شین بۆ خەمین
لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
2 خولەک
733 بینین
ڕۆیی ئەو بولبولی باغی مەلەکووت
عالم و هۆنەر و عارف بە سبووت
فرە کێشاوییە مەینەت بۆ کورد
قەت هەدادانی نەبوو تاکوو مرد
ئەی دەمم بشکێ، کوتم مرد؟! ماوە
خەوتووە، تۆزێ وەنەوزی داوە
هەربینا ڕابێ لە خەو دووبارە
تێبکۆشێتەوە بۆ ئەو کارە
یانی هەر بۆ گەلی خۆی تێکۆشێ
کەموکووڕی گەلەکەی داپۆشێ
نامرێ پیاوی خودالێخۆشبوو
زاهیری ڕۆیی، لە پێش چاوان چوو
«شێخ عەلیکەس» کاکە، «خەمینکەس»ی شۆرەت
تەمەنی کەم بوو، بەڵام بێ مۆڵەت
ئەجەلی هات و گوڵی عومری ڕفاند
عالەمێکی بە غەم و غوسسە مراند
خاوەنی سفرە و خوان بوو، ڕۆیی
هاودەمی پیر و جەوان بوو، ڕۆیی
ڕەونەقی هۆنەرەکان هەر ئەو بوو
خۆشی ئاواتی دڵان هەر ئەو بوو
ئێستە «ئاواتناسناوی ئەدەبی» بە تەنێ ماوەتەوە
نەتەوی، داوی لە ڕێی ناوەتەوە
هەربینا پێوەبوو ئەو بێچارە
هاتە خزمەت تۆ «عەلی» گیان! دیارە
چ بکا؟ ناژی بەبێ تۆ تازە
دوور لە تۆ کەوتووە، زۆر بێ نازە
ژینی چی، شاعیری چی، هاودەمی چی؟
عومر ئەگەر مابێ لە زۆر و کەمی چی؟
هۆنەرێک بووم و لە شێعرا زاڵ بووم
بێ تۆ مات و لە زمانم لاڵ بووم
تۆ منیشت وەکوو خۆ بێ دەنگ کرد
بێ وتە و بێ هونەر و بێ ڕەنگ کرد
لێرەدا دوایی دەهێنم بە وتار
کوا وتارم هەیە؟ کوا سەبر و قەرار؟