لەسەر خورشیدی ڕوخسار نیقابی زوڵفی لاداوە

لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
 1 خولەک  263 بینین
لەسەر خورشیدی ڕوخسار نیقابی زوڵفی لاداوە
لەبۆیێ موشتەری و سومبول خەجاڵەت مات و داماوە
چ بەزمێ بوو ئەوێ ڕۆژێ وەکوو یارم کە کۆچی کرد
وەکوو یوسفی یەعقووبی کە دەفرۆشا زولیخاوە
لە عەسری ئەو نەبوو هەرگیز گوتم نابێت و نەمزانی
نەزان بووم یار کە ئیرسێتی لە یوسف ڕا لەبۆی ماوە
خەریک بووم من بەبێ فلس و لە بازاڕی کڕینی ئەو
لەبۆیێ دڵ پەرێشانە لە ڕێی خەوف و خەتەر ماوە
وەکوو بولبول کە داماوە لە تاوی گوڵ دەناڵێنێ
کە وەی زانی مەیێ بۆ ئەو لەناو زاری قەدەح ماوە
بڵێن بولبول سەحەر ڕۆیی لەبەرچی مات و بێ دەنگی
بە شاهیدی نەسیمی دەم کە یار هێشتا لە خەو ماوە
بزانن دڵ نەکوژراوە خەریک ماوە لە دوو لاوە
بە داوی تا کەمەندی کرد بە پەنجەی سوور کە خوێناوە
دەڵێن سامیناسناوی ئەدەبی دەناڵێنێ کە کاری ئاهـ و ناڵینە
دەبا بۆ خۆی بناڵینێ لەبۆ بەختی هەتا ماوە