چیرۆکی کوولەکە

لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 13 خولەک  1464 بینین

یەکێ بوو، یەکێ نەبوو، کابرایەکی گاوان بوو، لە دەرەوەی شار لە ئەشکەوتێکدا دەژیا. وا هات ژنەکەی ئاوس بوو پاش نۆ مانگ و نۆ ڕۆژ و نۆ سەعات و نۆ دەقیقە خودا لەباتی زارۆکێکی ژیوەڵە و خرپنە کوولەکەیەکی دانێ، ئەوانیش کوولەکەیان لە کەلێنە بەردێک ڕۆکرد و لێی گەڕان.

ڕۆژێ گاوان ماندوو و مردوو لە بەندەنێ هاتەوە و لەتەنیشت ژنەکەی ڕۆنیشت لەپڕ کوولەکە وەزمان هات و گوتی: «باوکە!» گاوان تێکڕا بوو و ترسا و گوتی: «خودایە ئەوە چییە؟» کوولەکە گوتی: بۆ هەترەشت چوو؟

سبەینێ بچۆ کچی ئەمیرم بۆ بخوازە. کچی ئەمیر زۆر جوان و لەبار بوو. بەناوبانگ بوو.

کوولەکە گوتی: «لە بارەگای ئەمیر کورسییەکی زێڕ لەم بەر و یەکێکی زیو لەوبەر داندراون؛ ئەوی بۆ ماڵی دونیا یا نیازێکی دیکە بچێ لەسەر ئەوی زیو و ئەوی بۆ خوازبێنی بچێ لەسەر ئەوی زێڕ دادەنیشێ».

کابرای گاوان زۆر پاڕاوە گوتی: ڕۆڵە من زۆر دەسکورتم، زۆر نەدارم داوای وا لە ئەمیر بکەم دەسبەجێ لەسەرم دەدا.

کوولەکە بە تووڕەیییەوە گوتی: «من دەڵێم بڕۆ کچی ئەمیرم بۆ بخوازە».

سبەینێ گاوان گاڕانی ئاوەدانی بەرەڵڵا کرد و ڕووی لە کۆشکی ئەمیر کرد لە تالار و سەرسەرایان وەسەرکەوت و چوو لە بارەگا لەسەر کورسی زێڕ دانیشت و گوتی: چش با ئەمیر لەسەرم دا و ڕزگار بم.

ئەمیر بە فیزەوە هاتە بارەگا و دیتی گاوان لەسەر کورسیی خوازبێنیکەران دانیشتووە زگی پێ سووتا و گوتی: «کاکی گاوان دەزانم تەنگدەست و بێ ئیرووی دەڵێم بێبەشت نەکەن. گاوان گوتی: «هاتووم کچەکەت بۆ کوڕەکەم بخوازم» ئەمیر گوتی: زۆر باشە مەرجێکی هاسانت دەگەڵ دەبەستم ئەگەر بردتە سەر کچەکەمت دەدەمێ.

- فەرموو:

- سۆزی چل سواری سوورپۆش بە چل ئەسپی سوورەوە و چل نێزەی سوور دەبێ لە حەوشەی سەرا ڕابگری!

- بەسەر چاو!

گاوانی داماو بەدڵی شکاو و چاوی پڕ ئاو گەڕاوە دیتی ژنەکەی بە هاوار و بانگ دەگری. پاڵی بەپاڵیەوە دا و ئەویش لە بانگی دا و گوتی: «هەر ئەمڕۆم لەسەر ئەم دنیام ڕوونە ماوە بەیانی ئەمیر کام لە پێستی سەری داخنێ» ژنەکەی پرسی: چی گوت؟! گاوانەکە گوتی: «چل سواری سوورپۆشی بە چل ئەسپی سوورەوە و لەگەڵ چل نێزەی سووردا لێ ویستم!».

- بابانم وێران بێ!

کوولەکە گوتی: «ئەوە چ شین و شەپۆڕێکە دەیکەن؟! لە فڵان جێ تاتە بەردێک هەیە زۆر گەورەیە، پێی دەزانی؟»

- بەڵێ.

- کونێکی تێدایە بچۆ دەم بە کونەکەوە بنێ و بڵێ: «ئەحمەد خان! موحەممەد خانی برات سڵاوت لێ دەکا و دەڵێ: سبەی پێش گزینگ چل سواری بەو حاڵ و ڕەنگەوە بنێرێ بۆ حەوشەی سەرای ئەمیر، هەر نیو سەعاتیان پێ دەچێ!».

گاوان چوو، ڕاسپێری بەجێهێنا، بەڵام کەس وەڵامی نەدایەوە و گەڕاوە! کوولەکە گوتی: «چووی؟»

- بەڵێ، چووم.

- دەبڕۆ بسرەوە، خودا کەریمە. گاوان تێ خزا بەڵام خەو چییە لە چاوی نەکەوت تا شەو بڕاوە ئەمدیو و ئەودیوی کرد و گینگلی دا.

ئەمیر بە جەللادی گوت: «بەیانی دەچی سەری گاوانی گۆشاوگۆش دەبڕی چونکە ئەو مەرجەی دەگەڵ ئەوم بەستووە نەک هەر بە ئەو بە کەس جێبەجێ نابێ». تاریک و ڕوونی بەیانی جەللاد شیری سوو و دەرکەوت، تەماشای کرد چل سواری سوورپۆش بە چل ئەسپی سوورەوە و چل نێزەی سوور ڕیزیان گرتووە. ئەمیریان هەستاند و گوتیان: «بزانە گاوان چۆن مەرجی لێ بردیەوە و کچی لێ ئەستاندی»، ئەمیر هاتەدەر بە چاوی خۆی دیتنی.

لەولاشەوە گاوان کازیوەی بەیانی لە ترسان دەرپەڕی و چوو بۆ کۆشکی ئەمیر ئەگەر چوو چ ببینێ؟ هەرچی داوای کردووە ئامادەیە. لە خۆشییان شاگەشکە بوو و بەهەڵەداوان گەڕاوە.

کوولەکە پرسی: «ها باوکە سوارەکان هاتوون؟»

- بەڵێ، هاتوون.

«ئەدی لە چی ڕاوەستاوی؟ هەستە بچۆ کچی ئەمیرم بۆ بێنە». گاوان چوو و گوتی «میرم مەرجی خۆم بردە سەر». ئەمیر کچەکەی سوار کرد و گاوان جڵەوی کێشا و بووکی هێنا بۆ ئەشکەوت. ئێوارێ گاوان و ژنەکەی چوون بۆ ئاوەدانی، کچ بەتەنێ و بە خەمناکی لە ئەشکەوتدا مایەوە. لەپڕ کوولەکە شاتلۆرەی بەست تا بەرپێی کیژەکە. کچ ڕاچەنی و گوتی: «خودایە ئەوە چییە؟» پاش تاوێک کوولەکە قەلشی و لاوچاکێکی لێ هاتە دەر. کچ نەک بە دڵێک بە سەد دڵ ئاشقی بوو. موحەممەد خان گوتی: کچی ئەمیری دڵت دەمگرێ؟. کچ بە شەرمەوە گوتی: «بەڵێ». لاو گوتی: دە هەستە قاوەم بۆ لێبنێ بەڵام وریا بە هەڵنەچێ. هەڵبچێ پێک نابڕێین. کچ گورجانە هەستا قاوەی وەسەرنا بەڵام وای چاو لە لاوەکە بڕیبوو هۆشی نەما و قاوە هەڵچوو لەپڕ موحەممەد خان بزر بوو. کچ حەپەسا و ئەو شەوی تا بەیانی بە بانگ و سەڵا گریا و لە خۆی دا.

بەیانی کاڵەی ئاسنی لە پێ کرد و گۆچانی ئاسنی بە دەستەوە گرت و ڕۆیی و گوتی: «پاش موحەممەد خانی حەڵاڵی دنیام لێ حەرام بێ. حەوت ساڵ بەو دنیایەدا گەڕا و گەلێکی کوێرەوەری و چەرمەسەری دی. کاڵەکانی سوان و گۆچانەکە شکا و سۆراغی دۆستەکەی نەکرد. ڕۆژێک بیری کردەوە و گوتی: دەگەڕێمەوە و بە باوکم دەڵێم کۆشک و میوانخانەیەکم لەسەر حەوتڕێیانێک بۆ دروست بکا هەر ڕێبوارێک هات سەرگوزشتەی خۆی پێ دەگێڕمەوە بەشکم ئەو کەسانەی دنیا گەڕاون خەبەرێکی موحەممەد خان بزانن و ڕەنجەڕۆ نەبم.

کچی ئەمیر گەڕاوە باوکی کە وا کز و کەلەلای دی گوتی: «کچم گیان! بۆ خۆت تووشی ئەم ڕۆژە کرد؟».

باوکە گیان! گەڕانی ڕۆژگار و سووڕانی دەوران دەگەڵ ئازادان یەک نییە».

ئەمیر گوتی: «کچم چت دەوێ؟».

باوکە گیان چم لەتۆ ناوێ ئەوە نەبێ کە لەسەر حەوتڕێیانێک لە دەشتێ کۆشک و میوانخانەیەکم بۆ دروست بکەی تا هەر ڕێبوارێک بە وێدا هات چیرۆکێکم بۆ بگێڕێتەوە.

- «هەی بەسەر چاو کچم گیان!» ئەمیر وەستا و کرێکاری وەکار خستن و کۆشک و میوانخانەیان دروست کرد. غولام و قەرەواشیشی دانێ.

کچ هەموو ڕۆژێ لە بەیانەوە تا ئێوارەی درەنگ لە هەیوانی دادەنیشت و بە دووربین تەماشای دەکرد هەر ڕێبوارێک بەوێندەرێدا ڕابردبا بە زۆر یا بە خواهیشت ڕایاندەگرت و میوانداریی دەکرد و چیرۆکی پێ دەگێڕایەوە.

ڕۆژێک لە ڕۆژان پیاوێکی کوێر کە کوڕێکی حەوت ساڵەی خۆی دەسکێشی بوو، لەم گوندەوە دەچوو بۆ ئەو گوند ئێوارە بوو گەینە ڕووبارێک کە تاتەبەردێکی گەورەی لێ نیزیک بوو، پیرەپیاو بە کوڕەکەی گوت: «ڕۆڵە گیان! خەوم دێ سەرخەوێک دەشکێنم وریا بە مار پێمەوە نەدا» کوڕەکە لەکن باوکی دانیشت و ئەویش خەو بردیەوە لەناکاو دەنگێک لە تاتەبەردەکەوە هات و کوڕەکە لە خەو ڕاپەڕی، ترسا و گوتی: «ئەوە چییە؟» بینی وا مەنجەڵێک لە بەردەکە بەر بۆوە و سەربەژێر هاتە خوار و لە ڕووبار کەوت و پڕ لە ئاو بوو و تێهەڵبۆوە و چووەوە نێو تاتەبەردەکەوە، هەتیو چوو لە قەراغ ڕووبار ڕاوەستا و بیری کردەوە: ئەگەر جارێکی دیکە مەنجەڵ هاتەوە خۆی تێڕادەکەم و دەچم بزانم نێو ئەو تاتەبەردە چی تێدایە؟!

کوڕ یەشکی کێشا تا دیسان مەنجەڵ خلۆر بۆوە، لەنێوی دانیشت و چووە نێو تاتەبەرد تەماشای کرد ئەشکەوتێکی زۆر جوانە و دیوارەکانی هەموو بەردی مەڕ مەڕن و چل تەختی خەوی لێ داندراوە. چوو لەبن تەختێک خۆی شاردەوە پاش بەینێک چل کۆتر لوور بوونەوە ئەشکەوت. پەڕ و پاڵی کۆتریان داماڵی و هەموویان بوونە لاوی جوانچاک هەر یەکە لەسەر تەختێ ڕاکشا. یەکیان خەمناک بوو تەنبوورێکی دەس دایە و لێی دا و گۆرانی زۆر ئاشقانە و بە سۆز و کوڵی گوتن.

دایکی شێوی بۆ هێنان هەر کەسە بەشی خۆی بۆ دانان. بۆ موحەممەد خانیشی هێنا و گوتی: «ڕۆڵە! ئەوە حەوت ساڵ پترە بۆ خاتری پیرەژنێک خۆت بەو دەردە بردووە و هەموو شەوێ دەکڕووزێیەوە و ئێمەشت وەتەنگ هێناوە بۆ خاتری خودا شتێک بخۆ».

- دایە! شێوەکەم بۆ لەبن تەختەکەم دانێ کە هێور بوومەوە دەیخۆم.

دایکی شێوەکەی بۆ وەبن تەختەکە نا.

بەیانی هەر چل لاو بوونەوە کۆتر و ڕۆین. کوڕەکە وەرەز بوو و بیری کردەوە: خودایە! دەبێ مەنجەڵ کەی بچێتەوە بۆ ئاو تا من خۆم ڕزگار بکەم؟ بێشک باوکم هەستاوە و دەمکوتێ.

کوێرەش وەخەبەر هات؛ بانگی کوڕەکەی کرد چ جواب نەبوو. وای خەیاڵ کردەوە کە لە ئاو کەوتووە و خنکاوە. هەر هەرای دەکرد و دەگریا. بەیانی کە مەنجەڵ لە تاتەبەرد دەرکەوت کوڕ خۆی تێهاویشت دیتی باوکی بە کوێرە کوێرە لێی دەگەڕێ و هەرای دەکا. بانگی کرد: باوکە! چییە؟

- لە کوێی؟

- من چووبوومە ئەم گوندە گۆشت بکڕم. باوکی هەڕەشەی لێ کرد و گوتی: «منت لەو چۆلە بەجێهێشتووە و بە ئەستۆی شکاوت چووی گۆشت بکڕی؟! تۆ لە خودا ناترسی؟!» کوڕەکە زۆر شەیتان بوو. دڵخۆشی داوە و خاوی کردەوە دەستی گرت و ڕۆیشتن. کە گەیشتنە ڕووبار بواری دۆزیەوە و باوکی لە کۆڵ کرد و لە ئاوی پەڕاندەوە و ڕێی خۆیان گرت لە حەوتڕێیان کوڕەکە کۆشکێکی دی. بوولێڵی ئێوارە بوو؛ کچی ئەمیر بە دووربین دەیڕوانی کوڕێکی وەبەر چاو هات کە دەستی پیرێک دەکێشی پیاوەکە زۆر پیر بوو هەشتا ساڵ دەبوو و کوێریش بوو کچی ئەمیر گوتی: «بەخودای ئەوە بێگومان زۆر نەقل و نەزیرە دەزانێ ئەمشەو هەر چیرۆکانی پێ دەگێڕمەوە. کە ڕێبوارەکان نیزیک کۆشک بوونەوە هەرای کرد: «مامەپیرە! لەم نیزیکانە ئاوەدانی نییە ئەگەر ناتەوێ لە چۆڵی ڕایبوێری وەرە ئەمشەو میوانی من بە».

کوێرە گوتی: ئاوەدان بێ خاتوون! وەسەرکەوتن دۆشەگیان بۆ ڕاخستن. دانیشتن. وەختێ شێوی خواردنیان هێنا خواردیان. قاوەیان هێنا خواردیانەوە، کچی ئەمیر بە کوێری گوت: «مامەپیرە، تۆ دنیات زۆر دیوە، وڵاتان زۆر گەڕاوی، نەقلێکی خۆشم بۆ بگێڕەوە. من زۆر وەڕەزم و دڵم گیراوە. کوێرە گوتی: خاتوون! بەخودای من هیچ نازانم. کوڕی کوێرە گوتی: لەباتی ئەو من عەرزت دەکەم. باوکی ئانیشکی لە کەلەکەی کوتا و گوتی: «تۆ چیرۆک چوزانی؟» کچی ئەمیر گوتی: پیرە! ئێستاکە بۆ خۆت بۆم ناڵێی دەلێگەڕێ با ئەو شتێک بڵێ! کوێرە گوتی: «زۆر باشە خاتوون! با بۆت بگێڕێتەوە».

کوڕ بە باوکی گوت ئەوە چتە باوکە؟ کچی ئەمیر گوتی: «خوا بتپارێزی دەم و کاوێژت چەند خۆشە» کوڕ گوتی: «کە گەیشتینە نیزیک ئاو دانیشتین باوکم خەو بردیەوە. من گوێم لێ بوو دەنگێک لە تاتەبەردێک هات»، کچی ئەمیر گوتی: «ڕۆڵە وەرە لەپەنام دانیشە و ڕاستەکەم بۆ بگێڕەوە». کوڕی هێنا لەتەنیشت خۆی دانا ئەویش گوتی: «خاتوون! من دیتم مەنجەڵێک لە تاتەبەردەکە هاتە دەر سەربەژێر خلۆر بۆوە و لە ڕووبار کەوت و پڕ ئاو بوو و دیسان لە کێو هەڵبۆوە. من چوومە لێواری ڕووبار دانیشتم کە مەنجەڵ هاتەوە من خۆم تێهاویشت و چوومە ناو تاتەبەرد. ژووری ئەو تاتەبەردە ئەشکەوتێک بوو کە چل تەختی خەویان لێ دانابوو بوولێڵی ئێوارێ چل کۆتر هاتنەوە پەڕ و باڵیان وەراند و بوون بە چل لاوی جوانچاک هەر یەکە لەسەر جێ و بانێک دانیشت یەکێک لەوان ناوی موحەممەد خان بوو زۆر خەمناک بوو لەسەر تەختەکەی دانیشت تەنبوورێکی دەس دایە لێی دا و گوتنیشی گوت دایکی شێوی بۆ هێنا. بەڵام نەیخوارد، دایکی هاتە کنی و گوتی: «حەوت ساڵ پترە بۆ خاتری پیرەژنێک خەم دەخۆی تۆ ئێمەشت بە خۆتەوە تووشی پەژارە کردووە. ئەو گوتی: دایە گیان خواردنەکەم بۆ لەبن تەخت دانێ دوایە دەیخۆم. دایکی وایکرد بەڵام ئەو دەستیشی بۆ نەبرد. بەیانی هەستان و بوونەوە کۆتر و لە شەقەی باڵانیان دا. من چاوەنۆڕ بووم تا مەنجەڵ بەرەو ئاو چوو خۆم تێهاویشتەوە و لەوێ هاتمە دەر دیتم باوکم لێم دەگەڕێ دەستم گرت و ئەوە ئێستا لێرەین».

کچی ئەمیر بە کوێرەی گوت: «بێڵە کوڕەکەت بێ ئەو تاتەبەردەم پێ نیشان بدا ئەو کۆشکە و هەرچی تێی دایە ماڵی تۆ و گەردنت ئازا بێ» بەیانی کوڕ وەپێش کچی ئەمیر کەوت و بردیە پەنا تاتەبەردەکە. تا نیوڕێ لەوێندەرێ دانیشتن، لەپڕ دەنگێک لە تاتەبەرد هات و مەنجەڵ هاتەدەر و بەرەو ڕووبار خلۆر بۆوە، کچی ئەمیر خۆی تێهاویشت و چووە نێو تاتەبەرد و کوڕیش بەرەو کۆشکی باوکی گەڕاوە.

کچی ئەمیر لەبن تەختی دەزگیرانەکەی خۆی شاردەوە و چاوەنۆڕ بوو ئێوارێ چل کۆتر هاتنەوە و پەڕ و باڵیان لەخۆ کردەوە. کچ دیتی موحەممەد خان زۆر لاواز بووە. لەسەر تەخت دانیشت و تەنبووری بە دەستەوە گرت و گۆرانی بە سۆزی تێ هەڵکرد. دایکی شێوی بۆ هێنا و گوتی: ڕۆڵە گیان! دەبخۆ حەوت ساڵە لە سوێی پیرەژنێک ئاوات لە خۆت کردووە!

دایە گیان! لەبن تەختی بنێ دوایی دەیخۆم. نیوەشەو کچ دەستی موحەممەد خانی گرت، تەماشای کرد گراوییەکەی خۆیەتی گوتی: لە کوێوە هاتووی؟

- حەوت ساڵە من دەوری دنیات لێ دەگەڕێم. سبەینێ موحەممەد خان بە دایکی گوت: ئەمڕۆ نەخۆشم ناچمە گەڕان. ئەو ڕۆژەی نەچووە دەر و خۆشیان ڕابوارد.

موحەممەد خان بە کچی ئەمیری گوت: دایکم نایەڵێ تۆ بێنم هەستە ڕابکەین! بەڵام لەوێ کەڵەشێرێک بوو هەر شتێک قەومابا دەیخوێند. کە قووقەی بەرز بۆوە. دایکی ڕایکرد و گوتی: دەبێ شتێک لە موحەممەد خان قەومابێ کە ئەمڕۆ دەگەڵمان نەهات کە دیتی موحەممەد خان نەماوە وەشوێنی کەوت. موحەممەد خان وێردێکی خوێند بۆ خۆی بووە شوان و ژنەکەی بوو بە مەڕ.

پیرێژن لێی پرسی: «شوانە ژن و پیاوێکت نەدیوە ڕاببرن؟».

- بەڵێ پێش پێی تۆ ڕابردن. ڕێی گرت و ڕۆیشت بەڵام کەسی نەدی دیسان گەڕاوە بۆ لای شوان بەڵام شوان ون ببوو ئەمجار موحەممەد خان خۆی کردە ئاشەوان و ژنەکەی کردە ئاشێڕ. دایک کوڕەکەی ناسیەوە و گوتی: ڕۆڵە! تۆ ناتوانی لە چنگی من دەرچی بەخودای ئەگەر ژنەکەت لەتۆ جوانتر نەبێ سیحرێکتان لێ دەکەم هەردووک ببنە تۆز و خۆڵ، ئەگەر جوانتر بێ پیرۆزت بێ. موحەممەد خان دەستی ژنەکەی گرت و هێنای پیرێژن تەماشای کرد بووکەکەی لە کوڕەکەی جوانترە. گوتی: «پیرۆزت بێ پێکەوە بژین». ئیشاڵڵا وەک ئەوان بە مراد گەیشتن ئێوەش بە مراد دەگەن.