وشە ونبووەکان

نووسینی: کاتۆل مەندیس، لە فارسی تەرجەمە کراوە
لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 9 خولەک  1143 بینین

سەردەمێک لە مەڵبەندێکی زەنوێر و سازگار وەک بەهەشتی بەرین پەریزادێک ڕایدەبوارد کە لە شۆخ و شەنگی و جوان و چەلەنگیدا وێنەی نەبوو. بەڵام لە بێبەزەیی و دڵڕەقی و دەسڕەشیدا کەس دەسکی لەدوو نەدەکرد. لە مەڵبەندەکەی ئەودا خەڵک ژن و پیاو، پیر و لاو، وردە و زارۆک هەموو بەشێکی باشیان لە پیتی خۆڕسک پێ بڕا بوو.

کەس نەیزانی پەریزاد بۆ ڕقی لەپڕ و لەنەکاو لە دانیشتوانی ئەم مەڵبەندە پڕ خێروبێرە هەستا؟ بۆ ئاورگی تووڕەییی بڵێسەی بەرز بۆوە؟ بۆ هاتە سەر ئەوەی بەگژیاندا بچێ؟

لەپێشدا بیری کردەوە تۆفانێکی توند و بەسام بەرپا بکا، کۆشکان بڕووخێنێ خانووبەران بڕمێنێ، کۆخان تێک تەپێنێ، کەپران ڕابێنێ، تاوڵ و ڕەشماڵ و چیغ و چادران ڕاڕفێنێ تا شوێنەواری ژیان و مان و بوون و گوزەران لەو نێوە نەمێنێ.

پاشی خەریک بوو، هەموو گوڵەگەش و بۆن خۆشەکان بپرووکێنێ، هەموو گیا شلک و تەڕەکان، هەموو دارە سەوز و بەرزەکان، سیس و ژاکاو و کلۆر و هڵۆڵ بکا. تا کەس خۆڕسکی دڵگر نەبینێ، تا کەس دیمەنی خەمڕەوێن نەبینێ و هەموو لایەک بکا بە بیابانێکی کاکی بەکاکی و بێ ئاو و شینایی و ئیشکارۆیەکی زوورک و ڕەق و بیروونێکی چۆل و هۆل و شۆرەکاتێکی خۆڵین و سووتاو.

دوایە هاتە سەر ئەوە ناسک و نازدارەکان، تەسک و لەبارەکان، ڕەزاسووک و خوێنشیرینەکان بکاتە ڕمووزنەی دزێو، پیرێژنی سەر بە سۆدرە، یاڵ یابووی لاجانگ بە ڕشک، پوورە گوڵنەتەڵەی ئەفسانەیی تا ئەوین و دڵداری، ژوان و شەوگورد و چاوبڕەکین و تاسکە تاسک، دەسبازی و ڕاز و نیازی دڵداری دوایی بێ.

بەوەشەوە زەرد نەبوو ویستی گێژەڵووکە و ڕەهێڵە و لەنگیزەیەک، لە بەرد، لە ئاگر، لە مشکی و خۆڵەمێش، لە ژیلەمۆ و پزیلک بە سەر وڵاتدا ببارێنێ و هەموو زیندەوارێکیان وەبن دا.

پاش ئەوە خەیاڵێکی وای بەدڵیدا هات هەتاو داپۆشێ و تیشکی گەرم و بەتین و ژیانبەخش بتارێنێ تا تاریکی و سەرما و زوقم و سیخوار و سەهۆڵبەندان کاری خۆیان بکەن و گیانلەبەر نەهێڵن.

ئاخرەکەی وەک کۆنە دزێکی دەسپیس و دیواربڕێکی چاوچنۆک کەلێنی دۆزییەوە، پاش وردبوونەوە و بیر لێکردنەوە بڕیاری دا ڕستەیەکی ئینسانی و سێ وشەی ئاسمانی لەبیر هەمووان بەرێتەوە:

«تۆم - خۆش - دەوێ».

لە هەووەڵەوە خەڵک نەیاندەزانی چیییان لێ قەوماوە، چ ڕوویداوە، تووشی چ بەڵایەک بوون، چۆنیان تانوپۆ لێ تێک چووە؟ تەنیا هێندێک دەیانزانی لەم نێوەدا شتێک بزر بووە. بەڵام هەستی پێ ناکرێ، کیژە جوانەکان کە جاروبار وێڕای دەزگیرانەکانیان دەچوونە سەیران و گەڕان و بووکە نازدارەکان کە دەگەڵ تازە زاواکان دەچوونە نێو پەردە هەستیان دەکرد کە دەبێ ڕستەیەکیان پێ بگوترێ و بە شەرم و نازەوە وەڵامی بدەنەوە بەڵام کام ڕستە؟ هیچ لەبیریان نەمابوو، دەیانزانی ئەم ڕستە تەعبیرێکی شاعیرانەیە، لە چەند وشەی زۆر ناسک و شیرین دروست بووە کە پڕە لە تاسە و ئاوات و ڕاز و نیاز و هەست دەبزوێنێ و ئەوین دەجوولێنێ. ئەمما زمانیان گرێ درابوو. پەشۆکابوون، سەرسام بوون دەیانویست بپرسن، یارمەتی لە یەکتر بخوازن. بەڵام هەموو بێهۆش و سەرگەردان بوون و چیییان بەبیردا نەدەهات.

زەمان تێدەپەڕی کەچی خەم و پەژارەی خەڵک هەر زێدەتر دەبوو. گشت ئەوەندە هەراسان و پەرێشان بوون. دەتگوت: خۆڵیان بەسەردا دابێشتوون. دەتگوت: هەموو جگەرگۆشەی شیرینی لەدەس داوە و ڕۆڵەی لێ ون بووە. هەرچی دەیانکرد ڕەمزی بەختەوەریی جاران و ڕازی شادیی پێشوویان بدۆزنەوە نەدەکرا و نەدەلوا.

وردە وردە هەودای دۆستایەتی پسا، بڵێسەی خۆشەویستی دامرکا. پشکۆی ئاشنایەتی ژیلەمۆی نامۆیی بەسەردا کرا. لە هەموو لاوە ئینکەبەری، ئیرەیی، دڕدۆنگی و دوژمنایەتی سەری هەڵدا، وشە باو و شیرین و خۆشەکانی وەک: گیانەکەم، جەرگەکەم، ئازیزەکەم، چاوەکەم، باوکم، دایکم، ڕۆڵەم، کچم، کوڕم، مامە، کاکە، دادە، بەتەواوی لەبیر چوونەوە.

گراوی لە کوڕە حەیرانان تۆران چونکە دەیانویست ڕستە خۆشەکەیان لێ ببیسن و ئەوانیش چاریان بێچار بوو. کابان مێردانیان ڕێ نەدەدا سەرجێ چونکە پێیان وابوو سارد بوونەوە. بۆیە ئەم چەند وشەیان بە زاردا نایە. ڕێگای کانی و دەراوان نەدەگیران و ژوانگە چۆل بوون و بە قوڕ گیران.

خوایا! ئایا لەم جیهانەی تۆدا، بێ هەستی ئەوین هیچ شت تام و بۆنی هەیە؟ ئایا ئەگەر ئەو پەریزادە ڕق ئەستوور و خۆپەرستە، ئەو مەڵبەندەی بە یەکجاری وێران و خاپوور کردبایە باشتر نەبوو لەوەی هەستی ئەوینی تێدا بمرێنێ؟

لەو مەڵبەندەدا شاعیرێکی لاو و دڵتەڕ و خاوەن هەست دەژیا. حاڵی وی نەک لە خەڵکەکە خۆشتر و باشتر نەبوو بەڵکوو پەشێوتر و تاڵتر بوو. بۆ دەربڕینی هەستی ئاگرینی دەروونی خۆی لە ڕستە ونەکە دەگەڕا. بەتایبەتی پێش ئەوەی پەری دلاواز و بەدئاکار. ئەو بڕیارە ناهەموارە بدا و ئەو کارە نالەبارە بکا. ئەو غەزەلێکی ناسک و پڕ سۆزی دەس پێ کردبوو. کە هەموو قافیەکانی بە وشە ونبووەکان تەواو دەبوو. غەزەلی شاعیری لاوی، داماوی، دڵسووتاو ناتەواو مابۆوە چونکە ڕستە پیرۆزەکەی نەدەهاتەوە بیر.

بەرەبەیانێک شاعیری خەمناک و دڵتەنگ لە دەرەوەی ئاوەدانی لەبن دارێک لەسەر جۆبارێک دانیشتبوو و بیری دەکردەوە:

خوایا! بۆ وام بەسەر هاتووە؟ بۆ بیرم شێواوە؟ بۆ وشک بووم؟ بۆ من ئاورگی هەست، دەریای شێعر و خودای قافیە نەبووم. بۆ ئێستا ناتوانم غەزەلەکەم تەواو بکەم؟ بۆ؟ بۆ؟

بە هەڵکەوت لەم بەیانە دڵڕفێنەدا پەریی تیژباڵ و بێخەیاڵ و دڵڕەق و بەدفەڕ هاتە ئەم شوێنە تا شنەی بەیان هەڵمژێ تا بۆنی گوڵان بکا قاسپەی کەوانی گوێ لێ بێ، ورینگەی بلبلان ببیسێ، خوڕە و هاژەی شەپۆڵی چۆمی خوڕێن دڵی شاد بکا.

لەپڕ چاوی بە شاعیری دڵتەنگی تێگیراو کەوت. دڵی داچڵەکی، تەزووی بە لەشدا هات، دەریای ئەوینی خرۆشا، شێت و وێتی شاعیری لاو بوو. خۆی هێنا سەر ڕەنگی کیژۆڵەیەکی خونجیلانە و نەشمیلانە و خوێنشیرین و ڕەزاسووک و بە پاڵیەوە دانیشت. بە نیگای پڕ هەوەس و بە ناز و عیشوەی دڵڕفێن بە لەنجە و لاری شۆخانە، دڵی تەڕ و ناسک و جوانی پەرستی ڕفاند، دەستی ئاویشتە ئەستۆ و لێوی بە لێویەوە نا تێری ڕامووسی و لە دەریای خۆشی و کامەرانیدا نوقمی کرد. شاعیری بێبەش و ناکام بەم ئەوینە کوتوپڕە، بەم لاواندنەوە و لەزەت وەرگرتنە یەکپارچە بوو بە کۆی ئاگر. دەتگوت: لەباتی خوێن، مسی داخی لە دەماران دەگەڕێ. پەری لە ئامێزی گەرم وەرێنا گیان و لەش و دڵ و دینی پێشکێش کرد.

بە فەرمانی پەری دەروازەی ئاسمانی شین کرایەوە. پەری و شاعیر وەک جووتە کۆترێکی سپی تیژباڵ بەرەو ئاسۆی بێسنوور هەڵفڕین. ئەستێرە گەش و پرشنگدارەکان، وەک خەرمانێک ئەڵماس بە گرشە گرشە بە دەورەیاندا سووڕان و سووڕان و سووڕان. گالیسکەیەکی زێڕی مرواریکوت کە ئەسپێکی سپیی باڵداری تێ کرابوو ڕاگیرا، سواری بوون و بە پاناییی ئاسماندا گێڕانی. بۆ خۆشیان نەیانزانی ئەم گەشت و گەڕانە ئەم شادی و سەیرانە چەندی درێژە کێشا؟

بە جووت هاتنەوە سەر زەمینی خاکی و هەر لەو مێرگ و چیمەنە ئارامیان گرت. شاعیری لاو وێڕای جریوەی مەلانی سەرمەست غەزەلی ئاشقانە و پڕ سۆزی وای بۆ پەری خوێندەوە کە ئاگری لە دەروون و هەناو بەردا و ئۆقرەی لێ بڕی پەری هەرگیز دەنگی وا زوڵاڵ و قسەی وا خۆشی نەبیستبوو. کەچی بەو حاڵەوە گەردی خەم و پەژارەی لەسەر ڕوخسار نیشتبوو و پۆلی فرمێسکی وەک مرواری لە چاوان هەڵوەری. شاعیر بێدەنگ بوو، سەری سوڕما و بە شڵەژاوی بەسەر پێیانیدا کەوت و گوتی:

«ئەی فریشتەی جوان، ئەی ئارامی دڵان! چت لێ قەوماوە، چ ڕوویداوە؟ پاش ئەو هەموو خۆشی و ڕابواردنە بۆ دەگری و دەبارێنی؟ ئایا کەس لە گوڵ کاڵتری پێ گوتووی ئایا کەس دڵی ناسکی شکاندووی؟ ئایا کەس خەیاڵی ئارامی شێواندووی؟» پەری لە حاڵێکدا کە فرمێسکی لەسەر کوڵمەی لە گوڵ ناسکتری دەسڕیەوە گوتی:

«بەڵێ خۆشەویستم، بەڵێ! لەم ماوەدا کە ئێمە پێکەوە ڕامانبواردووە تۆ هەموو شتێکت گوت مەگەر شتێک نەبێ کە هەر لە هەووەڵەوە گیانی من تینووی بیستنی بوو. تۆ لەنێو ئەم هەموو قسە خۆشانە و شێعرە تەڕانەدا جارێک نەتگوت تۆم خۆش دەوێ».

هێشتا پەری قسەکەی تەواو نەکردبوو کە شاعیری دڵتەڕ هەرای شادی لێ بڵیند بوو و دەستی کرد بە هەڵپەڕین و سەما، ون بووەکەی دۆزیەوە کە ئەو هەموو ڕەنج و ئازار و مەینەت و کوێرەوەرییەی لە پێناودا کێشا بوو. وەک مەلێکی بەرزەفڕ بەسەر مێرگ و چیمەن و گوڵ و گوڵزار و باخ و دارستاندا فڕی گەیشتە شار و لە گۆشەیەک دانیشت و غەزەلەکەی تەواو کرد. ئەمجار بۆ خەڵکی خوێندەوە. خەڵک بە بیستنی شێعرەکە کەوتنە سەما و هەڵپەڕکێ ژیان دەستی پێ کردەوە، ئەوین لە دڵاندا پەیدا بۆوە. دڵبەر و دڵدار، گراوی و کوڕە حەیراندۆست و دەزگیران پێکەوە ئامێزیان بۆ یەک کردەوە. کیژە سرک و ڕەوەکەکان بەرەو ژوانگە بوونەوە، هەتاوی بەختەوەریی تیشکی هاوێشت و تاریکی و سەرمای نەهاتی و ناهومێدی نەهێشت.

بەڵێ لەم دنیایەدا ئەگەر شێعر نەبووبا هیوا، خۆشی، ئەوین، دڵداری و پێک گەیشتن مانای نەبوو و ئەگەر شاعیر نەبووبا تا پەیامی ئاسمانییان بداتێ سەرما و سۆڵی ژیانی جیهان ڕەقی دەکردین.