گوێ شل کە برا لەم غەزەلە نسحەت و پەندە
لە لاپەڕەی ٨ ی ژمارەی یەکەمی گۆڤاری «هاواری کورد» دا بڵاو بووەتەوە
لە کتێبی:
دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
بەرهەمی:
مەلا مارف کۆکەیی (1875-1945)
1 خولەک
941 بینین
گوێ شل کە برا لەم غەزەلە، نسحەت و پەندە
وا تێ مەگە بەیتی بلەیە مەیکە بە خەندە
ڕووحم بە فیدای ئەو کەسە میللەت دەپەرەستێ
بێزارە لە مەحکوومیی و ئازادی پەسەندە
هەرکەس کە دەگەڵ میللەتی خۆی نییەتی چا بێ
زاتێکە کە عالینەسەب و فکری بوڵەندە
ئەم میللەتە مەحڕوومە لە ئازادی و شادی
ئاوارە لە بووم و وەتەنن بوونە پەڕەندە
دەخولێنەوە سەحرا و دەر و دەشت و بیابان
وەک غوولی بیابانی و حەیوانی چەڕەندە
قسمێکی وەکوو عەقرەب و وەک مار و ڕوتەیلە
مەیلی بە گەزینە وەکوو حەیوانی گەزەندە
باعیس ئەمەیە بێکەس و سەردار و ڕەئیسن
هەر بۆیەشە ئەم ئیشە کە گەندیدە و گەندە
گەر موتتەفیقەن دەس بدەنێ نەیکەنە قەڵبی
یەک قووەتی پێ لازمە ئەم بەند و کەمەندە
تەوفیق لە خوداوەندە لەسەر ئێوە قیامە
یەک حەملە بەرن فرسەتە وەک شێری دڕەندە
ئەو سەدد و تەلیسمانە بە گورزان بشکێنن
لەتلەت بکەن ئەم قەیدە بە شمشێری بڕەندە
ئەو لەززەتی ئازادی و حوڕڕییەتی نەفسی
سەد مەرتەبە شیرینترە لەم شەککەر و قەندە