وەک مەسنەوی
لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
1 خولەک
715 بینین
ببیە لەو قامیشە، چۆنت پێ دەڵێ
پێت دەڵێ خێرا بە سۆزی من هەڵێ
سۆزی من، سۆزی دڵێکە ئاگرین
ئاگرێکە زۆر بەتین، پشکۆی ئەوین
هەر پڕیشکێکی دەبرژێنێ دڵێک
هەر بڵێسێکی دەپشکوێنێ گوڵێک
بەندبەندە نێو دەروونی پڕ زووخاو
وشک و ڕەق، ئەندامی دڵ تێدا نەماو
دڵ لەوێ ڕۆیی بە یادی دڵبەری
دڵبەرێکی شۆخ و شەنگی وەک پەری
هەرکەسێ دەردی ئەوینی چەشتووە
شەربەتی مەرگی بە لێوان مشتووە
هەر بە ئاخ و داخەوە دەتلێتەوە
شێت و پەتیارە لە کێو دەخولێتەوە
هەروەکوو مەجنوونی ماڵوێرانە ئەو
ڕۆژ و شەو بێچارە، سەرگەردانە ئەو
هەرکە بیستی دەنگی بلوێری شوان
بەستی خێرایەک کەمەر بۆ ڕێی نەمان
ڕێگە چی؟ پڕ دڕک و داڵ و بەرد و چێو
هەر سەرەوژوور و سەرەوژێر، شاخ و کێو
چاڵ و چۆڵ و پڕ مەترسی و موشکیلات
لابەلا و هەڵدێر و ڕێی هات و نەهات
تۆ «ئیمامیناسناوی ئەدەبی»! چاکە هەر بخولێیەوە
هەروەکوو شەم هەڵبیی و بتوێیەوە