تەنیا هەمیشە تەنیا

گی دو موپاسان
لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 8 خولەک  1566 بینین

پاش خواردنی ژەمێکی تێروپڕ هەموو شاد و دڵخۆش بوون. یەکێک لەوان دۆستێکی کۆنم گوتی:

«پێم خۆشە کەمێک لە شانزەلیزە بگەڕێین».

وەڕێ کەوتین بەبن ئەو دارانەدا کە هێشتا تاک و تووک گەڵایان پێوە مابوو، ڕابردین هیچ دەنگێک نەدەهات جگە لەو زەنا زەنایەی هەمیشە لە پاریسدا هەیە و نابڕێتەوە، شنەبایەکی فێنک ڕوومەتی ئێمەی دەنگاوت. کۆمەڵە ئەستێرەکان بە ئاسمانی شین و ساماڵەوە گرشە گرشیان بوو و پڕشنگی زێوینیان داوێشت. دۆستەکەم گوتی:

«نازانم بۆ شەوانە لێرەدا لە هەموو جێیان زیاتر بە ئاسوودەیی هەناسەم دێ و دەچێ؟ بیرم پان و بەرین دەپێوێ، لەپڕ برووسکێک مێشکم ڕووناک دەکاتەوە کە بۆ تاوێک دەمەوێ لە هەموو ڕازەکانی جیهان بگەم».

پاشان ڕۆچنە دادەخندرێ، هەموو شت دەبڕێتەوە. هەر وا دەڕۆیشتین جار جار دوو سێبەرمان دەدی کە لە سیلەی دیوارێک دەلەرزین یا بەلای تەختێکدا تێدەپەڕین کە دوو ئینسانی لەسەر بوون و پێکەوە نووسابوون و دەتگوت دوو پەڵەی ڕەشن. ئاواڵەکەم دەیگوت: «بێچارانە، نام ئارووژێنن، هەر ئەوەندە هەیە هەست بە بەزەیەکی توند و قووڵ دەکەم».

لەنێو ڕازەکانی ئەم جیهانەدا تەنیا لە یەکیان وردبوومەوە، چارەڕەشی هەرە گەورەی ئێمە لە ژیاندا ئەوەیە تا هەین تەنیاین، هەمیشە هەموو تێکۆشانمان ئەوەیە لە دەس ئەو تەنیایییە ڕابکەین «ئەوانەی لەسەر ئەم تەختانە دانیشتوون وەک ئێمە و وەک هەموو کەسی دیکە دەیانەوێ تەنانەت بۆ تاوێک بەتەنێ نەژین، کەچی هەتا هەتایە تەنیان، هەموو کەس کەم تا کورتێک لەوە گەیشتووە».

من ماوەیەکە ڕەنجی تەنیایی دەکێشم دڵنیاشم هیچ شتێک ناتوانێ دوایی بەم ڕەنجە بێنێ. گوێت لێیە هیچ شتێک، هەر کارێک بکەین هەر چەندی تێبکۆشین قسەمان چەند نەرم بێ و باوەشمان چەند گەرم! هەمیشە هەر تەنیاین. من ئەمشەو تۆم بۆیە دەگەڵ خۆم گێڕا تا بەتەنێ نەچمەوە ماڵ چونکە زۆر لە تەنیایی بێزارم. بەڵام قازانجی چ بوو؟ من قسانت بۆ دەکەم تۆش گوێم بۆ ڕادەدێری، پێکەوەین کەچی تەنیاین، تێدەگەی دەڵێم چی؟ لە کتێبی پیرۆزدا هاتووە: «چەند بەختەوەرن ساویلکەکان، ئەوان خۆ بە بەختەوەر دەزانن. ئەوان هەست ناکەن تەنیان. ئەوان لەو تەنیایییە شوومەی ئێمە ناگەن. ئەوان وەک ئێمە سەرلێشێواو نین» ڕەنگبێ پێت وابێ کەمێک شێتم وا نییە؟

گوێ هەڵخە لەو کاتەوە هەستم بەتەنیایی کردووە؛ پێم وایە هەموو ڕۆژێ بەرەو تاریکخانەیەک دەچم کە دیوارەکانی نابینم و نازانم بنەبانی لە کوێیە؟ بەو تاریکخانەدا دەڕۆم بێ ئەوەی کەس ڕابەرم بێ، کەس بە دەوروبەرمەوە بێ و کەس وەک من ئەم کوێرەڕێ باریک و تاریکە بپێوێ.

لەم تاریکخانەدا جگە لە دەستی خۆم هەست بە هیچ دەستی دیکە ناکەم. دەزانی چ دەڵێم؟ چەند کەسێک لەو ژیانە بێئامانە گەیشتوون. ئالفیرد دوو مووسە دەڵێ: «کێ دێ؟ کێ بانگ دێڵێ؟ هیچ کەس تەنیای تەنیام. ئەی تەنیایی ڕەش و شووم».

بەڵام ئەوەی بۆ من بڕوایەکی تەواوە بۆ ئەو گومانێک پتر نەبوو، ئەو شاعیر بوو، ئەو تاپۆ و تارمایی دەخوڵقاندن. ئەو بەڕاستی قەت بەتەنێ نەدەماوە کەچی من تەنیای تەنیام.

«گوستاو فلۆبیر» کە یەکێک لە چارەڕەشترین مرۆڤی جیهان و ڕۆشنبیرترین کەسی سەر زەوی بوو ئەم ڕستە کورتەی بۆ دۆستێکی خۆی نووسیوە:

«ئێمە لە چۆڵێکدا دەژین کە کەس کەس ناناسێ».

ئایا زەوی دەزانێ لەو ئەستێرانەدا کە ئەوەندە لە ئێمە دوورن هەر پرشنگیان دەگاتە ئێمە؟ چ ڕوو دەدا؟ بەڵێ ئینسان زۆر لەوەش کەمتر لە هەستی ئینسانێکی دیکە ئاگادارە. ئێمە وەک ئەم ئەستێرانە لێک دوورین. زیاتریش تەریک بووینەوە. چونکە ناتوانین بیرکردنەوەی یەکتر شی بکەینەوە لە ڕازی یەکتر بگەین. تۆ هیچ شتێک لەو ئینسانانەی خۆ تێک هەڵدەسوون بەڵام ناتوانن یەکتر بناسن چارەڕەشتر دەبینی؟ ئێمە ئەوەندەمان یەکتر خۆش دەوێ دەڵێی زنجیر کراوین. بە ئامێزی ئاوەڵاوە لە پەنا یەکترین بێ ئەوەی بەیەکتر بگەین. تاسەی نیزیک بوونەوە بەتەواوی هەست دەکەین. بەڵام هەموو بێکەلکە. هەموو پەلەقاژەیەکەمان بێسوودە. دەردی دڵمان، لە باوەش گرتنمان، لاواندنەوەمان خۆڕایییە. دەمانەوێ ئاوێزانی یەکتر بین، لێک هاڵێین. خۆ لە ئامێز هاوێشتنمان تەنیا دەبێتە هۆی ئەوەی تێک هەڵنگوین.

من هیچ کاتێک لەو کاتە خۆم بەتەنیاتر نازانم کە ڕۆچنەی دڵم بۆ دۆستێکم دەکەمەوە. چونکە باش ئەم پەرژینە بێکەلێنە دەبینم کە لە نێوانماندا هەیە. ئەم دۆستەی بەرامبەرمە چاوە ڕووناکەکانی دەبینم کە لە منی بڕیون. بەڵام گیانی لە پشت ئەم چاوانەوە نابینم. گوێم دەداتێ بەڵام بیر لە چ دەکاتەوە؟ بەڵێ بیر لە چ دەکاتەوە؟ تۆ هەست بەم ئازارە ناکەی؟

ڕەنگبێ لێم بێزار بێ، ڕقی لێ هەڵگرتبم یا گاڵتەم پێ بکا؟ ئایا بیر لەوانە دەکاتەوە دەیانڵێم، تیزم پێ دەکا، یا بەگێژم دەزانێ؟ چۆن بزانم چۆن بیر دەکاتەوە؟ چۆن بزانم لە چی بیر دەکاتەوە؟ چۆن دەتوانم تێبگەم ئەوەندەی خۆش دەوێم کە خۆشم دەوێ؟ و لەو سەرە پچووکە خڕەدا چ لێکدانەوەیەک هەیە؟ چ ڕازێکی سەر بەمۆرە بیرەکانی نەناسراوی ئینسانێک. بیری بزر و ئازاد، بیرێک کە ناتوانین سنوور و ڕێبازی بۆ دیاری بکەین. ناتوانین بەسەریدا زاڵ بین یا بیبەزێنین.

هەموو شتێک لە قووڵاییی تاریکی «من»دا ڕادەگرین. لەو قووڵایییەدا کە کەس دەستی ناگاتێ، کەس ڕێی تێ نابا، کەس بۆی نادۆزرێتەوە. چونکە کەس نییە وەک من بچێ، کەسیش نامناسێ.

هیچ نەبێ تۆ ئێستا دەمناسی؟ نا بە شێتم دەزانی. تاقیم دەکەیەوە دوورم لێ ڕادەوەستی لە خۆت دەپرسی:

«ئەمشەو بۆ وای بەسەر هاتووە؟ ئەرێ تێتگەییوم؟» ڕەنگە بتوانی بۆ تاوێک بەختەوەرم بکەی. ژنن ئەوی دوورەپەرێزی خۆم باشتر نیشان دەدەن.

چارەڕەشی، داماوی، حەپەساوی، ئای چەندم ئەوانە لەدەس ژنان دیوە چونکە زۆر لە پیاوان پتریان هەستی تەنیا نەبوون بۆ پەیدا کردووم.

کاتێک پیاو تووشی ئەوین دەبێ هەست دەکا لە جاران بڵاوترە، هەست بە بەختەوەرییەکی بەرزتر لە بەختەوەریی ئینسانی دەکا. ئەم هەستەی لە کوێوە پەیدا دەبێ؛ لەوێڕا کە پیاو هەست دەکا ئیتر تەنیا نییە، تەرەکەمەیی دوایی هاتووە، چ هەڵەیەک؟

ژن کە تاسەی ئەوین لە ئێمەدا تین دەدا درۆیەکی گەورەیە، بیرەخەوە. من ئەو کاتە شیرینەی دەگەڵ ئەو کەزەیە درێژە، کوڵمە سوورە، چاو جوانە کە نیگای هۆشی پیاو دەفڕێنێ ڕایدەبوێرم دەزانی چۆنە؟ چ تراویلکەیەک چاوم فریو دەدا؟ چ بیرەخەوێک دەمباتەوە؟ وا دەزانم من و ئەو بۆ تاوێکی دیکە دەبینە تاقە کەسێک. بەڵام ئەو دەمە قەت نایە. پاش چەند حەوتوو چاوەڕوانی، هیوا، شادی، خۆشی، ڕۆژێک خۆم لە هەمیشە تەنیاتر دەبینم. پاش هەر ماچێک، پاش هەر دەستەملان بوونێک، پاش هەر لەئامێز گرتنێک تەنیاییی پتر دەبێ. شاعیرێکی «سوورلی پرودهام» دەنووسێ:

«لاواندنەوەیان، دڵخۆشی دانەوەیان جگە لە تاسەیەکی بەسام و پەلەقاژەیەکی ناکام نین کە دەیانەوێ یەکەتی نامومکین لەنێوان گیان و لەشدا پێک بێنن». پاشان خواحافیز، تەواو بڕاوە، پیاو هێشتا ئەوەی بۆ ماوەیەک هەموو شتی ژیانی بووە نەناسیوە و لە هەستی دەروونی بێخەبەرە. لەوپەڕی نیزیک بوون و تێکەڵاویدا لە قووڵاییی گیانی بێخەبەرە. وشەیەک تاقە وشەیەک، هەڵەی پیاوی ڕوون دەکاتەوە. وەک بریسکێک کە لە تاریکیدا ببریسکێ ئەم کەنداڵە ڕەشەی کە لە نێوانماندا هەیە نیشان دەدا. دەگەڵ ئەوەشدا جوانترین دەمی ژیان ئەو دەمانەن کە شەوێک لە پاڵ ژنی خۆشەویستماندا بێ دەسبزێوی ڕایدەبوێرین. با بەرزەفڕ نەبین، زێدەڕەویی نەکەین چونکە هەرگیز دوو ئینسان نابن بەیەک. بەڵام بۆچی ڕۆچنەی دڵم ئاخنیوە، هەرگیز ئەوی لە دڵمدایە، مێشکمی خەریک کردووە، باس ناکەم چونکە باش دەزانم حوکمی تەنیایی هەتا هەتایەم دراوە. سەرنج دەدەمە هەموو شت بیروڕای خۆم دەردەبڕم. بیروڕاکان، کێشەکان، دیمەنەکان بۆ من گرنگ نین. ناتوانم لە هیچ کام لە زەمینەکانی فیکریدا دەگەڵ هیچ کەس هاوبەش بم. چەند وشەی زۆر ساکار و کورت بۆ وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژانە بەکاردێنم جاری واشە زەحمەتی وەڵامدانەوەش ناکێشم و هەر بزەیەک لێوەکانم لێک هەڵدەپچڕن. تێم دەگەی؟ لە مەبەستم حاڵی دەبی؟

شەقامی درێژمان تا تاقی نووسرەتی «ئەتواڵ» پێوا چونکە دۆستەکەم ئەم قسەی بە پەراوێزەوە - کە من ئێستا لەبیرم نەماون بۆ کردم - ئەویش زۆر بە کاوەخۆ دوایە ڕاوەستا لەپڕ دەستی بۆ لای ستوونی «کرانیتی» میسری کە سەرگوزەشتی وڵاتەکەی بە خەتێکی سەیر لە پایەی نووسراوە و لە پاریس لەنێو ئەستێرەکاندا بزرە ڕاداشت و قیژاندی «ئێمە هەموو وەک ئەم بەردەین».

بێدەنگ و بێ ماڵاوایی بەجێی هێشتم. مەست بوو، زانا بوو شێت بوو یا ژیر بوو هێشتا نازانم. جاری وایە بیردەکەمەوە هەقی بوو جاری واشە پێم وایە ئاقڵی شێوا بوو.