لامەزەبی خێرەومەند

ئەم چیڕۆکە لە نووسینی بڵزاک، گەورە نووسەری فەرانسەیە. من لە ڕووی گۆڕینی فارسی مامۆستا جەمالزادە بە دەسکارییەکی کەمەوە کردوومەتە کوردی.
لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 16 خولەک  1153 بینین

دوکتۆر «بیانشوون» شاگرد و پزشکیاری جەڕڕاح و توێکاری هەرە بەناوبانگ پڕۆفیسۆر «دیپلۆن» بوو. ڕۆژێک بەڕێکەوت بە مەیدانی «سین سوولپیس»دا تێدەپەڕی. مامۆستاکەی خۆی دی کە بۆ کلیسا دەچێ، سەعات نۆی بەیانی بوو، پڕۆفیسۆر «دیپلۆن» کە هەمیشە بە گالیسکەی تایبەتی دەگەڕا، بە پێیان بوو و لەلای کۆڵانی «پووتی لیوون»ڕا دەهات کە کۆڵانێکی بەدناو بوو ڕاست وەک کەسێک دەچوو کە بیەوێ خۆی لە یەکێک لەو ماڵە سووک و بەدناوانە ڕۆکا. بیانشوون مامۆستاکەی خۆی باش دەناسی و دەیزانی پیاوێکی ماددی و لە خوا بەدوورە. بڕوای بە ئایین و مەزەب و زیندووبوونەوە و دنیای دی نییە. هەر بۆیەش سەری لەم کارە سوڕما و بە ئەسپایی شوێنی کەوت و چووە کلیسا دیتی مامۆستاکەی کە بە قەدەر نووکی دەرزی بڕوای بە دین و ئایین و کلیسا و کەشیش و نوێژ و دوعا نەبوو، ئەوا لە سووچێکی کلیسا لە بەرامبەر کۆتەڵی حەزرەتی مریەمدا چۆکی داداوە و وا خەریکی نوێژ و پاڕانەوەیە ئاگای لە خۆی و دەوروبەری نەماوە. بەڕاستی پێی سەیر و سەمەرە بوو.

ترسا نەوەکوو مامۆستاکەی بیبینێ و لای وا بێ شاگردەکەی شوێنی دەگێڕێ و کێشکی دەکێشی. هەروەک بە ئەسپایی چووبووە ژوور ئارام و بێدەنگیش دەرکەوت و ڕێی خۆی گرت و ڕۆیشت. ئەم ڕێکەوتە چاوەڕوان نەکراوە بیری ئارووژاند بەڵام گوێی نەدایە و فەرامۆشی کرد.

سێ مانگێکی پێ چوو، ڕۆژێک مامۆستایەکی زانستگا کە هاوکاری دیپلۆن بوو هاتە سەردانی و لەکن بیانشوون دۆستانە دەستی لەسەر شان دانا و گوتی:

«هاوڕێ! تۆم لە کلیسای سین سوولپیس دی و بەلامەوە سەیر بوو؟ بۆم نەچووە سەریەک لەوێندەرێ چ دەکەی ئاخر تۆ و کلیسا؟»

دیپلۆن وەڵامی دایەوە: «چووبووم تەماشای قەشەیەک بکەم کە ئەژنۆی ئاوی هێناوە و دەبێ عەمەل بکرێ و شازادە خانم «ئانگوولیم» بە منی ئەسپاردووە».

بیانشوون بەوە دڵی ئاوی نەخواردەوە، دەیزانی نەخۆشی وا لە کلیسا تەماشا ناکرێ بە خۆی گوت: «دیسان بۆ نوێژ و پاڕانەوە چووە».

لەو کاتەوە بڕیاری دا هەر چۆنێک بێ سەرەدەری لەم گرێ پووچکە دەربکا. لەبیری بوو چ ڕۆژێک مامۆستاکەی لە کلیسا دیبوو. ساڵی دواتر ڕاست لەو ڕۆژەدا چووە وێ و خۆی لە پەنایەک حەشار دا. چی وای نەکێشا دیپلۆن لە پێچی کۆڵانی «پووتی لیوون» لە گالیسکە دابەزی و بە پەنامەکی ڕێگای کلیسای گرتە پێش و خۆی تێ کوتا. بیانشوونیش بەدوای ئەودا چووە ژوور و ڕوانی مامۆستاکەی بەچۆکدا هاتووە و خەریکی نوێژ و پاڕانەوەیە. واقی بردەوە و لەبەرخۆیەوە گوتی:

«سەیرە؟ لەلایەک بێبڕوایی و بێدینی و خوانەناسی و لەلای دیکەوە چۆک دادان و نوێژکردن و دوعا خوێندن؟»

کە نوێژ و پاڕانەوە دوایی هات و کلیسا بەتاڵ بوو و مامۆستاکەی دەرکەوت بیانشوون خۆی گەیاندە سەرپەرشتی کلیسا و پرسی:

«ئەرێ ئەو پیاوە ماقووڵەی لەو سووچە نوێژی دەکرد و دەپاڕاوە دەناسی و ئایا زۆر دێتە کلیسا؟»

وەڵامی داوە:

«ئەوە پێ لە بیست ساڵ دەنێ من بەسەر ئەم کلیسایە ڕادەگەم. دیومە کە هەموو ساڵێ دوکتۆر دیپلۆن چوارجار بێتە ئێرە و خێر و خێرات بکا بەڕاستی خێرومەندە.»

دەورەی شاگردیی بیانشوون تەواو بوو دیسان ڕۆژێک بە بەر کلیسای گۆریندا ڕادەبرد. بەدڵیدا هات کە ڕەنگبێ مامۆستاکەی لەوێ بێ. چووە ژوور، بەڵێ دیپلۆن وەک جاران چۆکی دادابوو و خەریکی نوێژ و پاڕانەوە بوو.

بیانشوونیش لە تەنیشتی چۆکی دادا. کە نوێژ بەتاڵ بوو سڵاوی لێ کرد و خۆی پێ ناساند. پێکەوە لە کلیسا هاتنە دەر گوتی:

«مامۆستا! جەسارەت نەبێ ڕازێک لەمن بۆتە مەتەڵۆکە و بۆ خۆشت نەبێ کەس ناتوانێ هەڵیبێنێ»

نەقڵەکەی لە سەرەتاوە بۆ گێڕاوە و لەسەری ڕۆیی:

«تۆ کەسێکی لە کاتی دەرس گوتنەوە و کارکردندا بە ڕاشکاوی و ئاشکرایی دەڵێی بڕوات بەو خودایەی کە خەڵک دەیپەرستن نییە. ئەدی چ بۆتە هۆی ئەوەی بە پەنامەکی دەچی بۆ کلیسا و نوێژ دەکەی و دەپاڕێیەوە و تەنانەت خێر و خێراتیش دەکەی؟» دیپلۆن گوتی:

«دۆستە لاوەکەم! من تازە پیر بووم و پێم لەسەر لێواری گۆڕە و هیچ پێویست ناکا ئەم ڕازە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی لاوەتی و دەورانی خوێندنم لە تۆ بشارمەوە».

بیانشوون شان بە شانی جەڕڕاحی مەزن و زۆر بەناوبانگی پاریس کەوتە ڕێ. وردە وردە گەیشتنە کۆڵانی کاتروان «چواربا» کە لە کۆڵانە هەژارنشینەکانی پاریسە. دیپلۆن لە بەرامبەر خانووبەرێکی تەنگ و تاریکدا کە وەک قەڵایەکی پڕ پێچ و لابەلا دەچوو، ڕاوەستا و گوتی: «وەرە سەر» و خۆی بە پلیکاناندا هەڵگەڕا، تا نوهوومی شەش سەرکەوتن لەوێ گوتی:

«چیرۆکی چوونە کلیسا و نوێژ و پاڕانەوە و خێر و خێراتی من لێرەوە دەس پێ دەکا. ئەو کاتە ڕۆژگارێکی یەکجار سەخت و ژیانێکی زۆر تاڵم ڕادەبوارد. هەم نامۆ و غەریب بووم و هەم برسی و ڕەشوڕووت. کەوش و پێلاوێکی باش و جلوبەرگێکی خاوێنم نەبوو. ئەمڕۆ کە چل پەنجا ساڵ لەو سەردەمە تێپەڕیوە. بیردەکەمەوە کە چۆن توانیم بژیم و بۆ لەنێو نەچووم. لە پاریسدا تەنیا و بێکەس بووم و بۆ خەرجی خوێندن و کڕینی کتێب هیچ بەهیوا نەبووم لە چ لایەک تەنانەت یەک شایی چییە پێم بگا. دەسکورتی و برسایەتی تووڕە و تۆسنی کردبووم دۆست و ئاواڵێکم پێوە نەمابوو و سەر و وەزعێکی واشم نەبوو کەس ئارەزووی دۆستایەتیی من بکا. لەو ماڵەی لەپێش چاوتە نیشتەجێ بووم و دەرسی پزیشکیم دەخوێند و خۆم بۆ یەکەم ئەزموون ئامادە دەکرد، وام گوریس گەیبووە هیچکان، کە نە دەمتوانی بچمە پێش و نە بگەڕێمەوە دواوە و بڕیارم دابوو یا بمرم یا خۆم بگەیەنمە لای سەروو. قەرار وا بوو کەسوکارم مانگانە سی فرانکم بۆ بنێرن، بەڵام زۆر جار ئەم پووڵە کەمەشەم پێ نەدەگەیشت. باش دەمزانی پەیدا کردنی ئەوەندووکە دراوەش بۆ ئەوان چەند دژوارە. پوورێکی پیرم بوو. سندووقێکی کۆنی جلوبەرگی کۆن و نوێ لە سندووقخانەکەیاندا دۆزیبووەوە و بۆی ناردبووم. هیچ نەبێ خاوێن و پاگژبوون. بەڵام چونکە دراوی کرێبارم شک نەدەبرد نەمدەتوانی ئەم جلانە وەربگرمەوە. هەمیشە لەم دەرک و ئەو دەرکم دەدا بەڵکوو بتوانم سندووقەکە وەربگرمەوە و خۆم کەمێک کۆک و پۆشتە بکەم. تەنیا چارەم ئەوە بوو بڕێک لە شتومەکەکان هەرزان فرۆش بکەم و ئەوانی دیکەم بۆ دەرچێ. لەم ژوورەی هاوسێمدا پیاوێکی ئاوفرۆش خەڵکی «سین فلوور» دەژیا ناوی «بووژارت» بوو ئاشنایەتیی ئێمە هەر ئەوەندە بوو کە تووشی یەک دەبووین وەک دوو هاوسێ سڵاوێکمان لێک دەکرد و چیدی. ڕۆژێک هەر ئەو پیاوە پێی ڕاگەیاندم کە خاوەن ماڵ ڕایئەسپاردووە چونکە سێ مانگە کرێم نەداوە دەبێ ژوورەکەی بۆ چۆڵ بکەم. کە نیگەرانی و پەشێوی منی هەست کرد گوتی: خەم مەخۆ بەتەنێ نی، منیش دەردەکا و بیانووی ئەوەیە کاری ئاوفرۆشی دەگەڵ وەزعی ئێرە ڕێک ناکەوێ و دانیشتوانی خانووەکەی وەزاڵە هێناوە. ئەو شەوە سەختترین شەوی ژیانی من بوو، بەیانی زوو لە خەو هەستام، بیرم دەکردەوە خوایا ئەم سر و سیپاڵە بۆ کوێ بەرم؟ خەریکی خواردنی نان و شیر کە تەنیا خواردنی من بوو، بووم لەپڕ بووژارت وەژوور کەوت و گوتی: ئاغا گچکە! تۆ دەخوێنی و دەچییە زانستگە. من منداڵی سەر ڕێگام لە هەتیوخانە گەورە بووم و دایک و باوکی خۆم ناناسم و قەت ئەوەندەم دراو نەبووە بتوانم ژن بێنم و ماڵ پێکەوە نێم. بۆیە وەک تۆ بێکەس و تەنیام داشقەیەکم هەیە بێشک دیوتە لەبەر دەرک ڕایدەگرم و ئاوفرۆشی پێدەکەم ئەم خرت و پرتەی من و شتومەکەکانی تۆی تێدا جێ دەبێتەوە. ئێستا کە لێرەمان دەردەکەن دەڕۆین بەڵکوو بتوانین پەسیوێک بۆ خۆمان بدۆزینەوە و سەر پێکەوە نێین. کوڕە خۆ ئێمە کۆشکی پاتشایەتیمان ناوێ هەر هێندە تێیدا بحاوێینەوە بەسە و نوایەک بێ لە با و بارانمان بپارێزێ شوکری خوا دەکەین. گوتم زۆر سوپاست دەکەم، بەڵام من سێ مانگ کرێی ئێرە قەرزدارم و جگە لەمە سندووقێکیان کۆنە بۆ ناردووم کە دەبێ کرێباری بدەم و وەریگرمەوە و هەموو نەغدێنەم لە پێنج فرانک تێپەڕ ناکا. گوتی: گوێ مەدەیە خواشوکر کیسەم بەتاڵ نییە بەشی ئەوانم هەیە، خەم مەخۆ خوا گەورەیە، هەستە خۆت خڕ بکەوە تا بڕۆین.

قەرزەکانی دامەوە و خرت و پرتەکانمان لە داشقە نا و تەنافی هاوێشتە شانی و ڕۆیشتین لە هەر جێگایەک نووسرابوو «ژوور بۆ ئیجارە» ڕادەوەستا و پرسیاری دەکرد. کرێی ژوورەکان زۆر گران بوون و بۆ ئێمە نەدەبوون هەرچی هەوڵمان دا لە گەڕەکی «کارتیە لاتین» کە گەڕەکی خوێندکاران بوو ژوورێکی هەرزان پەیدا بکەین گیرمان نەکەوت ناچار بووین چاو لەوێندەرێ بپۆشین درەنگانێ، ئێوارێ لە پاساژی بازرگانی لە بەشی «حەوشەی ڕووهان» دوو ژوورمان کە لەم بەر و ئەوبەری پلیکان بوون بە شێست فەرانک ئیجارەی ساڵانە بە کرێ گرت و بووینە ئاوماڵ. بووژارت هەرچۆنێک بوو ڕۆژانە سەد شایی پەیدا دەکرد و سەد «ئەکۆ»یەکیشی پوولی نەغد بوو و ئاواتی ئەوە بوو کە بتوانێ ئەسپێک و چەلەنگێکی ئاوفرۆشی پەیدا بکا و ببێ بە ئاوفرۆشێکی ئابڕوومەند. کە لە حاڵ و باڵی من ئاگادار بوو وازی لە ئاواتەکەی هێنا و گوتی: تۆ دەبێ بخوێنی و کاری تۆ لە کاری من واجبترە. ئیتر لەو ڕۆژەوە خەرجی منی وەئەستۆ گرت. هەر پێی دەگوتم ئاغا گچکە. شەوانە کە لە کار دەگەڕاوە لە ژوورەکەی من دادەنیشت و بە تاسەوە سەیری خوێندنەوە و موتاڵای منی دەکرد. ئەو پیاوە باشە کە تەمەنی خۆی لە چل ساڵ دەدا سەر تا پێ هەست و عاتیفە بوو، نەیدەزانی هەستی خاوێنی خۆی چۆن دەرببڕێ، دەیگوت لەم دنیایەدا هیچ زیندەوارێک منی خۆش نەویستووە سەگێکی بەرەڵڵا نەبێ، ئەویش پێش ئەوەی دەگەڵ تۆ ئاشنایەتی پەیدا بکەم لەبەر پیری تۆپی. بووژارت وردە وردە هەموو ئاواتی ژیانی لەسەر من ساغ بۆوە بە جۆرێکی وا کە تەواوی کەسوکار و هیوا و ئارەزووی بەتەنێ لە مندا کۆبۆوە. بۆ من لەدایک دڵسۆزتر و بەبەزەییتر بوو. ئەوی باش بایە بۆ منی دەویست. حازر بوو خۆی هیچ نەخوا و هیچ لەبەر نەکا تا پێداویستییەکانی دەرس و کتێب و ژیانی ساکاری من جێبەجێ بکا. ئێمە پەیڕەوەکانی ئایینی مەسیح هەمیشە لەبارەی خۆپارێزی و چاکی و پاکییەوە دەدوێین. ئەم پیاوە ئاوفرۆشە هەموو ئەم سیفەتانەی تێدا کۆببوونەوە. بە ڕۆژ کە لە کۆڵان و خەیابان تووشی یەک دەبووین لە حاڵێکدا کە تەنافی داشقەکەی بە شانەوە بوو و بەدوای خۆیدا دەیکێشا بەوپەڕی مەزنایەتی و دڵسۆزییەوە بزەی دەهاتێ دیاربوو کە چەند بە ساغی و سەلامەتی و پاک و خاوێنی من دڵخۆش و شادە.

کەم کەم خوێندنم تەواو بوو و دەستم بە کاری پزیشکی و جەڕڕاحی کرد. دەبوو وەک پزیشکیارێک لە نەخۆشخانە بمێنمەوە. ئەم دووربوونەوەی بەلاوە گران بوو. بەڵام وەسەر خۆی نەدەهێنا و باسی نەدەکرد. پتری زەحمەت دەکێشا و خەریک بوو دراوی پەیدا بکا و بمداتێ تا من بتوانم - تێزی - دوکتۆرام تەواو بکەم و لەچاپی بدەم، بەڵێنی دابوو هەر دەرفەتی بێ سەرم بدا.

کە چیرۆک گەیشتە ئێرە پڕۆفیسۆر بە شاگردی پێشووی گوت: بیانشانوون ئەگەر ڕیسالەی دوکتۆرای من تەماشا بکەی دەبینی کە ئەوم بە ناوی ئەو پیاوە جوامێرە نووسیوە و پێشکێشی ئەوم کردووە. کەم کەم لە نەخۆشخانە داهاتێکم پەیدا کرد و توانیم دراوێک بۆ هێنانەدی ئاواتی لەمێژینەی ئەو پاشەکەوت بکەم و ئاخری ئەسپ و چەلەنگم بۆ کڕی لەلایەکەوە دەتگوت دونیایان داوەتێ کە بۆتە ئاوفرۆشێکی ئابڕوومەند بەڵام لەلای دیکەوە لەحاڵێکدا ئەوپەڕی ڕاستی و دروستی و پاکی و خاوێنی پێوە دیاربوو پرتە و بۆڵەی بەسەرمدا دەکرد و دەیگوت: ئەمە چت کردووە؟ تۆ تازە سەرەتای کارتە و پێداویستت بە هەزار شت هەیە و دراوت پێ دەوێ و لەڕاستیدا ئێستا تۆ لە من موحتاجتری. شوکر لەشم ساغە و شانم زامی نەهێناوە و نیازم بە ئەسپ نییە. کەچی دیاربوو لە خۆشیان خەنی بووە و لە پێستی خۆیدا ناحەوێتەوە کە دەبینێ من، منی بێدەسەڵات و ڕووت بۆ خۆم بوومە پیاوێک و داهاتی خۆم هەیە. ئەمجار وازی لە من هێنا و بۆ لای ئەسپەکە چوو، دەستی بە یاڵ و بژ و شانی و بدەوگە و پشت و کەفەڵ و لاق و لەتەریدا دەکێشا و چاوی لە خۆشییان گرشەگرشی بوو. جارێک دەیڕوانیە من و جارێک لە ئەسپەکەی دەفکری ئامرازی جەڕڕاحی من ئێستاش هەر ئەو ئامرازانەن ئەو بۆی کڕیبووم و بە یادگارێکی خۆشەویست هەڵم گرتوون. وردە وردە ناوبانگم دەرکرد و بە گەورەترین جەڕڕاحی فەرانسە و جیهان ناسرام. بەڵام ئەو پیاوە جارێک بە ڕوویدا نەدامەوە و لەکن کەس بە زاریدا نەهات کە لە سایەی پیاوەتی و جوامێری و فیداکاری ئەودا گەیشتوومە ئەم پایە. هەر خۆم باشم دەزانی ئەگەر دڵسۆزی ئەو نەبایە من نەک نەدەبوومە پیاو و نەدەگەییمە هیچ بەڵکوو لەوانە بوو هەر نەشمێنم.

ڕۆژێک خەبەرم پێ گەیشت نەخۆش کەوتووە، دەستم لە هەموو کار و پیشەی خۆم هەڵگرت و خۆم گەیاندە سەری و دەرمان و پەرستاریم کرد. جاری یەکەم توانیم لە چەنگاڵی مەرگ ڕزگاری بکەم بەڵام بەداخەوە پاش دوو ساڵ نەخۆشییەکەی هەڵیداوە و برووزی ئەستاند. ئەوی بۆم دەکرا کردم، دەرمانی ئەوتۆم بۆ پەیدا کرد لە قوتووی هیچ عەتتارێکدا نەبوو، کاری وام بۆ ئەنجام دا لە چ کتێباندا نەنووسراوە. ئەوەندەم قەدر گرت لە هیچ پاتشا و خاوەن دەسەڵاتێک نەگیراوە. بەڵام داخی گرانم سوودی نەبوو. سەر تا پێم پڕ بوو لە قەدرزانی و نمەکناسی و بەڕاستی حازربووم لە عومری خۆم کەم بکەمەوە و لەسەر عومری ئەوی دانێم. ئەمما بەداخەوە هەموو کار و زانستم، هەموو ڕەنج و تێکۆشانم، هەموو شەو و شەونخوونیم بەفیڕۆ چوو. بووژارت، بووژارتی خۆشەویست باوکی دووەمم یا باشتر بڵێم باوکی ڕاستیم لە باوەشمدا گیانی دا. وەسیەتنامەکەی بە خەتی عەریزەنووسێکی گشتیی سەر شەقام نووسرابوو بەپێی ئەو بەڵگە هەرچی لە پاشی بەجێ مابێ ماڵی من بوو و تەنیا میراتگری من بووم دیارە ئەو وەسیەتنامە ئەو کاتەی ئامادە کرابوو کە لە گەڕەکی حەوشەی ڕووهان تازە ببووینە ئاوماڵی یەک. ئەو پیاوە نەخوێندەوارە خێوی ئیمان و بڕوایەکی یەکجار پتەو بوو حەزرەتی مریەمی گەلێک خۆشدەویست و لەبەر نەزانی و ساکاری ئەوی بە دایکی خوا دەزانی. دەگەڵ ئەوەشدا ئەو لە ئەوینی خوا و مەزەبی کاتۆلیکی خۆیدا سووتابوو و دەشیزانی من بیروبڕوام دەگەڵ ئەو جیاوازە و ئیمانم بە خوا و کلیسا و ئایین سستە، هەرگیز لەو بارەدا نەیدەدواندم و سەری نەدەهاوێشتە سەرم و وایدەنواند کە هیچ دەربەستی بیروبڕوای من نییە. لە قووڵاییی دڵمەوە دەڵێم: ئەی ئەو کەسەی پێت دەڵێن خوا ئەگەر لە عالەمدا شوێنێک هەیە پاش نەمان پیاوچاکی بچنێ، بووژارتی من لەبیر مەکە ئەگەر لە ژیانیدا تووشی گوناهـ و تاوانێکی وا بووە کە دەبێ سەزا بدرێ. لە سەرەمەرگدا داوای لێ کردم بەپێی ئایینی مەسیحی بینێژم. دڵنیام کرد کە داواکەی بێنمە جێ و ئەسپاردم کە لە کلیسا بۆی بپاڕێنەوە و نوێژی بۆ بکەن. لە نەخۆشیدا هەمیشە دەیگوت: دەترسم بمرم و نەمتوانیبێ وەک پێویستە ئەرکی سەرشانم ئەنجام بدەم. بێچارە لە هەموو ژیانیدا ئازاری بۆ کەس نەبوو و لە بەرەبەیانەوە تا بوومەلێڵ ڕەنجی دەدا و ئارەقی دەڕشت و هێشتا لای وابوو خوای لە خۆی ڕازی نەکردووە. نازانم ئەگەر لەڕاستیدا بەهەشتێک هەبێ و بووژارتی نەچێتێ ئەدی کێی لێ دەبێ؟ لەوپەڕی ساکاریدا مرد تەنیا کەسێکی دەگەڵی چووە سەر قەبران من بووم. منیش کاتێ گەورەترین دۆست و دڵسۆزترین سەرپەرشتی خۆمم بە خاک ئەسپارد بیرم کردەوە کە چۆن چاکەی بدەمەوە. ژن و زارۆک و کەسوکار و خزم و نیزیکی نەبوو کە بیانخەمە ژێر چاوەدێری خۆمەوە. وەبیرم هاتەوە زۆر جار باسی ئەوەی بۆ کردبووم خۆشە پیاو پاش مردن نوێژ و دوعا و خێر و خێراتی بۆ بکرێ. بەڵام بۆ ئەوەی بیر نەکەمەوە پێی قەرزدارم و دەبێ بۆی پڕ بکەمەوە هەرگیز خواهیش و داوای لێ نەکردبووم پاش مەرگی کارێکی بۆ ئەنجام بدەم. بەڵام خۆم هاتمە سەر ئەم بیرە کە تەنیا لەم ڕێگایەوە دەتوانم هەقناسی خۆم دەربخەم و ئەو چاکەی بدەمەوە کە هەرگیز و هەرگیز فەرامۆشی ناکەم کە ئەو ڕێوشوێنەی پاش مردنی بۆ جێبەجێ بکەم. بۆیە دەگەڵ کاربەدەستانی کلیسای سین سوولپیس قەرارم دانا کە هەموو ساڵێ چوار جار وەک باوە، نوێژ و دوعای گشتی بۆ بکەن ڕۆژی یەکەمی هەر چوار فەسڵی ساڵ خۆشم دەچمە کلیسا و بە یادی دۆستی گەورە و لەدەسچووم نوێژ و دوعا دەکەم و من بە گیان و دڵ حازرم لەباتی ئەو سەزا بدرێم. تا ئەو زووتر بچێتە ئەو جێگایەی پێی دەڵێن بەهەشت.

کە چیرۆک گەیشتە ئێرە دیپلۆن تاوێکی بێدەنگ بوو و دوایە سەری بەرز کردەوە و گوتی:

«دۆستی خۆشەویست! کەسێک کە خاوەنی بیروبڕوایەکی وەک منە لەوەی زیاتری لە دەستی نایە. لەو بیرەدا نیم کردەوەی من لەلایەن خواوە پەسند نەکرێ. من بە هەرچی خۆشم دەوێ سوێند دەخۆم کە ئامادەم هەموو دار و نەداری خۆم بدەم تا بتوانم ئەو بیروبڕوایەی بووژارت لە مێشکیدا بوو لە مێشکی خۆمدا بگونجێنم».

پاش ماوەیەک دوکتۆر بیانشوون لە ژوور سەرینی مامۆستای پایەبەرزی پڕۆفیسۆر دیپلۆن حازر بوو و ئەویش بە نۆرەی خۆی مرد. کێیە بتوانێ بڵێ مامۆستا دیپلۆن کە ڕۆیی بە ئیمانەوە نەڕۆیی.