حەوت نوسخە لە حەوت کەس وەرگرێ کە لە نێوان بەغداشوێن و لای ماییدەشت دەژین. لە چەند کەسی دیکەش پارچە شێعری مەولەوییکەس وەرگرتووە و بۆ چەن کەسیش کە بیستوویەتی دیوانی مەولەوییان لا هەیە و لە ناوچەکانی قەرەداغی سولەیمانیشوێن و هەورامانی لهۆن و سەقزشوێن و جێگای تر دەژین نامەی نووسیوە و داوای نوسخەی دیوانەکەی لێکردوون، بەڵام وڵامی دەست نەکەوتووە. ئەمە هەر بۆ مامۆستا مەلا کەریم دەلوێ کە جگە لەوە زانایەکی پایەبەرزی ئاینییە، پیاوێکی نیشتمان پەروەرە و بۆ خزمەتی ئەدەبی گەلەکەی خۆی ڕەنج دەدا و هەموو کەس خۆشی دەوێ و ڕێزی لێ دەگرێ. مامۆستا ئەو نوسخانەی بە وردی بەراورد کردووە. بە پێی بەڵگە و دەلیل شکڵی دروستی لە نادروست جیا کردووەتەوە و زۆر زانایانە بەم کارە ڕاگەیشتووە. لەبەر ئەوە لە کۆنە ڕێنووسی فارسی شارەزایە دەستنووسەکانی بە چاکی خوێندووەتەوە. لەبەر ئەوە کە شێوەی هەورامی دەزانێ هەڵە و چەوتییەکانی ڕاست کردووەتەوە، لەبەر ئەوە کە زانایاکی گورج و پڕی ئاینییە و لە عیرفان و سۆفیگەریش ئاگادارە، ئەو زاراوانەی لەمەڕ ئایین و سۆفیگەری لە شێعری مەولەویدا هاتوون - جوان ڕوون کردووەتەوە. لەبەر ئەوە کە ماوەیەکی باش لە «بیارەشوێن» مامۆستای زانستە ئاینییەکان بووە و بیارەیش ناوەندی سۆفیگەری بووە و مەولەوی جگە لەوە کە خەڵکی ئەو ناوچەیە بووە تێکەڵی لەگەڵ شێخەکانی «تەوێڵە» و «بیارە» هەبووە و لەناو وەچەی سۆفیی ئەم دواییەشدا زۆر بەڕێز و بەناوبانگ بووە و هەمیشە بەسەر دەم و زارانەوە بووە - مامۆستا توانیویەتی لە بارەی بۆنە و موناسەبەتی شێعرەکانیشەوە پرس و ڕایەکی باش بکا و ئەوەندەی بۆی ساغ بووەتەوە ئەو موناسەبەتەشی دیاریکردووە. نامەوێ بە پیشاندانی نموونە ئەم نووسراوەیە درێژ کەمەوە. بەڵام بۆ ئەوەی هەر بە جارێک دەسبەتاڵ نەبم، ئەم دوو شێعرە وەکوو نموونە دەگێڕمەوە:

موتتەسیف بە وەسف شەئنی و سیفاتی
موشەڕڕەف بە فەیز تەجەللای زاتی
خەلیفەی سەدای «اذن» شنەفتە
بەڵەد نە سارای ئەتوار هەفتە

مامۆستا بە بۆنەی دانانی ئەو پارچە شێعرەی کە ئەم دوو بەیتەی تێدا هاتووە دیاریکردووە و دەنووسێ: «مەلەوی ئەم قەسیدەیەی لە وەڵامی نامەیەکی شێخی سیراجەددیندا وتووە کە گلەیی لێکردووە بۆ چی نامەی بۆ نانووسێ». «سیفاتی شەئنی - فیعلی• و «سیفاتی زاتی» و «ئەتواری هەفتە» زاراوەن. «اذن»یش ئیشارەتە بۆ حاڵەتێک. مامۆستا مەعنای لێداونەتەوە و دەڵێ: «ئەوسافی فیعلی» ئەو سیفەتانەن کە مەعنای کردن بگەیەنن وەک: ڕێپیشاندان و یارمەتیدان. ئەوسافی ذاتیش ئەو سیفەتانەن کە لە شەخسی خۆیدا هەن و لەو لانادەن وەک زانین و توانا.

ئەتواری هەفتە، حەوت حەڵەکە. ئەهلی تەسەووف ئەڵێن مورید ئەبێ بە حەوت حاڵدا تێپەڕێ تا ببێ بە مورشیدی کامڵ. حەوت حاڵەکەش ئەمانەن: تەسفیەی ڕۆح، تەسفیەی قەلب، سیڕ، خەفی، ئەخفا، نەفس، تەبیعەت. «اذن» یەعنی نزیک بەرەوە.مەبەست لەوەیە خوا لە شەوی میعراجدا بە پێغەمبەری فەرمووە لێی نزیک ببێتەوە. واتە: ئەی شێخێ کە ئەوسافی فیعلی و زاتیت هەیە و بەرەکەتی و دەرکەوتنی نووری ذاتی خوا لێی دوای، ئەی شێخێ کە جێنشینی ئەو پێغەمبەرەی کە بانگی«نزیک بەرەوە»ی بیستووە لە خواو و لە مەیدانی ئەو حەوت حاڵەدا شارەزای کە بەسەر موریددا تێئەپەڕێ.

مامۆستا مەلا کەریم مەولەویی زیندوو کردووەتەوە. چونکە وەچەی ڕووناکبیر و خوێندەواری ئێستا شێوەی هەورامی نازانن، ئەو زاراوانەی لەو شێعرانەدا هاتوون شارەزا نین، شێعرەکان بە جۆرێکی واش لە مانای ورد ئاخنراون بۆ ئەوان زۆر قورسە. ئەگەر مامۆستا مەلا کەریم ئەم کارە گەورەیەی نەکردایە دژوار بوو کەسی دیکە ئەمەی پێبکردایە و، مەولەوی لە قوژبنی ئەو ماڵانەد کە دیوانەکەیان لا هەیە قەتیس دەبوو کەس دەستی نەیدەگەیشتێ، بە تایبەتی کە پیرەمێرد هێندێ لە شێعرەکانی مەولەویی وەرگێڕاوە. ئیتر بە هینەکەی ئەم بە ناوی مەولەوی بەس دەکرا و ئەسڵی شێعرەکان کە تێکستێکی زۆر بەنرخ و مێژوویین لە بیر دەچوونەوە. مامۆستا مەلا کەریم لەگەڵ ئەو هەموو ڕەنجەش کە داویەتی لەگەڵ ئەو کارە گەورەیەش کە کردوویەتی، لەو پەڕی خاکینەییدا دەفەرموێ: «من ئەوەی لە توانامدا بوو کردم. وەنەبێ بڵێم کەمو کورتی لە ئیشەکەمدا نییە، چونکە پڕۆژەی وا هەرگیز بە تاقە کەسێک بێ کەمو کورتی ناهێنرێتە دی». مامۆستای بەڕێز! ئەوی کردووتە کارێکی زۆر بەنرخە. تۆ تاقە کەسێک نی ... هەر بە تەنیایی کۆمەڵە کەسێکی. وەکوو لە سەرەوە گوترا لە شێوەی هەورامی شارەزای. ئەمە یەک لە کۆنەڕێنووسی فارسی شارەزای. ئەمە دوو زانای ئاینیت و زاراوە ئاینییەکانی شێعرەکانی مەولەویت ڕوون کردووەتەوە. ئەمە سێ. لە سۆفیگەری ئاگاداری و مەتەڵەکانی ئەم دیوانەت هەڵێناوە. ئەمە چوار. لە هونەری ئەدەبی کلاسیکی کوردیدا دەوڵەمەند و نەخش و نیگاری مەولەویت خستووەتە بەرچاوان. ئەمە پێنج. خۆ ئەگەر لیژنەیەکیش بۆ ئەم کارە دابنرایە لە پێنج کەس تێنەدەپەڕی و ڕەنگە ئەم کارەشی ئاوا بە قووڵی و بە جوانی پێ نەکرایە. کەمو کورتی ئەگەر بشبێ لە چاو تەواو و کەماڵەکە، دڵۆپێکە لە دەریایەک و ناچاریشە، چونکە نوسخەکان خۆیان کەمو کورتن، چونکە باو نەبووە کاتی نووسینی شێعرەکان و بۆنەی گوتنیان دیاری بکرێ. مامۆستا مەلا کەریم هەوەڵین «تێکستۆلۆگ»ە لە ئەدەبی کوردیدا. مێژووی ئەدەبی کوردی بە ناوی هەوەڵین تێکستۆلۆگ منەتباریەتی و هەمیشە بە ڕێزەوە یادی دەکا. ئەدەبی کورد چاو لە دەستییەتی کە ئەوەندەی لە وەزەدا هەیە تێکسی هەورامی ورد و درشت، بە تایبەتی «ماریفەت و پیرشالیاری»، «شێعرەکانی بێسارانی» ، «ڕۆڵە بزانی» و تێکستەکانی فۆلکلۆری ئەو ناوچەیە کۆکاتەوە و لێیان بکۆڵێتەوە، چونکە ئەم کارە هەر لە دەست ئەو دێت و کاڵایەکە بە باڵای ئەو بڕاوە.

۱. بریتییە لە کۆمەڵە زانستێک بە تایبەتی لە زەمان و ئەدەبی یەک یا چەند خەڵکێک دەکۆڵێتەوە. زانستەکانی فیڵۆڵۆگی بە دوو لای بنەڕەتیدا دەڕۆن: زمانناسی و ئەدەبناسی. لە زەمانی زوودا «یۆنانی کۆن و ڕۆم» وشەی فیڵۆڵۆگی بە مانای زانست و زانین دۆستییە.

دیوانی نالی

کاک محەمەدی مەلاکەریم ڕازی «شیرین و خوسرەوناوی تایبەت»ی شاعیری ناوداری کورد «خانای قوبادیکەس»ی کە پێنج هەزار و پێنج سەد و بیست و شەش بەیتە لە کۆنە ڕێنووسی فارسییەوە هێناوەتە سەر ڕێنووسی ئێستای کوردی. ئەوەش بە هۆی تەنیا دوو نوسخەوە کە دوای هەوڵ و پرسیارێکی زۆر دەستی کەوتووە. ئەم دوو نوسخەیەی لەگەڵ یەکتر بەراورد کردووە. تێکستی دروستی بە پێی توانا دۆزیوەتەوە. لە پەراوێزی لاپەڕەکاندا جیاوازی نوسخەکانی دیاریکردووە. فەرهەنگۆکێکی ۷٤ لاپەڕەیی بۆ نووسیوە. ئەم فەرهەنگۆکە یارمەتیی ئەو کەسانە دەدا کە ئەم کتێبە دەخوێننەوە. بەڵام خۆی دەڵێ: «ئەو خوێندەوارەی شارەزای گۆرانی «هەورامی» نەبێ، تەنیا بە سەیر کردنی فەرهەنگۆکی داوێنی کتێبەکە کاری بە تەواوی مەیسەر نابێ». هەروەها دەڵێ: «چاریشم نەبوو. ئەگەر بمویستایە هەموو شێعرێکی یا زۆربەی شێعرەکانی لێک بدەمەوە، کتێبەکە لای کەمی سێ ئەوەندەی ئێستای«کە بەبێ فەرهەنگۆکە کە ۷۹٦ لاپەڕەیە» لێ دەردەچوو. ئەوەش واتە لە چاپنەدانی، کۆڕی زانیاری کورد بوو توانی ئەرکی لە چاپدانی بگرێتە ئەستۆی خۆی. ئەویش ئەو دەستەڵاتەی نەبوو کتێبێکی لەمە قەبەتر لە چاپ بدات». شتێکی ڕوون و ئاشکرایە تێکستێکی ئاوا دێرینە و بە شێوەی هەورامیی کۆن و، تێکەڵاو بە وشەی فارسی نووسراوەوە بە کۆنە ڕێنووسی فارسی، تەنیا بە تاقە دوو نوسخە لەوەندە زیاتری لەگەڵ ناکرێ و، دۆزینەوەی شکڵی جێگای دڵنیایی و داڕشتنەوەی سەرلە نوێی شکڵی دروست لە تەواوی کتێبێکی ئاوا گەورەدا لە وزە بە دەرە.

جا بۆیە بە هەق دەڵێ: «ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانە بەسراوە بە دۆزینەوەی نوسخەی ڕاست و دروستی جوان نووسراوەوە». کاک موحەممەد بۆ مانالێدانەوەی وشەکان ڕوانیویەتە گەلێ فەرهەنگی فارسی و کوردی. سەرەڕای ئەوەش دەڵێ: «وشەیەکی زۆرم لەم کتێبەدا هاتووەتە ڕێ مانایانم نەزانیوە. نەخوازەڵا ئەوانەی پێوەندییان بە کەرەستەی جەنگ و شایی و خشڵ و جلوبەرگی ژنان و ڕاو و ڕابواردنی گەورە گەورەکان و ڕەنگ و شتی واوە هەیە. لێکدانەوەی ئەمانەش ئەبێ بکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی شارەزای ژیانی ڕەسەنی کوردەواری و فۆلکلۆری میللی و زمانە ئێرانییە کۆنەکانن». ئەمەش قسەیەکی زۆر دروستە، لە هەستێکی پاک و بنج و بناوانێکی زانستی هەڵدەقوڵێ. چونکە کاری تێکستۆلۆگ پتر، بەراوردکردنی نوسخەکانی تێکستەکە و دۆزینەوەی شکڵی دروست و جێگای دڵنیایی و داڕشتنەوەی ڕێکوپێکی تێکستەکەیە. ئیتر ئەوانەی لە زانستی جۆراوجۆردا شارەزان، هەر کامێکیان بە پێی زانستەکەی خۆی لێی دەکۆڵێتەوە. بەڵام هەر لە چوارچێوەی ئەو دوو تێکستەدا جاروبار تووشی هێندێ شتێ بچووک دەبین، وەکوو پێدابوونی شتی جیاوازی تازە بە هۆی ڕێنووسی ئێستای کوردییەوە... بۆ نموونە لە هێندێ جێ نووسراوە «عیشق» و لە هێندێ جێی تر نووسراوە «عەشق». لە هێندێ جێ «غەڵتان» و لە هێندێ جێ «غەلطان». لە هێندێ جێ «شۆڵە»، لە هێندێکیش «شوعلە»، لە هێندێ جێ،«شەهروود»، لە هێندێکیش«شاڕوود». لە هێندێ جێ «جورعە»، لە هێندێکیش «جەرعە» و هی دیکە. ئەم شتێکی بچووکە و کاک موحەممەد خۆیشی زۆر لێی ئاگادارە و ئەوەندە شایانی باس نییە. بەڵام بۆیە دەیهێنمەوە یاد چونکە ئەرکی بنەڕەتیی تێکستۆلۆگ دۆزینەوەی شکڵی دروستە. ئەگەر هات و شکڵێکی بە دروست زانی و لێی دڵنیا بوو دەبێ هەمیشە ئەوە بگرێت نەچێتە سەر شکڵێکی دیکە. مەگەر هێندێ شتی وا تووش بێ کە ناچاری بکات. ئەو وەختە دەبێ هۆی ناچارییەکە ڕوون کاتەوە. لە پەراوێزی لاپەڕە ۱٥ دا بە بۆنەی ئەم بەیتەوە

بە لەفز کوردی، کوردستان تەمام
پێش بووان مەحفووز. باقی «والسلامعەرەبی».

کاک موحەممەد نووسیویە: «لام وایە لەمە دەردەکەوێ کەوا تا ئەو سەردەمەش خانا ئەم کتێبەی نووسیوە شێوەی گۆرانی «هەورامی» زمانی ئەدەبی یەکگرتووی کوردستان ڕۆژهەڵات بووە... بۆیە من لێرەدا «کوردستان تەمام» ەکەی خانا ئەخەمە چوار چێوەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە، چونکە لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی گەورەدا لەو سەردەمەدا زمانێکی ئەدەبیی تر بووە کە کرمانجیی سەرووە». هەر چەند لێرەدا لە باسەکەمان -کە باسێکی تێکستۆلۆگییە- دەردەچین، بەڵام دەرفەتە و هاتۆتە پێشەوە، وا باشە نەختێکی لێ بدوێین. لە زووەوە ناوچەی سنە پێی گوتراوە«کوردستان». کوردستانی ئەردەڵان و لە نەخشەی زەمانی قاجارەکان «خاکی ئەردەڵانیشی» پێ گوتراوە، ئەمە مەسەلەیەکی مێژووییە دەبێ لێی بکۆڵرێتەوە. وا دیارە مەبەستی «خاناکەس» لە «کوردستان تەمام» ناوچەی سنە بووبێت کە ناوچەیەکی زۆر هەراوە و دەتوانم بڵێم ئەمڕۆش زۆربەی خەڵکی ئەوێ لە شێعرەکانی خانا دەگەن. کاک محەممەد دەڵێ:«لام وایە.. تا ئەو سەردەمەش خانا ئەم کتێبەی نووسیوە، شێوەی گۆرانی هەورامی زمانی یەکگرتوویی کوردستانی ڕۆژهەڵات بووە». نەک«تا ئەو سەردەمە»لەوەش بە دوا. لە نووسینی ئەم پێشەکییەدا زۆر بە پەلە بووە و سەرقاڵ بووە، ئەگینا مامۆستا مەلا کەریم ناوی گەلێ شاعیر دەبات کە زۆر دوای خانا ژیاون و لەگەڵ مەولەوی نامەیان بۆ یەکتر نووسیوە و تەنانەت لە ڕوونکردنەوەی دیوانەکەی مەولەویدا جاروبار شێعریشیان لێ دەگێڕێتەوە کە هەر بەم شێوەیە گوتراون. چ دەکەی لەگەڵ ڕۆژگار«ماڵ لە ماڵ خۆ حەرامە» و کەس دەستی ناگاتە ئەوێ. ئەگینا ڕەنگە ئێستاش هی وا هەبن کە بەم شێوەیە شێعر بڵێن. بەڵێ ڕاستە «زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات بووە». ئەویش چ زمانێک زمانێکی ڕەوان و ڕێکوپێک وا کە لە باری داڕشتن و ئەداو هێز و پێزی گەیاندنی ماناوە لێی وردبیەوە سەرت سووڕ دەمێنێ. ئەوەتا بەو هەموو بێکەسی و لارەملییەوە لەگەڵ ئەدەبی فارسیی کۆن کە ئەو هەموو خزمەتەی کراوە شان دەشەکێنێ. زۆربەی ئەو شێعرانەی بەم شێوەیە گوتراون بە جۆرێکی وا بارکراون لە مانا و مەبەست کە وشەکان لە ژێر قورسایی ئەو بارەدا نرکەنرکیانە. کەچی کە دەیانخوێنییەوە تووشی چاڵ و چۆڵ و کەند و کڵۆ نایەی و وەک ئاوی ڕەوان وان. ئەمە بۆچی وایە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ لای ڕۆژگارانی زۆر کۆن. بۆ ئەو زەمانەی کە ئەمە زمانی ئاینی بووە. مەولەوی لە پارچە شێعرێکدا شەماڵ ڕادەسپێرێ. ڕاسپێرییەکانی خۆی پێ دەڵێ تا دەگاتە ئەم بەیتە:

سەر بەرکەر لەسەر کوێ ئاتەشگاوە
بدیە وە مەسکەن «خانەگاشوێن» و«پاوەشوێن»

مامۆستا مەلا کەریم دەڵێ: «مەولەوی ئەم قەسیدەیەی بۆ دۆستێکی نووسیوە کە ناوی مەلا خەیاڵ»و لە «پاوە» دانیشتووە و «ئاتەشگا»شاخێکە لە نزیکی پاوە».

مەردۆخ باسی ئەو ئاتەشگایە و گوندی پاوە دەکات. کورتەی باسەکەی ئەمەیە: کە«یەزدی گورد» لە«مەدائین» ڕادەکات و دەگاتە ناوچەی کرماشان، سەرکردەیەکی خۆی کە ناوی «پاو» بووە دەنێرێ بۆ ناو کوردەکانی شارەزوور داوای یارمەتییان لێ بکات. پاو لە لوتکەی ئەو کێوە ئاتەشگایەکی بۆ دروست کردوون، خەڵکەکەش لەو ناوە دێیەکیان بە ناوی ئەوەوە ناو ناوە «پاوە». دروستکردنی ئاگرگا بۆ خەڵکی ئاگرپەرستی ئەوسا چاکەیەکی گەورە بووە. بۆیە خەڵکەکە لە جیاتییان ئەو گوندەیان بە ناوی ئەو کابرایەوە ناو ناوە. ئاگرگا لە هەر کوێیەک بووبێ جێگایی پاراستن و ناوەندی زانایانی ئایینی ئەو سەردەمە بووە و ڕێوشوێنێکی تایبەتی هەبووە. مەردۆخ پاشان بە بۆنەی ئەو ئاتەشگایەوە باسی «ماریفەت» ی پیرشالیار دەکا کە لە زەمانی زوودا و پێش پەیدا بوونی ئیسلام دایناوە و دەڵێ:«کتێبێکی زۆر گەورەیە و بەند بەندە، سەربەندی هەموویان ئەمەیە:

هۆشت جە واتەی پیر شالیار بۆ
گۆشت جە کیاستەی زانای سیمیار بۆ».

مەردۆخ دەنووسێ:«کتێبی ماریفەتی پیر شالیار لە هەورامانشوێن هەر ماوە و لەسەر ئامۆژگاریی خۆی نادرێ بە بێگانە. کتێبەکە بریتییە لە پەند و ئامۆژگاری و زانایی، ئەم دوو بەندەشی لێ دەگێڕێتەوە:

وەروێوە وارۆ وەروە وەرێنە
وەریسە بڕیۆ چوار سەرێنە
کەرگێ سیاوە هێڵەش چەرمێنە
گۆش لێ مەمێریۆ دەوای برێنە
داران گیانداران جەرگ و دڵ بەرگەن
گاهێ پڕ بەرگەن، گاهێ بێ بەرگەن
کەرگە جە هێڵێن، هێڵێ جە کەرگەن
ڕواس جە ڕواس، وەرگێ جە وەرگەن»

پاشان باسی پیرشالیارێکی دیکە دەکا کە ناوی خۆی ناوە سەید مستەفا و ساڵی ٤۸۰ی کۆچی کتێبەکەی پیرشالیاری هەوەڵی گۆڕیوە، بە تایبەتی ئەو وتانەی کە لەگەڵ ئاینی ئیسلام نەگونجاون. دەشڵێ: ئەم کتێبەش لە هەورامان هەر ماوە. لێرەدا ئەوەی زۆر گرنگە «ماریفەتی پیرشالیار»ە. نەک لە باری ئاینییەوە. شتێکی ئاشکرایە دوایی پەیدا بوونی ئیسلام ئەو ئاینە کۆنانە زۆر لەمێژە باویان نەماوە. بەڵام وەکوو میراتێکی کۆنی ئەدەبی، وەکوو هۆیەکی باش بۆ زانینی چەشنی بیرکردنەوەی باپیرانمان لەو سەردەمەدا، وەکوو بەڵگەی کولتووری مێژینەمان- نرخێکی هێجگار زۆری هەیە و شایانی ئەوەیە بۆ وەدەستهێنان و چاپکردنی، ئەوەندەی لە وزەدا هەیە، هەوڵ بدرێ. بە هەر جۆر، قسەمان لە ڕێکوپێکی ئەم شێوەیەی زمانەکەمان و هێز و توانای ئێجگار زۆری ئەو بوو لە باری«ئەدا»و گەیاندنی مەبەستی زۆرەوە لە وشەی کەمدا ئەم دوو بەندەی«ماریفەتی پیرشالیار» نموونەیەکی جوان ئەوەن. جگە لەمە ئەم دوو بەندە ناوەڕۆکێکی زۆر دەوڵەمەندی فەلسەفیشیان هەیە کە لێرەدا جێگەی باسکردنی نییە. بەڵام لەسەر ئەم بەیتەیان کە دەڵێ:

«داران گیانداران جەرگ دڵ بەرگەن
گاهێ پڕ بەرگەن، گاهێ بێ بەرگەن»

نەختێ قسە دەکەین.

ئەگەر مەبەست تەنیا شوبهاندنی داران بە گیانداران بێ و بیەوێ بڵێ هەر بەو جۆرە کە گیاندارەکان بە هۆی دەزگا دەروونییەکانیانەوە ماددەکانی پێویست بۆ ژیانیان وەردەگرن و تێکەڵیان دەکەن و هەوڵیاندەهاوێرن، ئەوەی بە سوودی بێ دەیهێڵنەوە و ئەوەی بەریان بێ فڕێی دەدەن، دارەکانیش وانە و ئەم کارە بە هۆی گەڵاکانیانەوە دەکەن و بە پێی دەسکەوتن و دەسنەکەوتنی ئەو ماددانە گاهێ پڕ بەرگن و گاهێکیش بێ بەرگن... ئەگەر هەر ئەمەندەش بێ لەوپەڕی جوانیدایە و هەر لەو کاتەدا واقیعی و دروستیشە و لایەنی فێر کردنی زانیاریشی هەیە. بەڵام هەر ئەوەندە نییە. ناوکی فەلسەفیشی هەیە. ئەویش ئەوەیە ئەو شتانەی دەڕوێن وەکوو گیانلەبەرەکان گیاندارن. ڕاستەکەی ئەوەیە زۆر لەمێژ بوو بیرم لەوە دەکردەوە ئایا ئەمە بیرێکی شاعیرانەیە بە خەیاڵی پیرشالیاردا هاتووە، یا لە ڕەوتی فەلسەفیی دنیادا جێگایەکی هەیە؟ بەداخەوە تووشی چاوگەیەکی وا نەدەهاتم. تا جارێکیان وەبیرم هاتەوە لە کاک ئیحسان تەبەریم پرسی. کاک ئیحسان زانایەکی پایەبەرزی ئێرانییە لە فەلسەفە و ئەدەبیاتدا و بە ڕاستی لەم مەسەلانەدا جێگای پرس و ڕایە، دەڵێ: «ئەم بەیتە لەگەڵ دوو بڕوای ئاینی و فەلسەفیدا ڕێکدەکەوێ، یەکیان«بڕوای ئاینیAnimisme» و ئەوەی دیکە «بڕوای فەلسەفیHylozosme»ی ناوە».ئانیمیسم لە وشەی لاتینی«گیانAnima» وەرگیراوە و بە مەعنایی بڕوایە. ئەرواحی ماوەرای تەبیعی گیاکان و گیاندارەکان و شتە بێگیانەکانی دیکەیە. ئەمە ئاینی قەبیلە و تیرە سەرەتاییەکانی ئینسان بووە لە هەموو دونیا. ئەفسانەکان«میتۆلۆژی» ی یۆنان و ڕۆم، ئەفسانەکانی ویدایی هێندی و ئەوێستایی«ئێرانی» پڕن لە باسی ئەم جۆرە ئەرواحە. هەرچی «هیلۆزۆییسم» یشە لە وشەی یۆنانی«هەیوولا، مادە- Hyle» و «گیان- Zoe»وەرگیراوە و مەکتەبێکی فەلسەفییە لە یۆنانی کۆندا و ماددە گشتی بە گیاندار دەزانێ«وەکوو تالسی مەلتی و ئەنبازیقلیس و هی دیکە». وا دیارە پیرشالیار ئەم بیر و ڕا فەلسەفییەی ئاوا بە گشتی قوبووڵ نەبووە و داوای گیاندارەکان تەنیا شتی ڕوێنی بە گیاندار زانیوە. بۆیە لەم بەیتەدا باسی داران دەکا و لە بەیتی دووهەمی ئەم بەندەدا مریشک و ڕێوی و گورگ دێنێ.

لەوەی کە گوتمان نەتیجە وەردەگرین کە ئەم شێوەیەی زمانەکەمان بەر لەوەی ئایینی ئیسلام پەیدا ببێت زمانی ئایینی بووە و بە پیرۆز زانراوە و زمانێکی ئەدەبی و زمانێکی ئەدەبی ئاوا پڕ لە کاکڵ و مەژگەی فەلسەفی بووە. پاش ئەو دوو کارە بەنرخە مامۆستا مەلاکەریم و کوڕەکانی «کاک فاتیح و کاک موحەممەد»ی باشتر بڵێین خانەوادەی «تێکستۆلۆگ»ی کوردی خەریکی دیوانی «نالیکەس» بوون. بۆ ئەم کارە سێ نوسخەی چاپکراویان بە دەستەوە بووە. پاشان دوو نوسخەی دەستنووسیشان دەستکەوتووە. لە بارەی نوسخەی چاپییەکانەوە کاک فاتیح دەنووسێ:«... لە ڕاستیدا ئەم نوسخە چاپییانە هیچیان کەڵکی ئەوەیان پێوە نییە بە تەواوی بکرێنە بەڵگە بۆ لێکۆڵینەوە و مەعنا لێدانەوە». قسەیەکی زۆر هەق و ڕەوایە. نەک هەر ئەمانە، چاپەمەنی کوردی بە گشتی- چاپکراوەکانی کۆڕی زانیاری نەبێ کە هەڵەیان کەمە- ئەوانی زۆربەیان وان، بە دەگمەن لە ناویانا هی وات دەستدەکەوێ دروست و ڕێکوپێک بێ. لە زەمانی پادشایەتی ڕووخاودا و چەند ساڵێکیش دوای ئەوە ئەوە، جگە لە هەڵەی زۆری چاپی، هێندێکیان لە سانسۆر بە تەواوەتی کلک و گوێ کراون. بو نموونە دیوانەکەی سەلام بە ڕاستی دەڵێی کەروێشکە و دە تانجیی تێبەدراوە و هەر یەکەی لە لایەکەوە جەرگ و هەناوی دەرهێناوە. دوای ئەو ساڵانەش لەبەر تەمبەڵی و کەمتەر خەمیی خاوەنەکانیان ئەوەندەیان هەڵە هەیە بە بەڵگە ناژمێردرێن. ئەو دوو نوسخە دەستنووسەش کە دەستیان کەوتووە بە کۆنە ڕێنووسی فارسی بوون. ڕووت و قووت و هیچی وایان پێوە نەبووە یارمەتییەکیان بدات. لەبەر ئەوە و هەروەها لەبەر ئەوەش کە نالی ئەوەندەی لە وزەیدا بووە یاریی بە وشەکان کردووە، ئەرکی تێکستۆلۆگی خەڵکەکانی دیکە ماندوو ببن. لە زمانانی دیکەدا تێکستۆلۆگ لە حاست شکڵە جیاوازەکانی نوسخەکان کاری تەنیا ئەوەندەیە بە شکڵی دروست بدۆزێتەوە لەو جێگەیەدا تێکستەکە بە دروستی داڕێژیتەوە. بەڵام ئەمان ناچار بوون جگە لەوە تێکستەکە بە تەواوی لە کۆنە ڕێنووسی فارسییەوە بهێننە سەر ڕێنووسی ئێستای کوردی و بە تایبەتی لێرەدا لە بارەی لە بارەی نالییەوە بۆ جاری سێهەم ناچار بوون وشە بازییەکانی شێعرەکانیشی ڕوون کەنەوە. بۆ نموونە لەم شێعرەدا.

خاو و بێ خاوی دو زولفی خاوم ئەز
چاوە چاوی یەک غەزالە چاوم ئەز

ڕوونکردنەوەی ئەم هەموو خاو و بێ خاو و چاوەچاوە بە قەدرایی دوو کارەکەی دیکە، بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستەکە یارمەتیی ئەو کەسەی دەیخوێنێتەوە و ئەو کەسە کە لێی دەکۆڵێتەوە دەدات. جا لەبەر ئەوە کە ئەم یاریکردنە بە وشە لە شێعری نالیدا هێجگار زۆرە، تێکستۆلۆگەکان بەشێکی فراوانی ڕەنجی خۆیان بۆ ئەم کارە تەرخان کردووە.کەچی سەرەڕای ئەو هەموو ڕەنجە تووشی گیروگرفتێکی تازە هاتوون کە لەم تەجرەبەیەدا سەری هەڵداوە. ئەویش ئەوەیە که شاعیر لە یاریکردندا بە وشە کاری خۆی لەسەر بنچینەی ڕێنووسەکەی سەردەمی خۆی یانی ڕێنووسی فارسی داناوە. بۆ نموونە وەک ئەم بەیتە کە بە ڕێنووسی کۆن تەڵە و داوەکە ئاوا نراوەتەوە.

خاک بر پیت هم گل هم گل بە سر شکم
وقتی غم شادی اوە کردومە بسردا

تا خوێنەر لە قوڕپێوانەکەدا سەری لێ بشێوێ، بۆ ئەوەی «گل» لە دوو جێگا وەک یەک بنووسرێ، بەڵام کە هاتووەتە سەر ڕێنووسی ئێستای کوردی ئاوای لێهاتووە:

خاکی بەری پێت هەم گڵ و هەم گڵ بە سروشکم
وەقتی غەم و شادی ئەوە کردوومە بە سەردا

ئیتر لێرەدا دەردەکەوێ قوڕەکە کەی دەبێ بەسەردا بکرێ. لام وایە لەم جۆرە جێگەیەدا سوودی ڕێزمانەکەمان دەبێ بخرێتە پێشەوە و لە کاتی تووشهاتنی شتی ئاوادا یا گوێی نەدرێتێ یا ئیشارەتێکی بۆ بکرێ و هیچی دیکە.تێکستۆلۆگەکان سەرەڕای ئەو هەموو کارە دژوارە، شانیان داوەتە بەر کارێکی قورسی دیکەش کە بریتییە لە ڕوونکردنەوە و مەعنالێدانەوەی ئەو وشە و زاراونەی خوێندەواری ئێستا کەمتر ئاشنایەتییان لەگەڵیاندا هەیە. بۆ نموونە: لە کن ئەو جەوهەری فەردە لە هەیوولا نییە باس لە حیکەم پەروەریی بوو عەلی سیناکەس نییە باس جا بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەموو کارە ئاڵۆز و دژوارە، تێکستۆلۆگەکان، بە سەبری ئەیووبەوە، ڕەنجی فەرهادیان، بۆ ڕوونکردنەوەی ۱٤۰ پارچە شێعری نالی ٦٤٤ لاپەڕە ڕاست کردنەوە و لێکۆڵینەوە و ۷٤ لاپەڕە پێشەکی و ۲۲ لاپەڕە پاشەکییان نووسیوە. وەکوو خۆشیان نووسیویانە جاروبار هێندێ هەڵەی بچووک دێتە بەرچاو، وەک بە هەڵە نووسینی هێندێ وشەی فارسی یا دانانی شکڵی نالەبار لە جیاتی شکڵی لەبار وەک:

کانی دەزێن بە ئاو و درەخت ئاوسن بە با

کە لە هێندەێ نوسخەدا «تاو» و «بار» هاتووە و لام وایە ئاوا دروست بێ:

کانی دەزێن بە تاو و درەخت ئاوسن بە بار

چونکە لە جێگای دیکەشدا نالی تا و بار ی پێکەوە کۆ کردوونەتەوە وەک:

تا تایی سەری توڕڕەیی پڕ پێچشی بادا
هەر تایەکی بارێکی گۆڵ و نافە بە بادا

لە بارەی ڕوونکردنەوەی وردەکاریی ڕازاندنەوەشەوە، وەکوو کاک موحەممەد خۆیشی ئیشارەتی بۆ کردووە، ئەوەندە سەخاوەت کراوە گەیشتووەتە ڕادەی دەستبڵاوی.

بەڵام لە بەرابەر ئەو کارە دژوار و زۆرەدا کە ئەوان کردوویانە، باسکردنی ئەم وردە شتە وەکوو ئەوە وایە کە لە نزارێکدا ڕەخنە لە لقە دارێک بگری بڵێی بۆ چی خوارە. ئەم کارەی ئەوان لەو سێ تێکستەدا کردوویانە، نرخێکی هێجگار زۆری هەیە و شایانی ئەوەیە هەموو خوێندەواری کورد بە ناوی هەوەڵین تێکستۆلۆگی کورد سوپاسیان بکات و سەرکەوتنی زیاتریان لەم خزمەتە گەورەیەی ئەدەبەکەماندا بە ئاوات بخوازێ. کۆڕێ زانیاری کوردیش جێگای ڕێز و سوپاسە کە ئەوانەی چۆن و بڵاو کردووەتەوە. لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم بۆ پیشاندانی پتری گرنگیی ئەم کارە نموونەیەک وەبیر دەخەمەوە: ئەکادێمیای زانستی یەکیەتیی سۆڤیەت پارەیەکی زۆر بۆ ئەم کارە خەرج دەکات. لەم ساڵانەی دواییدا ئەم کارە لە شانامەی فیردەوسیکەس و لە شیرین و خوسرەوی ئەمیر خوسرەوی دەهلەوی و لە بەیتی شێخ سەنعاندا کراوە. دوای ڕێکوپێک کردن و ڕاستکردنەوە، دوانەکەی هەوەڵ بە فارسی و ئەوی دیکە بە کوردی چاپ کراون. ئەمە نموونەیەکە بۆ ئەوە کە کۆڕە زانیارییەکانی وڵاتە پێشکەوتووەکان، ئەم کارە نەک هەر لە حاست ئەدەبی خۆیان، بەڵکو لە حاست ئەدەبی خەڵکەکانی دیکەش چەندە بە گرنگ دەزانن. من لەو بڕوایەدام کۆڕی زانیاری کورد کارێکی زۆر بەنرخ و گرنگ دەکات ئەگەر لیژنەیەک بۆ تێکستۆلۆگیا دابنێ و وردە وردە تێکستە کۆنەکان ڕاستکاتەوە و چاپیان بکات.