پێشەکی «بۆ کتێبی کاروانێک لە شەهیدانی کوردستانی ئێران»

لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 4 خولەک  831 بینین

لەخۆبوردن و گیان لە پێناونان کارێکی سووک و ئاسان نییە و لە دەست هەموو کەس نایە. تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن گیانی خۆیان لە پێناوی ئاوات و ئامانجە پیرۆزەکانی گەل نێن و خۆیان بکەنە قوربانی لە ڕێگەی ئازادی و بەختەوریی خەڵکدا کە گەل و نیشتمانیان لە خۆیان خۆشتر بوێ. ئاگری ڕزگاریخوازی ئەوەندە لە دڵیاندا بڵێسەی سەندبێت کە سەری خۆیان بکەنە بەردەبازی ڕێگای گەلەکەیان و لەشیان بکەنە لەمپەر و قەزا و بەڵاگێڕی نیشتمانەکەیان.

گەلی قارەمانپەروەری کورد بە درێژاییی مێژووی تاڵ و پڕ لە کوێرەوەریی خۆی، هەمیشە وەجاخی ڕوون بووە. ڕۆڵەی ئازا و نەبەز و گیانفیدای زۆر پێ گەیاندووە. هیچ کاتێک لە قوربانیداندا بەرچاوتەنگ نەبووە.

ئەو کەژ و کێوە بەرزانە، ئەم شێو و دۆڵە زەنوێرانە بە دلێری ئەو ڕۆڵە گیان لە پێناوانە پارێزراون. ئەم نزا و لێڕەواوە سەوز و خەمڵیوانە بە خوێنی ئەوان ئاو دراون.

ژیان لای هەموو کەس شیرینە و گیان لە لای هەموو کەس نەنرخترین شتە. ئەو کرێکارەش کە لە کارگا و کارخانەیەک کار دەکا و نەمر نەژی بەڕێ دەچێ، ئەو وەرزێڕە سادەیەش کە لە دێهات ژیاوە و پێگەیشتووە، وەکوو ئەو گەورەپیاوە بەناوبانگە حەزیان لە ژیان کردووە و گیانی خۆیان خۆش ویستووە. ئەگەر خزمەتی ئەوان گەورەتر و بەکەڵکترە، ئەمانیش خۆشەویستترین شتیان کە گیان و ژیانیانە لە پێناو ناوە و بنەڕەت و بنچینەی ژیان و خەباتی گەلن و شایانی ئەوەن لەبیر نەچنەوە. ئەم ڕۆڵە گیانفیدایانە بە گەورە و بچووکەوە کە لە حاست گەل و نیشتمانەکەیان ئەوەندە دڵسۆز و بەئەمەگ بوون، گەلەکەشیان ئەرکی سەرشانییەتی ئەوانی لەبیر نەچێ و لە حاستیان بەئەمەک بێ. ئەمەگداریی گەل لە حاست ڕۆڵە شەهیدەکانی، ئەوەیە کە ناویان لە مێژووی خۆیدا نەخش کات و هەمیشە بەڕێزەوە یادیان بکا.

تا ئەم دواییانە هەزاران و هەزاران کەس لەم گیان لە پێناوانەی گەل ناویان لەبیر چۆتەوە، زۆرداران دەرەتانی ئەوەیان نەداوە یادنامەیەکیان بۆ بنووسرێ.

ئەوەی خوێنەری بەڕێز لەم کتێبەدا دەیخوێنێتەوە، هەوڵدانێکە بۆ بیرەوەریی شەهیدەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، لە زەمانی کۆماری خودموختاری مەهاباد بەم لاوە.

ئەو زەحمەتەی کاک کەریمی حیسامی لە ئامادەکردنی ئەم کتێبەدا کێشاویەتی و ناو و بەسەرهاتی هێندێ لەو شەهیدانەی کۆ کردۆتەوە و بیرەوەریی کردوون بەنرخە و جێگای ئافەرینە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش لەبەر ئەوەی لە دوورەوەی وڵات ئامادە کراوە، وە سەنەد و بەڵگەی پێویست و تەواوی بە دەستەوە نەبووە، ئاشکرایە کەموکۆڕیی هەیە. مەسەلەن ناوی تاقە یەکێکی لە شەهیدەکانی جوانڕۆشوێن نەزانراوە و بەسەرهاتی گەلێک لە شەهیدەکانی دیکەش ڕوون نییە. ئەرکی سەرشانی ئەو خوێندەوارانەیە کە لە وڵاتدان و لە بەسەرهاتی شەهیدەکان و لە ڕووداوەکان ئاگادارن ئەم کەموکۆڕییانە تەواو کەن.

بیرەوەریی شەهیدەکانی کوردی کوردستانی ئێرانشوێن، لە زەمانی کۆماری خودموختاریی مەهابادشوێن بەم لاوە، لە بارێکی دیکەشەوە زۆر گرینگە. ئەویش ئەمەیە، هەر بەم چەشنە کە قازی محەمەدکەسی شەهید، ڕەمزی برایەتیی گەلەکانی ئێران بوو، ئەمانیش جگە لە خەبات لە ڕێگەی ئازادی و بەختەوەریی کورد و کوردستاندا لە پێناوی ئازادی و بەختەوەریی هەموو گەلە براکانی ئێرانیشدا تێکۆشان و گیانی خۆیان فیدا کردووە.

چاوەڕوان دەکرێ کە ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی گەلی کورد لە گیانی پاکی ئەو شەهیدانە ئیلهام وەرگرن، لە پێناوی ئازادی و بەختەوەریی گەلەکەیان و هەموو گەلە براکانی ئێراندا، وە بۆ ئازادی و و سەربەخۆییی ئێران و دامەزراندنی حکوومەتێکی بەڕاستی دیموکڕاتی لە ئێراندا کە مافی نەتەوایەتیی هەموو گەلەکانی ئێران تەئمین بکات. وە خێر و خۆشی تەواوی ئەو گەلانە بەبێ جیاوازی تێ بکۆشێ – توندوتۆڵتر و نەبەزانەتر خەبات بکەن.