ڕاوە تاژی

لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 22 خولەک  1823 بینین

ساڵ درەنگ بوو، پاییز داهات، زەوی ڕەنگی بزرکا، شینایی نەما، تینی هەتاو کەم بۆوە، ڕۆژ چیان بە بەرەوە نەما، شەو درێژ و درێژتر بوون، هەوا فێنک بوو، ڕەز ڕندران، مشتاخ هەڵخران، بێستان لە بەر کەوتن، بڕکە هەڵکێشران، جێ تووتن شێو کرانەوە، ئاویژە لە بەراو دەرچوون، ئەستێر داریان لێ ڕاکێشرا، سەرچاوە قەوزەیان گرت، بناوان هەڵدێران، دەراو بۆگە و لێڵ بوون، پاوان و هەڵەسوون پێخوست و بۆژە بوون، پێورە وێنجە داس پەڕێن کران، ڕەپستە کۆڵە پنج بوون، نەوەندە تیشەیان چەند پەلکە بوو، ساردە کێڵ دندووکەیان دا، کا و گزرە لە کادێن کران، کۆدە و پۆڵکە و نەرمەگیا لە تایە و گیشە دران، تفاقی زستان داخرا، دێم کێڵ بە هیوای بارانی ڕەحمەت و هەقەپەڵەی پاییز، دێمەکار و ئیشکەکەندیان داچاند، جارجار هەوری سپی و تەنک بەدەم باوە بەپەلە بە ئاسماندا تێپەڕین، چەند پڕیشکی بڵاویان وەراند، دڵی شکارتەکەیڵی بێ زەوییان داخورپاند و ترسان نەوەکوو ئەوەندووکە دەغڵەی ئاو ماڵان بۆیان داچاندوون گەندەنێ بن و بە جارێک قووت بڕاو و بێسەڵات بکەونەوە، دار و دەوەن خەزەڵیان دا، مێرگ و چیمەن بێ دیمەن بوون، لاپاڵی بژوێن بوونە ڕێچکە، نواڵەی زەنوێر کاتۆر کران، تەلان و بەندەن ڕووتانەوە، ڕووباری خوڕێن لە خوڕین کەوتن، ڕێبواری خورێن لە تەنکاویان دا، سوار بۆ بوار نەگەڕان، گیابەرزە بوونە ئیشکەڵ، دڕوو بوونە نەشتەر، تیکان بوونە پەیکان، پێکوڵ و کونجی بوونە بزمار و دەرزی و لە پێی گالەوەڕێنی پێخواس هەڵچوون و گردەنشینیان کرد، بابردەڵە وەک لەشکری بەزیو و شکاو ڕەتێنرا، خۆی بۆ نەگیراوە، بڵاو بوو، پووش و پەڵاش وەک ترسەنۆک و دوورەپەرێزان خۆیان لە خوارە بایان گرت، لە نەدیو و پەسیو و بوودڕ و کەنداڵان خزین، هەوار خاڵی بوون، چادر و چیغ پێچرانەوە، سێپەک هەڵپەسێران، مەشکە بەرچیغیان تێ هەڵکێشرا و لە بنمیچی قوڕماوی نران، دۆدانە و شیر مەشک لە خەرارە کۆنان پێچران و لەبەر هەیوان و بێڵا بە سینگ داکران، نێرەی بێخێر هەڵاوەسران، گوریس و پەتک هەڵوێزنران، شەنگەبێری قوڵچاغەیان داڕنی، بووزەڵە و بەربێنکەیان شانە و شان کرد، جامی مەڕدۆش و گادۆشکەیان لەبن پێڕک و هەرزاڵان ئاخنی، بێژینگ و دەستاڕیان وەکار خست تا زمهەڕ بۆ زستانی دوور و درێژ گێژەو بکەن، ساوار بهاڕن، بڕوێش بە با کەن، بۆ دراو لێ بکەن. کاکی شوان کە لە کوێستانی مەزن و هەواری سازگاری مەڕی لە چڕگەن دەچەقاوە و دەمی دە لەوەڕی پڕ و تەڕ و ناسک دەنا و یەکی لە یەکی دەرنەدەچوو، بۆ خۆشی لەسەر بەردێک دادەنیشت و قامکی لە بلوێر دەبزاوت و ئەوی لێی دەدا لێی نەدەداوە و پاشای بە سەپانی خۆی نەدەگرت، ئێستا بلوێری لە ماڵ داناوە چونکە مەڕی کوێستان کە لەنگ و لۆر و دەغەزداری تێدا نەماوە و بێ چاوێنی بێ سمڕە و ساکەتەی دووگی دەڵێی لینگە دەستاڕە و پشتی گرێی لێ بڕاوە. کوا لە ئارانی قاقڕ و کڕاڕ دادەمەزرێ و دەچەقێتەوە؟ لە دەشتی کاکی بە کاکیدا پەڕ هەڵداوێ، پەڕەم پەڕەم دەبێ، هەر کرتکەی ڕوو لە لایەک دەکا، شوان ئەگەر وەک ددانی ماریش بێ، پێ ڕاناگا پێشی بگرێ، تێکی بکاتەوە، مەڕی قەڵەو و ساغ لە ئارانی بێ لەوەڕ چۆن چێشتاوان مۆڵ دەخوا، پاڵێنان کۆڕ دەبەستێ، شێوەخۆران ڕادەوەستێ و شەوێنان لە حەوشەدا گیر دەبێ؟ شوان دەبێ چاوێکی ببێتە چوار چاو و خەو و خواردن لەخۆ حەرام بکا، گورگی فێڵباز و دز هەمیشە لە کەلێندایە شوان بخافڵێنێ، سەگ بخیچێنێ، تا کەلاک بستێنێ، کام مەڕی شاز و قەڵەوە بڕفێنێ و ئەگەر خودای نەخواستە شوان لەخەو بمێنێ و دەزبێنی نەگرتبێ مێگەل ڕابدا و یەکی نەهێڵێ و هەمووی بخنکێنێ، جا لەو حاڵەدا شوان کوا مەجالی هەیە لە بلوێر بتووڕێنێ و عالەمێک وەجۆش بێنێ؟

ساڵان لەم وەرزەدا کە کاری دێهات کەم دەبوو، سواغ و پینە و پەڕۆی بان و دەرک و دیواران تەواو دەبوو و ئاوردوو دادەخرا، جەنگەی ڕاوە تاژی دەهات. ڕاوە تاژی لەمێژە لە کوردستاندا باوە. تا نیوەی دووەمی ئەم چەرخە زۆر بە داب و دەستوور دەکرا، هەرچەند ئێستاش کەم تا کورتێک ماوە، بەڵام بەرەو نەمان دەچێ. دیارە هەر ڕێوشوێنێک بەسەر چوو، ئەم وشە و زاراوە و ئامرازانەی پەیوەندییان بەم ڕێوشوێنەوە هەیە، لەسەر زار و زمانان نامێنن و وردە وردە لەبیر دەچنەوە، تەنیا لە بەیت و باواندا دەمێننەوە کە تێگەیشتنیان بۆ بەرەی داهاتوو دژوار و ئەستەم و گرانە، خۆ بە ناشکوری ناڵێم فەرهەنگ نووسێکی ئەوتۆمان نەبووە و قامووسێکی وامان نییە ئەم وشە و زاراوانەی تۆمار کردبێ و لە نەمانی پاراستبێ، ئەم ڕۆژانە بۆ نووسینی ئەم وتارە پەنام بۆ فەرهەنگی تاقانەی کوردی بۆ کوردی «خاڵ» برد، لەژێر وشەی ڕاو و تانجی و تاژیدا شتی وای نووسیبوو کابرا گوتەنی: «ئەزی تێدا شەرمەزار بوومەوە». بۆیە ویستم ئەوی لەبیرم ماوە و لێی دەزانم لەو بارەدا بنووسم تا قامووسنووسی دواڕۆژمان کەڵکی لێ وەربگرن و ئەو لاوانەی کە وەک من ئەدەبی فۆلکلۆریکی کوردی بە خەزێنەی زمان دەزانن سوودی لێ وەربگرن.

تاژی یا تانجی و تاجی تۆرەمە سەگێکی درێژ، ناسک، شووش و لەسەر لینگە. پێستی تەنک و ئاماڵ ڕووتەیە، جوان و ژیکەڵەیە، گوتوویانە: «تاژی ئازادەی سەگانە» توند و تۆڵە، باش لینگ دەدا و بە دەوامە و بەکەڵکی ڕاو دێ، تاژی تا زەنگەی بەرزتر، تەنگەی گورجتر، کەفەڵی بڵیندتر، پشتی ڕاکشاوتر و ئاماڵ کووڕتر، پەنجەی شووشتر، سەر و کەللە و دەم و لەمبۆزی باریکتر و ڕەقتر و درێژتر بێ پەسندترە.

وەک هەموو تۆرەمە سەگێک بە نێری دەڵێن گۆڵ و بە مێی دەگوترێ دێڵ، گۆڵ هەمیشە بۆ جووت بوون ئامادەیە، بەڵام دێڵ جارێک یا دوو جار وەبا دێ، زۆر پێشتر نیشانەی وەبا هاتنی دیاری دەدا، جا ئەگەر خاوەنەکەی بخوازێ زووتر با بگرێ باشتری تێر دەکا تا قەڵەو بێ و ئەگەر بەپێچەوانە نەیەوێ ئاوس بێ ئەوە لە ژوورێکی تاریکدا دەیبەستێتەوە تا لەڕ و لاواز بێ و لە با بچێتەوە. جووت بوونی تاژیش وەک هەموو جسنە سەگێک «پێوەڕوانی» پێ دەڵێن، دێڵ و گۆڵ پێکەوە دەنووسێن و تا ماوەیەک لێک جوێ نابنەوە، تەنانەت ئەگەر لە زمانی کوردیدا بە زایینی هەموو نینۆکدار و گواندارێک «جگە لە مالۆس کە سمدارە» دەڵێن ترەکین - لە شێرەوە تا مشک - ڕەنگە بۆیە بێ کە زۆریان بێچوو دەبێ. تاژیش و سەگیش لەوان هەڵناوێرن، دەڵێن دێڵە تاژی بە حەفتا شەو و ڕۆژ دەترەکێ. بەوەندە تووتکەی بە زگێک دەبێ دەڵێن کۆخێک، دێڵێک لە سێوە تا یازدە تووتک دەینێ، دێڵە تاژی هەشت گوانی ئەم بەر ئەوبەری هەیە، تووتکە تاژی لە پێشدا چاوی نووساوە و نابینێ، پاش چەند ڕۆژ چاوی دەپشکوێ، بە قسەی کۆنە ڕاوکەران هەووەڵ تووتک و ئاخر تووتکی کۆخێک لەوانی دیکە باشتر دەردەچن، تووتکە تاژی زوو فێری تێکوشین خواردن دەبێ و ئیتر نیازی بە شیری دایک نامێنێ، دێڵە تاژیی ترەکیو پێویستە زۆر باش بەخێو بکرێ و تێر بێ، دەنا زیانیخورۆ و ماڵانگەڕ دەبێ و پەکی ڕاو کردنی دەکەوێ، تووتک کە ژیوەڵە بوو، گوجووکی پێ دەڵێن و لەخۆیەوە فێری ڕاوێچکە دەبێ، ڕاوێچکە کردن تەمرینی ڕێکەوتن و ڕاو فێربوونە. گوجووکێک بۆ ئەوانی دیکە هەڵدێ و ئەوی تریش ڕێی دەکەون. ڕاوکەری کۆن دەڵێن هەر گوجووکێک هەڵات دیارە... لە خۆی ڕادەبینێ و بە گەورەییش لەوانی دیکە چێتر و خێراتر و بەکارتر دەبێ، گوجووکێک بە ساڵەوەختێک سونوو یا سوونی دێتەوە و پێیدەڵێن شەک، نیشانەی سوون هاتنەوە ئەوەیە کە گۆڵ لە کاتی میز کردندا لاقی هەڵدێنێ، پاش ساڵێک دەبێتە خەرت و ئەمجارە تەمەنی بە خەرت حیساب دەکرێ. خێرایی و خوێڕیایەتیی تاژی تا نەبێتە خەرت دیاری ناکا، وا دەبێ شەک نۆرەش ناکا و کەچی بە خەرتی زۆر چێ دەبێ و بەپێچەوانە شەکی خێرا خوێڕی دەردەچێ.

ڕەنگەکانی تاژی:

تاژی ڕەنگی جۆربەجۆری هەیە، سپی، ڕەش، سوور، نەباتی، شێ، خەزاڵ، بۆر، تاڵە، شڵە، خورمایی، خەنەیی، گورگی، پڵینگی، قەزوانی، بازوو، بۆزقاجی و بەڵەک، ڕەشبەڵەک، سووربەڵەک و شینبەڵەک.

دەنگەکانی تاژی ئەمانەن:

لووراندن، نووڕاندن، قرووسکاندن، نووزاندن، مڕاندن و ناسکاندن.

سیفەتەکانی تاژی:

چێ، خێرا، تیژ، پەل، ڕەشکوژ، خۆشڕست، بەدڕست، هەرزە، قڕخەمەڕەس، دەمسارد، دەمگەرم، بەهەڵم و بەدەوام.

تاژی بەکاری ڕاوی ئاسک و کێوی و کەروێشک دێ، چێترین و باشترین و بەکارترین، تاژیی ئاسک کوژە، من کوێستانیم و ئاسکیش لە دەشت و گەرمیان دەژی و لە ڕاوە ئاسک شارەزا نیم. مامۆستا عەلای ڕەحمەتی لە کتێبی «کوردواری» باسی ڕاوە ئاسک دەکا من بە نەزانی خۆمەوە بەدڵم نەبوو، پێم وابوو هەڵەی تێدایە، ئەمما پیرەبەگێکی جاف جارێک باسی ڕاوە ئاسکی بۆ کردووم ئەوە بۆتان دەگێڕمەوە، ڕاست و درۆی وەباڵ بەستۆی خۆی دەیگوت: زەمانی دەسەڵات و باوی بەگ و پاشاکانی جاف کە کۆچەر و ڕەوەند بوون باشترین تاژی و ڕەسەنترین ئەسپ لەنێو جافاندا هەبوو، لە موکریانیش ناوبانگی ئەسپی جافان بووە - ڕەنگبێ ڕاست بێ چونکە لە عەرەبان نیزیکن و جسنە ئەسپی عەرەبیش لە دنیادا مەشهوورە - دەیگوت: «پاشاکان تیپە سوارێکی باشیان هەڵدەبژارد، تاژییەکانیان وا فێر کردبوو کە ڕاویان دادەبەست و ڕستەیان هەڵدەکێشا و تاژیی خۆی داویتە پێشکۆی سوار و مات دەبوو، کە ئاسک هەڵدەهات سواران بەو ئەسپە خۆشبەز و بەکارانەوە دەیانڕەتاند تا دەیانزانی شەکەت بوون ئەمجار تاژییەکانیان بەردەدایە تا لە خۆڵی دەگەوزاند، هەموو ڕاوکەرێک خەنجەری دەبەردا بوو و، کێردی دەبان و تیژی لە دیوی ژووری خەنجەردا لە کالان چەقاندبوو بەو کێردە سەری ئاسکیان دەبڕی و ڕفیسکەیان کون دەکرد و لە بەن ساموڕتەکەیان هەڵدەکێشا و بە تەڕیزەی ئەسپەوە هەڵیانداوەسی.

کورد بە هەموو گیاندارێکی گواندار و سمدار کە کەوی و ڕام نەبێ دەڵێ کێوی، لە کێوە سەرکەش و شاخە سەخت و ڕژد و هەڵەمووت و زەرد و ماهەکانی کوردستاندا کێوی دەژین، کەڵەکێوی، گاکێوی، شوور، یەکجار کەم بوون و لەوانەیە ڕەگەزیان لەم حاڵەدا لە مەترسیدا بێ و هەر نەمێنن و نەمبیستووە ئەوانە بە تاژیی ڕاو بکرێن، بیستووتانە کە کێوی بەتایبەتی ڕۆژانە لە شاخی هەرە سەخت و ڕەوەزی ئەستەم نابێتەوە، دەڵێن هەر جێگایەکی شاخ بارانی وێ بکەوێ کێویش دەتوانێ پێیدا بڕوا، دیارە تاژی لە جێگای وا کار ناکا.

بۆ ڕاوە کێوی بە تاژیی بەرەگە دەنێنەوە. کێوی کە لەم شاخەوە بچێتە شاخێکی تر تیرەگ بەرنادا، یانی بە جێگایەکدا دەڕوا کە هەردووک دیوی کێوی لێ دیار بێ، جا ڕاوکەری شارەزا، تیرەگێکی ڕەچاو دەکەن و حاشارگەی لێ دروست دەکەن، ئەگەر گوێنی و گیابەرزی لێ هەبێ، کۆختەیەکی دوو میتری یا کەمتر ساز دەکەن و خۆیان و تاژییەکانیان لەوێدا مەڵاس دەدەن، ئەگەر ئەوەیان بۆ نەلوا وارشی بەرد دروست دەکەن، کێوماڵ بەرێکی شاخ بە هەرا و هۆریا و تەق و ڕەق و چەقە چەق دەتەقێنن تا حەیوان بترسێ و، بە تیرەگدا بپەڕێتەوە شاخی ئەوبەر و لەوبەرەگە هەڵەنگوێ، ئەگەر مەودای نێوان دوو کێو بەرین بێ لە دوو جێگاوە بەرەگەی بۆ دەگرن. تا ئەگەر تاژی پێشەوە ڕاستی بکەن بەسەر بەرەگەی دووەمدا بکەوێ و ڕزگاری نەیە، تاژی قایم و بە هەڵم و فێڵاوی نەبێ نە دەگاتە کێوی و نە دەوێری خۆی لێدا، بەران و نێری قەیرە دەس دەکەنەوە و بەگژ تاژیدا دێنەوە و بە شەقۆن تێی هەڵدەدەن و برینداری دەکەن، وا دەبێ دەشیتۆپێنن. بەڵام تاژی کە فێڵاوی بوو، هەر لە پاشڕا لە کێوی ڕۆ دێ و کە بۆی هەڵکەوت، باتووی دەگرێ و بڕستی دەبڕێ، ڕاوکەر دەڵێن هۆی ئەوەی تاژی دەگاتە کێوی ئەوەیە کێوی لە هەڵاتندا زۆر ئاوڕان دەداتەوە و مەحتەل دەبێ، دەنا زۆر بە باز و بردترە، کێوی بە تەڵە و شتی دیکەش دەگرن کە دێرەدا جێی باس نییە.

نەخۆشییەکانی تاژی:

سەگ بایی، شانەڕەقە، شەکگە، سەبنێسی، هاری، سووزەنەک.

ڕاوە کەروێشک بە تاژی:

کەروێشک گواندارێکە کە نینۆکی هەیە، گیا خۆرە، کلکی زۆر قوڵەیە، تووکی نەرمە، درێژایی لە بەرزایی پترە، پێشووی لە پاشووی کورتترن، بە باز و قنە دەڕوا، گوێی زۆر درێژن، سەری لەچاو لەشی زۆر گەورەیە، چاوی زەق و لەڕوون و نانووقێن. زیاتر بە چاوان دەبیندرێتەوە، دەڵێن مێیەکەی حەیز دەشوا، دەترەکێ و زەو و زووی زۆرە، لە جێگای سارد و گەرمدا هەیە. لە بژوێنترین کوێستانی کوردستاندا و گەرمترین و کڕاڕترین بێروونی عەرەبستاندا دەژی، بە بێچووی دەڵێن بەچ و کە پەڕەوازە بوو و توانی توند ڕا بکا «سەپسێن»ی پێ دەگوترێ، بە ڕواڵەت یەکجار بەستەزمان و بێدەسەڵات و ترسنۆکە و لەبەر هیچ گیانداری چوارپێ و باڵندەی پچووکی ڕاوێ دەس ناکاتەوە، کەچی دوژمنی وەرزێر و ڕەزەوان و بێستانچییە. تا دەستی لەسەر دابنێی بەزەڕ و بەدفەڕە، بە ڕۆژ لە لاندا خۆی مەڵاس دەدا و بە شەو دەگەڕێ و دەلەوەڕێ، هیچ ناپارێزێ. بۆ باغ، بێستان، شیناوەرد و، ڕەپستە تەنانەت خۆیان و خەرمان وەک بەڵا وایە. بۆیە وەرزێر و باغەوان ڕقیان لێیە و بە تەپکە و تەڵە و خوردە و داو دەیگرن. گۆشتی دەخورێ، دەڵێن تەمەنی بەوەڕا دیارە کە هەر ساڵە کونێکی لەبن کلک دەبێ.

نیزیکەی سی چل ساڵ لەوەی پێش کەم ساحێب مڵک و ئاغا و مەزنی کورد هەبوو، ڕموودەی ڕاوە کەروێشک نەبێ، دیارە ئەم کارەش بەستە بە دەست ڕۆین و نەڕۆینەوە بوو، ئاغای دەوڵەمەند ڕستەیان لە ئاوریشمی ڕەنگاوڕەنگ دەهۆنییەوە و گوڵینگی سیم پێچی جوانیان وێ دەخست. سەری گوڵینگداریان لە باسکی ڕاستە یا ڕاست و چەپ لە شان دەکرد. قەڵادەیان لە قایشی باش دروست دەکرد و بە ئاوریشم دەچنی، زەنگوڵەی زەرد، زێو تەنانەت زێڕیان لێ دەدروو، سەری دیکەی ڕستەیان لە ئاڵقەی قەڵادە هەڵدەکێشا. ئاغای دێ بە خۆی و باب نۆکەر و ڕەعیەت و سوارەوە دەچووە ڕاو لەو جێگایەی زانیبایان کەروێشکگرە ڕاویان دادەبەشی و سوار سەفیان دەبەست، لە کێو یا بانوو سوارێک بە تاژییەکی کارامەوە سەرڕاوی دەگرت، سەرڕاو دەبوو لەپێش سواراندا بێ و چاوی لەلای خوارێ بێ تا ئەگەر کەروێشکیان لە داوێنی تێبەردا وریا بێ و بزانێ ڕوو لە کام لا دەکا، ئەو دەبوو ڕاستە و ڕاست لەپێشدا بێ، ئەگەر تاژی خوارەوە نەیانکوشت و بە ماندوویی گەیشتە سەرڕاو ئەو تاژییەکەی خۆی بەرداتێ، دەبوو تاژی سەر بەرەو ژێر بەرنەدا و ڕاوەستێ تا کەروێشک کەمێکی لێ ڕەت دەبێ، بەرڕاو سوارێک بوو کە باشترین و چێترین تاژی پێ بێ و کەمێک لە دوای سوارانەوە بێ تا ئەگەر کەروێشک پاش ڕاو بکا، تاژیی خۆی تێبەردا، سوارەکانی دیکە کە نێوانیان پێنج شەش گەز پتر نەبوو، چ تاژییان پێ با یان نەبا، دەبوو لە ڕێکی یەک بڕۆن و هەر کەسە لەلای سەرووی خۆی ورد بڕوانێ و هەوڵ بدا هیچ بنچک و بەردێک نەبوێرێ، تا سەف ڕاستتر و نێوانی سواران کەمتر بایە، کەروێشک چاکتر دەبیندراوە یا زووتر هەڵدەهات، لانی تازە و کوێرە و لانی شەوێ دینێ نیشانەی ئەوە بوو. کەروێشک هەر لەو دەوروبەرەیە جا دەبوو بە فیتوو یەکتر حاڵی بکەن سەف ڕاستتر و سوار خوردتر بن، ورد بڕوانن و نەیبوێرن. کەم وایە کەروێشک لەبەر سەفی ڕاست و ڕێکوپێک و سواری ئارام، بوێرێ ڕا بکا، خۆی لە لاندا مەڵاس دەدا و لە عەرزی دەخا. ڕاوکەری لێزان بە تەماڵ دەیبینێتەوە.

ئەو سەردەمی داب بوو ئەگەر نۆکەرێک یا ڕەعیەت سوارێک تەماڵی دیباوە دەیگوت: «نۆکەری ئاغای خۆم و ڕاوکەرانم پێ دەڵێن هۆی تەماڵە!» عادەت وابوو ئاغا و خزمەکانی تەماڵانە بدەن بەو ڕاوکەرە و خەڵاتی بکەن، سوار لە دەورەی تەماڵ کۆدەبوونەوە، پاییزە، ئازیزە، گوڵێ گوڵێ، حەیران و گەلۆیان لەسەر دەگوت و جاروبار دەهۆڵ و زوڕنا و سێ تەپڵیشیان لەسەر لێ دەدا، ئەگەر بۆ خاتری سەیر نەبا بە هاسانی بە دەستی دەگیرا، بەڵام ئاغای گەورە بۆ سەیر دەچوونە ڕاو نەک بۆ ڕاوە گۆشت، جا بۆیە ئەسپیان وەسەر دەپەڕاند کە هەڵێ و تاژی تێ بەردەن، دوو یا سێ تاژییان تێ بەردەدا، ئی وا بوو چێ و دەمگەرم بوو گوریسێکی نەدەبرد و لە سەفی سوارانی دەرنەدەکرد و هەڵی دەگرت و ئی وا بوو خێرا و پەل و دەمسارد بوو، چەند جاری دەگێڕاوە، لێی دەدا، تێی ڕۆ دەهات تا هەر خۆی یا تاژییەکانی دیکە دەگەینە نۆرە و هەڵیاندەگرت، تاژیی ڕەسەن کە کەروێشکی هەڵدەگرت نەیدەشەمزاند یا بە دەمیەوە دەگرت یا چەمۆڵەی لەسەر دادەدا، سوارێک دادەبەزی و سەری دەبڕی و وەبەن ساموڕتەی دەخست، ئەگەر تاژی خوێڕی بایە نەیدەشکاندەوە و خوارەی پێ نەدەکرد و کەروێشک ڕزگار دەبوو، ئەگەر باشتر بایە ڕاستی دەکرد و دەیگەیاندە سەر ڕاو یا لە کونی دەکرد، کەروێشک هەمیشە بۆ لێقەومان کونێک ڕەچاو دەکا، بەڵام تا زۆری بۆ نەیە ناچێتە کونەوە. سەرڕاوی شارەزا لای کونێیان لێ دەگرت وا دەبوو لە زارکی کوندا دادەنیشتن و ئەویش خۆی لە باوەش داویشتن. ئەگەر چوو لە کونیشەوە بە پێچەک دەریان دەهێنا، لە هێندێک مەڵبەند بە تەماڵ دەڵێن «دیاردی».

خۆشترین کاتی ڕاوە کەروێشک پاش بارانە. چونکە کوێرە و لانی تازە لە دوورەوە دیارە. وا دەبێ کەروێشک لەو کاتەدا کۆنەلان دەکاتەوە کە ئەویش دۆزینەوەی بۆ ڕاوکەری شارەزا هاسانە، جگە لەوە بەرپێی تاژی کە ڕووت و بڵە، نەرم دەبێتەوە و ترسی کاڵە دڕانی نامێنێ، بەرپێی کەروێشک کوڵکنە و قوڕ دەگرێ و باشیش ناتوانێ ڕا بکا و پێی دەڵێن کەڵاشە کردن، ئەو سەردەمە زۆری پێ ناچێ و وەختی نینۆک شکێن دێ. کە وشکەبەند پەیدا بوو و کەروێشک لان بەرەژێری کردەوە و ڕەپستە و باغی پاوانی داوە بەر پەلامار هێند قەڵەو دەبێ کە دەڵێن گورچیلەی دەبەزیدا ون بووە، ئەمجار بەسەر زەوی بەستراو و ڕەقدا وا هەڵدێ هەر ویزەی لەبەر پێی دێ، تاژی لە ترسی هەڵخلیسکان و نینۆک شکان ناوێرێ توند ڕا بکا، هەر تاژییەکی لەکاتی نینۆک شکێن و سیخوار لە پشتدا بگاتێ نایابە. کە نوابەفری هەووەڵ کەوت و باڕنی نەکرد باسی سەری کەروێشکە، چونکە شوێنی دەگەڕێ و بە پێشووی کورتەوە هەر دەرناچێ. ئەو گیاندارە بە ڕواڵەت گێل و گێژە کە زانی شوێنی دەگەڕێ زۆر فێڵەزان دەبێ، شوێنی جووتەیە، پاشووی بە جووت وەپێش پێشووی دەخا، ڕاوکەر کە تووشی ڕاستە شوێن هات دەزانێ کەروێشک یا چۆتە شەوگەڕ یا گەڕاوەتەوە و بەپەلە دەیگێڕێ تا دەگاتە «دوولایی»، دوولایی ئەوەیە کەروێشک بەسەر شوێنی خۆیدا دەگەڕێتەوە، لە جێگایەکی بازێکی بڵیند داوێ و لەسەر کەڵەکێک یا قەدی ڕەوەزێک دەکەوێ، دەبێ ڕاوکەر بە قەراغ دوولاییدا بڕوا و نەیشێلێ تا بزانێ کەروێشک لە کوێ بازی داوە و وریا بێ پاش ڕاو نەکا و بازرە نەبێ، «هەزارە» هەر وەک دوولایی وایە، بەڵام کەروێشک چەندین جار بە شوێنی خۆیدا هاتوچۆ دەکا، وا دەبێ هەر لەنێو هەزارەدا دەکەوێ، وا دەبێ دیسان بازێکی دوور داوێ و لەهەر جێگایەک کەوت مات دەبێ. شوێنگێڕی باش لە فێڵ و هەزارە و دوولاییی کەروێشک دەگا و دەیدۆزێتەوە.

«کورتە» ئەوەیە کە کەروێشک دوای هەزارە و دوولایی بەقەد جێ جێخوونێک بەدەورە دەگەڕێ و ئەوەندەی پێدا دێ و دەچێ کە کەس سەرەدەر لە شوێنی ناکا، ڕاوکەری شوێنگێڕ دەبێ زۆر بەسەرنجەوە دەورەی کوتە بدا، کە نەڕۆییبوو ئەوە دیارە لەنێو کوتەدایە ئەودەم دەبێ وەنێو کوتە بکەوێ، تا یا بیدۆزێتەوە یا ناچاری بکا هەڵێ. کە بەفر زۆر بوو و بەفر بەسەریش نەبوو کەروێشک ڕونوو بەفر دەکۆڵێ و دەچێتە نێو بەفرەوە، بەوە دەڵێن «خوزە»، کەروێشک لە خوزەدا بەوە دیارە کە جێی هەناسە هەڵکێشانی زەرد دەبێ و دیارە لێرەدا فێڵێک دەکا بەبن بەفردا ڕەهەندێک دەکۆڵێ و لە چەند جێگا خوزە دیاری دەدا. بۆ ئەوەی ئەو فێڵەشی لێ ببڕن، یەکێک بە تاژییەوە لە نێوەڕاست ڕادەوەستێ و ئەوانی دیکە خوزەکان دەشێلن، کەروێشکی خوزە زیاتر ناوێرێ ڕابکا و بە دەستی دەگیرێ. لە پێشدا گوتم کەروێشک تا زۆری بۆ نەیە ناچێتە نێو کون کە چووە نێو کون و دیاربوو و دەستی نەگەیشتێ، دارێکی نەرم و درێژ دێنن سەری لەلە دەکەن و لە تووکی کەروێشکی بادەدەن و بەم دارە دەڵێن «پێچەک». ئەگەر بەوەش نەهاتە دەر، ئەمجار تەڵەی لێ دادەنێنەوە و دەیگرن، لە مانگی ڕەشەمەدا ڕاوە کەروێشک دوایی دێ، هەم لاواز دەبێ و بۆ خواردن نابێ هەم با دەگرێ، بەناوبانگترین چێشتێکی لە گۆشتی کەروێشکی دروست دەکەن «سەنگەسیرە»، لە کابانان بپرسن چۆن ساز دەکرێ!!!

ڕاوە ڕێوی بە تاژی

کام منداڵی کوردە ناوی ڕێوی نەبیستبێ، سەدان ئەفسانە لەسەر ڕێوی لە فۆلکلۆری کوردیدا هەیە، خۆ لە پەندی پێشینیانیشدا ئەوەندە باسی ڕێوی کراوە هەر مەپرسە وەک:

ڕێوی خۆی لە کونەوە نەدەچوو قانگەلاشی بە کلکیەوە دەبردە ژوور، ڕێوی دەمی نەدەگەیشتە ترێ دەیگوت ترشە، ڕێوی کێچی دە کەوڵی کەوتووە، ڕێوی خۆی لە ئاوی خوڕ نادا، ڕاوی ڕێوی بۆ کەوڵییە و سەیری لە ڕاوە ڕێوی خۆشترە، وەک ڕێوی سیرمە خۆرە...

ڕێوی بەڕاستی جانەوەرێکی فێڵاوی و مەکربازە، نەوسن و بەزەڕە، هەموو شت دەخوا میوە و گۆشت و شتی وا، دوژمنی کەروێشک و مشک و باڵندەیە بەتایبەتی باڵندەی پێڕۆیە. ئەوەندەی کەروێشک بۆ باغەوان و وەرزێر خراپە ئەویش ئەوەندە بۆ ئەوانەی باڵندەی کەوی و ماڵی ڕادەگرن جێگای مەترسییە، تووشی ڕەوە قەلەموونێک بێ تاقی لێ دەبڕێ، مریشک و جووچک هەر ناهێڵێ، لە کێویش هەمیشە لە کەو و سوێسکە و زڕەکەو و هەوێردە لە کەمیندایە، تەنیا کاری چاکی، خواردنی مشکی کێوی و بەچە کەروێشکە، بەڵام ئینسان فێڵی لەویش دەبڕێ، بەڕاستی ڕاوە ڕێوی سەیری خۆشە، ڕێوی لە کوردستاندا زۆرە، وەک دەڵێن ڕاوی بۆ کەوڵییە، دەنا گۆشتی ئەگەرچی دەیخۆن، زۆر دزێو و ناشیرینە، دەڵێن وەک گۆشتی ژووشک بۆ باداری دەرمانە.

بەڕاستی هەقیانە ئەو کەسانەی دەڵێن «سەیری لە ڕاوە ڕێوی خۆشترە» ڕاوە ڕێوی زیاتر بە پیادە دەکرێ، ڕێویش وەک کێوی کە ترسا هەمیشە تیرەگی کێو دەگرێ و بۆ کێوێکی دیکە دەپەڕێتەوە. دیارە لە کێو و شاخی ئەستەمدا ناژی. لە هەموو جێگایەک تەنانەت لە دەشتی نەرمانیش هەیە، دوو دەستە کێوماڵ کێوێک دەتەقێنن و هەرا و هۆریایەکی زۆر دەکەن تا ڕێوی بترسێ، ڕاوکەرێک لە حاشارگەدا بەرەگەی لێ دەگرێ تا کێوماڵەکان ڕێوی وا دەتەقێنن بەسەر بەرەگەدا بکەوێ، ئەودەم بەرەگەگر تاژی تێبەردەدا. تاژی دەرناچێ، بەڵام دەستی دەگەڵ دەکاتەوە، گازی لێ دەگرێ، بە نینۆک دەیڕنێ، تاژیی کارامە هەوڵ دەدا لە پشت ئەستۆی ڕۆبێ و ڕایوەشێنێ تا لە کاری دەخا یا لە قەفەزی پشتی ڕۆبێ و هەڵیدێرێ تا بڕستی لێ دەبڕێ. بۆ ڕاوە ڕێوی پێویست ناکا تاژی خێرا بێ، ئەسڵەن تاژیی ڕەشکوژ و چێ لە ڕێوی بەرنادەن تاژیی ڕێوی کوژ ئازا و قایم بێ باشترە نەک تیژ و گورج.

دوڕە یا «دووڕەگ» بۆ ڕاوە ڕێوی باشترە. دووڕەگ وەک لە ناوەکەیەوە دیارە جسنە سەگێکە لە جووت بوونی سەگ و تاژی پەیدا بووبێ، جا فەرق ناکا گۆڵ، سەگ بێ یا تاژی، هەرچەند ئەگەر گۆڵ تاژی بێ دووڕەگ جوانترە. دووڕەگ لە باسکە سەگ ڕووتەتر و بەرزەلینگتر و لە پاش تاژی لە هەموو جسنە سەگێک توندتر ڕا دەکا، ئی زۆر خێرایان لێ هەڵدەکەوێ کە بۆ ڕاوە کێوی و کەروێشک تەنانەت گورگیش بەکار دێ، تۆرەمەی دووڕەگ و تاژی، پێی دەگوترێ «قەدەم».

خوێنەری خۆشەویست! بەم باسە دوور و درێژە ماندووم کردی با نەقڵێکی خۆشت بۆ بگێڕمەوە، کەمێک بێیەوە سەرەخۆ. دەڵێن: ڕۆژێک ڕێبوارێک تووشی ڕاوکەرێک هات، تاژییەک و توڵەیەکی کونێ و دارێکی درێژ و تەڵەیەکی پێ بوو، گوتی: کاکە ئۆغر بێ، چ دەکەی؟

- دەچمە ڕاوە ڕێوی.

- ئەوانە چن پێتن؟

- کاکە ئەگەر ڕێوی لەبەرم هەڵات، ئەوە تاژییەکەی تێ بەردەدەم، ئەگەر کوشتی باشە، دەنا لە کونێی دەکا، کە کونەکە زۆر قووڵ نەبوو ئەم دارەی لێ پێچەک دەدەم، دەیهێنمە دەر، ئەگەر زۆر قووڵ بوو، توڵەکەی لەباڵ دەکەم.

ئەگەر ئەویش بۆی نەهاتە دەر تەڵەی لێ دادەنێمەوە ئاخری پێوە دەبێ.

ڕێبوار گوتی:

- کە وا بوو، بۆ ڕێوی خودا ماوە و بەس!