ڕۆژی هەستان
لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
2 خولەک
738 بینین
ڕۆژی هەستان و ڕاپەڕینە وەرن!
مافی خۆتان بە کوردی وەربگرن
ئێستە شاییم ئەوا لە دڵ دەگەڕێ
بە برا کوردەکانی خوار و سەرێ
گیانی خۆیان بەخت دەکەن بەپەلە
بانگ دەکەن وەرنە پێشێ، ڕۆژی هەلە
خاڵە! کێوی بڵندی ڕزگاری
بۆت بەیان کەم بە کوردی ئاساری
سەخت و هەڵدێر و نالەبار و چڕە
پڕ لە هەوراز و چاڵ و چۆڵ و خڕە
کوردە گیان! سەرکەوە بە چنگەکڕە
سەربەخۆیی بە خوێنی خۆت بکڕە
توێخی دەستت بڵا هەموو لاچێ
شانەبەرد با نینۆکت هەڵپاچێ
ئەوکەڕەت نێوی تۆ لە مەیدانە
پێت دەڵێن قارەمانی تەنگانە
تەمەنی من لە ساڵی سی و دوو بوو
ئاگری سەربەخۆیی گەل هەڵبوو
نەکوژاوە گەیشتە حەفتا ساڵ
تەمەنم ئەی عەزیزی کیژ و کاڵ!
ئێستەکەش وا دەزانم هەر لاوم
هەر لە سەر بیر و باوەڕم ماوم
یا بە ئاواتی خۆمەوە دەمرم
یانە ئاوات لە باوەشم دەگرم
وا مەزانن مرۆیەکی سادەم
بۆ شەڕوشووڕ هەمیشە ئامادەم
من لە ژێر چاوەدێری پیاوێکدا
پێگەیشتووم، دەبێ بڕۆم هەروا
پێی دەفەرمووم: مەترسە بۆ پێشێ
چەکی دوژمن برینی نایێشێ
نابڕێ تیغی کۆڵی دوژمنی گەل
قەت مەترسە و مەدە لە دەس خۆ هەل
ئێستە هەڵکەوتووە، دەڕۆم بە پەلە
دەیکەمە گۆمی خوێن و دێمە مەلە
نابێ ترسم هەبێ لە کوشتنی خۆم
هەر بە ڕێگەی ئەوا دەڕۆم و دەڕۆم
«کامیلناسناوی ئەدەبی»م من لە ڕێی خەباتی کورد
گیانی خۆم بەخت ئەکەم بە دەستوبرد