هەژار و شەرەفنامە

وتەیەک لە پێشەکیی شەرەفنامەدا
لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 14 خولەک  1757 بینین

تەڕەساڵی وام نەدیبوو، هەوری ڕەش و چڵکن بەربینگی عاسمانیان بەرنەدەدا، تەم لە سەران نەدەڕەوی، باران هەڵی نەدەبرینگاند. ڕۆژ نەبوو چەند ڕەهێڵەی توند نەهێنێ و شەو نەبوو چەند ڕێژەی بەخوڕڕەم نەبارێ، شریخ و هۆڕی هەوران نەدەپساوە بەبێ نێوبڕ... بریسکەی دەدان...

لەنگێزە و باسریشک و قوڕوچڵپاو و جڵیتاو بڕستیان لەکەڵ دەبڕی، کەویە بەفر و ڕونوو هەرەسیان دەهێنا، زەوی دەجمی و ڕێوبان جمگەیان دەدا.

لەو بەهارە تەڕ و تووشەدا و لەو ڕۆژە گرژ و مۆنانەدا، لە بناری کێوە سەربەرزەکانی کوردستان، لە بنکەیەکی پێشمەرگە تووشی یەک هاتینەوە.

من و هەژار لە منداڵییەوە، هاواڵ بووین، وێکڕا پەڕەوازە و گەورە ببووین، هەڕەتی لاوەتیمان پێکەوە لەناو چوار دیواری قوڕماوی پڕ لە جۆڵاتەنەی حوجرەی کۆنە مزگەوتاندا ڕابواردبوو... ئێستاش وا بەسەری پیری، پاش بیست و ئەوەندە ساڵ لێک دووری و هەڵبڕان و تامەزرۆیی یەکترمان دەدیتەوە... نەهاتی و لێقەومان هەردووکمانی کەنەفت و کەلەلا و پیر و زورهان کردبوو. ئەو ئەستوور ببوو من لاواز، ئەو لەبەر ورگ و گەد و گیپاڵی پشووی لێ بڕابوو، من لەبەر کزی و بێهێزی هەر لاکەی سەرم دەهات... دیسان سەرمان گەیشتەوە یەک و بووینەوە: یەکماڵ. ماڵی چی؟ دوو لێفەی شڕ و پەتووڕ، سەرسەرینی پەڕبڵاو و هەڵوەشاو، هەریەکە تەختە شکاوێک و بە هەردووکمان چرایەک و چادانێک و دوو پیاڵەی ڕووکێش و ئاوخۆرەوەیەکی گڵینە و ئاوێ بێنە و دەستان بشۆ.

ژوورەکەمان بە وشکەبەرد داندرابوو. دیوارەکانی خوار و خێچ بوون، لە هەموو لایەکەوە زگیان دابوو.

هیچ دیوێکی سواغ نەکرابوو، باگێڕەوەی نەبوو، ئاڵوودارەکانی کەڕواوی بوون و چەکەرەیان دەرکردبوو.

هەڵاشەکەی داچوڕا بوو، بۆساردێکی پیسی لێ دەهات... هێندە تەنگ و تەسک بوو بە چیڕەچیڕ جێمان دەبۆوە. هێند تاریک بوو بە نیوەڕۆ چرای دەویست. هێند نەوی بوو، تێیدا هەڵنەدەهاتینەوە...

قسەی خۆمان بێ زۆریش تێر و پڕ نەبووین. دەگەڵ پێشمەرگە جوان و جحێڵەکان لەسەر خوانێک کۆ دەبووینەوە و ژەمەنانمان یەک بوو، زێدەپارووی چەور و نەرمی پیری چڵێس و گردەنشینمان بۆ دیاری نەکرابوو... گوزەرانمان پێکەوە مێخۆش بوو: ترش و شیرن تێکەڵاو بوو، یادی ڕۆژانی ڕابردوومان دەکردەوە و دواڕۆژمان بەراورد دەکرد... ئەوەندەمان خۆشی و ناخۆشی بەسەر دڵ و مێشکدا تێدەپەڕی کە وەک دەروێشەکانی چیرۆکی کۆن دەگریاین و پێدەکەنین، گریانمان بە پێکەنین سواغ دەدا. یاخود بڵێین زۆر زۆر پێدەکەنین و قاقا دەگریاین. شەوگار شەق دەبوو، لە بێداریی بێزار دەبووم باوێشک دەمیان گەزێک پێ دادەچەقاندم بە وەنەوز و وردەوێژینگانەوە دەبیرەخەو ڕادەچووم و دەلێفە شڕەکەم دەخزام و دەمەویست سەرخەوێک بشکێنم و شەکەتی و کفتیم نەمێنێ. ئەو تازە وەخۆ دەکەوت: چوار مێردەکی لەسەر تەختە بێ بەختەکەی بە پانەوە دادەنیشت، کاغەز و قەڵەمی لەسەر کۆشی دادەنا، کەوڵە تیسکنەکەی بەخۆی دادەدا. ملی خوار و سەری زل و شان و کەوڵی کە سێبەریان دەخستە سەر دیوار، ئەو شەولەبان و غوولی بیابانەی وەبیر دێنامەوە کە دایکم بە ساوایی لێی ترساندبووم.

دیارە من لێم نەدەپرسی چ دەکەی؟ ئەویش نەیدەگوت چ دەکەم بەڵام دەمدی: شەرەفنامەی فارسی و عەرەبی لەدەوری خۆی دادەنان و لەبەر یەکی ڕادەنان و بە تێڕامان چاوەکانی بن چاویلکەی بازبازێنیان بەسەردا دەکردن. هەر لەبن لێوانیشەوە پرتە و بۆڵەی دەهات و ورتە ورتی بوو. جار لەدوای جاریش جیڕەی قەڵەمە بۆری دەهات... بەوەدا دەمزانی خەریکی وەرگێڕانی شەرەفنامەیە... کە وەختی خۆی بە فارسی لەسەر مێژووی کورد نووسراوە و بە چەند زمانێکیش تەرجومە کراوە. بەڵام وا دیارە هیچ کوردێک بە پێویستی نەزانیوە - یان دەخۆی ڕانەدیوە - بیکاتە کوردی...؟ چونکە:

شەرەفنامەی فارسی یان بڵێین فارسیی شەرەفنامە زۆر سەخت و گرانە و ئەمڕۆ لەناو فارسیی زمانانیشدا هەموو خوێندەوارێک تێی ناگا... بۆ ئەوەی ئەم ڕاستییە ڕوون کەینەوە دەبێ تۆزێک بەرەو پاش وەگەڕێین و سووکە ئاوڕێک لە ئێرانی زەمانی سەفەوی بدەینەوە.

سەفەوییەکان زۆڵە کوردی تازە ترکی لەڕێ دەرچووی دووڕەگ بوون و بە ملهوڕی و گەلۆری دەژیان، لەژێر پەردەی ئایین و بەناوی وسێن و هەبباسەوە شەڕیان بە خەڵک دەفرۆشت و لە کوشتار و تاڵان و بڕۆ بەولاوە نەیاندەزانی دنیا چ باسە... گوللە تۆپێکیان بە سەد کتێبی باش نەدەگۆڕیەوە، هونەری جوان و شێعری پڕ مانا و ڕەوان لەلای ئەوان شیر و مەتاڵ و تیروکەوان بوو، ئەگەر کاریان بکەوتبا نووسینیش، نووسەرێکی وایان دەویست کە بە پاروە بەرماوێک و چنگە دراوێک کلکەسووتەیان لەبەر بکا و کێچیان بۆ بکاتە گا و بە کەر بڵێ شێر و کوێر بە چاوتیژ دانێ و دز و بێویژدانان بە خدری زیندە قەڵەمداد بکا...

نووسەری هونەرمەند و کارامە و بڕوا بەخۆ شەرمیان لە خۆیان دەکرد و پێیان زۆر شوورەیی بوو ئاوڕوویان بە ئاوەڕۆدا کەن و ویژدان بە گیرفان بفرۆشن... بەناچاری خزینە گۆشە و کەنارانەوە و هەڵوەدای شاران بوون و هێندێک لە هیند سەری هەڵدایەوە و گەلێکیش بێ ناوونیشان توایەوە...

خوێڕی و تۆڕیش کە ببوونە گۆشتی سەر چەپەر، بە بلوێری خاوەن زێڕ و زۆران کەوتنە سەما و سەر و گوێلاکی ئەدەبی فارسییان لەبەر پێدا پڵیشاوە و خمی لێ شێواو لەبەر یەک هەڵوەشا و ڕەتێنرا و نسکۆی برد و ئەگەر سەفەوی گۆڕیان گوم نەبووبا... لە مردن نەدەگەڕایەوە. لەپاش ئەوانیش هەتا درەنگ هەر خۆی بەسەر پێوە نەگرتەوە...

شەرەفخان لەو ڕۆژگارە ئەنگوست لەچاوەدا چاوی کردۆتەوە و لەناو تەپوتۆز و گێژەڵووکەی سەفەویدا بەخۆدا هاتووە، لە ماڵی شادا ئەو فارسییە دزێو و بن شڕەی پێ خوێندراوە! بەڵام ئەو کابرا بڵیمەت و هەڵکەوتووە زۆر بەدەخۆ ڕادیوی باسکی لێ هەڵماڵیوە و لەو گێژاوە خۆی پەڕاندۆتەوە و هێناویە ئەدەبیاتە بێ زەلەتەکەی ئەو ڕۆژەی بەبا کردووە و لە کەوی داوە و بەردبژێری کردووە و بە دانستە سپی کردووە و توێکڵی فڕێ داوە و کاکڵێکی پاک و خاوێن و تێرگۆشتی لێ هەڵبژاردووە و لەسەر پەڕی شەرەفنامەی داناوە و بە نموونەی ڕەوانی و جوانی پێشکەش بە فارسیی دۆستانی ئەو زەمانەی کردووە. بەڵام لەڕاستیدا ئەو کاکڵە جوان و بەرچاوەش چونکە بەری داری ئەو دێمەکارەیە، هێندە ڕەق و چیڕە ددان دەشکێنێ... جا من هەرچەندە دەمزانی هەژار فارسی دەزانێ و زۆر باشیشی دەزانێ... بەڵام لە دڵی خۆمدا پێم وا نەبوو دەتوانێ ئەو گابەردە لەسەر شان دانێ و لەو کەل و بەندەنە رژد و کوڕە سەرکەوێ!!

وەرگێڕانی ئەو کتێبە ڕەق و زلە پشووی درێژ و جیکڵدانەی گوشاد و لە کارنەوەستان و ڕەنجی فەرهادی دەوێ... پیاوی دەوێ بە درێژاییی ساڵ و مانگ سێ سەرەی لەسەر هەڵنەگرێ و هەتا ئەو کەلاوە هەراوە لە هەموو لاوە سەر نەگرێ کاری بە کاری کەس نەدابێ... هەژاری وا شل و شەوێق و پەڕژوبڵاو، لە لایەکەوە بە بنکە ڕابگا و لە لایەکەوە دەستەچیلەی گڕی شۆڕش بۆ ئێزگە کۆ بکاتەوە و لە لایەکی تریشەوە کەرستەی ڕۆژنامە و شەونامە ئامادە بکا... سەرەڕای هەمووانیش وەرگێڕانی شەرەفنامەی شەرەفخانیش سەربار بێ و ئەویش ڕاپەڕێنێ؟ هەیهوو!! چی بەسەر چییەوە؟ بڕوام وا بوو هەوایەکە لە کەللەی داوە و کرمێکە لە سەریدا دەجووڵێتەوە هەر سەرێکە و لێی وەڕەز دەبێ و وازی لێ دێنێ.

بەهار پیر بوو، باران وەستانەوە، هەور ڕەوین، تاو خۆی نواند، تەمومژ بوونە هاڵاو و دەگەڵ بەفری پار چوونەوە، گزوگومبەت گەرما شاڵاوی هێنا و جڕوجانەوەر ژیانەوە و دوژمنانی کوردستانیش دەگەڵ تینی گەرما بووژانەوە، وەک ژەنگەسوورە هاڕووژان و دە سەروچاوی نیشتمانپەروەرانی کورد هاڵان... ڕۆژانە لەبەر گڕەگڕی فڕۆکە و گرمە و زرمەی بۆمبا و تەق و تۆق و شەوانە لەبەر هاشەهاشی ماران کە بە درزی دیوار و کون و کەلێنی باندا بۆ ڕاوی مشک و نانی وشک سەریان بە ژوورەکەماندا دەکرد... ئۆقرەمان لێ هەڵگیرا و سانەوەمان لێ تۆرا و لە هێلانەکەی تەرە بوو...

بەر لەوەی بزانم شەرەفنامەی کوردی سەری بە کوێ گەیشت، چاری ناچار لێک هەڵبڕاین و هەریەکە بۆ لایەک بازرە بووین و وێڕای کەودەری دەگەڵ بەفران هەڵدەکشاین...

ساڵ پاییزێکی درەنگ بوو، سیخوار لەبەر پەساران هەڵی نابوو. ئاور خۆشەویست ببوو، لەدەوری ئاوڕگی پڕ لە پۆلووی داربەڕوو دیسان ژیانی دوو برالە دەقی جارانی گرتەوە...

ئێمەی وا سوێر قسە هێشتا لە چەنەچەنی چاک و خۆشی نەوەستابووین و هەژدەر هەژدەر قسەمان لە دەم دەردەپەڕی... هەستا و لەسەر دەلاقەوە لە کۆنە تەوراتێک نەوی و خستیە ئامێزمەوە و گوتی: دەها بیخوێنەوە... بەڵام گەردنت ئازا نەبێ ئەگەر بە چاوی دوژمن سەیری نەکەی و ئۆباڵم بە ملت ئەگەر هەر ڕەخنەیەکت بە بیردا دێ، چاوی لێ بپۆشی و پێم نەڵێی... ئەگەر دۆستی بمگریەنە و نامەوێ قانەقدیلەم دەی... ئەگەر چرووک و پووکت وەبەر چاو بێ و دەنگ نەکەی تووک لە منداڵت نەیە. منیش بەبێ فوو لە دۆ کردن لێفەکۆنم لێ ڕاخست و شانم لێ داخست و شەرەفنامەی فارسیشم لەلای خۆم دانا و هەژارنامەی کوردیم زۆر بە وردی خوێندەوە و دەگەڵ ماکەکەیدا لەبەریەکم ڕانان و چۆنم هاتە بەرچاو، ئاوای دەگێڕمەوە:

پیاو هەق بڵێ دەربارەی مێژووی کورد هەرچی شەرەفخان بەدڵ نیازی لێ گرتووە و دەستی بۆ بردووە خستوویەتە سەر کاغەز. نوک و بەدی هەر لە سیر هەتا پیوازی زۆر بە دەسپاکی ڕاگوێزراوە و بەرگە عەجەمییەکەی لێ داڕناوە و جوان و قازاخ شۆراوە و جلوبەرگی زۆر نایابی کوردی دەبەر کراوە و بە خشڵ و زێڕ و سسڵە و پپڵە و خرینگە و ئۆیەی کوردانە ڕازاوەتەوە و ئەگەر دەبینی هەزار قوڕعان دەخۆی: کە ئەو کتێبە هەرگیز بە بۆرە خزمایەتیش نەچۆتەوە سەر فارسی و هەر زکماک کوردییە و بە کوردی ڕسکاوە.

هەر کەس بزانێ تەرجەمە کردن دەبێ چۆن بێ؟ تێدەگا کە هەژار لەو هونەرەدا دوا نەکەوتووە و بگرە زۆریش لەسەرە...

ئەوانەی ئەم کتێبە دەخوێننەوە لەوانەیە پێیان سەیر بێ کە هەژار ئەو کوردییە چۆن فێر بووە؟ بەڵام بۆ من کە لە گەپ و گەمەی سەر سەرانگوێلکانەوە دەگەڵی گەڕاوم و دەزانم چۆن ژیاوە لە کوێ ژیاوە و لە چەند سەرچاوەی هەڵێنجاوە... هیچ شتێکی سەمەرە نییە و بەلای منەوە باری خۆیەتی:

بەبڕوای هەموو کوردیی زانێکی لە ڕاستی نزیک و لە شەڕە گەڕەک بەدوور تەنانەت بەبڕوای زۆربەی ڕۆژهەڵات ناسانی ڕۆژئاواییش لەناو زاراوەی سۆرانیدا شێوەی موکریان لە هەمووان پاک و ڕەوانتر ماوە و وشە و ڕاوێژی دەمی بێگانەی زۆر کەمتر تێخزاوە. لەناو موکریانیشدا ناوچەی بۆکان لەو بارەوە سەرتۆپە... هەژار، موکریانییە و سەر بە ناوچەی بۆکانە و منداڵی ئەو ناوە هێشتا سەریان لە هێلکە نەجووڵاوەتەوە لە کوردیدا بلبلن و زمانیان هەتا بڵێی ڕەوانە...

بابی هەژار زانا و کوردپەرەست بوو، هەموو کوردستان گەڕابوو، کرمانجی و سۆرانیی زۆر باش دەزانی و لە ئەدەبی کوردی و فارسی و عەرەبی و تورکیدا دەستێکی باڵای هەبوو... هەژار لەسەر کۆشی ئەو بابە زمانی گرتووە و قسەی خۆش فێر بووە و دڵ و مێشکی بە شێعر و چیرۆکی کوردی ڕاهاتووە...

لە دێ گەورە بووە، دەگەڵ منداڵان بەو کوردییە بێگەرد و ساکارە دواوە، دەگەڵ کیژۆڵاندا لەوبەر لەوبەری چیاوە باللۆرەیان بۆ یەکتر هەڵداوە... شەڕەجنێو و فڕ پێکدادان و تەوس و پلار و توانجی پیرێژنانی بیستووە... شەوانە بە لایەلایەی دایکە کوردی موکریانی دەخەو ڕاچووە، بەیانی بە ورینگە ورینگی دڵتەزێنی کیژە کوردی مەشکەژێن وەئاگا هاتووە... لە مزگەوتی لادێ، بەیت و لاوک و حەیران و گەلۆ، شەو و نیوەشەو و درکانە و ئازیزە و پاییزە و سوارۆ، گوێچکەیان ئاو داوە...

بە مێرمنداڵی لە خانەقای شێخی بورهانی خوێندووە کە دەتگوت کەشتیی نوحە و هەموو توخم و تۆوێکی لێ کۆ ببۆوە. هەر شێوە و زاراوەیەکت بویستایە دەبەر دەستدا بوو... لە پەرێز و خێرۆکی پیران و زانایانی وەک: سەید ڕەشید و سەیفی قازی و شێخ محەممەد و مامۆستای فەوزی دەسکەنەی کردووە و گوڵی هەڵگرتوونەوە... کە پێش گەیشتووە دۆست و هاونشینی شاعیران و نووسەران و کوردی زانانی وەک: مەلا مارف و خاڵەمین و قزڵجی و حەقیقی و جەوهەری و کاکە ڕەحمانی موهتەدی بووە کە لەو باوخۆشتر بوون و هەر یەکەیان لە ئەدەبی کوردەواریدا دەریایەک بوون... لەبەر دەست و لەژێر چاوەدێری پێشەوا، «قازی محەممەد»ی ئەدەبدۆست و ئەدیبپەروەردا فێری ڕۆژنامەنووسی بووە و شێعری بە کۆماری کوردستان و شۆڕشەکەی هەڵگوتووە نازناوی شاعیری میللی پێ دراوە...

لە ژیانی ئاوارەییشدا بەدەردی خۆی گوتەنی: بە شەقی زەمانە فێری شێوە لێک جیاوازەکانی کرمانجی کراوە. لە ژیانی پێشمەرگەییدا شارەزای شارەزوور و شارباژێڕ و گەرمیان و بیتوێن و هەولێر و کۆ و خۆشناو و سورچی و باڵەکایەتی و ناودەشت و گەلێک شوێنی تریش بووە و هەر پیرێکی کوردیی زان و زیندووی دەست کەوتووە زۆر بە وردی دۆزیویە و هەرچی لە دەمیانەوە دەرچووە قۆزیویەتەوە ئەو هەمووەی کۆکردۆتەوە بەکاوەخۆ لە بێژینگی داون و بنژیلی جودا کردۆتەوە و ساغ و پتەوی هەڵبژاردووە و بە مێشک و دڵی خۆی سپاردووە... ئیدی بۆ سەیرە کە هەژار کوردیی زانێکی هەڵبژاردە بێ؟

هەژار بۆ تەونی ئەو کرە لەبار و سفتەی خۆی، شێوەی موکریانی کردۆتە تەخت و بۆ نەخش و وێنەکانی وشەی ڕەنگین و خۆڕەنگ و جوانی هەموو زاراوەکانی تێوەداوە و تا بۆی کراوە خۆی لە رایەڵ و پۆی وشەی نامۆ و بێگانە و کوردی داتاشراوی ناقۆڵا و ناڕەسەنی تازە پێداکەوتوو پاراستووە.

سەیر لەوەدایە دەڵێی شەرەفخان و هەژار لێکیان گێڕاوەتەوە. لە ڕۆژگارێکدا کە هەژار شەرەفنامەی کردووە بە کوردی؟ زمان و ئەدەبی کوردی لەبەر بێ سەروبەرەیی و بەرەڵڵایی خەریکە بەمەرەدی زمان و ئەدەبی فارسی، زەمانی سەفەوی بچێ... لە سایەی نەزانانی خۆپەسندەوە ئاڵۆزی و شێواوییەکی زۆری تێ کەوتووە و مەترسییەکی گەورە هەڕەشەی لێ دەکا!

بێگومان هەژاریش هەستی بەو مەترسییە کردووە و لام وایە مەبەستی هەرە گەورەی لە وەرگێڕانی شەرەفنامە بووژاندنەوەی زمانی کوردی بووە و دەیەوێ لە مردنی بپارێزێ... جا چونکە مەیدانێکی فرت و فرەوان و پان و بەرینیشی بۆ هەڵکەوتووە و توانیویە بە کەیفی خۆی قەڵەمی تێدا باژوێ و خزمەتێکی هێژا بە زمان و ئەدەبی کوردی بکا... هیچ بەدووریشی نازانم کە هێندێک لەو کەسانەی چەند ساڵە دەگەڵ ئەو خم لێ شێوانەی زمانەکەدا ڕاهاتوون نووسینی هەژاریان بەدڵ نەبێ... ئەوانەی لە دەباغخانەدا کار دەکەن بە بۆنی گوڵاو دەپشمن و سەرەگێژە دەگرن و تا فێر دەبن ماوەیەکی دەوێ.

من لەو بڕوایەدام کە شەرەفنامەی هەژار دەبێ بکرێتە بەردی بناغە بۆ کوردی ئەدەبی و زمانی یەکگرتوومان. هیوادارم هەموو کوردێکی، کوردیخواز و دڵسۆز کەڵکی لێ وەرگرێ و هەژاریش هەر بەوەندەوە نەوەستێ و درێژە بە خزمەت کردنی زمانەکەمان بدا و درێخی نەکا...