پێشەکی بۆ قەڵای دمدم

لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 23 خولەک  2692 بینین

بە درێژاییی مێژووی نەتەوەی کورد هەر کارەساتێکی گرنگی سیاسی و مێژوویی، هەر ڕووداوێکی کۆمەڵایەتیی بەرچاو، هەر چیرۆکێکی تاڵ و شیرینی دڵداری و هەر شایی و شینێکی گەورە لە هەر مەڵبەندێکی کوردستان قەوماوە، خۆوێژ و خۆشخوانە کوردە نەخوێندەوار و نەناسراوەکان لەسەر کێشی بڕگەی خۆمانە بە زمانێکی ساکار، بەڵام پوخت و پاراو و ڕەسەن و ڕەوان هۆندوویانەتەوە و ئاهەنگێکی تایبەتی خۆیان بۆ داناوە و پێیان گوتووە بەیت.

شایەر و بەیتبێژەکان ئەو بەیتانەیان لە کۆڕی دیوەخانی مەزنان، لە لامێردانی گەورە پیاوان، لە گۆشەی مزگەوتی گوندان و لە چاییخانە و کاروانسەرای شاران بۆ خەڵکی تینوو و تامەزرۆ گوتووە. بەمجۆرە هەم نەیانهێشتووە ڕووداو و کارەساتەکان لەبیر بچنەوە و هەم زمان و فەرهەنگ و ئەدەبی فۆلکلۆری کوردییان ڕۆژ بە ڕۆژ دەوڵەمەند و دەوڵەمەندتر کردووە.

ئەم بەیتانە سنگ بە سنگ و پشت بە پشت پارێزراون. دیارە بەپێی جێ و کات و وەستایی و ناوەستاییی شایەر کەم و زۆر گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. زیاد و کەم کراون وشەی تازە و نوێ و باویان هاتۆتە نێو و وشەی کۆن و سواویان لێ دەراوێژراوە. بەڵام نێوەرۆکی مەبەست هەروەک خۆی ماوەتەوە.

لە سەردەمی ئێمەدا کە جیهان ئاڵوگۆڕێکی سەیر و بە پەلەی بەسەردا هاتووە. ئینسان شەپۆڵی هەوای خستۆتە ژێر ڕکێف و ئاوەزنگی خۆی و ئاتۆمی قەڵشاندووە و لەسەر مانگ دابەزیوە. هەرچەند وەزعی کوردستان گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە و نەتەوەی کورد هەروا لە کاروانی شارستانیەتی بەجێماوە و تەمومژی نەزانی و نەخوێندەواری لە ئاسمانی وڵاتەکەمان نەڕەویوە. بەڵام ئەگەر نووری کارەبا کوردەواریی ڕووناک نەکردۆتەوە، ڕادیۆ و گرام و ڕیکۆردەر گەیشتۆتە کوێرەدێیەکانی کوردستانیش و دەتوانین بڵێین تیشکی زانست ناڕاستەوخۆ کوردستانیشی گرتۆتەوە.

بەرنامەی ڕادیۆکان، ئیستوانەی گرامەکان و شریتی ڕیکۆردەرەکان خەڵکیان لە بەیت و باوی شایەر و هونەرمەندەکان بێنیاز کردووە. بۆیە مەترسی ئەوە زۆرە شاکارە بەنرخەکانی ئەدەبی فۆلکلۆریمان وردە وردە لەبیر بچنەوە و لەبیر چوونەوەشیان زیانێکی زۆر گەورە لە زمان و فەرهەنگ و مێژووی نەتەوەکەمان دەدا. هەرچەند زانایان و ڕووناکبیرانی کورد لە هەموو لاوە هەستیان بەو مەترسییە کردووە و هەر کەس بەپێی هێز و توانا و دەرفەتی خۆی خەریکی کۆکردنەوەیانن. بەڵام بەداخەوە دەرۆست نایەن و پێشگرییان بۆ ناکرێ.

یەکێک لە کارەساتە هەرە گەورە و خوێناوییەکانی مێژووی نوێی کوردستان کە پاش دابەشکردنی ئەم وڵاتە لەنێوان عوسمانی و قزڵباشدا ڕووی داوە، گەمارۆدان و گیرانی قەڵای دمدم و شەهید بوونی ئەمیرخانی برادۆست، خانی لەپ زێڕین و هاوپەیمانان و دۆستانی ئەم سەردارە مەزنەی کوردە.

ئەم کارەساتە ئەوەندە خوێناوی و بەسام بووە، شا عەبباسی سەفەوی شای خوێنڕێژ و پیاوکوژی ئێران، ئەوەندەی ڕق لە نەتەوەی کورد بووە، ئەوەندە زاڵمانە و زۆردارانە دەگەڵ ئەم نەتەوە بێدەرەتانە جوولاوەتەوە، ئەوەندەی خەڵک کوشتووە و وڵاتی خاپوور کردووە و ژن و منداڵی بەدیل بردووە. ئەمیر خانیش ئەوەند پیاوانە ڕاپەڕیوە و ئازایانە وەدەس هاتووە و سەری بۆ شۆڕ نەکردۆتەوە و بەرگریی کردووە و ئەوەندە مەردانە شەهید کراوە کە ڕابردنی زەمان نەیتوانیوە تۆزی فەرامۆشی لەسەر ئەم کارەساتە دابێژێ و لەپێش چاوانی ون بکا.

شایەر و خۆشخوانەکان ئەم کارەساتەیان بە شێوەی جۆربەجۆر کردۆتە بەیت، لک و پۆپیان لێ کردۆتەوە و شاخ و باڵیان لێناوە. لە هەموویاندا دوو شت لەپێش چاو گیراوە: ئازایەتی و خۆڕاگریی ئەمیرخان و دڵڕەقی و بێبەزەییی شا عەبباس.

لەنێو ئەم بەیتانەی من لەم بارەدا بیستوومن هیچیان ناگەنە ئەم بەیتەی کە زانای گەورەی ئاڵمانی «ئۆسکارمان» لە سەرەتای ئەم چەرخەدا لە ڕەحمان بەکری بیستووە و لە ١٩٠٥دا چاپی کردووە و ئێستا لەدەس دایە. لە هەموو بەیتێکدا خەیاڵاتی شاعیرانە بەسەر واقعییاتی مێژووییدا زاڵ دەبێ. لەم بەیتەشدا ئەمە دەبیندرێ. بەڵام وا دیارە ئەم بەیتە زۆر پاش قەومانی کارەساتەکە نەگوترابێ، چونکە ناوی هێندێک کەس لە کاربەدەستانی قزڵباش و دۆستانی ئەمیرخان لەم بەیتەدا وەک خۆیان ماونەوە.

مێژوونووسەکانی خۆمانە و بێگانەش لەسەر ئەو کارەساتەیان نووسیوە و سەرچاوەی هەموویان «عالم آرای عباسی» کتێبە بەنرخەکەی ئەسکەندەر بەگی تورکمانە.

ئەسکەندەر بەگ هەرچەند نۆکەر و نمەک خوردەی شاعەبباس و دوژمنی نەتەوەی ئەمیرخان بووە و داوای ڕەوای ئەو سەردارە مەزنەی کوردی بە لاساری و سەرپێچی و تەنانەت نمەک بەحەرامی و لەڕێ دەرچوون داناوە و بە ئاشکرایی جنێوی داوە و دەڵێ: «ئەرکی سەرشانی شای ئیسلام پەنایە ئاسەواریان ڵێ ببڕێ» بەڵام پیاو هەق بڵێ مێژوونووسێکی یەکجار ورد و وریا بووە و ڕووداوەکانی مێژووی سەردەمی شاعەبباسی زۆر بەسەرنجەوە تۆمار کردوون. جگە لەوە خۆی لە گەمارۆدانی قەڵای دمدمدا بەشدار بووە و ئاگای لە هەموو کەین و بەینێک بووە.

ڕاستە ئەویش وەک هەموو دەسوپێوەندی شایان ڕیاباز و درۆزن بووە و زۆری تەشی لەبەر شاعەبباس ڕستووە و بە بەژن و باڵای ئەو شا بەدفەڕ و خوێنڕێژەی هەڵکوتووە و وای نیشان داوە کە تاوانی کوردان بووە کە دڵی ناسکی خاوەن شکۆیان شکاندووە و هەقی خۆیان بووە قەتلوعام بکرێن و بەو دەردە بچن. بەڵام دەگەڵ ئەوەشدا زۆر زانیاری تێدایە و سەرچاوەیەکی بەکەڵکە بۆ ئەو کەسانەی بیانەوێ لەبارەی قەڵای دمدم و ساڵی موکری قڕانەکەدا شت بنووسن.

کارەساتی دمدم و موکریان کە یەکێک لە بەسامترین ڕووداوەکانی مێژووی کوردستانە، کە هەستی نەتەوایەتیی زانایانی کوردی جۆشاندووە، خانیی نەمر ئەم هەستە ئاگرینەی چل و چەند ساڵ پاش کارەساتەکە دەربڕیوە.

لەم ساڵانەی دواییدا زانای بەناوبانگ و نووسەری مەزنی کورد «عەرەب شەمۆ» چیرۆکێکی درێژی بەناوی قەڵای دمدم لەسەر ئوسلوبێکی نوێ و باوی ڕۆژ نووسیوە. نووسینی چیرۆکی مێژوویی لەمێژە لەناو گەلانی جیهاندا جێی خۆی کردۆتەوە. بەڵام ئەمە یەکەم چیرۆکی درێژە کە من بە زمانی کوردی لەم بارەدا خوێندوومەتەوە.

بەداخەوە من نووسینەکەی ئەوم نەخوێندۆتەوە. چونکە سەرم لە خەتی ڕووسی دەرناچێ و کتێبەکەش بە خەتی ڕووسی چاپ کراوە. بەڵام مامۆستا شوکور مستەفا کە ئەم چیرۆکەی هێناوەتە سەر شێوەی کرمانجیی خواروو و خەتی پەسندکراوی کۆڕی زانیاری دەڵێ: «دەستم لە نێوەرۆکی چیرۆکەکە نەداوە و هەر ڕواڵەتم گۆڕیوە».

مامۆستا عەرەب شەمۆ بە خەیاڵی بەرزی هونەرمەندانەی خۆی چیرۆکێکی شیرین و پڕ کارەسات و هەست بزوێنی خوڵقاندووە و خزمەتێکی گەورەی بە ئەدەبی نەتەوەکەی کردووە. سەرتاسەری ئەم چیرۆکە بەتامە پڕە لە هەستی پیرۆزی ئینسانی، نیشتمانپەروەری و گەل خۆشەویستی.

چیرۆکی قەڵای دمدم نموونەی ئەدەبێکی ڕیئالیستی ڕەخنەگرانەیە کە لە ئەدەبی کوردیدا ئەگەر بێوێنە نەبێ کەم وێنەیە. لە لابەلای دێڕەکانی ئەم چیرۆکەدا پەردە لەسەر واقیعی نەتەوەی کورد، بە لایەنی باش و خراپدا نیشان دراوە و بۆ ئەو بێگانانەی کورد باش ناناسن زۆر بەکەڵکە.

پاڵەوانانی ئەم چیرۆکە هیچکام بۆ کوردێک نەناسیاو نین. «شەباب» لاوێکی کوردی ئاسایی و ڕەزاسووکە کە هەموو ڕۆژێ لە ڕێباز و کووچە و کۆڵانان تووشی دەبین و قسەی دەگەڵ دەکەین. «دلبەر» کچە کوردێکی لەبار و نەشمیلانەیە کە لە هەموو گوند و شارۆچکێکی کوردستاندا نموونەی زۆرە و هیچ وێ ناچێ خەیاڵی نووسەرێک خوڵقاندبێتی. زۆر «هەمزە چاوەشمان» دیون و دواندوون. زۆر وەستای ئەرمەنی و ئاسۆری ئامرازی پێویستییان بۆ دروست کردووین. زۆر «ئەسکەندەرە پیرە» چیرۆکی کۆنیان بۆ گێڕاوینەوە.

کەم لاوی کورد هەیە لە دڵداریدا شەبابێک نەبێ. کەم کیژی کورد هەیە بڕوای بە پڕ و پووچ نەبووبێ و پەنای بۆ پڕ و پیرێژنان نەبردبێ و نوشتەی چەور و شیرینی و دەمبەسی بە مەلا نەکردبێ. چلدانە و شەمۆڵەی نەگربێتەوە. بن پشک و خوشکی پچووکی وەک «نەنێ»مان زۆر دیون کە دیاری و ڕاسپاردەی کاکیان بۆ دەزگیرانەکەی بردووە.

بەڕاستی مامۆستا شارەزاییی تەواوی لە واقیعی ژیانی نەتەوەکەی هەیە و زانیارییەکەی خۆی زانایانە و وەستایانە لە لابەلای دێڕەکانی ئەم چیرۆکە شیرینەدا نەخت و پوخت گێڕاوەتەوە.

هەوار و بانەمەڕ و ئاژەڵداری، هەرەوەز و دەستەوا و لەبەر شانە دانیشتن، خوری پشکنینەوە، تەشی ڕستن، لێک کۆبوونەوەی کچان. تەون هەڵاوەسین، وێنەی مافوورە گرتنەوە، مازوو چنین، ڕابواردن، داوەت و هەڵپەڕین. ژوان و دڵداری، جووت و گا و کشتوکاڵ و ئاشەوانی، نوێژ و تاعەت، سواری و تەقلە و ڕمبازی و ڕاو و شکار و نێچیرەوانی، نان بدەیی و میوانداری، ژن زۆر هێنان و کچ فرۆشی و شیربایی وەرگرتن، نیشتمانپەروەری و فیداکاری و گیانبازی، خەیانەت و بێگانەپەرستی و ڕووڕەشی، هەموویان بە زمانێکی شیرین و ساکار و لە جێی خۆیاندا باس کراون و نرخی چیرۆکەکەیان زیاتر کردووە. مامۆستا نە لە نیشاندانی کردارە باشەکاندا زێدەڕۆیی کردووە و لە ڕاستی دوور بۆتەوە و نەکردەوە دزێو و ناشیرینەکانی شاردۆتەوە. مامۆستا لە سەرتاسەری ئەم چیرۆکەیدا تێ کۆشاوە ئاکاری پاک و کرداری چاک لەنێو کۆمەڵی کوردەواریدا برەو پێبدا. دەیەوێ لاوانی کوردستان ڕاست و پاک و نیشتمانپەروەر بن و دۆست و دوژمنی خۆیان بناسن. دۆستیان خۆش بووێ و کۆمەک و یارمەتی بدەن و باربووی لێ وەرگرن و دوژمنیان ناخۆش بوێ و ڕقیان لێ بێ و لەسەریەوە نەچن و فریوی نەخۆن هەر بەوە ڕانەوەستاوە و ویستوویەتی ئوسوولی شەڕی پارتیزانی فێری شۆڕشگێڕانی کورد بکا و تەنانەت ئەوەندە لەم بارە دڵسۆزی نیشان داوە کە ناچار بووە لە واقیع دوور بێتەوە. بۆ ئەوەی شۆڕشگێڕانی کورد لە شەڕی شەوێدا فێری خۆشاردنەوە بکا. لە شەڕی شەمزیناندا ڕووداوێک دەخوڵقێنێ و هەمزە چاوەشی هێدی و هێمن و دڵسۆز کە نموونەی فەرماندەیەکی هەرە باش و لەسەرەخۆیە وا تووڕە دەکا کە ناچار بێ داگژێتە سەربازێک و لێی بدا. چونکە جگەرەی داگیرساندووە!

بێگومان مامۆستا لێرەدا هێند بەتەنگ فێر کردنەوە بووە زەمان و مەکانی لەبیر چۆتەوە. ڕاستە لە زەمانی شاعەبباسدا پێی ئەوروپایییەکان بۆ ئێران کراوەتەوە و تەنانەت ئەو پادشایە برایانی «شیرلی» وەک ڕاوێژکەری سوپای هێناوەتە ئێران و باڵیۆزی ناردوونە ئەوروپا. دوور نییە تووتن کە لە ئەمریکاوە هاتۆتە ئەوروپا گەیبێتە ئێرانیش. بەڵام تۆ بڵێی لە کوردستان لەو سەردەمەدا قەننەکێش هەبووبن؟ گریمان تووتنیش بووبێ و قەننەکێش هەبووبن. خۆ ڕەنگبێ مامۆستاش وەک من لەبیری بێ تا ئەم دوایییانە کورد بە بەرد و ئەستێ ئاگری هەڵدەکرد و سەبیلە و قەننەیان دەکێشا و جگەرە هەر نەبوو. جگەرە کێشان و ئاگر هەڵکردن بۆ پارتیزان زەرەری هەیە و مامۆستای مەزن دەیەوێ ئەم ئەزموونە بەنرخەمان فێر بکا بۆیە تووشی ئەم هەڵە بووە.

بەداخەوە ئەم چیرۆکە بەنرخە هەڵەی وای تێدا هەن. کە بەهیچ بارێ ناکرێ چاویان لێ بپۆشرێ.

چیرۆکی مێژووییی ئەسڵێکی هەیە و هەمووی زادەی خەیاڵی نووسەر نییە بەڵام نووسەر شاخ و باڵی لێ دەنێ و لک و پۆپی لێ دەکاتەوە. لە چیرۆکە سەرکەوتووەکاندا هەمیشە ناوی قارەمانەکان و شوێنی گرنگی جوغرافیایی دەپارێزرێن. ئەو کەسەی چیرۆکی مێژوویی دەنووسێ دەبێ شارەزایی تەواوی لە مێژوو و جوغرافیادا هەبێ تا بەهەڵە نەچێ بۆ بەڵگە ئیشارە بە چیرۆکی «شەڕ و ئاشتی» تۆلستۆی دەکەین. بێگومان مامۆستا لە من باشتر ئەم چیرۆکە دەزانێ چونکە بە زمانی ڕووسی خوێندۆتەوە. ڕەنگبێ چیرۆکی «ئەوەندە قارەمان» زۆر کەم بن. بەڵام چونکە تۆلستۆی مەزن ئاگای لە مێژوو هەبووە و جوغرافیای وڵاتەکەی باش زانیوە ساڵی قەومانی شەڕان و ناوی قارەمانە دەرجە یەکەکانی و شوێنی شەڕگەکانی نەگۆڕیوە و پاراستوونی بۆیە خوێنەر قارەمانەکانی تریش بە قارەمانی خەیاڵی نازانێ و ڕووداوە پچووکەکانی نێو کارەسات کە بە زادەی خەیاڵی نووسەر نازانێ، جێی داخە مامۆستای خۆشەویستی ئێمە زۆر کەمی شارەزایی لە مێژوو و جوغرافیای کوردستان و ئێران هەبووە. سەرانسەری چیرۆکەکەی لەسەر خەیاڵی خۆی داڕشتووە بۆیە هەڵەی زۆر زەق و بەرچاوی لە نووسینەکەدا هەیە.

کەسێک بیەوێ لەسەر قەڵای دمدم بنووسێ ناچارە بزانێ پایتەختی شاعەبباس ئیسفەهان بووە نەک تاران، شاعەبباسێکی لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕەش و زۆردارانەی خۆیدا زۆر شاری سووتاندن، زۆر قەڵای ڕووخاندن، زۆر ڕەوەی ڕفاندن، زۆر وڵاتی خاپوور کردن، ئیسفەهانی وا ڕازاندەوە، وا ئاوەدان کردەوە، کە پێیان گوت: «اصفهان نصف جهانفارسی» ئێستاش ئەو خانووبەرە و مزگەوت و باغانەی ئەو دروستی کردوون و بینای ناون، جیهانگەران بۆ ئیسفەهان ڕادەکێشن.

مامۆستا پێش نووسینی چیرۆکەکەی مێژووی ئێرانی نەخوێندۆتەوە، تا بزانێ ئەو شاعەبباسەی ئەو باسی دەکا چ دێوەزمەیەکی خوێنخۆر بووە؟ ئەگەر بەپەلە چاوێکی هەر بە «عالم آرای عباسی»دا گێڕابا، کە مێژوونووسی تایبەتی شاعەبباس نووسیویەتی، دەیزانی ئەو زۆردارە پیاوکوژە نێرینەی لە مەڵبەندی موکریان، لە بەشێکی گەورەی نیشتمانەکەمان بڕیوە و مێیینە وردەی بەدیل بردووە.

پێم وایە ئەگەر دەیزانی کە شاعەبباس ئەوەندە زۆردار بووە کە نەتەنها هەزاران کەسی کوشتووە و هەزاران وەجاخی کوژاندۆتەوە، بەڵکە خۆشی وەجاخ کوێر کردووە و لە سێ کوڕەکانی خۆی دووی چاو دەرێناون و یەکی سەربڕیوە. تابلۆیەکی زۆر بەسامتر و ڕەشتر و نائینسانی تری لە شاعەبباس دەکێشا.

مامۆستا نەک زۆر ئاگای لە مێژووی ئێران نەبووە بەڵکوو گوێی نەداوەتە مێژوو و جوغرافیای وڵاتەکەی خۆشی، دەنا هیچ نەبا دەبوو بزانێ «سلێمانی» زۆر پاش کارەساتی قەڵای دمدم دروست کراوە. من بەش بەحاڵی خۆم ناوی عەشیرەتی «بەڕوودارم» نەبیستووە کە مامۆستا دەڵێ خانی لەپ زێڕین گەورەی وان بووە. بۆ ئەوەی بزانین ئەمیرخان کێ بووە؟ و چۆن پێگەییوە. ناچارین پەنا بەرین بۆ ئەو نووسراوەی دوژمن لەسەری نووسیوە، چونکە بۆ خۆمان سەرچاوەی کۆنترمان نین. خاوەنی «عالم آرا» دەنووسێ:

«پاش نەمانی شای بەهەشتی، کە ڕۆمییەکان مرخیان لە ئازەربایجان خۆش کرد، عێل و عەشیرەتەکانی کوردی سەر بە ئەم دەوڵەتە بایانداوە و ڕەگەڵ ڕۆمییەکان کەوتن. شاموحەممەد ناوێک لە میرزادەکانی برادۆست بە فەرمانی خوندکاری ڕۆم کرا بە مەزن و خاوەن دەسەڵاتی برادۆست. ئەمیرخان سەری بۆ دانەنواند و ملی بۆ ڕانەکێشا، هەر دەمە ڕەگەڵ یەکێک لە ئەمیرەکانی گەورەی کورد دەکەوت. ماوەیەک لەکن عومەر بەگی حاکمی «سهران» ڕایبوارد. لە شەڕێکدا کە عومەر بەگ دەگەڵ دوژمنانی کرد، ئەمیرخان دەستێکی لە ئانیشکەوە پەڕی. ناوبانگی بە ئەمیرخانی چولاق ڕۆیشت. لەو ساڵەدا کە ئاڵای بەرزی پادشائی لە ئازەربایجان دەشەکاوە و شا بەو پێ و قەدەمە پیرۆزەوە بەرەو نەخچەوان و ئێرەوان دەیاژوا. ناوبراو هاتە بەر دەرکی بارەگای پادشایەتی و خۆی بە شاپەرست و خزمەتکار نیشان دا. خاوەن شکۆ ئاوڕی ڕەحمەتی لێداوە. مەزنایەتی و دەستەڵاتداری تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕی پێ بەخشی و نازناوی «خانی»دایە و سەری بەرز کردەوە. مەڵبەندی ورمێ و شنۆی کە سەر بە ئازەربایجانە و لە سەردەمی شای بەهەشتیدا لەژێر فەرمانی یەکێک لە گەورە گەورەکانی قزڵباشدا بوو پێ ئەسپارد. لەسەر فەرمانی شاوەستا زێڕینگەرەکان دەستێکیان لە زێڕی سوور دروست کرد و بە گەواهیرات و مرواری بەنرخ ڕازاندەوە و لە باسکیان بەست. چونکە ئازا و مەرد بوو خاوەن شکۆ زۆری ڕوو دەدایە و گەلێکی چاکە دەگەڵ دەفەرموو. ئەویش دەستی خزمەتی لەسەر سینگ دانا. لەسایەی دڵسۆزی و چاوەدێری خاوەن شکۆدا ڕۆژ بە ڕۆژ بە پەیژەی مەزنایەتیدا چووە سەر و لە هەموو هاوشانانی خۆی تێپەڕاند. چەند ناوچە و مەڵبەندی لە ئەمیرەکانی کوردی سەر بە ڕۆم ئەستاندەوە. بە پایەبەرزی و لەشکر زۆری ناوبانگی دەرکرد. زۆر لە خێڵەکانی کورد و لە ئەمیرزادەکان لە دەورەی هاڵان و خزمەتی ئەویان ڕەچاو کرد. هێندە پێ نەچوو هەوا و فیز لە سەری دا و لەخۆبائی بوو...»

مێژوونووسێک کە ئەمیرخانی بە چاوی خۆی دیوە و سەرەڕای ئەو هەموو دوژمنایەتییە، ئیعتراف بە ئازایەتی و مەردایەتی دەکا و دەڵێ: «ئەمیرخان لە عەشیرەتی برادۆست بوو و لە شەڕدا دەستێکی پەڕیوە و شاعەبباس دەستی زێڕی بۆ دروست کردووە» بەڵام مامۆستا دەڵێ چونکە زۆری زێڕ بەخشیوە پێیان گوتووە: «خانی لەپ زێڕین».

مامۆستا زۆر بە وردی و درێژی باسی قەڵای دمدم دەکا. بەڵام بەو حاڵەوە بە پێویستم زانی ئەم کورتە باسەی ئەسکەندەر بەگ لەسەری نووسیوە، لێرەدا بینمەوە کە دەڵێ: «لەپێش ئیسلامدا لە زەمانی ساسانییەکان «اکاسرە»دا هەر لەو شوێنەدا قەڵایەک هەبووە کە پێی گوتراوە «دمدم» و دەسدرێژیی ڕۆژگار خاپووری کردووە».

لە جێگایەکی دیکەدا نەخشەی قەڵاکەمان ئاوا بۆ دەکێشێ:

«ئەم قەڵایە لەسەر دوندی کێوێکی یەکجار بەرز دروستکراوە کە یەکپارچە بەردێکی درێژووکە و تەسکە و وەک پشتی گا هەڵکەوتووە. لای شیمال و جنووبی دۆڵی زۆر قووڵن کە لە ژێڵا بۆ سەری دەبێ بە پەیژەی خەیاڵ بۆی بچی، لەبەر بەرزی پێویستی بە شوورە نییە و شوورەیان بۆ نەکێشاوە. دوو لایەکەی دیکەی کە پاناییی قەڵاکەن، لای ڕۆژهەڵاتی پاڵی وەپاناییی چیا داوە و شوورەیەکی زۆر تەواوی بۆ کێشراوە. بورجی زۆر بڵیندی هەن و دەرگایەکی بەرەو جنووب دەکرێتەوە. لە دەروازەوە بۆ عەرزی ڕێگایەک بەنێو بەردیدا هەیە کە ئەوەندە تەنگە بە زەحمەت سوارێکی تێوەدەچێ. سەنگەر بردنە پێش لە لای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە نەبێ ناکرێ. لە لای ڕۆژهەڵات تیرهاوێژێکی بۆ دەرکی قەڵای بمێنێ یەکپارچە بەردی سەخت و ڕەقە. لەبنەوە بوودڕی بۆ لێ نادرێ. کە بەردەکە بڕاوە بورجێکی زۆر بەرز و قایمیان لێ دروست کردووە کە بۆ خۆی قەڵایچەیەکە. تا ئەو بورجە بەر دەس نەکرێ سەنگەر بردنە بن قەڵا محاڵە. ئاوی قەڵا لە حەوزێکی گەورەڕا دابین دەکرێ کە بە باران پڕ دەبێ. بەڵام لە لای شیمال لەنێو گەلیدا نیزیکی قەڵا، کانییەک هەیە. ئاوی زۆر کەمە ئەمیرخان جۆگەی بۆ کێشاوە و ڕێی بۆ کردۆتەوە و دەحەوزەکەی کردووە. ئاوی ئەم کانییە لە ئێوارەوە هەتا بەرەبەیان، حەوزەکە پڕ دەکا. ئاوەکەی بەشی ڕۆژێکی قەڵانشینەکان دەکا. گومبەزێکیان لە ڕێکی عەرزی لەسەر حەوزەکە هەڵخستووە کە لەپێش چاوان ون بێ؛ پێی دەڵێن «سولق»، بۆ پاراستنی حەوزخانەکە بورجێکیان بەپاڵ قەڵاکەوە هەڵچنیوە. لەلای جنووبەوە سەهۆڵدانێکیان سازکردووە کە بە بەفر و سەهۆڵ دەئاخندرێ. لەتەنیشت وێ حەوزێک هەیە تا ئەو بەفر و سەهۆڵەی لە هاویندا دەتوێتەوە و دەبێتە ئاو بەفیڕۆ نەڕوا و لەوێدا کۆبێتەوە و لە کاتی کەم ئاویدا بەکار بێ ئەو سەهۆڵدانەش قەڵایەچەیەکی لەسەر دروست کراوە و پاسەوان و تفەنگچی لەسەر دانراوە. بەوێش دەڵێن: «بوزلق» یا «قارلق»، ڕێگای ویش وەک ڕێگای «سولق» لە دەرەوەڕا ونە.

بەکورتی ئەم قەڵایە لە پێنج قەڵا پێک هاتووە. یەکیان ئەسڵی قەڵاکە، یەک قەڵای خوارێ، یەک قەڵای سولق و یەک بوزلق و ئەوی دیکەیان بورجی گەورەی دەرەوەی دەرگای ڕۆژهەڵات کە لەپێشدا باسمان کرد. هەر پێنج ئەوەندە بەرز و قایمن کە پەیکی تیژڕەوی بیر و مێروولەی خەیاڵ ڕێیان تێ نابا و وێیان هەڵناگەڕێ».

پێم وایە ئەگەر مامۆستا هەر ئەوەندەی ئەسکەندەر بەگ وەک دوژمنێک لەسەر قەڵای دمدم نووسیویەتی دەخوێندەوە، جا واقیعییەتی مێژوویی بەو خەیاڵە بەرز و ناسکەی خۆی دەڕازاندەوە. چیرۆکە جوانەکەی دەگەیشتە ڕیزی شاکارەکانی ئەدەبی بەرزی نووسەرە بەناوبانگەکانی جیهان.

لە «عالم آرا»دا ناوی هەموو سەرکردەکانی قزڵباش و زۆر لە پاڵەوانانی کورد هاتوون. چەند خۆش بوو مامۆستا قارەمانی دەرەجە یەکی خەیاڵی نەخوڵقاندبان و قارەمانە ئەسڵییەکانی ناوبردبان. جا کەیفی خۆی بوو بازرگانی عەرەبی ناو دەنا «ئیبن بەتوتە» یا نا. چونکە دەتوانین تەئویلێک بۆ ئەوە بهێنینەوە کە ئەو بازرگانە بە ناوی جیهانگەڕی بەناوبانگ کراوە و مەبەستی مامۆستا ئەو جیهانگەڕە نییە.

نامەوێ باسی ئەوەی بکەم کە وا دیارە مامۆستا لە دوایی چیرۆکەکەیدا ماندوو بووە و پشووی وەک پێشوو درێژ و لەسەرەخۆ نییە. چارەنووسی بەشی زۆری پاڵەوانەکانی نادیارە. چونکە ئەم شێوەم لە زۆر داستانەکانی ڕووس بەتایبەتی شاکارەکانی تۆلستۆی مەزندا دیوە و مامۆستاش کەم و زۆر لەژێر تاوی ئەواندایە بۆیە هیچ لەمبارەدا ناڵێم. بەڵام دەوێرم بڵێم باسی گەمارۆدانی قەڵا و قەڵاداریی ئەمیرخان و خۆڕاگریی کوردان و بێبەزەیی دوژمنی کورت بڕیوەتەوە. چونکە بەشی هەرە گرنگی کارەساتەکە کە سەرنجی خۆمانە و بێگانەی ڕاکێشاوە و ناوی ئەمیرخانی لە مێژووی کوردستاندا بە نەمری هێشتۆتەوە ئەم بەشەیانە.

لەنێو کوردەواریدا باوە دەڵێن ژنی قەڵانشینەکان بەتایبەتی ژنەکانی ئەمیرخان لە قەڵاداریدا بەشدار بوون و لە بەیتەکەشدا ئیشارەی بۆ کراوە. وەک دەڵێ:

«کێ بوو لە خاتوون پەروەرێ

گوتی: کاک ئاڵی ئەتۆ ماوی ئەتۆش هەڵێ»

هەروەها مەشهوورە دەڵێن ژنەکانی ئەمیرخان و گەورە گەورەکان پاش گیرانی قەڵا و کوژرانی پیاوەکانی، خۆیان لە قەڵا هەڵداشتووە تا نەبنە دیلی دەستی دوژمنی بێشەرم. لە بەیتەکە گوتراوە:

«کێ بوو؟ لە خاتوونی خانی

قبووڵ ناکەن کافرستانی

خۆمان هەڵدەدێرین لە چل کەوانی»

مامۆستاش ویستوویەتی نەخشی ژنانی کورد لە خەباتی ڕزگاریخوازیدا بەرچاو نیشان بدا و جوانیشی نیشان داوە. ئەویش زۆر جوان باسی ئەوەی کردووە کە ژنەکان خۆیان کوشتووە. بۆیە داخم ناچێ نەیزانیوە کە یەکێک لە ژنەکانی ئەمیرخان کە ئەسکەندەر بەگ نەک بێزی نایە ناوی بەرێ بەڵکوو قسەی سووکیشی پێ دەڵێ، شەش ساڵ پاش گیرانی قەڵا سەرلەنوێ قەڵا دەگرێتەوە. دڵنیام ئەگەر مامۆستا ئەوەی دەزانی چیرۆکەکەی دوو بەرگ دەبوو. چونکە ئازایەتی و فیداکاری ئەم ژنە کوردە بەشەرەفە خۆی بەرگێک چیرۆک هەڵدەگرێ.

مامۆستا باسی عەشیرەتی شکاک دەکا کە ئێستا لە دەوروبەری قەڵای دمدم دەژین، بەڵام لەو سەردەمیدا هیچ ناویان نییە. کەچی باسی عەشیرەتی گەورە و بەناوبانگی جەلالی ناکا کە بەداخەوە لەو سەردەمیدا تەنیا عەشیرەتێکی کورد بوون یارمەتیی شاعەبباسیان داوە و بەشی زۆریان لەنێو قزڵباشدا بوون و ژمارەیەکی کەمیان لە سەنگەری شەرەفدا بەرگرییان کردووە.

مامۆستا ویستوویەتی بەئەنقەست بڵێ شەڕی کوردان زیاتر بە تیر و شیر بووە بەڵام لەڕاستیدا ئەمیرخان تۆپ و تفەنگیشی بووە، لەباری چەک و قۆرخانەوە تەنگاو نەبووە. هەر بێئاوی و تینوایەتی شپڕزەی کردووە و وای لێ کردووە لە قەڵا بێتەدەر و شەهید بکرێ.

لەپێشدا گوتم من لە خوێندنەوەی خەتی ڕووسیدا کۆڵم و چیرۆکەکەی مامۆستا عەرەب شەمۆم نەخوێندۆتەوە. جا بۆیە ناتوانم لەسەر شێوەی نووسینی ئەو چ قسان بکەم. بەڵام ئەوەکەی مامۆستا شوکور مستەفام چەند جار خوێندۆتەوە و بەڕاستی چێژم لێ وەرگرتووە.

عەیبی کار لەوەیدایە ئێمە تا ئێستاش زمانێکی ستانداردمان نییە کە کەس نەتوانێ لێی لادا. هەر وا بە هاسانیش ناتوانین ئەم زمانە پێک بێنین و خۆمان لە پاشاگەردانی ڕزگار بکەین. ماوەیەکە هێندێک لە نووسەرە زاناکانمان بە کردەوە بۆ ئەم کارە بەنرخە تێ دەکۆشن.

دەوێرم بڵێم مامۆستا شوکور مستەفا یەکێک لە ئاڵاهەڵگرانی ئەم خەباتەیە و لە ڕیزی پێشەوە دایە، مامۆستا وەک پیاوێکی زانا دەستی لە تەعەسوبی ناوچەگەری هەڵگرتووە و لە نووسینەکانی خۆیدا هەوڵ دەدا لە هەموو شێوەکانی زمانی کوردی کەڵک وەربگرێ و بەبڕوای من لەم کارە پڕ سوودەشدا سەرکەوتووە.

مامۆستا تێ دەکۆشێ کام وشە ڕەسەن و سووک و ڕەوانە و کام کینایە لەسەر زاران خۆشە بەکاری بێنێ. لە بەرکارهێنانی وشەی داتاشراوی ناڕەسەن و دزێو و ناشیرین خۆ دەپارێزێ. زۆر شارەزای ڕێزمانی کوردییە و لەژێر تەئسیری زمانی بێگانەدا نانووسی.

مامۆستا خوێندەوار و ڕووناکبیرە، زۆر گەڕاوە، گەلێکی خوێندوەتەوە. زەحمەت و کوێرەوەری کێشاوە و ئەزموونێکی تەواوی وەسەریەک ناوە. لە سایەی ئەم ئەزموونەدا گەیوەتە ئەم قەناعەتە کە هیچ شێوەیەکی زمانی کوردی با زۆریش دەوڵەمەند و پڕ وشە بێ بە تەنێ ناتوانێ ببێ بە زمانی ئەدەبیی نەتەوەکەمان. جا بۆیە ئەم ڕێبازەی گرتۆتە پێش کە لە پێکهێنانی زمانی ستانداردی کوردیدا بەشدار بێ. سەرەڕای ئەوانە هەرگیز وەک پیاوێکی لەخۆبایی لە نووسینەکانی خۆی دڵنیا نییە و بە شوورەیی نازانێ ڕاوێژی بە دۆستان و نیزیکانی خۆی بکا. ئەوەش ئاکارێکی باشە و پیاو دەگەیەنێتە ئامانجی خۆی. مامۆستا شوکور لەمێژە بە نووسەرێکی سەرکەوتوو ناسراوە. بەڵام بەبڕوای من لە نووسینی ئەم چیرۆکەدا خۆی گەیاندووەتە ترۆپکی هەرە بەرزی ئەدەبی کوردی. لەپێشدا گوتم ئەم چیرۆکە لەچاو نێوەرۆکەوە لە ئەدەبی کوردیدا ئەگەر بێوێنە نەبێ کەم وێنەیە. ئێستاش لە خۆم ڕادەبینم بڵێم لەچاو ڕواڵەت و فۆرمیشەوە هەر وایە.