هەواری خاڵی

لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 12 خولەک  2796 بینین

شەو ڕاشکابوو، موسەجەلەکەمان کاری دەکرد، شریتەکە ئارام ئارام هەڵدەوێزندرا. گۆرانییە کوردییە خۆشەکانمان یەک لە دوای یەک دەبیستن. هەر من و ئەو بووین. کەسی دیکەمان بە دەورەوە نەبوو. پیرە مات و بێدەنگ بوو، چاوە لێڵ و سیسەکانی لێک نابوون، جگەرە لەنێو ئەنگوستە ڕەق و تەقەکانیدا دووکەڵی دەکرد و بە خۆڕایی دەسووتا. دەنگی حەسەن زیرەک و خالەقی و مەلا حوسێنمان گوێ لێ بوو.

شریت گەیشتە سەر دەنگی «ماملێ» کە دەمزانی زۆری پێخۆشە. کەچی لەپڕ وەک گۆزێکیان ئاوی سارد پێدا کردبێ. تێکڕا بوو، داچڵەکی چاوی هەڵبڕی، دەوروبەری خۆی بەسەر کردەوە و بە دەنگێکی نووساو و لەرزۆک کە دەتگوت لە بنەبانی ئەشکەوتەوە دێ گوتی:

«کاکە بەسە تۆ خوا بێدەنگی بکە».

دەسبەجێ ئەنگوستم لەسەر دوگمەی موسەجەلەکە داگرت. بەڵام سەرم سوڕما و لە دڵی خۆمدا گوتم:

«یانی چی؟ بۆ وای بەسەر هات؟ بۆ ڕەنگی بزڕکا؟ بۆ پەشۆکا؟ بۆ تکای لێ کردم موسەجەلەکە بکوژێنمەوە؟ خۆ ئەو دۆستی نیزیکی ماملێیە، ماملێی زۆر خۆش دەوێ و گۆرانییەکانی گەلێک پێخۆشن. جاران کە گۆرانییەکانی ماملێمان لێ دەدا سەرتاپای دەبوو بە گوێ و مووی لێ نەدەبزووت، دەبوو ئێمەش ورتەمان لەبەر نەیەتە دەر، دەنا لێمان تووڕە دەبوو، دەیگوت: دەنگی زوڵاڵ و ئاسمانی ئەم هونەرمەندە خەمم دەڕەوێنێ، کوڵوکۆم دادەمرکێنێ ئۆخژنم دەخاتە نێو دڵ و دەروون».

ئەدی چۆنە ئەمشەو گۆڕاوە؟ بۆ نایەوێ گوێی لە دەنگی ئەم خۆشخوانە مەزنە بێ؟

دوو مژی توندی لە جگەرەکە دا دووکەڵی بە زار و تفنکدا هاتە دەر، بە تووڕەیی لەژێر جگەرەکەیدا کوژاندیەوە و هەڵیپرواند. دیسان مات بۆوە، هەناسەیەکی سارد و درێژی هەڵکێشا، لێوی کرۆشت، دەستی وەبەر چەنەی دا و چاوی بێ ترووکان لە سووچێکی ژوورەکە بڕی خەمێکی قووڵ، ئازارێکی بێئامان و دەردێکی گرانی لە سیمادا بەدیدەکرا. وەک پیرەهەڵۆیەکی باڵ وەریوی چەنگ شکاوی لە ڕاو کەوتووم دەهاتە پێش چاو. وێدەچوو بیر لە ڕۆژانی خۆشی و هەڕەتی لاوەتیی خۆی بکاتەوە کە تازە بە هیوا نییە بگەڕێتەوە. لەمێژ بوو هاودەم و هاودەنگ بووین، باشم دەناسی و دەمزانی ئەو کاتەی کۆنە برینەکانی دەکولێنەوە و ناسۆرەکانی تەشەنە دەبنەوە و ژان لە دەروونیدا پەنگ دەخواتەوە، تووشی ئەم حاڵە دەبێ و پێی خۆش نییە بیدوێنن.

جاری وا بەجێم دەهێشت، لێی دەگەڕام بەتەنێ لەنێو خەمەکانیدا بتلێتەوە و خۆی دەرمانێک بۆ دەردەکەی بدۆزێتەوە. بەڵام ئەمجارە لێم بوو بە وەسوەسە نەمدەزانی بۆ وای بەسەر هات؟ دەمەویست هەرچۆنی بێ لەم ڕازە بگەم، جگەرەیەکم بۆ داگیرساند و دامە دەستی.

بزەیەکی تاڵ لێوە وشک و ببارەکانی لێک هەڵپچڕین ئەم بزە غیرەتی لەبەر نام بڵێم:

«مامە گیان! پێم سەیرە ئەوە بۆ لە ماملێ زیز بووی، خۆ تۆ جاران ماملێت بە هونەرمەندێکی گەورە ناو دەبرد و گۆرانییەکانت زۆر پێخۆش بوون».

کەمێک بە تووڕەیییەوە گوتی:

«من لە ماملێ زیز بووم؟ نا ئەم تاقە گۆرانییەم پێخۆش نییە».

گوتم: «نەکا هەوای گۆرانییەکە ناڕەسەن بێ».

- لەبیرم بوو دەگەڵ ئەو هەموو ڕێزەی بۆ ماملێی دادەنێ ڕەخنەشی لێ دەگرێ و پێی ناخۆشە جار جار هەوای ناڕەسەن دەڵێ کە مایەی مۆسیقای بێگانەیان پێوە دیارە.

زۆر جار دەیگوت چونکە ماملێ خۆشخوانێکی گەورە و بەناوبانگە و دەنگی داخوازی زۆرن و لاوەکان وەدووی دەکەون زیاتر لەو کەسانەی ناشیانە و نەزانانە ئەم کارەی دەکەن، بەڵام خەڵک پێشوازیان ناکا زیان لە مووزیکی نەتەوایەتیمان دەدا.

گوتی: «کارم بە ڕەسەنی و ناڕەسەنی هەوایەکەی نەداوە، دەنگی ماملێم لە هەموو حاڵێکدا پێ خۆشە، بەڵام تەعبیرێک لە شێعری سەربەندی گۆرانییەکەدا هەیە کە ئازارم دەدا و گەلێکم ئازار دەدا».

گوتم کام تەعبیر؟ «دەمەویست بە وردبوونەوە لە تەعبیرەکە ڕازەکە بدۆزمەوە و مەتەڵەکە هەڵێنم».

گوتی: تەعبیری گەیمە هەواری خاڵی. «ئەم تەعبیرە بیرەوەریەکی کۆن و تاڵم دێنێتەوە یاد، کە ڕابردنی ڕۆژگار و تاڵ و سوێری ژیان تا ئێستا نەیتوانیوە ژێلەمۆی فەرامۆشی بەسەردا بکا.

هەوداکەم هێندەی دیکە لێ ئاڵۆز بوو، دڵم هێندەی دیکە کەوتە خرت و پرت خوایە! دەبێ ئەم چەند وشە ساکارانە چ بیرەوەرییەک بخەنەوە یادی ئەم پیرە زورهانە ڕەنجەڕۆیە؟ کە لە ژیانی درێژ و پڕ مەترسیی خۆیدا تووشی کارەساتی گەلێک گەورە و گران و ڕووداوی فرە بەسام و تاڵ هاتووە. زۆری ڕەنج و کوێرەوەری و ئاوارەیی و دەربەدەری دیوە. سارد و گەرمی ڕۆژگاری چێشتووە و شەو و شەونخوونی کێشاوە و لەگژ بەدکاران ڕۆچووە و لەبەر زۆرداران داینەنواندووە و لەپێناوی ژیاندا زۆر جار تا لێواری گۆڕ ڕۆیشتووە. نەمدەوێرا بیهارووژێنم، لە خۆم ڕانەدەدی لێی پرسم، دڵنیا نەبووم وەڵامم دەداتەوە، کەم وا بوو پرێسکەی دڵی بۆ کەس بکاتەوە و ڕازە کۆنەکانی بدرکێنی، ناچار بێدەنگ بووم و چاوم لە سەر و سیمای پیاوانە و پیرانەی بڕی، ئەویش کڕ و مات بوو. دیار بوو دەریای دەروونی شەپۆڵان دەدا و کوورەی لە جۆشی هەناوی ئاورینگان داوێ.

پاش ماوەیەک بێدەنگی، شریتەکەم لەدوو دا تا گۆرانییەکی دیکەی ماملێم دۆزیەوە، دەنگم دایە، پیرە هۆشی هاتەوە بەرخۆی، سوورایی خۆشی و شادی لە کوڵمە سیس و چرچ و بێڕەنگەکانیدا پەیدا بوو. بە تاسەوە گوێی بۆ گۆرانییەکە هەڵخست تا تەواو بوو. بە زەردەخەنەوە گوتی:

«برا تۆ ئەوەم بۆ لێدە بزانە پێم خۆشە یا نا؟»

هەستا خەریک بوو بڕوا بە ڕووهەڵماڵاوی پێشم لێ گرت و گوتم: «پێت نەگوتم ئەم گۆرانییە چ بیرەوەرییەکت دەخاتەوە یاد و ئەوەندەت ئازار دەدا؟».

چڕژا، لێوی لەرزین، نێوچاوانی گرژ کرد و گوتی: «لەم دنیا پان و بەرینەدا هەموو کەس هێندێکی ڕازی ئەوتۆ لە سینەدا هەن کە بۆ نیزیکترین کەسیان ناگێڕێتەوە و دەگەڵ خۆیان دەباتە ژێر گڵ. ئەم ڕازەی منیش لەوانەیە، تا ئێستا کەس لێی نەبیستووم. تۆش بیزانی چ قازانجت پێ ناگا و نەیزانی چ زیانت لێ ناکەوێ».

زانیم زۆر قەڵس نییە، بۆیە گوتم:

«نازانم بۆ ئەوەندەم پێخۆشە لەو ڕازە بگەم، بەڵام ئەگەر درکاندنی زیانی بۆ تۆ هەبێ گڕنەت لێ ناگرم».

زۆر توند کۆکی، دەستی بە سنگەوە گرت و دانیشتەوە و گوتی:

«پیاو واز ناهێنی، لە کۆڵم نابیتەوە، دەوەرە بۆت بگێڕمەوە: ئەو سەردەمەی من لە تافی لاوەتیدا بووم هێشتا شەڕی دووەمی جیهانی نەقەوما بوو. دنیا ئەو هەموو ئاڵوگۆڕەی بەسەردا نەهاتبوو، ژیان زۆر ساکارتر بوو بەتایبەتی وڵاتەکەی ئێمە لە ئێستاش پاشکەوتووتر بوو. هیچ شارێکی کوردستان بەرق و کارەبای نەبوو، هێشتا لە دێهات چرای ڕۆن گەرچەک و چۆڵە چرا مابوون و ئاگر بە بەرد و ئەستێ هەڵدەکرا. هەرچەند تاک و تووک ئۆتۆمبێل بە ڕێگا ناخۆش و ناهەموارەکانیدا ڕادەبردن. بەڵام هێشتا باشترین ماڵی سواری ئەسپ بوو. شازدە حەڤدە ساڵە بووم کە دەستم لە خوێندن هەڵگرت و چوومەوە دێ. باوکم ئەسپێکی زۆر جوان و باش و تفەنگێکی ڕاوی دامێ، وەک هەموو دنیام هەبێ وا بوو، زۆرم شایی بەخۆ بوو.

هەموو ڕۆژێ بەیانی زوو سوار دەبووم و بە دەشت و مەزرادا دەگەڕام، پاش نیوەڕۆیانیش دەستم دەدایە تفەنگ و دەچوومە ڕاو.

پاییز داهات کاروبار لە کەمێی دا، ڕاو خۆشتر بوو، ڕۆژێک پیرەڕاوکەرێک پێی گوتم کەو ڕەو دەستی پێکردووە، کەوێکی زۆری تەرەکەمە لە فڵان کێو کۆبوونەوە کە هەم ماندوون و هەم ناشارەزا ڕاویان خۆشە و کوشتنیان هاسانە، ئەگەر زوو لێیان وەخۆ نەکەوی، بەرەو گەرمێن دەڕۆن و لەکیس دەچن. بەیانی دەستم دا تفەنگ و لە لاقانم وەرێنا و خۆم گەیاندە چیا. ڕاستی دەکرد وەک خیز و خۆڵی کەو لێ بوو، هەرچەن ناشی بووم و ڕاوم نەدەزانی و باشم نەدەنگاوت، دیسان زۆرم کوشت. ئێوارێ ماندوو و شەکەت، بەڵام شاد و بەکەیف بەرەو ماڵ بوومەوە یەکەم جار بوو توورەکەی ڕاوێم ئەوەندەی نێچیر تێدابێ، لام دا سەر کانیاوێک کەمێک بحەسێمەوە. تەماشام کرد ڕەشماڵێکی گەورە لەسەرچاوە کانیەکە هەڵدراوە. ڕێگام بە بەر دەرکی تاوڵەکەدا بوو، دیتم کیژێکی باڵابەرزی، بەژن باریکی، گەندومی کوڵمە سووری، چاو و برۆ ڕەش و کەزێ شۆڕی زۆر جوان و ڕەزاسووک لەبەر دەرکی چادر ڕاوەستاوە و تەشی دەڕێسێ. لێی نیزیک بوومەوە، بەڕاستی حەپەسام و پێم لە بەند چوون، بە شەرمەوە سڵاوم لێ کرد. لام وابوو جوابم ناداتەوە و خۆی لە ژوورێ داوێ. کەچی بە ڕووخۆشی جوابی دامەوە، بە گەرمی بەخێرهاتنی کردم و گوتی: فەرموو لادە چامان سازە پیاڵەیەک چا بخۆوە. گوتم: ڕۆژم لێ درەنگە، ناگەمەوە، بەزیاد بێ. بەڵام لە دڵی خۆمدا زۆرم پێ خۆش بوو لادەم و هیچ نەبێ تاوێک لە بەژن و باڵا و ڕەنگ و ڕووی ئەم کیژە ناسک و نازدار و شۆخ و لەبارە بفکرم، کە هەر ئەمجار چاوم پێکەوتووە و نازانم خەڵکی کوێیە و کچی کێیە؟ خەریک بووم بڕۆم و تێپەڕم دەستی بە سوێندان کرد و گوتی: نابێ بڕۆی. چوومە ژوور لە لامێردانی، لێفەیەکی خاوێنی بۆ لەسەر لبادان ڕاخستم. چووە کولێنێ هێندەی فووی لە قەننەی کەی کەوڵێک نان و جامێک شیرێژ و ڕۆن و تاسێک دۆی ترشی ساردی لەپێش دانام. بۆ خۆشی شانی وە دیرەگی تاوڵێ دا و ڕاوەستا. تا پتری تێدەفکریم زیاترم پێ جوان بوو نەمدەتوانی چاوی لێ بترووکێنم. ئەویش چاوی لە من نەدەترووکاند، گوتم بۆ ڕاوەستاوی دانیشە. بێپەروایانە زۆر لە نیزیکم دانیشت، ئەو لە من باوخۆشتر بوو، ڕەنگبوو یەک دوو ساڵ لە من بەتەمەنتر بێ، ئەو گەورەکچ بوو و من مێرمنداڵ، دیاربوو لە دڵداریشدا ئەزموونی زیاترە. وردە وردە شەرمم شکا و لێم پرسی: ناوت چییە؟ کچی کێی؟ بە ڕاشکاوی و بە دەنگێکی سیحراوی گوتی. ناوم هەمینە، کچی پیاوێکی مەڕداری دەوڵەمەند بوو ماڵیان ڕێگای چوار ڕۆژی کاروانێ لێرەوە دوور بوو بە دوای لەوەڕگەدا گەیبوونە ئێرە. گوتی: چوار بێریم دەگەڵن ناردوومنە ئاوردووان. خۆم پێ ڕانەگیرا و گوتم: خۆشم دەوێی. بە نازەوە پێکەنی و گوتی ئەیەڕۆ! «کەنگر و قوماش نابنە وێڵداش». کورتی ببڕمەوە لە ماوەیەکی کورتدا نامۆییمان لە نێواندا نەما.

بەڵێنی پێدام هەموو ڕۆژێ پاڵێنی بۆم بێتە بن بەردێک کە لەودیوی چادرەکەیان بوو. هەموو ڕۆژێ بێ نێوبڕ بە بیانووی ڕاو دەچووم یا باشتر بڵێم دەفڕیم بۆ ژوانگەکەمان. هەموو جارێ کە دەچووم ئەو لەوێندەرێ چاوەنواڕم بوو. بە هیچ زمانێک ناتوانم خۆشی و شادی ئەو ماوەت بۆ بگێڕمەوە کە پێکەوە ڕامانبوارد. بەڵام خۆشترین دڵداریم بووە. ڕۆژێکیان بە عادەتی ڕۆژان دەستم دا تفەنگ و لە بەندەن هەڵبووم. هەوراز و سەربەرەژێرم نەدەزانی. وەک با دەفڕیم، دەمەویست زووتر بگەمە جێژوان، دەمەویست زووتر چاوم بە چاوی «هەمین» بکەوێتەوە، دەمەویست لەشە نەرم و نۆڵ و گەرم و گوڕەکەی لە ئامێز بگرم. چاو لە چاوە جوانەکانی ببڕم. لێوە ناسک و ئاڵەکانی بمژم. مەمکە تورت و خڕەکانی بگوشم. دەمەویست گوێم لە دەنگە خۆش و ناسک و خەمڕەوێنەکەی بێ. خۆی بەقوربان و سەدەقە بکەم هەرچەن ڕێگاکەم زۆر نیزیک نەبوو. بەڵام زۆر زوو خۆم گەیاندێ. پشووم سواربوو هەناسە بڕکەم گەیشتێ. چوومە بن بەردەکە کەسی لێ نەبوو دڵم داخورپا، بۆ نەهاتووە؟ بۆ دیار نییە؟ لێم نەتۆرا بێ؟ نانا دوێنێ بە خۆشی لێک جوێ بووینەوە. ئاگام لێ بوو تا ئاوا بوو چەند ئاوڕی ئاسکانەی لێ دامەوە. باوکی بە کەین و بەینەکەی نەزانیبێ؟ ئەو پرسیارانەم لە خۆم دەکرد و وەڵامێکم بۆ نەدەدۆزرایەوە، دەتگوت: لەسەر پۆلوان دانیشتووم، حەجمینم لێ هەڵگیرا، ئۆقرەم لێ بڕا چیدی خۆم بۆ زەوت نەکرا. بە سینگە خشکە لە بستۆکە ئاوا بووم، ئەودەمی زانیم چم لێ قەوماوە؟ ڕەشماڵ لە جێی خۆی نەمابوو داگەڕام بۆ جێ هەوارەکەی، لەوێ دانیشتم. لێت ناشارمەوە تێر و پڕ گریام و شینێکی باشم گێڕا، قەت هەمینم نەدیتەوە. نازانم ماوە یا مردووە؟ ئەگەر مابێ دەبێ ئەویش وەک من پیر و کەنفت بووبێ، بەڵام هەرگیز فەرامۆشم نەکردووە و ئێستاش لە خەیاڵدا وەک کچە جوانەکەی ئەودەمیم دێتە پێش چاو. ناتوانم بە خۆمی بسەلمێنم پیر بووە و پیری دزێو و ناشیرینی کردووە. سی ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژەدا ڕابواردووە. منیش دنیام زۆر قوونەکەو کردووە و لە تاڵی و ناخۆشییان ڕاهاتووم و ڕۆژگار خاڕاندوومی. بەڵام هەرچەن جارێک بەسەر هەواری خاڵیدا کەوتووم بەخۆم نەبووە گریاوم». مامە پیرە هەستا بڕوا لە حاڵێکدا کە گریانی لە ئەوکی گیرابوو و فرمێسکی لە چاواندا قەتیس مابوون، چەند هەنگاوێک ڕۆیشت و ئاوڕێکی لێ دامەوە و گوتی: «بۆیە گوتم ئەم گۆرانییە لێ مەدە!»