سۆفی وەرە هەنگامی گوڵ و فەسڵی بەهارە
لە کتێبی:
دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
بەرهەمی:
مەلا مارف کۆکەیی (1875-1945)
2 خولەک
1064 بینین
سۆفی وەرە هەنگامی گوڵ و فەسڵی بەهارە
وەختی تەرەب و عەیش و دەمی گەشت و گوزارە
پیشە و عەمەلەت حیلەیە تەزویرە ڕیایە
تۆ بەشقی خودا پێم بڵێ ئەم کارە چ کارە
بەم ڕیشە هەتا کەی دەبڕی ڕیشەیی عومرت
ئەم ڕیشە مەگەر تیشەیە یا شەققەمشارە
تێفکرە تەماشاکە لە کووچە و لە خیابان
سۆزی نەیە نەشئەی مەیە ئاوازەیی تارە
پۆڵ پۆڵ سەفی مەحبووبە لە گوڵزار و چەمەندا
تۆ دێوی مەگەر مەنزڵی تۆ هەر لە مەغارە
ڕایخستووە فەڕڕاشی سەبا فەڕشی زوموڕڕود
وەک ئەتڵەسی یەک ڕەنگە بە بێ گەرد و غوبارە
هەرچی لکە دارە وەرەقی سەبزی لە بەردا
بێبەهرەیە لەم خەلعەتە هەرچی لەکەدارە
دەڕژێنێ لە ئاوپاشی فەلەک ئاوی موقەتتەر
سەققایی ڕەبیعی بە قەتارە و بە مەتارە
سەرتیپی بەهاری لە گوڵ و لالەیی ڕەنگین
چەن تیپی لە سان دا لە پیادە و لە سەوارە
موستەحفیز و نەوبەتچییە بۆ باغ و گوڵستان
کەبکی دەری و بولبول و قومری و قەنارە
خەمڵیوە وەکوو خێوەتی خارا بە گوڵوکان
هەر چیمەن و باغ و دەر و دەشتێک و نزارە
سەحرایە لەبەر عەتری گۆڵ و لالە و سونبول
وەک دەشتی خەتا و خوتەن و موشکی تەتارە
شەونەم کە لەسەر ڕووی وەرەقی گوڵ دەدرەوشێ
عەینەن وەکوو قەترەی عەرەقی ڕوومەتی یارە
سوێسن بە زمانێکی تەڕ و تازە خەریکە
بۆ مەدح و سەنای سانعی ئەم نەخش و نیگارە
یانی کە هەمووشت بە دەمی سیڕڕی وجوودی
بۆ بوونی خودایێک بەتەنێ بەڵگە دیارە
شاعیر وەرە تۆ بەشقی خودا ڕوو لە چەمەن کەین
سوحبەت دەگەڵ ئەم عالەمە هەر دەرد و جغارە