لە ڕۆژێکی پاییزیدا

بۆ مامۆستا شڵماشی
لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 5 خولەک  797 بینین

پاییزە ساردە، ڕەشەبای پاییز وەک قەدیمییان گوتوویانە چ بەسەر دەواری شڕ دێنێ! وەک هەمیشە باری سەفەر دەبەستم، توورەکەیەک پڕ لە کاغەز و قەڵەم و دوو سێ نان... کوڕگەل پێم دەڵێن نەوسن، وەک پیرەمێرد کە لێی دەگێڕنەوە هەمیشە بابۆڵەی نان و کەبابی لە گیرفاندا بووە. منیش لە دەرەوە بابۆڵەی نان و پەنیرم لەگەڵدایە گەرچی دەزانم هێندێک دوورتر، لە لادێ، دەرگای هەر ماڵێک بکەیەوە پێڵاوت لەسەر چاوی خاوەن ماڵە. نانی گەرم و پەنیر یان ماست و هەر خواردەمەنیێکی دی کە شک بەرن لە میوان شاردراوە نییە.

خەڵکی ئێمە دەڵێن میوان حەبیبی خوایە و تەنانەت هێندێکیش لەسەر ئەو بڕوایەن ئێستا میوان دانەبەزیوە. ڕۆزی ئەو لەلایەن پەروەردگارەوە هاتۆتە ماڵەکەوە. دوای هێندێک ڕێ ڕۆیشتن چەند لاپەسێو و هەوراز و نشێوێک و دیتنی ڕوانگەی سروشت و دیمەنی جوانی ئاو هەووەڵین قۆناغم گوندێکە کە خۆم ناوم ناوە مەڵبەندی ئازایان. «شڵماش» بەڵێ شڵماش. لە داوێنی زنجیرە چیای هومل چەند ڕەشماڵ لەپەنا یەک دان و هێندێکیش جیا لە یەک، وێنەی گوندەکانی لێک بڵاوی هۆڵەند و دانمارک و بێروت. لەگەڵ خەڵکێکی ئازا و نەبەزیو و هەوڵدەر، ساڵ دوانزەی مانگ لە هەوڵ و تێکۆشاندان. لە هۆڵەند و پاریس و لبنان و وارشەو، هەرچی شوێنی جوان و بە دیمەنە بۆم مەڵێن! کە دڵگیر دەبم، چونکە شڵماش لە سەرووی هەمووانە و لە هەمووی ئەوانە جوان و ڕازاوەتر و بە دیمەنترە.

لەوانەیە هێندێک کەس بەوە تاوانبارم دەکەن کە لە نووسین زیادەڕەویم کردووە و وەک دەڵێن قەڵەم لە دەستی دوژمندایە، بەڵام من بۆ ئیسپاتی ئەو داوایەم چەند شاهیدێکم هەن، کە یەکێک لەوانە بولبولێکی مەهجوورە و بەداخەوە ئێستا دەستم پێ ناگا ئەو ئێستا لەگەڵ هێندێک لە یاران لە وڵاتی غوربەتدایە... چاوەڕوانی ڕۆژێکە ئەو سەرماوسۆڵ و ڕەشەبایە لەعنەتییە لە وڵات بار کا و سڕ و سیپاڵی تێک نێ و بۆ ئەبەد لەو وڵاتە گۆڕی گوم بێ، ئاخر ئەو پەروەردەی ئەو خاکە جوانەیە.

ئەو بولبولە دەنگخۆشە لە «سەربانە و سابنێ و هۆمەرە و دارنیشان و چۆم پەمو» لەگەڵ گوڵاندا هاوئامێز و دەس لە مل بووە و ئەغیار وەک گورگی چاوبرسی بەغیلییان پێ بردووە، وەک بۆ خۆی پێی لێ ناوە لە «سەربانە» زۆر خۆشی ڕابواردووە.

لەو بولبولە دووروڵاتە کە بگوزەرێین ئەو باڵندانە کە لە کاتی گەڕانەوە بۆ گەرمێن بەسەر شڵماشدا تێدەپەڕن شاهیدن. سەرقافڵەکەیان وچانێک دەگرێ و هاواری هاواڵەکانی دەکا و دەڵێ: نیوەی ژیانی ئێمە لە سیاکێو بەفیڕۆ چووە، هاواڵان دەڵێن بۆچی؟ سەرقافڵە دەڵێ: سەردانەوێنن و تەماشایێکی خوارەوە کەن و ئەو دیمەنە جوان و ڕازاوە ببینن. وا چاکە بچینە خوارەوە و پشوویێک بدەین. بەڵام بەداخەوە و دیسانیش بەداخەوە کاتێک دێنە خوار و نزیکی زەوی دەبنەوە بۆیان دەردەکەوێ کە سەرماوسۆڵێکی چۆن بەسەر ئەو مەڵبەندەدا زاڵ بووە و لەوەش خراپتر ئەو ڕاوچییە بێبەزەیییانە کە دەستیان لەسەر ماشەی تفەنگە و ها ئێستا گرمەی لێ بێنن ها تاوێکی دی، ئەوەیە کە بە گورجی تێدەپەڕن و لەچاو گوم دەبن و بەرەو گەرمێن دەڕۆن و دەڕۆن...

بەڵام بەهیوای ڕۆژێکن کە لە گەڕانەوەدا دوور لە چاوی ڕاوچی و سەرماوسۆڵ و ڕەشەبا تاوێک لەو مەڵبەندە وچانێک بدەن. بەڵام ئێستا ڕۆژ بە ڕۆژ تووشتر دەبێ و دەرەتانی ئەوە نییە.

بەڵام بەهار... ڕۆژی مەوعود... ڕۆژی دیداری یاران، ڕۆژی یەکتر دۆزینەوە و چاو لێکەوتنی هاواڵان، ڕۆژێک کە سەرما و زمهەریری زستان دەڕوا و گۆڕی گوم دەکا، خۆزگە بۆ ئەبەد بایە! گوڵەکان سەرلەنوێ سەر لە زەوی دێننە دەرێ، لە جاران چاتر و زۆرتر و بۆن خۆشتر، ڕێواس و مەندۆک و بیزا و کەما و گوڵە مێلاقە و وەنەوشە... هەریەک لەلایەک.

ئەو کاتە شڵماشیش وەک هەموو مەڵبەندێکی کوردستان دەبێتەوە مەکۆی یاران، بولبولی دووروڵاتیش دێتەوە ماڵ و سەرلەنوێ بە دیداری گوڵ شاد دەبێتەوە.

دەڕوانمە دەوروبەرم لەژێر چنارە گەورەی سەرچاوی لە پێشەوەم هێندێک بەولاوەتر گۆڕی پیرۆزی خوالێخۆشبووێک دەبینم کە بێشک ئەهلی ئیمانە. مورشیدی گەورە مەلا حەمەدەمینی هەمەوەند، هەزاران فاتیحە و ڕەحمەت پێشکەش بە ڕۆحی پیرۆزی و هەزاران هێندەش لە کوڕە قارەمان و نەبەزەکەی، دەمەوێ قەڵەمەکەم بشارمەوە و... چی دی نەنووسم تا ئەو ڕۆژە... بەهار... بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا و بە شاردنەوەی قەڵەمیش سێڵاوی ئەسرینم بۆ ناشاردرێتەوە. چونکە دەڵێن کاسە کە پڕ بوو لە سەریەوە دەڕژێ، سەرم دادەنوێنم و بە دزییەوە فرمێسکەکانم پاک دەکەمەوە، هەتا ئەغیار لە ڕازی دەروونم تێنەگەن و بە ترسنۆک و بێورەم دانەنێن. نا ئەمن... هەرگیز ترسنۆک و بێئیرادە نیم وەک ئەو کێوەی پشتم پۆڵایین و سەرکەشم. بەڵام ئێستا لێمگەڕێن بەو فرمێسکانە کە لە نووکی خامە دەڕژێنە سەر کاغەز، بە فرمێسکی چاوم بڵێسەی ئاگری دەروونم بۆ ماوەیەک خامۆش کەم و وەک ئاگرێک لەژێر خۆڵەمێشدا لە کورەی دڵم ڕایگرم، چونکە دەزانم بە کزەبایەک دیسان ئەو ئاگرە بڵێسەی لێ دێتەوە و سەرلەنوێ گڕ دەگرێتەوە.

هەتا بەهاری مەوعود، کە زۆر جوان و بە دیمەنە و دڵڕفێن، هەتا ئەو ڕۆژە خواتان لەگەڵ. ڕەفیقان هیچم لێ بەجێ نەماوە و توورەکەکەم هەر لە شاندایە و کاغەز و قەڵەم و بابۆڵە نانەکە. دەروێشم و دەڵێن دەروێش لەهەر جێگایەک شەوی بەسەردا بێ، لێی دەنوێ.

بەڵام لە خەویشدا هەر لە بیری هاتنی بەهار و دیتنی هاواڵانم... و بێدەرپێم و دەڵێن بێدەرپێ هەر دوو گەزی جاو لە خەوێ دی...