مەهاباد

لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 8 خولەک  1128 بینین

لەوەتی تووشی ئاوارەیی بووم، لەوەتی وڵاتی خۆشەویستی خۆم بەجێهێشتووە، لەوەتی لە یار و دیار و کەسوکاری خۆم هەڵبڕاوم. هەموو ئێوارەیەک بێ نێوبڕ خەمێکی گران، ئاوازێکی بێ ئامان و ژان و بڕکێکی بێ دەرمان، ڕوو لە دڵ و دەروونم دەکا، ئۆقرەم لێ هەڵدەگرێ، ئارامم پێ ناهێڵێ و بڕستم لێ دەبڕێ.

ناتوانم لە ژوورێ دانیشم، پێمخۆش نییە کەس بە دەورەمەوە بێ، حەز بە تەنیایی دەکەم، بێدەنگیم پێخۆشە، پێمخۆشە ماوەیەک دەگەڵ خۆم، دەگەڵ هەستی خۆم ڕایبوێرم. هەور بێ یا ساماڵ، گەرم بێ یا سارد، خۆش بێ یا ناخۆش وەدەردەکەوم. کەمێک بە پێیان دەگەڕێم و بیردەکەمەوە. خۆ ئەگەر بتوانم لە ئاوەدانی وەدەربکەوم کە لە گوێی کەنداڵێک، لەدەم ڕووبارێک، لەسەر بەردێک، لەبن دارێک دانیشم و لە ئاسۆ ڕامێنم، زۆر زوو سووک دەبم و دڵم دەکرێتەوە و جاری وایە هەست بە شادیش دەکەم.

لەم ڕۆژانەدا وەک هەموو ڕۆژێک پەژارە سواری شانم بوو، خەفەت دایگرتم، ئازار هێرشی بۆ هێنام، حەجمینم لێ هەڵگیرا و ناچار بووم وەدەرکەوتم. هەوا نەرم و خۆش بوو، لە ئاسمانی ساوی زستانیدا پەڵەهەورێکی پچووکیش بەدی نەدەکرا. هەتاوی بێ تیشک و تین وەک تەشتێکی پڕ لە خوێن لە ئاسۆیەکی دوورە دەست بەرەو ئاوابوون دەچوو. کێ دەزانێ ئەمڕۆ لەو دنیا پڕ شەڕ و کێشەدا خوێنی ڕژاوی چەند کەسی بێتاوانی دیوە و ناڵەی چەند برینداری بەجێماوی بیستووە؟

جگەرەیەکم داگیرساند. بە جادەدا ڕۆیشتم. ئەوەندەی با نەدەهات دووکەڵی سیغارەکەم داڕفێنێ و گەڵای دارەکانی ئەمبەر و ئەوبەری جادەکە ببزوێنێ. لام دا کۆڵانێک کە لە جادەکە ڕاستتر و ئارامتر و بێدەنگتر بوو. چەن ژن بە جلی ماڵێوە لەبەر دەرکێک لێک هاڵابوون، هەژدەر هەژدەر قسەیان دەکرد، قاقا پێدەکەنین. بە کێ؟ بە چی؟ بۆچی؟ نازانم

- بەڵام خۆ هەموو کەس وەک من ئێواران خەمبار نییە. تا پتر هەڵدەکشام بێدەنگی زیاتر دەبوو.

سەگێکی گەڕۆکی وریا و قووت و ڕەوەک کلکی لە گەڵۆزی گرتبوو، مڵ و مۆی دەکرد. قەپە گۆڵێکی گەورە لەولاتر لەسەر چینچەکان هەڵترووشکا بوو گوێی خشت بڕابوون پیر و کەنەفت بوو، لەبەر لاوازی هەموو پەراسووی دەبژێران، لەمبۆزی بۆزی و بناگوێ و نێوچاوانی شوێنی کەڵپ و کۆنە برینانی پێوە بوو، دیاربوو ڕۆژگارێک دڕ و شەڕانی بووە. دێڵە بەبای لە گەماڵان بڕیوەتەوە، بەچی مەعلووم گورگی نەخنکاندووە، هێلکەوڕۆن و کولیچەی نەخواردووە و خۆشەویستی خاوەنەکەی نەبووە؟ بەڵام کە لە ڕەو کەوتووە و کەلاکی داوە ئینسان، ئینسانی بێوەفا، بەڕەڵڵای کردووە!

چاوە پرووشکەکانی لەسەر یەک دانابوون، دەتگوت بیر لە سەردەمی گوجووکی و جحێڵی و خۆشەویستی و بەدەسەڵاتی خۆی دەکاتەوە. تێی ڕامام، زگم پێی سووتا، خەمی ئەویش بوو بەسەر باری خەمانم. ژنێک لە پێچی کووچەیەک وەدەرکەوت، ژنێکی شۆخ و شەنگ و جوان و چەلەنگ و کۆک و پۆشتە، قژ زەرد و چاوکاڵ و سوور و سپی و ڕوومەت پان، باڵابەرز و بەژن باریک، مەمکە خڕەکانی، بڵووزە تەنگ و تەنکەکەی هەڵدا بوو، بە لەنجەولار دەڕۆیشت ئەو هیچ ئاوڕی وەمن نەدەدا. بەڵام من چاوێکی کڕیارانەم بە سەرتاپایدا گێڕا، هیچ ئەندامی لەشیم نەبوارد. دەڵێن «بەندەی بێ عەیب نییە» بەڵام من نەمتوانی هیچ عەیبانی لێ بگرم. دەرفەتم هەبوو تێی فکرم، من لە ڕۆیندا پەلە ناکەم، دەگەڵ ئەوەشدا ئەو نەیدەتوانی جێم بێڵێ. چونکە دەستی کچێکی پچووکی زۆر ڕەزاسووک و ژیکەڵە و پاک و خاوێنی بە دەستەوە بوو و پێ بەپێی ئەو دەڕۆیشت.

پشیلەیەکی سووربەڵەکی کوڵکن و قەڵەو لە ماڵێک هاتەدەر. دیاربوو خۆشەویستی کابانە، تێروتەسەلە، جێی گەرمە و پارووی نەرمە. کلکی قەف کردبوو، بە فیزەوە ڕاوەستا لووتی بەرز کردەوە. لەپڕ کچەکە دەستی ژنە جوانەکەی بەردا و ڕای کردێ. پشیلە نەبزووت، دەیزانی پەنجە نەرمونۆڵەکانی ئەم کیژە ئازاری نادەن.

ژنەکە وەپەلەکەوت بە دەنگێکی زۆر ناسک و خۆش هاواری کرد، ناوێکی ئەوەندە خۆش و پیرۆز یا هیچ نەبێ بەلای منەوە خۆش و پیرۆزی بە زاردا هات کە وەک برووسکە لێم بدا لە جێی خۆم وشک بووم. بە چاوترووکانێک نیزیکەی نیو چەرخی ژیانم، ژیانی پڕ تاڵی و سوێری، پڕ لە ڕەنج و کوێرەوەری، پڕ هەوراز و نشێوی خۆم وەبیرهاتەوە.

«گوێم بەهەڵە نەیبیست؟» ئەمە پرسیارێک بوو لە خۆم کرد. بەڵام شۆڕەژنەکە نەیهێشت چیدی دوودڵ بم. هەرای کرد: «مەهاباد ڕۆڵە مەچۆ دەتڕنێ!» ئیتر خۆم پێ ڕانەگیرا، وەک شێتان ڕامکرد. پشیلەکە لەبەر من هەڵات، کچکەم لە ئامێز گرت و تێر تێرم ماچ کرد. باش بوو ئەم فریشتە پاکە لێم نەترسا و نەگریا بە سەیرەوە چاوە جوانەکانی لە چاوم بڕی. دایکی بە زەردەخەنەیەکی پەرییانەوە لێم نیزیک بۆوە باوەشی بۆ کچەکە کردەوە، پێی گوت: «شەیتان»؛ ئەمجار بە زمانی خەڵکی شارەکە سوپاسی منی کرد. بە کوردی گوتم: «من سوپاسی تۆ دەکەم کە ناوی وا شیرینت لە کچەکەت ناوە».

ئیتر ئەو پیاوەپیرە هەوەسبازەی چەن دەقیقە لەوەی پێش نەبووم، بوومەوە ئەو لاوە تازە پێگەیشتووەی سی ساڵ پێش کە سۆفیگەریی سیاسیم دەکرد، کە بە چاوی برایانە تەماشای هەموو کچە کوردێکم دەکرد. ئیدی بە چاوی هەوەس تەماشای ئەم ژنە جوانەم نەدەکرد و وەک خوشکی خۆم دەهاتە پێش چاو. حەیف ئەو نەیهێشت زۆر بە پاکی بمێنمەوە وەک هەموو ژنێکی بە پرسیار لێی پرسیم: «مامە خەڵکی کوێی؟» بە درۆ جوابم داوە. درۆکەم هیچ زیانی بۆ ئەو نەبوو. بە هاسانی بڕوای کرد بەڵام من پێمخۆش نەبوو لەم دەمەدا درۆم بە زاردا بێ و پاکییەکەم گەردی لێ بنیشێ، چەن هەنگاوی تر پێکەوە ڕۆیشتین دەرکێکی کردەوە.

- نافەرمووی؟

- ئاوەدان بێ.

- خوا حافیز.

- بەخێر چی.

ئەو چۆوە ژوورێ، منیش ڕێی خۆم گرت چوومە بن ئەو تاقە دارەی کە زۆر ئێوارەی تریش لەبنی دانیشتووم. ئەم دارەی لە دووروڵات بۆ من بۆتە «سنگ صبور» و زۆر جار پرێسکەی دڵم لەبن کردۆتەوە. ئەم دۆستە بێزمانەی ئاگای لە زۆر ڕاز و نهێنی ژیانی ئاوارەییی من هەیە و دڵنیام کە کەس لێی نابیسێ.

جگەرەیەکی دیکەشم داگیرساند. مژێکی توندم لێدا و کەوتمە نێو دەریای خەیاڵ. مەهابادە پچکۆڵانەکەی دەمێ دیم وەبیرهاتەوە، خەیاڵم زۆر بە ئەو نەگیرساوە. چووە بۆ لای شاری مەهاباد. ئەو شارە خۆشەویستەی کە نیشتمانپەروەرانی کورد تەنانەت لە وڵاتی غەریبیش کچی بە ناو دەکەن. ئەو شارەی نیزیکەی پەنجا ساڵی تەمەنم لەوێ و لە دەوروبەری ڕابواردووە، ئەو شارەی شارەزای هەموو کووچە و سیلە و پەسیوێکی ویم. ئەو شارەی کە زۆر ڕۆژی خۆشم تێدا کردووە بە شەو و زۆر شەوی تاڵم تێدا کردووە بە ڕۆژ.

سەرم بە ماڵە هەموو خزمەکانمدا کرد. سەری هەموو دۆست و ئاشناکانم دا، هەموو شوێنە بەناوبانگەکانی شار گەڕام. گومبەزان، دەشتی عەلی ئاباد، کانی مام قەمبەران، تەپکی گڕاوان، تاقەدار، باغی سیسە و سێ ئاشانم وەک خۆیان هاتە بەرچاو.

کە ڕوانیمە خەزایی بە خەیاڵ لەبن ئەم تاقەدارە فڕیم و لەبن تاقەدارە پیرەکەی مەحموود کانی نیشتمەوە. لەپڕ شتێکم وەبیرهاتەوە کە لەمێژ ساڵە نە لێی دەترسم و نە بیری لێ دەکەمەوە. «مردن!» ئەو شتەی پیاوە هەرە ئازاکان لێی تۆقیون. ئارەزووم کرد پاش مردن لەبن ئەم دارە بنێژرێم. هەودای خەیاڵم پسا، هاتمەوە سەرەخۆ، بە خۆمدا شکامەوە، ڕەخنەم لەخۆم گرت و گوتم: «ئەمە چ ئاواتێکە مەگەر ئەتۆ نەبووی دەتگوت پاش مردن پیاو هەر چۆنێک بنێژرێ و لە هەر جێگایەک بشاردرێتەوە فەرق ناکا. تەنانەت دەتگوت هەق نییە مردوو زەوی لە زیندووان داگیر بکا. ئەگەر لەباتی هەر مردووێک نەمامێک بنێژرێ و کەلاکی مردووەکە بسووتێنرێ و خۆڵەمێشەکە لەبن نەمامەکە بکرێ تا پێی بەقەوەت بێ خزمەتی مرۆڤایەتی زیاتر تێدایە». جوابی خۆم داوە:

«ڕاستە من وامگوتووە و ئێستاش پاش ئەوەی بە لێڕەوارەکانی کوردستاندا گەڕاوم و ئەم ڕاستییەم بۆ ڕوون بۆتەوە کە بەداخەوە مردووەکان لە زیندووەکان باشتر دارستانەکانمان بۆ دەپارێزن، دیسان لەسەر بڕوای خۆم هەر ماوم. بەڵام ئەم ئاواتەشم هەیە. پاش مردن خۆڵەمێشی من دەبن داری مەحموود کانی بکرێ تا بە خۆڵەمێشی من ئەم دارە بەقەوەت بێ کە کەس نازانێ چەن ساڵە بەقەدی کێوە ڕووتنەکەی خەزاییوە دیارە؟»