من تەعەججوب دەکەم لە هیممەتی تۆ

بۆ کەریم ئاغای قونقەڵا نووسراوە
لە کتێبی:
دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
بەرهەمی:
مەلا مارف کۆکەیی (1875-1945)
 1 خولەک  944 بینین
من تەعەججوب دەکەم لە هیممەتی تۆ
لە جەوانمەردی و فتووەتی تۆ
لە بوزورگی و بەخشش و کەرەمت
سووڕەتی پاک و حوسنی سیرەتی تۆ
سامیعەی کەس نییە کە خاڵی بێ
لە سەدایی عەتا و شۆهرەتی تۆ
فیلمەسەل میسلی خوانی یەغمایە
سوفرەیی بێ‌بەها و میننەتی تۆ
بۆ دەبێ شاعیرێکی وەک ئێمە
بێ‌بەش و بەهرە بێ لە نیعمەتی تۆ
من شتێکی وەها تەڵەب ناکەم
خاریجی ئیقتیدار و قودرەتی تۆ
بارە ئاردێ بە وەزنی شەش پووتی
لە گوڵی خەرمەنی موحیببەتی تۆ
زۆرە بۆ ئێمە، هیچ کەمی نابێ
وەزن و میقدار و ماڵ و دەوڵەتی تۆ
شێعری بێ جایزە و سیلە و ئینعام
زۆر بەعیدە لە زات و غیرەتی تۆ