بووکی یەکشەوە

لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 15 خولەک  1781 بینین

هەستا چووە دیوە تایبەتییەکەی خۆی، زوو جلە کوردییە جوانەکەی داکەند و جلی ئیدارەی لەبەر کرد تا بچێتە بیمارستان. دایکی خەریکی هەڵوێژاردنی دیوی بەر دەستان بوو کە دیتی، بە پێکەنینەوە گوتی:

- ئەیڕۆ پەری بەو جلانەوە دەڵێی باڕۆکەی کلک کێشراوی!

پەری وەڵامی دایەوە:

- دایە بەو جلانەوە لە بیمارستان باشتر دەتوانم هەڵسووڕێم، دەنا لیباس ئازادە و دەتوانم بە جلی کوردیشەوە بچمە بیمارستان. دایە دەمەویست عەرزت بکەم ئەگەر ئێوارێ درەنگ هاتمەوە نیگەران مەبە و دنیات لێ نەبێتە چەرمی چۆلەکەی. خاترجەم بە نە ون دەبم نە گورگ دەمخوا، لە ماڵە کاک شەهابی خۆمان بانگ کراوم نەهارێ لەوێ دەخۆم و پاش نیوەڕۆ دێمەوە. ڕەنگە باپیریش بێتەوە. دوێنێ تەلەیفوونی لێ کردم و گوتی کارەکەم تەواو بووە.

دایکی گوتی:

- ڕۆڵەگیان! بڕۆ بەخوا و پێغەمبەر و پیاوچاکانم ئەسپاردی. دەزانم نە گورگ دەتخوا و نە لەو شارە گچکەدا ون دەبی. بەڵام وڵاتەکەمان ئاڵۆز پڵۆز و هەرچی و پەرچییە. بەخوای تا دەگەڕێیەوە هەموو ڕۆژێ دڵم لە مستیدایە. ئەمما ڕۆڵە تۆ قەبرێکی بابت تێیچووە هێندە نێرگس عەزیەت مەدە. زۆرم خۆش دەوێ، ژنێکی سەنگین و لەسەرەخۆ و بێدەنگ و بەستەزمانە. سەری ماوێژە سەر، فەقیرە، بەخۆیدا دەشکێتەوە و دڵی دێشێ. گوناحت دەگاتێ.

- دایەگیان ئەتۆ ئەو گێلە دەبنەوە بڕەت نەناسیوە. بەقەستی لە مەجلیسان خۆی وا نیشان دەدا، دەنا وەک ماری سوججە بە گژ ئێمەدا دێتەوە و گەزارەی نیو گەز دەردەکێشێ و شورت و شۆمان دەردێنێ و کارێکمان پێ دەکا با بە دەواری شڕی ناکا. نازانی کاک شەهابی هەژاری چۆن کوندە جەرگ کردووە؟

- کچێ دە مەیڕێسە ئەو ژنە فەقیرە مێشی لەبەر دەمی نافڕێ چۆن بەری نێو نرکە و تەوس و لاتاوی دیل بیلان و چەختی وەک تۆ دەگرێ؟

- دایە گیان بۆ خۆت دەزانی لە منداڵییەوە دەگەڵ نێرگسی دەستە خوشکم قەتمان دڵ لە یەکتر نەیەشاوە. دەزانێ قسەکانی من هەمووی گاڵتەی دۆستانەی نێو خۆمانە دەنا ڕاست دەکەی نێرگس بەڕاستی ژنێکی چاک و دڵپاکە.

ئەوەی گوت و خودا حافیزی لە دایکی کرد و ڕۆیشت. تا گەیشتە دەرکی حەوشە دایکی لە پەنجەرەوە تێی دەفکری و دەیگوت:

«دەک دایکت بەقوربانی ئەم گفتولفتە خۆشە، ئەم بەژن و باڵا بەرزە و ئەم ڕەوت و لەنجە جوانە بێ. یاڕەبی ڕۆڵە ئەوەندەی منت لێ ڕازییە خوداش ئەوەندەت لێ ڕازی بێ. یاخودا ڕووسووری دنیا و قیامەت بی. بە بەختی چاک بی، دایکت مەرگت نەبینێ. خودایە شوکرانەبژێرم ئەگەر سوارەت وا زوو لێ ئەستاندمەوە، ئەم جووتە گوڵە، ئەم کچ و کوڕە باشەت داومێ.

کاک سوارەی مێردی دێد ئەستی و باوکی پەری و باپیر، پیاوێکی باش، خێرەومەند، قسەخۆش و تێگەیشتوو بوو. ئەگەرچی نەخوێندەوار بوو، بەڵام بەقەد حەوت مەلایانی دەزانی. چونکە بۆ خۆی زۆر زرینگ و وریا بوو و هەمیشەش وەختی بێکاری خۆی لە حوجرەی فەقێیان یا لەخزمەت مەلایان ڕابواردبوو، تا لە دێ بوو زستانان هەر ئەو بانگی دەدا و قامەتی دەکرد. شەوانەش بێ شەوبوێر دەچۆوە حوجرەی فەقێیان و بەو دەنگە خۆش و زوڵاڵەوە لاوک و حەیران و بەیت و باوی کۆنی بۆ دەگوتن و شت لەوان فێر دەبوو. بەیانان پێش مجێور دەچۆوە مزگەوت چرای هەڵدەکرد. کوورەی پێوە دەنا و بەرماڵی ڕادەخست و کە نوێژ دەبوو بانگی دەدا. کە جەماعەت سەفی دەبەست ئەویش قامەتی دەکرد.

کاک سوار دەوڵەمەندترین ئامپای ئاوەدانی بوو، بەڵام چڵکن دەوڵەمەند نەبوو، سەخی و بە دڵ و دەس بڵاو بوو، حەوتووی جارێک مامۆستا و فەقێکانی بانگهێشتن دەکرد. لە هەموو کارێکی خێردا پێشەنگ و پێشقەدەم بوو، کەیخودایەکی باش بوو، خەڵک ڕێزیان لێ دەگرت و قسەیان قەبووڵ دەکرد، کێشە و نێوان ناخۆشی ئاوماڵانی عادلانە جێبەجێ دەکرد. ئیرەیی بە کەس نەدەبرد.

کاک سوار هەمیشە خاوێنترین و باشترین کەواوپانتۆڵی دەبەر دەکرد. مام وسووی برای بەسەر کشتوکاڵ و مەڕ و پاتاڵ ڕادەگەیشت و کاکە سوار کاری زۆر سووکی وەک پاراو و شتی وا نەبا چی نەدەکرد.

کاکە سوار پیاوێکی کەڵەگەت، بە شان و باهۆ و سوارچاک بوو. هەمیشە ئەسپ و مایینی زۆر ڕەسەن و باشی ڕادەگرت و لە جلیت و ڕمبازی و شەڕانخێویدا کەس نەیدەگەیاندێ. کە مەدرەسەیان لە گوندەکەیان دانا کوڕ و کچەکەی خۆی ناردە فێرگە. مودیری هان دەدا کە دەرس باش بڵێ و هێندەی ئیحترام دەگرت و چاکەی دەگەڵ دەکرد کە مودیر شەرمی دەکرد بە قسەی نەکا. منداڵەکانی زۆر زیرەک و هۆشیار بوون و چاکیان دەخوێند. ساڵی ١٣٤٧ کە «ئووەیسی» کوشتارگای لە جڵدیان دانا و مام وسووی بەستەزمانی بە تاوانی ئەوەی کە دەستەیەک چەکداری شەوێک لە تاوڵێ ڕاگرتبوو گرت و پاش چەند ڕۆژ تیرەبارانی کرد، کاکە سواریش مەڕ و پاتاڵ و ئەسپ و مایینەکانی فرۆشت و دەستی لە جووت و ئاژەڵداری هەڵگرت و لەنێو شار خانوویەکی گەورە و خۆشی دروست کرد و دووکانێکی بەققاڵی دانا. لەوێش لە خێر و چاکە و هاتوچۆی مەلا و فەقێیان کەمی نەکردەوە. هەر پێنج فەرزەی بە جەماعەت دەکرد. بەڵام دەستی لە گوتن هەڵگرت. دووکانەکەی بوو بە مەکۆی ئەدەبدۆستانی شار. ئەو کەسانەی ئاشقە ئەدەب بوون، ئێواران لە دووکانی کاکە سوار کۆ دەبوونەوە. ئەو نوکتەی شیرین و قسەی خۆشی بۆ دەگێڕانەوە و بەیت و لاوک و گەلۆ و حەیرانی فێر دەکردن ئەوانیش شێعری شاعیرەکانی کوردیان بۆ دەخوێندەوە. سەیر ئەوە بوو؛ ئەو پیاوە نەخوێندەوارە مانای زۆر بەڕێوجێی لە شێعرە جوانەکان دەداوە و ڕەخنەی زانایانەی لە شێعری هێندێک شاعیر دەگرت کە بەڕاستی جێی سەرسوڕمان بوو.

کاک سوار تانوپۆی لە سەر و ڕیش کەوتبوو. بەڵام هیچ شوێنەواری پیری پێوە دیار نەبوو. دووکانەکەی زۆر بەڕمێن بوو چونکە هەموو کەس تێ گەییبوو کە ڕاست و دروست و بێ فڕوفێڵ و هەرزان فرۆش و دەس خاوێنە. هەموو خەڵکی دێهاتی دەوروبەر و ڕووناکبیری شارەکەمان سەودایان هەر لەوێ دەکرد. کاکە سوار دەیگوت ڕاستە ئیعدامی مام وسوو پشتی شکاندم، ئەوەی ئەو لە کشتوکاڵ و مەڕداری دەیزانی من نەمدەزانی، بەڵام هۆی دەس لە جووت و گا و ئاژەڵداری هەڵگرتنم ئەوە بوو کە بتوانم بە منداڵەکانم بخوێنم تا پێ بگەن و تێ بگەن.

خوا هەڵناگرێ کچ و کوڕەکەشی جگە لەوەی ئیستیعدادی باشیان هەبوو چاکیشیان دەخوێند. تا ئینقلابی پیرۆزی ئێران دەستی پێ کرد. هیچیان زۆر ناسراو نەبوون، بەڵام لە سەروبەندی ئینقلابدا خۆیان دەرخست. بەتایبەتی پەری کە هەزاران شێعری حەماسی کوردیی لەبەر بوو. هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشانداندا بوو و بە خوێندنەوەی شێعری شاعیرە شۆڕشگێڕەکانمان خەڵکی هان دەدا. دەنگخۆشی و زمان پاراوی لە باوکی بە میرات گرتبوو. تۆڵەی مامیشی لەو ڕێژیمە بۆگەنە لەبیر نەچووبۆوە.

پاش ئینقلاب بۆ درێژەدان بە خوێندن چووە تاران و بوو بە نێرس و گەڕاوە بۆ شارەکەمان کە ژیان لێرەدا بێ مەترسیش نەبوو. بەڵام پەری خزمەتی خەڵکی بێدەرەتان و هەژاری بە لاوە گرینگ بوو. لە بیمارستان کەس نەبوو دوعای بەخێری بۆ نەکا و خۆشی نەوێ، چونکە بە دەرد و مەرگی هەموو کەسەوە بوو.

باپیر ساڵێکی مابوو زانستگە تەواو بکا و ببێتە موهەندیس کە کاکە سوار لە بۆمبارانی شارەکەماندا لەبەر دەرکی مزگەوت شەهید کرا و خەڵکی شار بەتایبەتی کەسوکاری خۆی تازیەدار و ماتەمبار کرد.

بیست دەقیقەی بۆ وەختی ئیداری مابوو کە پەری گەیشتە بیمارستان، حەوشەی بیمارستان لە نەخۆش و برینداران ژاوەی دەهات. تەماشای کرد جەندەکێک لەسەر دارەمەیت لەبەر دەرکی بیمارستان داندراوە، سڵاوێکی کرد و پرسی:

- ئەم جەندەکە چییە؟

پیاوێکی قەیرەلاو هاتە پێش و گوتی:

- بیلامانێ ئەوە خێزانی منە و لەسەر تەراکتۆر هەڵدێراوە و هەموو لەشی هاڕدراوە و بێحاڵە.

پەری بزەی لەسەر لێو نەما و بە کابرای گوت بیهێنە ژوور بزانم چی لێ قەوماوە؟ بە چوار کەسان دارە مەیتەکەیان هەڵگرت و بردیانە دیوی چاوەنۆڕی دوکتۆر. لێفە و سیپاڵەکانیان لێ کردەوە و لەسەر نیوە تەختێک ڕایانکێشا. پەری تەماشای کرد و تێگەیشت بەحاڵ ماوە و بە زەحمەت پشووی دێ. لە مێردەکەی پرسی:

- ئەوە بۆ وای بەسەر هاتووە؟

- خانم گیان، دوێنێ ئێوارێ بە تەراکتۆر دەچووینەوە، تەراکتۆرەکەم کەمێک چەپەی کرد و ئەوەش وای بەسەرهات، بە نۆکەرت بم عیلاجێکی بکە. سێ منداڵی سەر و پێچکەم هەیە و کەسم نییە چاوەدێرییان بکا.

پەری لێوی خۆی گەست، بەڵام چی نەگوت. لەو حاڵەدا دوکتۆر هات و ئەویش چاوێکی لە بریندارە نیوە گیانەکە کرد و گوتی:

- زوو بیبەنە دیوی عەمەل.

پەری هاتەوە نێو خەڵک شەهابی پزشکیاری دەگەڵ بوو، گوتی:

- شوکر ئێوە چاکن و ئەوە کاک شەهاب تەماشاتان دەکا. ئەوەی زانی پێویستی بە موعاینەی دوکتۆرە ڕای دەگرێ و ئەوەی بۆی دەرمان کرا دەرمانی دەکا، دەبێ ببوورن ئەو ژنە حاڵی باش نییە و ڕەنگ بێ عەمەلی بوێ و وەختی دوکتۆر زۆر بگرێ.

پاش سەعاتێک پەری هاتەوە نێو خەڵک، بزەیەکی شیرنی لەسەر لێوان بوو، مێردی ژنە بریندارەکەی بانگ کرد و گوتی:

- مزگێنیم دەیە ژنەکەت لە مردن ڕزگاری هات و ڕەنگبێ پاش دە ڕۆژی دی بگەڕێتەوە ماڵێ. بەڵام کاکە گیان! ئەو دەمی کە لە ژیانی ژنەکەت دڵنیا نەبووم دڵم نەهات سەرکۆنەت بکەم. ئێستا کە شوکر مەترسی و نیگەرانیم نەماوە پێت دەڵێم تەراکتۆر بۆ زەوی کێڵان دروست کراوە نەک بۆ مسافیرکەشی. ئێوە تا کەی دەس لەو تەماعە هەڵناگرن و ژیانی خۆتان و خەڵکی دەخەنە مەترسییەوە.

کابرا زۆری دوعای خێر بۆ پەری کرد و بەڵێنی دا کە لەوەودوا موسافیر سواری تەراکتۆری نەکا.

نیزیک سەعاتی سێ لە بیمارستان نەجاتیان هات و وێکڕا بەرەو ماڵی کاک شەهاب کە زۆر لە بیمارستان دوور بوو وەڕێ کەوتن. خوشکە نێرگس چارشێوەکەی لە خۆی وەرگرتبوو و چاوەڕوانی ئەوان بوو. کە نیزیک بوونەوە خوشکە پەری بە دەست ئیشارەی بۆ کاک شەهاب کرد و ئەم شێعرەی بە دەنگێکی بەرز خوێندەوە:

هێند مونتەزیری تۆ بوو هەتا چاوی سپی بوو
نێرگس کە لەسەر یەک قەدەم و دیدە چەقیبوو

ئەم شێعرە ئەوەندە جوان و بەجێ بوو کە هەموویانی سەرەڕای ماندوویەتی و برسییایەتی وەپێکەنین خست. نێرگس چەمۆڵەیەکی لە پەری نا و گوتی:

- جەرگت ڕەش بێ کچەتیوە دەمهەراشە هەر دە قسەی زەلامت کردووە. خۆڵت وەتڕ و تیتۆڵان، بۆیە تەشک و داوێنت وا جوانە... پەری پێکەنی و گوتی:

- بەسی بڕێسە، وەرە پاروویەکمان نان بدەیە هەموو لە برسان لاترەی دەبەستین، بۆ خۆت تا ئێستا حەوت جەمت کردووە. ڕەنگە ئەوەی خەزوبەز بێ بۆ خۆت لرفت دابێ. دەک نەوست دەبەر پێت کەوێ.

پاش ئەو شەڕە دندووکە کە چوونە ژوورێ ئەوان دەستیان دەستۆی یەک کرد وەک دە ساڵ بێ یەکتریان نەدیبێ کەوتنە ڕامووسینی یەک. پاش ماوەیەک نێرگس ڕووی لە پەری کرد:

- باجە پەری توخوا ئەم شێعرە جوانە ئی کام شاعیرە؟... پێکەنی و گوتی:

- ئەگەر پێتان دەڵێم زیاتر موتاڵا بکەن بۆ ئەوەیە. ئەگەر کەمێک شارەزای ئەدەبی کوردی بای دەتزانی ئەم شێعرە جوانە ئی «نالی» شاعیری مەزن و بەناوبانگی کوردە.

تا نەهاریان کرد و پێکەوە بوون هەر لەسەر شێعری کوردی دوان، هەموویان لە شارەزایی و شێعرناسی و زەوقی ئەدەبی ئەم کچە سەریان سوڕما، زەردەی هەتاو بەحاڵ لەسەر ترۆپکی کێوە بەرزەکان مابوو کە خواحافیزی لە خوشکە نێرگس و کاک شەهاب کرد و لە حاڵێکدا هێشتا پەری گاڵتەی بە نێرگس دەکرد و ئەویش جوابە جەنگی دەکرد بە پێکەنین لێک جوێ بوونەوە.

پەری کە گەیشتە بەر دەرکی خۆیان و شوێنی تەگەرە ماشێنی دی زانی کە ئەوە ماشێنی خوازبێنیکەرانە کە موهەندیس پیرانی ناردوونیە سەر پەری. دوو مانگ لەوەی پێش موهەندیس کاغەزێکی بە ئەدەب و جوانی بۆ پەری نوسیبوو و داوای لێ کردبوو ئەگەر پێی خۆش بێ دەنێرێتە سەری. پەری کە دووجار زیاتر موهەندیسی نەدیبوو لە وڵامدانەوە پەلەی نەکردبوو و کاغەزەکەی بە کاک شەهاب کە دەیزانی دۆستێکی باش و بەئەزموونیەتی نیشان دابوو. کاک شەهاب بێ ئەوەی ئەم رازە لەکن کەس بدرکێنێ تەحقیقی تەواوی لەسەر موهەندیس کردبوو و بۆی دەرکەوتبوو کە موهەندیسیش وەک پەری خەڵکی لادێیە و لە سایەی وریایی و زاناییی خۆیەوە بۆتە موهەندیسی کشتوکاڵ و ماڵی باوکی هێشتا هەر لە گوندن و وەک خۆیان کرمانجن و لە هەموو بابەتەوە لایقی هاوسەری کچێکی وەک پەرییە و چەند ڕۆژ پێشتر وای کردبوو کە بەحوزووری ئەو لە جێگایەک یەکتر ببینن و قسەی خۆیان ڕووبەڕوو تەواو بکەن و هەردووک یەکتریان پەسەند کردبوو و قەراریان دانابوو، لەو ڕۆژەدا دایک و پووری موهەندیس بچنە خوازبێنی و تامی زاری دێد ئەستی و موهەندیس باپیر بزانن. کاک شەهاب ئەو میوانییەی بەو مەبەستە کردبوو کە پەری ئەو ڕۆژە لە ماڵ نەبێ.

بە ئەسپایی دەرکەی کردەوە و چۆوە تەماشای کرد دایکی و خاڵە خدری و باپیر لە دیوی بەردەستان دانیشتوون، خاڵە خدری پاش شەهیدبوونی باوکی بەسەر دووکانەکەیان ڕادەگەیشت - کە وەژوور کەوت هەرسێک لە قاقای پێکەنینیان دا و دایکی گوتی:

- بی بی جان خانم چۆن کەڵەکی واشت لە بن سەریدان؟

پەری شەرمێکی کچانە دایگرت و سوور هەڵگەڕا و سەری داخست و یەکسەر چۆوە دیوەکەی خۆی و جلەکانی گۆڕین و بەخەیاڵ بوو ئەمشەو لە دیوەکەی خۆی وەدەر نەکەوێ. بەڵام زۆری پێ نەچوو دایکی هەرای کرد:

- پەری گیان! ماڵی بابم لەوێ بەتەنێ چ دەکەی وەرە ئێرە. پەری بە شەرمەوە چۆوە دیوی بەردەستان و بە ئەدەب دانیشت. دایکی گوتی:

- ڕۆڵەگیان دەتزانی ئەمڕۆ خوازبێنیکەر هاتبوونە سەرت؟

- بەڵێ دایە گیان ئاگام لێ بوو.

- وەڵڵا کچم دایکی ژنێکی وێچوو و کەیخودا ژنە، بۆ خۆشی کە هەر لە ماشێندا دیم زۆر قۆزە. جا نازانم بۆ خۆت دەڵێی چ؟ بەیانی دێنەوە تا جوابیان بدەینەوە. باپیر هەڵی دایە و گوتی:

- خوشکێ گیان! من پیرانی باش دەناسم کوڕێکی زۆر بە ئەدەب و پاک و چاکە، مەدڕەکی تەحسیلاتی بەرزیشی هەیە، جا دڵی خۆت دەزانێ.

پەری لەبن لێوان گوتی:

- بۆ خۆتان دەزانن.

دایکی گوتی:

- ئەوە بۆ دەڵێی مانگی شەرمێتە. لە کەنگێوە وا شەرمێون بووی ڕەپ و ڕاست بڵێ مێردی پێ دەکەم و ڕزگارمان بکە.

هەموو پێکەنین و ئیدی باسی ئەو مەوزووعەیان نەکردەوە. چەند ڕۆژ پاش باپیر، کاک شەهاب و چەند کەسی دیکەی بانگهێشتن کردبوو. لە پڕ مەلا و دوو فەقێ و پیرەپیاوێکی خاوێن و ڕەزاسووکی دێهاتی وەژوورکەوتن، یەکێک لە دوو فەقێیەکان دەفتەرێکی گەورەی لەبن هەنگڵدا بوو. لەبەریان هەستان. وەلای سەروویان خستن و لەسەر چۆکان دانیشتن. مامۆستا سیغارێکی داگیرساند و ڕووی لە موهەندیس باپیر کرد و گوتی:

- ئاغا میرزا! مام سماییل بابی ئاغای پیرانییە و وەکالەتی شەرعی داوەتێ کە پەری خانم مارە بکا. ئێستا چ دەفەرمووی؟

باپیر گوتی:

- مامە گیان پڕ بەدڵ سوپاست دەکەم و ئێمە لە ئێوە هەر خزمایەتی گەرممان دەوێ و ئیحترامی خوشکم و هیچی دیکە.

کورتی ببڕینەوە، ئەوێ ڕۆژێ پەرییان لە موهەندیس پیرانی مارە کرد. چەند ڕۆژ پاشان خەنەبەندانێکی خۆش بوو. باو باوی نێرگس بوو. وەک کەوی شەڕانی پەڕبازی لە دەوری پەری دەکرد و دابوویە بەر هێرشی لاتاو و تەوس و پللار. پەری دەستی لەبەر نەدەکردەوە، ڕۆژی پێنجشەمۆش هەموو لە ماڵی بووکی بوون. نێرگس وەک خولخولە هەڵدەسووڕا و پەزیرایی لە خەڵک دەکرد و جارجارە چەپۆکێکی بە پەریدا دەدا یا چەمۆڵەیەکی لێ دەنا و هەموویانی وەپێکەنین دەخست، لای بانگی شەوان تارای سووری جغ جغەداریان بەسەر پەری دادا و بووکیان سواری ماشێن کرد و بە داب و دەستوورێکی کوردانە و موحتەرەمانە بەڕێیان کرد.

ئێوارەی جومعە بوو و ئیدارە نەبوو. لە ماڵێ دانیشتبووم و تەماشای تەلەویزیۆنم دەکرد. لە پڕ گرم و هۆڕ پەیدا بوو و تۆز و خۆڵ بەری ئاسمانی گرت. هەواپەیماکانی بەعسی شارە خونچیلانەکەیان دا بەر ڕاکێت و بۆمب. ئێمە بەپەلە خۆمان لە ژێرزەمین هاوێشت. هاڕە و زرمەی فڕۆکەی دوژمن و تەقەی دەسڕێژی دژی هەواییی خۆمان زراوی دەتۆقاند و گوێی کەڕ دەکرد. وەک ڕۆژی قەرەوەیس باب ئاگای لە کوڕی نەبوو. پاش نیو سەعات کە هاتمە دەر دووکەڵەشینکە لە هەموو لایەکی شار هەڵدەستا و لەبەر بۆنی بارووت و تۆز و خۆڵ پشوو هەڵنەدەکێشرا. بە تاڵووکە خۆم گەیاندە ماڵی کاکە سوار. دیار بوو سەدەمەی نەدیبوو. بەڵام دەرکی داخرابوو، کەس لە ماڵ نەبوو. بەنێو خەڵکی سەرلێشێواو و چاو بە گریاندا بە غار دان چوومە ماڵە موهەندیس پیرانی. بەداخەوە خانووە تازە و جوانەکەی ئاداری بەسەر پادارەوە نەمابوو. کاک شەهاب و نێرگس و دێد ئەستی و باپیر، لە حاڵێکدا بانگ لەسەر بانگیان لێ دەدا، خەریکی لابردنی خشت و بەرد و گڵ بوون، منیش وەک ئەوان لە گابۆڕم دا و خەریکی کار بووم. وردە وردە خەڵک هاتە یارمەتیمان. لەلای نیوەشەودا جەنازەی زاوای تازە و بووکی یەکشەوەیان لەبن خاک و خۆڵ دەرێنا.