لە بەر چاوان دەکەوم

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  631 بینین
وردە وردە لە بەر دڵ و چاوان
دەکەوم، وا دیارە بێ تاوان
سووچ و تاوانی من هەموو ماڵە
نیمە بیدەم بە کەس، دەنا خاڵە!
هەرچی پێویستی پیاوی وشیارە
لای منی چارەڕەش بە خەڵوارە
شەرتە ئەوچەل لەوانە خۆ وەدزم
ئەگە زانی ئەزم، دەنا خۆ دزم
خواروخێچی و دزی و درۆ کردن
بێ نەخۆشی بە سەکتە زوو مردن
مۆدی ئەمڕۆیە، ڕێزی لێ بگرە
عەیب و عاریش لە هیچ کەسێ مەگرە
ئەوی ڕۆژباشی کردی، ڕۆژی باش
ئەوی نەیکرد، شتێکی سووری بە پاش
کەس بە هاواری تۆ ئەگەر نایە
تۆش لەگەڵ ئەو کەسە مەکە کایە
ئەو کەسێکیش کە دێ بە هاوارت
بۆتە دۆست و ڕەفیق و خەمخوارت
خۆت بە قوربانی وی بکەی چاکە
بە ئیشاڕێکی ئەو هەڵێ، ڕاکە
ڕامەوەستە، بڵا ملت بشکێ
نەکوو ڕاوەستی، ئابڕووت بتکێ
پێت بڵێن هیچوپووچە، کاتی خەبات
ڕادەوەستێ، هەتا دەبێ دەرفات
چاکە گەر پێت بڵێن لە مەیدانا
هات و نەبزووت هەتا سەری دانا
ئافەرینت بکەن، نەوەک نەفرین
ژین نییە بایەخی، هەموو دەمرین