لێکۆڵینەوە لەسەر «بەهاری لادێ»

لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 21 خولەک  1179 بینین

ئەم شێعرەم لە ژمارەی دووەمی ساڵی دووەمی گۆڤاری «ڕۆژی کوردستان» دا چاو پێکەوت. زۆرم بەلاوە جوان و دەوڵەمەد بوو. نەک جارێک و دووان، چەند جار خوێندمەوە. ئاخرەکەی هانی دام لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر بنووسم، هێمنکەس ئەم دەستە شێعرەی لە وەڵامی دۆستێکیدا گوتووە کە بانگی کردووە بچێتە شار. هێمن خەڵکی گوندی «لاچینشوێن» ی پەنا «مەهابادشوێن» ە. دیارە دۆستەکەشی خەڵکی مەهاباد بووە. هێمن لەم دەستە شێعرەدا بەهاری گوندی لاچین نیشان دەدا وە لە ئاوێنەی ئەو دیمەنەدا کە لەو دێیەی کێشاوە هەموو گوندەکانی کوردستانی ئێران دەنوێنێ.

«بەهاری لادێ» شێعرێکی تەسویرییە. لە شێعری تەسویری شاعیر دیمەنێکی تەبیعەت یا دیمەنێکی ژیانی ئینسان دەکێشێ. شاعیر ئەو دیمەنە لە مێشکی خۆیدا دووبارە دەخوڵقێنێتەوە و بە چەشنێکی جوان و ڕازاوە دەینوێنێ.

بۆ کێشانی دیمەنێکی ئاوا پێویستە وردەکارییەکانی دیمەکەکە لە بەرچاو بگیرێ. ئەوەندەی ئەو وردەکارییانە پتر سەرنج بدرێن دیمەکەکە تەواوتر دەبێ. شاعیر لە کێشانی دیمەکێکدا باش سەر دەکەوێ کە خۆی تێیدا ژیابێت و پێوەندیی لەگەڵیدا بووبێ. یان بە لانی کەمەوە خۆی ئەو دیمەکەی دیبێت و هەست و سەرنجی ڕاکێشابێ. ئەو دیمەنە دەتوانێ گەرموگوڕ و زیندوو بێ کە شاعیر لە ڕوانگەی بیروڕاوە سەرنجی دابێت و بە هەستی ئینسانییەوە کێشابێتی.

لە هونەری وەسفدا پتر وایە لە ڕەمز و ئیستعارە و تەشبیهـ و شتی وا کەڵک وەردەگیرێ. بەڵام هێمن لەم شێعرەدا وای نەکردووە. وە ئەمەش لە نرخ و جوانیی شێعرەکە کەم ناکاتەوە. ئەم شێعرە دەتوانین لە نەوعی «ئۆچیرک» ی بژمێرین. شاعیر یان نووسەر لە ئۆچیرکدا وێنەی فاکتەکانی ژیان دەکێشێ. ئەو ڕووداوانە هەڵدەبژێرێ کە هەرەگرنگن. لە تەسویری ڕووداوەکان و کار و کردەوەی ئینسانەکاندا پەنجە دەخاتە سەر ئەو تایبەتییانەی کە نموونەی ژیانی گشتیین. وە هەڵوێستی خۆی لە حاست ئەوان نیشان دەدات. ئیتر هەقی نییە ڕووداوەکان بگۆڕێ وە زۆر پەنا بباتە بەر خەیاڵی ورد و باریک.

لەگەڵ لە بەرچاوگرتنی تەواوی ئەوانەی کە گوتمان، ئەو دیمەنەی کە هێمن لە بەهاری لادێدا کێشاویەتی، ڕێکوپێک و تەواو و جوان و بەنرخە. وە ئەوا لە چەند بەشدا لێی دەکۆڵینەوە.

بەشی یەکەم

- دیمەنی لاچین لە بەهاردا

تاووساوە، هەور و بارانە، سوێسنە و شلێرە و گیابەند و خاوە. هەڵسووڕان و تێکۆشانە. ماندووبوون و ڕەنجدانە. زاوەماک و هاوێرکردن و مەڕبێردانە. کاڕ و کووڕی مەڕ و پڕمەی کەحلانە، فیتەفیتی شوان و ئۆحەی گاوانە. سۆرنی بلوێر و لاوک و حەیرانە. خرمەی خڕخاڵ و خرینگ و هۆڕی بازنە و خشڵی کابانە. قریشکەی بالۆرە و هۆی وەرەی جووتیارە. زەحمەتکێشان و عاڕەقڕشتن بۆ نانە. بەڵام هەر لەو کاتەشدا لارولەنجەی سەرکانیی کیژۆڵانە. چاوی مەست و بەژنوباڵای ڕێک و جوانە. دڵداری و وردە هەنگاوی بەرەو جێژوانە. نازی بێری و دەستبزێویی شوانە. ڕەشبەڵەک و هەڵپەڕین و دەستگووشینی دۆی ناسک و نازدارە.

- کار و هەڵسووڕانی خەڵکی لاچین

کار و تێکۆشانی پیاوان: کرمانج لەم فەسڵەدا کەوتۆتە جموجۆڵ و هەڵسووڕان، قۆڵی تا ئانیشک هەڵماڵیوە. هەموو ڕۆژێ دەچێتە جووت و جۆماڵ و تا ئێوارە کار دەکا. کە تاریکایی داهات ئەنجا دەگەڕێتەوە ماڵەوە. ئەوەندە شەکەتە کە شێوی خوارد لێی دەنوێ و تا بەیانی چرکە ناکات.

کاکی جووتیار توندوتۆڵ و خێرا و بەکار. لە هیچ ناپڕینگێتەوە. پێخواس و لنگڕووت، بەڵام چالاک و مەزبووت ئاو دەدێرێ، تۆو دەچنێ، جێی شەتڵ خۆش دەکا و پەینی پێوە دەکا، پشوو نادا، هەدا نادا، لە ڕەنجدان و لە ئەرک و کار هەراسان و وەڕەز نابێ تا نان بۆ منداڵی پەیدا کا و پەنا نەباتە بەر خەڵکی شار.

یەکێک شێو دەبڕێ، یەکێک وەرد دەداتەوە، یەکێک لە دەوری وێنجە و باخ شوورە دەکێشێ. یەکێک بان هەڵدەگێڕێتەوە، یەکێک لکوپۆپی دار هەڵدەپەرتێوێ. کەس بێکار دانانیشێت و هەمووان خەریکی کارن.

کار و تێکۆشانی ئافرەتان: ژنێک لە زستاندا بەنی ڕستووە، ئێستا ماشەرەکانی لە بەر هەتاو هەڵدەخا تا مۆرانە نەیانخوا. ژنێک بە دەستاڕ گەنمێ بۆ دراو دەهاڕێ. کچێک دوو گۆزەی پێیە دەچێتە سەرکانی ئاو بێنێ. کچێکی دیکە شەکۆی هەڵگرتووە و دەچێتە پاراوکردنی شیناوەرد. پۆلێک لە ئافرەتەکان لە بژار هاتوونەتەوە و بەرەو ماڵ بوونەوەتەوە. پۆلێکی دیکە دەچنە بژار. ئافرەتانی بێریش باسکیان هەڵماڵیوە، مەڕ بێردراوە و خەریکی دۆشینی مەڕن.

- پێوەندییەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی گوندی لاچین

لادێیەکان ئا بەو جۆرە بە ژن و پیاوەوە هەر لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە بێ وچان و هەدادان کار دەکەن و ڕەنج دەدەن. بە گەرما و سەرما و تاڵوتفت و ناخۆشی ڕاهاتووم. بە گژ تین و بڵێسە و بەفر و باران و هەوروهەڵادا دێن. بەرهەم پەیدا دەکەن و ڕەنێو دێنن. بەرهەمەکەیان پەنیر و ڕۆن و ماست و شیر و هێلکە و خوری و مازوو، دەغڵ و تووتن و شتی وایە کە لە دێوە دەچێتە شار.

بەڵام بەروبۆی ڕەنجەکەیان بۆ خۆیان نییە. بەفیڕۆ لە دەستیان دەردەهێنن. شێخ و حاکم و سەردار دەیانچەوسێنیەوە. ئەوان زەحمەت دەکێشن، ئەمان نانی خۆڕایی دەخۆن. بورژوازیی شاریش بەشی خۆی دەیانڕووتێنێتەوە. شاعیر کە ڕوو دەکاتە دۆستەکەی و دەڵێ: «ئەوان وەک ئێوە ناژین تەمبەڵ و بێکار و ئاسوودە.» ئیشارە بۆ ئەو دەکا. مەبەست لە «سەردار» ئاغا و بەگ و خان، یان خاوەنمڵک و دەرەبەگە. مەبەست لە «شێخ» ئەوانەیە کە لە ڕێگەی دینەوە دەژین وەکوو شێخ و خەلیفە و دەروێش و شتی وا. مەبەست لە «حاکم» چینی فەرمانڕەوایە بە دەوڵەت و ڕیسەندۆڵیەوە.

- هەڵوێستی شاعیر:

شاعیر دوای ئیشارە بۆ پێوەندییەکانی ئابووری – کۆمەڵایەتی، بەراوردی ئەخلاق و ئاکاری لادێیییەکان و شێخ و حاکم و سەردار و بورژوازی شار دەکا. هەڵوێستی لەم بارەیەوە ئاشکراتر و ڕاشکاوتر دەردەبڕێ و دەڵێ: جووتیارەکان لە سایەی ڕەنج و کاری خۆیانەوە بە سەربەرزی دەژین، بەڵام شێخ و حاکم و سەردار بۆ کۆمەڵ بوونەتە سەربار، کەچی فیز و دەعیەی ئاغایەتیشیان هەیە.

زەحمەتێشەکانی لادێ «هەموویان گورجوگۆڵ و توندوتۆڵ و چوستوچالاکن. هەموویان بێ فڕوفێڵ و بەکار و سادە و پاکن. لە لادێدا خراپ زۆر کەم دەبینی. نێر و مێ چاکن.» داوێنی کیژ و لاوێ لادێ پیسوچەپەڵ نییە. وەختێ ئەوان بە بێکاری و هیچوپووچ ناڕوا. بەڵام ئێوە «کوڕگەلی بورژوازی شار» فێری ئاڵکۆڵ و پەنگ و تریاکن. پۆکەر و پاسۆر و نەرد و تاس دەکەن. داوێنپیس و تەمبەڵ و بێکارەن. کەچی خواردنی باش بۆ ئێوەیە و ئەوان لە خواردنی وا بێبەشن.

بەشی دووەم لە باری هونەرییەوە

وەکوو لە سەرەتاوە، لە کاتی ناساندنی شێعرەکەدا گوتمان ئەم شێعرەی هێمن شێعرێکی تەوسیفییە. ئەسەری ئەدەبیی شێعر یا نەسر، بەتایبەتی ئەسەری تەوسیفی دەبێ «فەسیح» بێ. فەساحەت یانی ڕۆشن و ئاشکرابوون. لە زاراوەی ئەدەبیدا یانی نووسەر یا شاعیر وشەی نەرمونیان و لە زمان خۆش و لە گوێچکە سووک هەڵەبژێرێ. وشەی زۆڵەک و چەپرەک و پێچەوانەی قاعدەی سەرفی بەکار نەهێنێ وتەکانیش لە وشەی وا داڕێژێ کە لەگەڵ یەکتر بحەوێنەوە و باش ڕێک بکەون. داڕشتنی وتەکان لەڕولاواز نەبێ. گڕی و گۆڵی لەفزی و مەعنەوی و دووپاتکردنەوەی زۆریان تێدا نەبێ و ڕێکخستنی وشەکان و وتەکان لەسەر بنچینەی ڕێزمان بێت. وەکوو دەبینین ئەم شێعرەی ئەمانەی بە باشی تێدا لە بەرچاو گیراوە وە بەڕاستی فەسیحە. هێمن لەم شێعرەدا لە «کینایە» زۆری کەڵک وەرگرتووە. «کینایە» بریتییە لەوە کە شتێک بگوترێ وە مەعنایەکی غەیری مەعنا ئەسڵەکەی مەبەست بێ. وەکوو بە کەسێک بڵێی «لە پەڕوپۆ کەوتووە». مەبەست ئەوەیە ڕووتوڕەجاڵ بووە، نەک پەڕوپۆی پێوە بووە و لێی بۆتەوە. «کینایە» چەند جۆرە. یەکێکیان «تەعویز» ە کە بریتییە لەوە وتەیەک بگوترێ و مەبەست مەعنایەکی دیکە بێ و ئەمەش لە ڕاوێژی قسەکان دەربکەوێ. وەکوو کە ئازاری خەڵک دەدا بڵێی «پیاوی باش ئازاری خەڵک نادا». یەکێکی دیکەیان «تەلویح» ە. کە بریتییە لەوە بە چەند پلە ئیشارە بۆ مەبەستێک بکرێ وەکوو بڵیی «سەگی ماڵی پیرۆت ناوەڕێ»، چونکە هاتوچۆی زۆر دەکرێ، چونکە بە ڕووخۆشی میوان قبووڵ دەکا، چونکە سەخی و دڵاوایە.

هێمن ئەم چەشنە کینایانەی گەلێ جار بەکار هێناوە. مەسەلەن «تەعریز» وەک دەڵێ: «کرمانج کە ئێوارە هاتەوە ماڵێ بێ ئەوەی کەس بیشێلێ یا پشتی داماڵێ شێو دەخوا و دەنوێ تا بەیانی.» یانێ ئێوەی شاری کە نەختێ بجووڵێنەوە دەبێ یەکێک بتانشێلێ و پشتتان داماڵێ، یانی دەست و پێ سپیلکە و نەکرکارن.

یا «تەلویح» وەک دەڵێ: «ژنێک چەند ماشەری پێیە دەیانهێنێتە بەر تاوێ.» مەبەست ڕستن و هۆندنە و چنین و تەنین گەلێ شتە لە لادێ لە هەموو پلەیەکی ئەو کارانەدا. ژنەکە ئەم ماشەرە بەنانەی باداوە، پێش بادان ڕستوویەتی، پێش ڕستن خوریەکەی شانە کردووە. پێش شانەکردن شۆردوویەتی. ئێستا هەڵیان دەخا تا مۆرانە نەیانخوا. کە کاری کشتوکاڵ نامێنێ گۆرەویان لێ دەچنێ. تەونی بەڕە و قاڵی دەکا، گوریس و کەژ و گوێرەوسار و سەرکەلە و هەوساریان لێ دەهۆنێتەوە. دەیاندا بە جۆڵا تا بوز و جاجم و پۆپەشمین و بەرماڵیان لێ بکات.

«کچێک پێیەتی دوو گۆزە بە لەنجە دەچێتە سەر ئاوێ». دایک و باوک و خێزانی دیکەی ماڵەکە چوونەتە کار. ئەم لە ماڵەوە ماوەتەوە. دەچێ ئاو بێنێ تا جلوبەرگ و قاپوقاچاخی ماڵەوە بشوا؛ چێشت لێ نێ؛ هەویر بشێلێ و نان بکات. بە لەنجە دەڕوات، یانێ لەشسووکە، کاری لە بەر گران نییە و وەکوو ڕابواردنی دەزانێ.

بەشی سێیەم: لە باری فۆلکلۆرەوە:

ئەم دەستە شێعرە بەتایبەتی لەم بارەوە زۆر دەوڵەمەندو بەنرخە.

فۆلکلۆر لە وتەی لاتینی folk-lore پێک هاتووە. یانی کولتوری هەرەمەی خەڵک. وە بریتییە لە خوڵقێنەریی زمانی خەڵک «گۆرانی، قسەی نەستەق و پەندی پێشینیان، نەقڵ و نەزیلە و حیکایەت و هی دیکەیە»، تەرز و شێوەچەشنی ژیانی خەڵک و ترادیسیۆن «ڕەسم و باو و عادەت».

لێرەدا مەبەست ئەوە نییە لە فۆلکلۆر بدوێین، ئەمە باسێکی زۆر درێژە. تەنیا ئیشارە بۆ ئەو شتە فۆلکلۆریانە دەکەین کە هێمن لەم شێعرەدا هێناونی.

١. چەشنەکانی کاری لادێ و ناویان: جووت، جۆماڵ، ئاوداشتن، تۆوچاندن، جێ شەتڵ کووتکردن، شێوبڕین، وەرددانەوە، ماڵۆکردن، هەڵپەرتاوتنی لکوپۆپی دار، شوورەدانان، بژار و پاراو.

٢. چەشنی خانووەکان کە بە داروپەردوو دادەپۆشرێن، بانهەڵگێڕانەوە، پلووسکدامەزراندن.

٣. ئەسپابی کاری لادێ و ناویان: کوتک، بێڵ، شەکۆ، دەستاڕ و گۆزە.

٤. بیروڕای لادێیییەکان لەبارەی کارەوە: بڕوا بە کار بە ناوی تاقە هۆی ژیان.

٥. ژیانی ئەخلاقیی خەڵکی لادێ: قبووڵکردنی ڕەنج و زەحمەت، سادەیی و بێ فێڕوفێڵی. دووربوون لە ئاڵکۆڵ و بەنگ و تریاک و قومار. داوێنپاکی، هیمەتبەرزی، سەربەرزی و ئازایی، بێ فیزودەعیەتی.

٦. چێشت: بۆدراو. کە لە بەرامبەر چێشتی خەڵکی شاردا «پڵاو و گۆشت و خۆرشت و...» هێناویەتی.

٧. گیاناسینی خەڵکی لادێ: گیابەند و خاو، سوێسنە، شلێرە، وێنجە، تووتن، دەغڵ، دارمازوو، گوێنی.

٨. بەرهەمەکانی کاری لادێ: پەنیر، ڕۆن، ماست، شیر، هێلکە، خوری، مازوو، کەتیرە، دەغڵ، تووتن.

ئەمانە هەموویان لە باری زانینی دروستکردن و ڕەنێوهێنانەوە، وە ئەو کارانەی لەم بارەیەوە دەکرێن و ناوی ئەو ئەسپانەی بۆ ڕەنێوهێنانیان بەکار دەهێنرێن – بەشێکن لە فۆلکلۆر.

٩. ئەو کارانەی لەبارەی مەڕدارییەوە دەکرێن و ناویان: زاوەماک، هاوێر، مەڕ لە بێردان.

١٠. خشڵەکان: خڕخاڵ، بازنە، ژێرچەنە.

١١. ناوی ئافرەت بەبۆنەی کارەوە: بێری، کابان، بژارەوان.

١٢. دەنگەکانی وەختی کار و ناویان، فیتەفیتی شوان، ئۆحەی گاوان، هۆ وەرەی جووتیار.

١٣. دەنگی زیندەوەرەکان: کاڕ و کووڕی مەڕ، پڕمەی کەحلان.

١٤. گۆرانیی لادێ: لاوک، حەیران، بالۆرە (ئەمەیان تایبەتی ژنانە.)

١٥. مووزیکی لادێ: بلوێر.

١٦. هێندێ ڕازاوەی لەمەڕ دڵداری: ڕۆیشتنی بەلەنجە. ژوان، وردە هەنگاوی بەرەو ژوانگە. نازی بێری و دەستبزێویی شوان.

لە گۆرانیی کوردیدا شوان و بێری بەناوبانگە. بێرییەکان گۆرانییان بە شوانەکاندا هەڵگوتووە: (هۆ شوانە! شوانەی هەق نادیاری کەپەنک توورمەی گۆچانمرواری.)

١٧. هەڵپەڕکێی لادێ: هەڵپەڕکێ یا هەڵپەڕین دوو جۆرە. ساکار و ڕەشبەڵەک. ساکار ئەوەیە دەستەیەک پیاو یا دەستەیەک ژن بە جیا هەڵدەپەڕن. ڕەشبەڵەک ئەوەیە کە پیاو و ژن بەیەکەوە هەڵدەپەڕن. لە پیاوێکەوە دەست پێ دەکا، ئەم پیاوە بە دەستی چەپی دەستی ڕاستی ژنی دووەم دەگرێ. ژنەکەش بە دەستی چەپی دەستی ڕاستی پیاوی دووەم دەگرێ. وە بەم جۆرە تا دوایی. هەر ژنێک دەکەوێتە نێوان دوو پیاو. هەر پیاوێکیش دەکەوێتە نێوان دوو ژن. پیاوی هەوەڵ پێی دەڵێن سەرچۆپیکێش. دەسرەیەکی بە دەستەوەیە، بە ڕاوەشاندنی دەسرەکە فەرمانی بزووتنەوە دەدا. ئەوەی دەکەوێتە ئاخری کۆڕی هەڵپەڕکێکەوە پێی دەڵێن گاوانی.

هەڵپەڕین لە باری بزووتنەوەوە چەند جۆرە: خاوی هەیە پێی دەڵێن ڕۆیینە. وە کرژی هەیە. کرژەکەش بە پێی بزووتنەوە چەند جۆرە. هەر جۆرەش ناوی خۆی هەیە وەک: سێپێیی، سویسکەیی، شێخانی و هی دیکە.

ڕیزی هەڵپەڕینەکە بە چەشنی کەوانەیە، بزووتنەوەکەش بە هەوای دەهۆڵ و زوڕنا، یا بلوێر و شمشاڵ، یا ئەگەر هیچیان نەبوو بە هەوای گۆرانییە. دەهۆڵکوت و زۆڕناژەن و بلوێرژەن و گۆرانیبێژەکە لە ناو کەوانەی هەڵپەڕکێدا دوێستن.

هەڵپەڕکێ بەبۆنەی چییەوەیە و لە چ کاتێکدا دەکرێ:

هەڵپەڕکێ بەبۆنەی گەلێ شتەوە و لە گەلێ کاتدا دەکرێ کە هەندێکیانی ئەمانەن:

١. بە بۆنەی مەرگ یا کوژرانی سەرۆکەکانی عێل و عەشیرەت و پیاوە گەورەکانەوە. لەم جۆرە هەڵپەڕکێیەدا بە پێچەوانەی هەڵپەڕکێ عادەتی کە سەرچۆپیکێش بۆ لای ڕاستی دەکێشێ – گاوانی بۆ لای چەپی دەکێشێ، وە پێی گوتراوە «چەمەرچۆپی». ئەو پیاوانەی کە دەچوونە چەمەرچۆپی دەبوو سۆرانییەکانی (فەقیانەکانیان) لە خوم هەڵکێشن، ژنەکانیش دەبوو سەریان شین کەن. ئەمە ئێستا نەماوە. وە ئیشارە بۆ ئەوەیە کە ئەگەر کەسێک تووک و نزا لە ئافرەتێک بکا یا پێیدا هەڵشاخێ دەڵێ: «ئەی سەرت شین کەی لە خومخانە» یا «سەرشینی بابانوێران».

٢. لە کاتی هێندێ کاردا وەک خەتەنەسووران، گەرچەکهاڕینەوە، سەمەنیکوڵاندن. ئەمانەش ئێستا نەماون. یا کە دەچنە مازووکردن و ڕێواس و کارگ کۆکردنەوە. ئەمانە ئێستاش کەم تاکوتەرا ماون.

٣. کە دەچنە سەر چاک و شەخس (قەبری پیاوە پیرۆزەکان) یا کە دەچنە سەیران.

لە مەهاباد باوە خەڵکی گەڕەکێک ڕۆژی جومعە دەچنە باخەکان بۆ سەیران وە لەوێ هەڵدەپەڕن.

٤. ڕۆژەکانی جەژن. ئەوە لە لادێ باوە.

٥. بە بۆنەی ژنهێنانەوە کە ئەمە پێی دەڵێن شایی، داوەت و زەماوەند.

زەماوەند یانی «ازدواج و عروسیفارسی». زەما یانی زاوا. وەند یانی بەند. بە تێکڕایی یانی زاوابەند، زاوا جووتکردن.

هەر پیاوێک یا کوڕێک کە دەچێتە شایی و داوەت دەبێ ئافرەتێکی نزیکی خۆی لەگەڵ بێ کە پێی دەڵێن «دۆ». ئەو وشەی «دۆ» لە «دوو» وەرگیراوە. چونکە ئافرەتەکە دووانەی پیاوەکەیە. یا لە دوێت وەرگیراوە کە بە مانای کیژ و کچە.

هەڵپەڕکێ بەشێکی زۆر گرنگی فۆلکلۆری میللی کوردییە. پێویستە و دەبێ بە هەموو توناوە بۆ پاراستن و هێشتنەوەی هەوڵ بدرێ. وە بەر بە چەشنی خۆی، هەر بەو جلوبەرگ و بزووتنەوە و مۆزیک و گۆرانی و هەوایانەوە بپارێزرێ.

ئەمانەی کە باسمان کردن، هەموویان وە نەبێ تەواوی فۆلکلۆری گوندی لاچین یا دێهاتی دیکە بن. وەکوو لە سەریشەوە گوتمان ئەمانە تەنیا ئەوانەن کە لەو شێعرەی هێمندا ناویان هاتووە.

بەشی چوارەم: خوێنەر لە ئاوێنەی ئەم شێعرەدا چ دەبینێ:

خوێنەر لەم تابلۆیەدا دەبینێ خەڵکی ئەو گوندە بێپسانەوە لە جموجۆڵدان. بزووتنەوە تەواوی وەختی ئەوانی داپۆشیوە. بەڵام ئەم جموجۆڵە و بزووتنەوەیە بە چەشنێکی ساکار و سەرەتایی و تەبیعییە. وە هەر بۆ ئەوەیە بتوانن بژین، ئەویش ژیانێکی زۆر نزم و زۆر دژوار و تاڵ. هەموو کارێک هەر بە دەستە، ئەسپابی کار زۆر سەرەتایییە. هیچ شوێنەوارێک لە مەدەنییەت و ژیانی شارستانییەتی نابینرێ. تەواوی بزووتنەوەکان بزووتنەوەی لەش و بەدەنن. بزووتنەوەی فکر و بیر شوێنەواری نییە. نەخوێندەواری و نەزانی و بڕستی ئەو خەڵکەی بڕیوە و پەکی خستوون.

بەو ژیانە تاڵە و بەو ڕەنجە لە وزەبەدەرە ڕاهاتوون. هەست بەو زوڵم و زۆرە ناکەن کە لێیان دەکرێ. بە پەرۆشی و ڕەنجەڕۆییی خۆیانەوە نین. ئاواتی ژیانی باشتریان تێدا نابینرێ. شێخ و حاکم و سەردار ئاویان دەوێ. لەبەر ئەوە مەدرەسەیان بۆ دانانێن و دەرەتانیان نادەن چاویان بکرێتەوە. چونکە ئەو کەسەی، ئەو چینەی، ئەو خەڵک و گەلەی هەست بە زوڵم بکات بۆ لابردنی زوڵمەکە تێ دەکۆشێ. هەست بە تاڵی و شپرزەییی ژیان بکات بۆ باسکردنی ژیانەکەی هەوڵ دەدا.

بەڵام ژیان لە شار مەند و وێستاوە. لەوێ جموجۆڵی بەدەنیش نابینی. کوڕگەل کە هێمن لە بیچمی دۆستەکەیدا ڕوویان تێ دەکا تەمبەڵ و بێکارە و ئاسوودەن. ئاسوودەیییەکی خاووخلیچک. بە بەنگ و ئارەق و تریاک گێژووڕ بوون. وەختی خۆیان بە هیچوپووچ ڕادەبوورێن. چەپەڵی و داوەشاوی ئەخلاقی دایڕزاندوون. خەریکی داوێنپیسی و پۆکەر و پاسووڕن. هەم لەشیان مردووە و هەم فکر و بیریان.

ئەمە دیمەنێکە کە خوێنەری ئەو شێعرەی هێمن لە باری کۆمەڵایەتی و ڕەوانییەوە لەو وێنەیەدا دەیبینێ کە ئەو لە ژیانی گوندی لاچین و شاری مەهاباد کێشاویەتی.

ئەم دیمەنە لە باری گوندی لاچینشوێن درووسە، بەڵام لە باری ژیانی لاوەکانی مەهاباد نیسبەتی واقیعی دێتە خوارەوە. وە تا ڕادەیەکی زۆر وا نییە. حاشا لەوە ناکرێ کوڕوکاڵی بورژوازی و دەرەبەگی مەهاباد لە نەتیجەی هاتوچووی تاران و تەورێزدا وە لە نەتیجەی لاساییکردنەوەی بورژوازی گەورەی فارس و ئازەربایجانیدا بەو جۆرەن کە هێمن باسی کردوون.

لە هەموو جێگایەک و لەناو هەموو خەڵکێکدا هێندێکی بڵح پەیدا دەبن کە بێئەوەی ڕەنج بدەن گەنجیان لە بەردەستدایە و دەیانەوێ بە لاساییکردنەوەی کوڕوکاڵی میللەتی فەرمانڕەوا کەموکووڕیی مەعنەوی و ئەخلاقیی خۆیان داپۆشن و بشارنەوە. وەکوو هێندێ لە کوڕوکاڵی سەرمایەدارە گەورەکانی فارس و ئازەربایجانیش لاساییی ئەمریکایییەکان و ئورووپایییەکان دەکەنەوە و بەتەواوەتیی بڵح و خوێڕی دەبن.

بەڵام کوڕگەلی مەهابادی زۆربەیان وا نین. بە سەردانێکی مێژووی مەهاباد دەردەکەوێ کە لە ڕۆژی ڕووخانی کۆماری کوردستانەوە، لە مەهاباد تێکۆشان نەپساوەتەوە. وە ساڵ بە ساڵ لاپەڕەی خەبات بە خوێنەی ڕۆڵە دلێرەکانی مەهابادی زیاتر ڕەنگاو و پتر ڕازاوەتەوە.

وەبیرخستنەوەی ئەم مەبەستە بۆ ڕەخنەگرتن لەو شێعرەی هێمن نییە، چوونکە لە هەوڵوێستی هێمن دەر دەکەوێ مەبەستی ئەوە نییە تەواوی لاوەکانی مەهاباد وەک یەک یا باشتر بڵێین وەک دۆستەکەی بژمێرێ. شاعیر مێژوو نانووسێ تا تەواوی وردەکارییەکان بخاتە بەر چاو. شاعیر هەست و کەف و کوڵی دەروونی خۆی لە تاوێکی تایبەتیدا دەردەبڕێ. هێمنیش هەستەکەی خۆی لەو پشوەدا کە ئەو شێعرەی گوتووە جوان دەربڕیوە. جگە لەوە تەوەس و توانج تێگرتن و بەگژداچوون بۆ هاندانی زیاتر لە ئەدەبی کوردیدا باوە وەکوو مەلا مارفی کووکی دەڵێ: کوردیش چ کوردە میللەتی خۆخۆرە پێکەوە بۆ گیان و ماڵی یەکتری سمکۆڵ دەکەن لە خۆڵ. مەبەستی لەم هورووژمە توندە ڕەخنەگرتن لە چەند کەسێک و بەناوبانگکردنی گەل بووە بۆ یەکیەتی و پاڵبەیەکەوەدان و، هەستەکەی ئەوەندە هاتۆتە کوڵ لە شێوەیەکی ئاوا تووڕەییدا نواندوویەتی.

هێمنیش لەو هورووژمەدا کە دەیکاتە سەر کوڕگەلی مەهابادی مەبەستی تاقمێکی تەمبەڵ و بێکارەیە. دەنا هەموویان بە گاڵۆکێک لێ ناخوڕێ.

بەهاری لادێ
بەهارە کاتی کارە، خۆشەویستم بۆچی بێم بۆ شار
ئەگەر من بێمە شارێ، کێ وەئەستۆ بگرێ کاروبار
ئەمن کرمانجم و کرمانج کە هات بەسڵی بەهار وەک هار
دەبێ بخولێتەوە کێو و تەلان و بەندەن و نیسار
هەتا پەیدا بکا نان و نەبا بۆ خەڵکی شار هاوار
***
لەوەی دواوە دەبێ قۆڵی هەتا ئانیشکی هەڵماڵێ
هەموو ڕۆژێ هەتا ئێوارێ بچتە جووت و جۆماڵێ
کە بوولێڵی شەوێ پەیدا بوو ئەنجا بێتەوە ماڵێ
بەبێ وەی کەس هەبێ بیشێلێ، یا خۆ پشتی داماڵێ
کە نانی خوارد و لێی نووست تا بەیان نابێ لە خەو بێدار
***
ئەوێستا کاکی جووتیار بە کاری چابوک و مەزبووت
بەبێ باکی، بە دڵپاکی، بە پێخواسی بە سینگی ڕووت
دەدێرێ ئاو، دەچێنێ تۆو، دەکا جێشەتڵی پەین و کووت
دەڕێژێ ئارەقە، پەیدا بکا تا بۆ مناڵی قووت
پشوو نادا وچان نادا وەڕەز نابێ لە ئەرک و کار
***
هەموویان توندوتۆڵ و گورجوگۆڵ و چوست و چالاکن
هەموویان بێ فڕوفێڵ و بەکار و سادە و پاکن
لە لادێدا خراپ زۆر کەم دەبینی، نێر و مێ چاکن
نە ئالوودە بە ئالکۆڵ و نە فێری بەنگ و تریاکن
دەبێ بێ دەرسی ئەخلاق لێرە بخوێنێ کوڕیژگەی شار
***
بە تاڵ و تفت و سارد و گەرم و ناخۆشیی ژیان ڕادێن
بە گژ تین و بڵێسە و بەفر و باران و هەوردا دێن
پەنیر و ڕۆن و ماست و شیر و هێلکەت بۆ لەدێ ڕا دێن
خوری، مازوو، کەتیرە، دەغڵ و تووتن بەرهەمی لادێن
نمەکخوردەی دەسی وەرزێڕە شێخ و حاکم و سەردار
***
دەکێشن زەحمەت و ناخۆن وەکوو وان نانی خۆڕایی
دەکەن کار و دەڕێژن ئارەق و ناژین بە ڕیسوایی
لە سەریاندا نییە پۆز و ئیفادە و فیزی ئاغایی
لە سایەی زەحمەت و ڕەنج و لە سایەی کار و ئازایی
بە سەربەرزی دەژین بۆ کۆمەڵ و گەل نابنە سەربار
***
نییە داوێن و دەستی خەڵکی لادێ پیس و ئالوودە
لە دەس ناچێ وەخت لێرە بە خۆڕایی، بە بێهوودە
ئەوان وەک ئێوە ناخۆن شەربەت و شەکراو و پالوودە
لە کوێ بێنن پڵاو و گۆشت و خۆرشت و فڕوفیسار؟
***
ئەوان وەک ئێوە ناکەن پۆکەر و پاسۆر و تاس و نەرد
یەکێک سەرگەرمی شێوە ئێستەکانی، یەک خەریکی وەرد
ئەوی تریان خەریکە هەڵدەوێژێرێ لە کێڵگەی بەرد
یەکێک ماڵوو دەکا یەک دادەچێنێ تازە شیناوەرد
ئەوی تر هەڵدەپەرتێوێ لکوپۆپی چڵووکی دار
***
دەبینی یەک ئەوە مەشغووڵێ هەڵگێڕانەوەی بانە
ئەوی تر دەدامەزرێنێ پلووسک و چۆتە و گوێسوانە
یەکێک کوتکی لە دەسدایە یەکێک بێڵی لەسەر شانە
یەکێک دەشکێنێ بەرد و یەک خەریکی شوورەهەڵدانە
بەڵێ نابینی کاکی خۆم لە لادێدا کەسێ بێکار
***
کچێک پێیەتی دوو گۆزە بە لەنجە دەچێتە سەر ئاوێ
کچێکی تر شەکۆی هەڵگرتووە دەڕواتە پاراوێ
ژنێک چەند ماشەری پێیە، دەیانهێنێتە بەر تاوێ
ژنێکی تر بە دەستاڕی دەهاڕێ گەنمی بۆدراوێ
بەرەو ماڵ بوونەوە پۆلێک و پۆلێک دەچنەوە بۆ بژار
***
عەزیزم تۆ وەرە ئێرە کە چاو لە جوانی نابێ تێر
ببینە خاو و گیابەند و هەڵاڵە و سوێسن و شللێر
لە لایەک زاوەماک دەڕوا، لە لایەکی دەکەن هاوێر
لە لایەک باسکی هەڵماڵیوە بێری مەڕ دراوە بێر
دەبینی دیمەنی وا جوان لە ناو بازاڕای پێ ئازار؟
***
چ خۆشە کاڕوکووڕی مەڕ، چ خۆشە پڕمەکەی کەحلان
چ خۆشە فیتەفیتی شوان، چ خۆشە ئۆحەکەی گاوان
چ خۆشە خرمەکەی خڕخاڵ و بازن و ژێرچەنەی کابان
چ خۆشە نەغمەکەی بلوێر، چ خۆشە لاوک و حەیران
چ خۆشە دەنگی بللۆرە، چ خۆشە هۆ وەرەی جووتیار
***
وەرە ئێرە مەپرسە تۆ ئەدی چارشێو ڕووبەند کوان؟
وەرە ئێرە و ببینە چاوی مەست و بەژن و باڵای جوان
وەرە ئێرە و ببینە وردە هەنگاوی بەرەو جێژوان
وەرە ئێرە و ببینە نازی بێری و دەسبزێویی شوان
بچۆ ناو ڕەشبەڵەک بگووشە دەسی دۆی ناسک و نازار