پێشەکییەک بۆ دیوانی نالی

لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 15 خولەک  1839 بینین

هەموو کوردێکی پاک، چاک، دیندار، دڵسۆز و ئەدەبدۆست، ئەگەر بە دڵ و گیان خۆی بە منەتبار و قەرزداری مامۆستای هێژا و زانای کورد مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس نەزانێ ناهەقی دەکا. چونکە مامۆستا و کوڕە کارامە و لێزانەکانی بە هەموو هێز و توانای خۆیانەوە بە هیچ بارێک لە خزمەتی کوردی چارەڕەشی، دوورەبەشی هەژار درێخیان نەکردووە.

بەڕاستی ئەم خزمەتە بەنرخانەی ئەم بنەماڵە چاکە، بە دین بە فەرهەنگ، بە زمان، بە ئەدەب و ئاکاری کوردییان کردووە شایانی ئەوپەڕی ڕێز و سوپاسە. یاخوا لەملایە لە بەڵای لابەلا دوور بن. بەردی سارد و گەرمییان وەبەر پێ نەیە و لەولاش وەبەر ئاڵای پێغەمبەر کەون و حەشریان دەگەڵ حەشری پیاوچاکان بێ. پێم وایە خزمەت بە کوردی زۆرلێکراو چاکەیەکە کە لەپێش چاوی بینائیی چاوان بزر نابێ و پاداشی دنیا و قیامەتی دەبێ.

گەڕیدەیی و دەربەدەری ئەم سوودەی بۆ من هەبوو کە لە نێزیکەوە بەخزمەت مامۆستا بگەم و دەستی موبارەکی ماچ بکەم و بزانم کۆگای نور و دەریای بێ سنوورە.

جارێک دەگەڵ چەند مامۆستای گەورە و ماقووڵ لە بارەگای حەزرەتی غەوس لە حوجرە تەنگ و چکۆڵەکەیدا لە خزمەتی مامۆستا دانیشتبووین، من ئەو بیرەم بە مێشکدا دەهات ئەگەر هەموو نووسینە بەنرخەکانی ئەم مامۆستا کورتەباڵا، ڕەزاسووکە، خوێنشیرین و قسەخۆشە بێنی و لە تایەکی تەرازووی باوێ و جەستەی لاوازی خۆشی لە تایەکەی دیکە بخەی ئایا سەری وەمیچی حوجرەکەی ناکەوێ؟

دیارە ئەوینێکی پڕ سۆز، ئیمانێکی پیرۆز و ئیرادەیەکی قەوی و پتەو ئەم پیرە خاوێنە و ئەم زانا کەم وێنەی هان داوە کە لەو تەمەنەدا لە خزمەت بە زانست، بە ئەدەب، بە ئیسلامییەت و ئینسانییەت خافڵ و بێئاگا و شەکەت و ماندوو نەبێ.

باسی یەک یەکی نووسراوەکانی مامۆستا وەک تەفسیری قورئانی پیرۆز و شەریعەتی ئیسلام و... نە بە منی بێدەسەڵات دەکرێ و نە لەو کورتە باسەدا دەگونجێ، ئەم ئەرکە لە ئەستۆی مامۆستایانی ئایینی و شارەزایانی ئەدەب و پسپۆڕانی زانستە کە هیوادارم کەمتەرخەمی نەکەن و شوێنەوارە بەکەڵک و باشەکانی مامۆستا پتر بە خەڵک بناسێنن. لەبارەی شەریعەتی ئیسلامیدا ڕای مامۆستایەکی شارەزام پرسی، فەرمووی هەر کەسە بۆ خۆی بۆچوونێکی هەیە، من بە ڕاشکاوی دەڵێم تا ئێستا کتێبی وا تەواو لەبارەی فیقهی شافیعیدا نەنووسراوە.

من لێرەدا دەمەوێ بەکورتی لەبارەی ئەم دیوانە شتێک بنووسم. بەبڕوای شارەزایانی شێعر و ئەدەب نالی یەکێکە لە گەشترین و پرشنگدارترین ئەستێرە بەرزەکانی ئاسمانی ئەدەبی کوردی. تەنیا ڕەخنە یا بە ئەدەبتر بڵێم دەردی دڵێکی لە شێعری نالییان بوو ئەوە بوو کە تێگەیشتنی شێعرە ناسک و وردە جوان و ڕەوانەکانی زۆر هاسان نەبوو، پێویستی بە شیکردنەوە، لێتوێژینەوە و وردبوونەوەی تەواو بوو. کەسێک سێ زمانی عەرەبی، فارسی و کوردی نەزانیبایە چاک لە شێعری نالی نەدەگەیشت. مامۆستای مەزن هەستی بەو کەموکوڕییە کردووە بۆیە بەخۆی و بە کوڕانییەوە، هەستاون، تێکۆشاون، ڕەنجیان کێشاوە و بە هەزاران زەحمەت نوسخەی دەستنووسیان پەیدا کردوون لەبەر یەکیان ڕاناون و ئەم دیوانە بەنرخەیان شەرح کردووە. لە هەووەڵەوە پێشەکییەکی زانایانەیان بۆ نووسیوە کە خۆی کتێبێکی سەربەخۆیە و خوێندنەوەی بۆ هەموو ئەم کەسانەی سەریان لە شێعر و ئەدەب دەخورێ پێویستە. لەدوایە شێعرەکانیان ڕاست کردۆتەوە. ماناکانیان لێداوەتەوە، هەڵسەنگاندووە و لەپێش خوێنەریان داناوە.

تا ئێستا کاری وا لەنێو کورداندا نەکراوە. زۆر کەس لەسەر نالییان نووسیوە، بەڵام کەس ئەوەندەی خۆ پێوە ماندوو نەکردووە. ئەوانی باش بوون، ناتەواو بوون ئەوانەی نەزانانە نووسرا بوون هەر نەبان باشتر بوو. هیچ کارێک ئەویش کاری وا ئەستەم و گران بێ کەموکوڕی نابێ، ڕەنگە ئەو کارە گەورەش نەختە نەقسێکی هەبێ، بەڵام بێگومان هاوتا و وێنەی نییە.

من بۆ خۆم پتر لە نیو چەرخە سەروکارم دەگەڵ شێعری نالیدا هەیە ئەو سەردەمە کە وەک سوختەیەکی نەزان لە خانەقای شێخی بورهان بووم دەمدی مەلا زاناکان و موستەعیدە باشەکان لەسەر شێعری نالی دەڕۆن، ئەگەر نیوە خوێندەواری وەک منیان بۆ حاڵی نەبووبان، هیچ نەبێ سەرنجیان بۆ لای مەلە لەو دەریا مەند و بێبەستێنە ڕادەکێشان، چاپ بوونی نالی لەلایەن کوردی و مەریوانیوە دەروێکی بۆ کردمەوە ئەگەرچی ئەم دیوانە نازدارە، بێئازارە دێو و دوژمنی پۆلیسی دەورانی ڕەشی پاشایەتی ڕەزاخان بوو بە دەس هەر کەسەوە گیرابایە هاواری سەر و ماڵی بوو، بەڵام من پەیدام کردبوو بە دزییەوە دەمخوێندەوە. موقبیل بە چاپکردنەوەی دیوانی نالی سەرەڕای ئەم کەموکوڕییانەی لە کاریدا هەبوو پتری بەرەو تێگەیشتنی شێعری نالی بردم. نێو و نرکە و هێرشی گیو لە نالیی نەتۆراندم تەنانەت چاپەکەی مووەفەقیشم نەک جارێک دەیان جار خوێندەوە. خوالێخۆشبوو حاجی مەحموودی وەتەمیشیم کە بازرگان و مڵکدارێکی پیر و خۆشزەوق بوو، باش دەناسی و بەو حاڵەوە دیتنی بۆ من هاسان نەبوو چونکە ئەو هاوین و بەهار لە دێ بوو، منیش هەر لادێیی بووم و کەمتر دەچوومە شار کە زستانان بەخزمەتی بگەم زۆرم کەڵک لە شێعر ناسیی ئەو پیاوە گەورە وەرگرت کە ڕەنگبێ کەم کەس مابن لەبیریان بێ ئەدیبێکی چەند بەئینساف و پیرەپیاوێکی چەند قسەخۆش بوو. ئێستاش بۆم ڕوون نەبۆتەوە ئەو بازرگانە زرینگە کە سەروکاری دەگەڵ گەز و جاو و کەتیرە و مازوو و خوری و مافوورە بوو چۆن ئەو هەموو شێعرە کوردییە جوانانەی لەبەر بوون. ئایا بەیاز و دەستنووسی باشی بوون و دەرینەدەخست یا حافیزەی وا بەهێز و قەوی بوو کە چی لەبیر نەدەچۆوە. بە ڕەحمەتی خودای شاد بێ. ئاخ و داخ چەن گەورەپیاومان بوون و حاجی قادر گوتەنی: «لەبەر بێ دەفتەری گوم بوون و فانی».

شەقی ڕۆژگار هەڵیداشتمە کوردستانی عێراق لەوێ زۆر نالیی ناسم دیتن و باشترم نالی ناسی تا سەرم لە بەغدا هێنا دەر و بەخزمەت مامۆستا مەسعوود محەممەد گەیشتم. تا ئێستا کەسم نەدیوە وا لە شێعری نالی بگا. گفتولفتێکی خۆشی بوو کە بە بەیانی سیحراوی خۆیەوە دەهاتە شیکردنەوەی شێعری نالی خۆی مەست و سەرخۆش دەبوو و گوێگری وەجۆش دەهێنا. داخم ناچێ ئەم مامۆستایە ئەوەندەی لەسەر شێعری نالی دەدوا ئەوەندەی نەدەنووسی تا کۆمەڵ پتری کەڵک لێ وەرگرێ. لەبیرمە لە دانیشتنێکدا کە مامۆستا بە عادەتی خۆی شێعری نالی شی دەکردەوە، یەکێک لە دانیشتووان لە منی پرسی بەبڕوای تۆ مامۆستا لەبارەی نالیدا زۆر زێدەڕەوی ناکا؟ گوتم: من لەتەنیشت مەهابادەوە لەلایەکەوە تا سەرچاوەی «زەڵم» و لەلای دیکە تا هاوینەهەواری سەرسەنگ گەڕاوم و دەگەڵ زۆر مامۆستای گەورە دانیشتووم کەسم نەدیوە ئەوەندە شارەزای شێعری نالی بێ. کەچی دەوێرم بڵێم ئەو گەورەپیاوەش بەتەواوی لە شێعری نالی نەگەییوە. مامۆستا مەسعوود فەرمووی بە خوا ڕاست دەکەی. من ئەو مەلەوانە نیم بینم ئەوەندە درێژ بێ کە بتوانم لە دەریای بێ بنی شێعری نالی ئەو هەموو دوڕ و مروارییانە بێنمە دەر هەروا پەلەقاژەیەکی ناشیانەیە دەیکەم. بەڵکوو شتێکم وەبەر دەس کەوێ. زۆری پێنەچوو ڕۆژێک لەخزمەت مامۆستا مەسعوود لە کۆڕی زانیاری کورددا خەریکی کار بووم. کاکە حەمەی مەلا کەریم هاتە ژوور و گوتی: «ئێمە مانای وشەی «نەی سەوار»مان لەو شێعرەدا نەزانیوە ئێوە چۆنی بۆ دەچن» زۆرمان بیر لێ کردەوە و نەمانزانی. بێئەدەبیم کرد و گوتم: «مامۆستا ئەو کاتە من گوتم جەنابیشت دیوانی نالیت بەتەواوی بۆ ساغ نەبووەتەوە و تۆ گوتت ڕاست دەکەی من پێم وا بوو تەوازوع دەفەرمووی بەڵام قسەکەم وەڕاست گەڕا... گوتی: «ماڵە نالیت نەشێوێ کێ سەرەدەر لەو هەموو وردە داوانە دەردەکا کە ئەو ناویەتەوە؟ من چوزانم نەی سەوار چییە؟» ئیجازەم لێ وەرگرت و چوومە ژووری کاکە حەمە، هەرچی فەرهەنگی فارسی و کوردی لە کۆڕدا هەبوون سەنگوسووژنمان دان و سەرە و بنمان دان و سەرا و بنمان کردن و ئەو وشەمان نەدۆزیەوە. دیارە پاش ناهومێد بوون لە پەراوێزی لاپەڕە ٣٣٤دا گوتوویانە دوور نییە نیزەدار بێ کە لە شێعرەکەدا بێ مانا نییە. ئەو ڕۆژەی من گوتم کاکە حەمە حەیف فەرهەنگی دەوڵەمەندی دوکتۆر «موعین»مان بەتەواوی لەدەسدا نییە. وێدەچێ ئەو ئەم وشەی گرتبێ. ئێستاکە ئەم دێڕانە دەنووسم فەرهەنگی دوکتۆر موعینم لەبەر دەسدایە. ئەو فەرهەنگە گەورەش ئەم وشەی نەگرتووە. بەڵام وشەیەکی تێدایە کە پیاو دەخاتە گومانەوە کە مەبەستی نالی ڕەنگبێ ئەم وشە بێ و ئەوانەی دیوانی نالییان نووسیوەتەوە بەهەڵەیان تۆمار کرد بێ. فەرهەنگی موعین وشەی «نیساری» گرتووە بە مانا سوپاهی و لەشکری و دەڵێ. فیردەوسی لەبارەی تەبەقەی دووەم لە چوار تەبەقەی جەمشیددا دەڵێ:

صفی بر دگردست بنشاندندفارسی
همی نام نیساریان خواندندفارسی

و هەر وەها زیادی دەکا و دەڵێ: وشەی «نیساریان» لە زمانەکانی ئێرانیدا سابیقەی نییە و بێشک موحەرەفی (artistar)ی پەهلەوی (ئوستایی raeslara) بە مانای «شەڕکەر و سوپاهی» هاتووە و ئەم وشەیە لە فارسیدا بووەتە «ارتیشدار».

دۆزینەوەی ئەم وشە منی خستە سەر ئەم باوەڕە کە «نەی سەوار» «نەی سیار»بێ، بەغەڵەت نووسرابێتەوە چونکە زۆر ڕوونە و بە هاسانی لە شێعرەکانی دەردەکەوێ کە نالی زۆر ئەهلی خوێندنەوە و موتاڵا بووە. دەسەڵاتێکی زۆری بەسەر ئەدەبیاتی عەرەبی و فارسیدا هەبووە. وەک بە ئیشتیا لەسەریان نووسیوە گەڕیدە بووە و بە کوردستاندا گەڕاوە. ئەگەر واش نەبێ ئاشنایەتی ئەو دەگەڵ بابانەکاندا حاشای لێ ناکرێ. ئەوانیش کتێبخانەی ئەمیرانەیان بووە کە نالی کەڵکی لێ وەرگرتووە. تەماشای ئەو چەند شێعرە بکەن تا بزانن من بێ بەڵگە وا ناڵێم.

نالیا ئەم غەزەلە تازە کە تازەت گووتوە
بە دووسەد مەسنەویی لوبی لوبابی نادەم
***
نییە دەخڵم لە شانامە و مەسافی غەیری ئەم نوکتە
کە کوشتەی بەندی تۆیە هەر کەسی ئازاد و ئازا بێ
***
کە دیتم ڕەنگی سەد ڕەنگی، گوتم بابایی عەییارە
کە بیستم لەفزی بێدەنگی گوتم شیپووری شاپوورە

بەڵێ بەم شێعرانەڕا کە ئەگەر ڕیزم کردبان زۆر پتریان جێ دەگرت دیارە کە نالی هەموو جۆرە کتێبێک کە دەخڵی بە مەلایەتییەوەش نەبوو بێ خوێندوەتەوە. کەسێکی ئەسکەندەرنامەی ئەفسانەیی خوێندبێتەوە و نەسیمی عەییار و شاپووری عەییار بناسێ، ئاشکرایە کە شانامەی فیردەوسی زۆر جار سەرە و بن کردووە و ئەم وشەی لە شانامە وەرگرتووە و ئەگەر ئەوەی زانیبێ کە نەی سیاری بە تەبەقەی دووەم لە چوار تەبەقەی زەمانی جەمشید گوتراوە ئەوە دەبێ شێعرەکە لە ئەسڵدا ئاوا بووبێ.

دیدە نیگهبانی یار، ناڵەی دڵ نەی سیار
تیپی سریشکم هەزار ئاهە عەلەمداری من

یانی چوار تەبەقەی زەمانی جەمشیدی ڕیز کرد بن و لەباتی تەبەقاتی لەشکری تورکان کە لە مەغوولییەوە وەرگیراون، «ئون» «یوز» «تومان» بەکاری بردن چونکە گومان لەوەدا نییە کە هەزار پڕ بە پێستی «تومان»ی مەغوولییە. ئایا تاقمە مومتازەکەی ئەحمەد پاشای دۆستی وا تەبەقەبەندی نەکردووە و ئەو شێعرە پڕ ڕەمزەی پاش نەمانی تاقمەکە نەگوتووە؟ جوابی بە من نادرێتەوە. بەڵام دەغدەغەی لەدڵمدا پەیدا کردووە.

ماوە شتێک لەبارەی نالیدا باس بکەم کە تا ئێستا کەس لەو بارەدا نەدواوە. ئەویش ئەوەیە، جگە لەوەی نالی خەریکی پێکهێنانی زمانی یەکگرتووی کوردی بووە، شۆڕشی ئەدەبیشی کردووە. ئەم ڕەسمە نالەبارەی لە دیوانی شاعیرەکانی پێشوودا هەبووە کە لە ئەلفەوە تا یا بکەنە قافیە لە دیوانی نالیدا نییە. کوا قافیەی «ڵ»، «ﻇ»، «ذ»، «ع»، «خ»، «غ» لە دیوانەکەیدا؟ کە دیوانی شاعیرە هەرە باشەکانیشی دزێو کردووە. لەباتی ئەوانە شێعری وا هەیە کە پیتە تایبەتییەکانی کوردی بۆ کردوونەوە قافیە وەک «ێ». «تەشریفی نەوبەهارە کە عالەم دەکا نوێ» نالی بەپێچەوانەی بۆچوونی هێندێک شێعرنەناس کە گوتوویانە هەر خەریکی دوو کار، شێعر و وشە ئارایی بووە و گوێی نەداوەتە نێوەڕۆک، شاعیری بەتەواوی مەعنای کەلیمە بووە. شێعری تەنیا بۆ دەربڕینی ئیحساسی ناسکی ئینسانی گوتووە جگە لە چەند پارچەی وەک وەسفی حوجرە و گوێدرێژەکەی و وەسفی تەبیعەت کە ئەوانیش لە ئیحساسی شاعیرانە بێبەش نین. شێعرەکانی دیکە پڕن لە سۆزی ئاشقانە و کوڵوکۆی دەروونی خۆی. بۆیە گوێی نەداوەتە ئەو قاعیدە و ئوسووڵەی کە زانستی عەرووز شاعیری ناچار کردووە ڕەچاوی بکا. یانی غەزەل لە حەوت شێعر کەمتر نەبێ و حەتمەن دەبێ تاق بێ. باشترین غەزەلی نالی ئەو غەزەلانەن کە لە حەوت شێعر کەمترن یا جووتن. یانی نالی لەهەر جێگایەک کوڵوکۆی دامرکاوە قەڵەمی ڕۆناوە و تا ئیحساساتی دانەمرکاوە قەڵەمی تاوداوە. ئەگەر لە پارچە شێعرەکەی مەستوورە وردببنەوە، تێدەگەن ئەو نالییەی کە وەستای قافیە بووە، لێرەدا ڕیعایەتی قافیەشی لە چەند جێگا نەکردووە. دیارە دۆزینەوەی ئەو جێگایانە کاری ئەو کەسانەیە کە دەزانن ڕەدیف و قافیە چن؟ بە ڕەحمەتی خودا شاد بن ئەو مامۆستایانەی بێ وردبوونەوە و بێ ئەوەی بزانن شێعر چییە؟ فەرموویانە ئیحساسی شاعیرانە لە شێعری نالیدا نییە یا کەمە، توخودا خوێنەری خۆشەویستی شێعرناس سەرنجێکی بدە ئەم دیوانە تا بزانی ئەو هەژارانە چەند لە شێعر ناسیندا کۆڵەوار بوون.

لە جێگایەکەی تریش باسم کردووە کە قوتابخانەی نالی بەهۆی مەلا ساڵحی حەریقەوە لە کوردستانی ئێران بەتایبەتی لە موکریاندا برەوی پەیدا کردووە.

لەم ساڵانەی دواییدا کتێبێک بە فارسی بە ناوی «ایران امروز» بڵاو بۆتەوە کە لە نووسینی «ئۆژین ئوبین» سەفیری وەختی فەرانسە کراوەتە فارسی. ئەم دیپلۆماتە لە ساڵەکانی ١٩٠٧-١٩٠٦ بە سابڵاخدا تێپەڕیوە و چەند لاپەڕەیەکی ناشیانەی لەسەر ژیانی کوردی ئەم مەڵبەندە نووسیوە کە سەرنجڕاکێش نیین. تەنیا ئەوەندەی سەرنجڕاکێشە کە لەبارەی نالیدا نووسیویەتی:

لە نێوەڕاستەکانی چەرخی ڕابردوودا شاعیرێک لەنێو کورداندا هەڵکەوت کە ناوبانگی لە چوارچێوەی هۆز و خێڵ و زێدی خۆی زۆر وێوەتر ڕۆیی، نالی مەلایەکی خەڵکی سلێمانییە کە ئەمڕۆ شێعرەکانی لە دوورترین خڕ و شیو و دۆڵەکاندا ویردی زمانی کوردانە ئەم شێعرانەی، موفتی سابڵاخ، (کە لە جێگایەکی تر بەناوی مەلا محەممەدی موفتی ناوی بردووە) بۆ ئێمەی وەرگێڕان.

دیارە ناوبانگی نالی هەشتا پترە گەیوەتە سابڵاخ کە موفتی وای بە سەفیر ناساندووە. نازانین شێعرەکانی بە چ زمانێک بۆ سەفیر وەرگێڕاون. بەڵام پاش ئەو هەموو بەردەشۆر و دەسکارییە هێشتا تام و خوێ و بۆن و بەرامەی شێعری نالییان پێوە دیارە. ئەوەش جوابێکە بۆ ئەو کەسانەی دەڵێن نالی زیاتر بە شکل و وشە ئارایییەوە خەریک بووە تا نێوەرۆک و مەزموون. جارێک هەر لەو بارەدا لە کۆڕێکی ئەدەبیدا کە خوشک و برای عەرەبیشی لێ بوون گوتم توخوا ئەم شێعرەی نالی بۆ ئەم برا و خوشکە خورمانێژ و خورما خۆرانە کە فرچکیان بە خورما گرتووە بکەنە عەرەبی بزانین بۆ خۆیان یاری شیرینی خۆیان وا بە خورمای خۆماڵی شوبهاندووە کە کوردێکی شارەزووری کەڵاش لەپێی مێوژ خۆر شوبهاندوویەتی.

دەخیلت بم نەخیلی یا ڕوتابی
وەها شیرین و سینە نەرم و دڵڕەق

هەموویان کە مەزموونی شێعرەکەیان بیست گوتیان تا ئێستا شێعری وا لەتیفمان لە عەرەبیدا لەو بابەتەوە نەبیستووە. هەموو دەزانین شێعر کە وەرگێڕدرا جوانی شێوە و شکل لەدەس دەدا.

لەپێشدا گوتم ئەم کتێبەش بێ کەموکوڕی نییە. بەڵام تا ئێستاش بێوێنەیە. لە چەند جێگا نەزەری خۆم لە پەراوێزدا نووسین. بەڵام چونکە ئینتیشاراتی سەڵاحەددینی ئەیوبی لە چاپ کردنەوەی ئەم دیوانەدا بۆ ئەوەی کوردەکانی ئێرانیش دیوانێکی کەم غەفڵەت و شەرح لێکراویان لە دەسدا بێ بەپەلە بوو هەقیشی دەدەمێ منیش نەمتوانی چاکی پێ ڕابگەم. دیسان لەلایەن هەموو کوردێکی ئەدەبدۆستەوە سوپاسی مامۆستا و کوڕەکانی دەکەم.

نازانم کێ بوو نووسیبووی هەر ماڵێکی ئێرانی کە قورئانێکی پیرۆزی لەسەر تاقە دانابێ پێویستە دیوانێکی حافیزیشی لەبن بێ.

منیش دەڵێم خۆزگە هەموو ماڵە کوردێکیش دیوانی نالی لەژێر قورئانی پیرۆزدا دانابایە.