هات و نەهات
لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
1 خولەک
1006 بینین
بانگی خزمان و هاواڵان دەکەم
هات و نەهاتی خۆم بەیان دەکەم
پسام، هێند گەڕام هەر لێر و لەوێ
جارێکی بە ڕۆژ، کاتێ بە شەوێ
داخۆ دۆعای کێ لە من کاری کرد؟
خێڵی هەل و هات لای من باری کرد
لەم ماوەی ژینە کە من ڕامبوارد
هەر خۆم بە کاتی هەل و هات سپارد
کەچی هەر نەمدی کاتێ هەل دەهات
هەرکاتێ هەل هات، هاتم بۆ نەهات
سەد خەرمان گەڕام بە دەستی خاڵی
سەد ئاشم لێ کرد، هیچم نەماڵی
هێشتا جەواڵم بێ گەنم و ئاردە
تەنووری دڵم هێشتا هەر ساردە
ئاخ دەمدی دەمێک تەندووری گەرم
نانێکم دەخوارد بێ ترس و شەرم
نازانم چەرخی زەمان هەر بۆ من
نەمامی ژینی کردم سەرەوبن؟
یا کار و پیشەی ئەو چەرخە کۆنە
هەر وایە؟ چونکی وشک و بێ ڕۆنە!
بە ڕۆن چەور ئەبێ یا بە خوێنی گەل؟
ئەو خوێنەش کەنگێ؟ ڕۆژی خۆشی هەل!
یاخۆ وەک کوتم هەلم بۆ نایە
بۆیە گەل بۆ هەل هەر هەڵوەدایە
بەڵام قەیناکا، مافی خۆمانە
ئەم دەرکاودەرک و ئەم بانەوبانە
لە هیچ لایێکی «ئاوات» پێک نایە
دڵ هەر نەسرەوت لە هیچ جێگایە