پێشەکییەک بۆ «پێکەنینی گەدا»ی حەسەن قزڵجی

لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 11 خولەک  1260 بینین

شەو درەنگانە، بێدەنگییەکی بەسام ژوورە سارد و سڕ و چۆل و هۆل و نیوە تاریکەکەی داگرتووم. لە خوێندنەوەی ئەم چیرۆکانە بوومەوە، لە حاڵێکدا کە کارێکی زۆریان کردۆتە سەر مێشک و دەمارم و وردە فرمێسکیان پێ هەڵوەراندووم. بە ئەسپایی دەفتەرەکە دادەنێم. چراکە دەکوژێنمەوە، لە جێگاکەم دەخزێم و چاو لێک دەنێم بەڵکوو سەرخەوێک بشکێنم و خەم و پەژارەم بڕەوێنم.

کەچی خەیاڵ هەڵمدەگرێ، دەمبا... دەمبا... دەوەنا و دەوەن و ڕەوەزا و ڕەوەز بەسەر بەفری سەری کوێستاناندا، بەنێو دارستان و لێرە چڕوپڕەکاندا، بە پێدەشت و گۆڕ و نەرمانەکاندا، بە نواڵە زنوێر و بژوێنەکاندا، بە بەستێنی چۆمی «تەتەهوو»دا بۆ شارە خونچیلانەکەی مامۆستا، بۆ بۆکان، بۆ بووکی شارەکانی کوردستان، بۆ کانگای ئەوین و دڵداری، بۆ مەکۆی خەبات و فیداکاری بۆ بەر سەلای سەرداری شەهید، بۆ سەر حەوز و کانییە جوان و بەناوبانگەکەی، بۆ تەماشای بەژن و باڵا و خاڵ و میل و چاو و برۆ و کەزێ و ئەگریجە و پووز و بەلەک و سەر و شەدە و شان و دەسماڵ و قەد و پشتێنی کیژە بۆکانییان، کە دەستە دەستە و پۆل پۆل وەک مێگەلی مامز و ئاسک بە لەنجە و لار و تاسکە تاسک دێنە سەر حەوز، وەگۆزە سوور و نەخشاوەکانیان بە ناز لە کانی هەڵدەدەن و وێنەیان لە ئاوێنەی ڕوون و بێگەردی حەوزەکەدا جیلوەیەکی ئاسمانی هەیە کە فریشتە و پەری وەبیر دەێنێتەوە شعوور و زەوق مشتوماڵ دەکا و هەست و خەیاڵ دەبزوێنێ.

گوێم لە دەنگی ئەو منداڵە ڕەزاسووک و بزۆز و ڕووتەڵە هەڵوافرۆشانە دەبێ. کە تەبەکی هەڵوا دەگێڕن و بە هەوایەکی خۆش پێی هەڵدەڵێن و هاوار دەکەن:

هەڵوای تەن تەنانی، هەتا نەیخۆی نایزانی

لە جێگاکەمدا ئەمدیو و ئەودیو دەکەم. بە ناهومێدییەوە هەناسەیەک هەڵدەکێشم و لەبەر خۆمەوە دەڵێم خۆزگە و هەزار خۆزگە منیش وا پیر و کەنەفت و شەکەت و کەلەلا نەدەبووم. ئەوەندەم هێز و گوڕ و تین و توانا دەما تا پڕ بە ئامێزم لەو چیرۆکانە هەڵگرتبا و بە هەموو شار و لادێ و کووچە و کۆڵان و خەیابان و باژێڕی کوردستاندا گەڕابام و یەک بە خۆم هاوارم کردبا:

خەڵکینە ئەگەر شتی لە هەڵوا شیرینتر و لە گوڵاڵەی نواڵان بەبۆن و بەرامەترتان دەوێ وەرن، وەرن بخوێننەوە، بخوێننەوە تا ئاهی خۆشتان لە دڵ و دەروون بگەڕێ بخوێننەوە تا تامەزرۆییتان بشکێ، بخوێننەوە تا کوڵوکۆتان دابمرکێ، بخوێننەوە تا کۆمەڵەکەتان باشتر بناسن و لە دەرد و ئازاری بگەن. بخوێننەوە تا پتر شاییتان بە زمانەکەتان بێ. تا نەیخوێننەوە نازانن قەڵەمی سیحراوی مامۆستا قزڵجی چ شوێنەوارێکی بەنرخ و بێوێنەی خوڵقاندووە. بیری ورد و خەیاڵی بڵیند و هەستی ناسکی ئەم نووسەرە بلیمەتە چ نموونەیەکی ئەدەبی بەرزی داڕشتووە و پەنجەی بەهێز و ڕەنگینی ئەم هونەرمەندە گەورە لیزگەیەکی چۆنی لە دوڕ و گەوهەر و مرواریی نایاب بۆ هۆنیونەوە؟

لە موکریان باوە دەڵێن: «بنەماڵەی قزڵجی وەک بێچووە مراوی وان هەر لە هێلکە هاتنەدەر مەلەوانن». مەبەستیان ئەوەیە ئەوی لەم بنەماڵە بێ، هەر لە منداڵییەوە زانا و پیتۆڵە. بەڕاستیش ئەم بنەماڵە بەڕێزە گەلێک ڕۆڵەی بلیمەت و زانای لێ هەڵکەوتووە، کە بێ ئەوەی بۆ خۆیان ویستبیان ناوبانگی زانست و هونەریان لە دنیادا بڵاو بۆتەوە.

مامۆستا حەسەنی قزڵجی ڕۆڵەیەکی هەڵکەوتووی ئەم بنەماڵە گەورەیە، کە مایەی شانازیی نەتەوەکەمانە. ئەو ڕێبازی باوک و باپیرەکانی نەگرت و ڕێگایەکی تری هەڵبژارد و، لەباتی خزمەتی ئایین، کە ڕێگای باوک و باپیرەکانی بوو خزمەتی ئەدەبی وەئەستۆ گرت ئەویش چ ئەدەبێک؟ ئەدەبێکی بەرزی کۆمەڵایەتی.

یەکێک لە سیاسەتە شوومەکانی ڕەزاخانی پەهلەوی لە ماوەی دەسەڵاتی ڕەشی فاشیستی خۆیدا هەوڵی بێوچان و بێڕەحمانە بوو بۆ تواندنەوەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا. بۆ جێبەجێ کردنی ئەم مەبەستە شەیتانییە، داب و شوێن و جلوبەرگ و ئەدەب و زمان و مۆسیقا و سەمای کوردی بە سەختی قەدەخە کردبوو.

بەڵام بەو هەموو هێزە شەیتانییەوە نەک هەر کوردی کۆڵنەدەری بۆ نەبەزی و دەرۆستی نەهات. بەڵکوو ئەم سیاسەتە و ئەم زەبر و زەنگە بوو بەهۆی ڕاپەڕینێکی بەرینی فیکری لە کوردستاندا.

هەزاران پێچ و پشتێن و ڕانک و چۆخە و پەستەی پیاوی کورد و شەدە و هەوری و دەسماڵ و کۆڵوانەی ژنی کورد دڕا و سووتا، بەڵام جلوبەرگی کوردی وەک سوننەتێکی میللی هەر ماوە.

لە قوتابخانە و ئیدارە، تەنانەت لە کووچە و خەیابان هەزاران کورد بە تاوانی کوردی گوتن گیران، ئازار دران و سووکایەتییان پێ کرا بەڵام زمانی کوردی وەک سەرمایەی نەتەوایەتیمان هەر پارێزرا. کورد نەتواوە و ئابڕوو تکاوی و ڕیسواییی مێژوو بۆ پۆلیسی ڕەزاخان مایەوە.

لەو سەردەمە تاریک و تنووک و ئەنگوست لە چاوەدا لە مەڵبەندی موکریان بۆ بەربەرەکانی دەگەڵ سیاسەتی تواندنەوەی کورد، کۆمەڵێکی نهێنی لە زانایان و ڕووناکبیران و گەورەپیاوانی کورد بە ڕابەریی مامۆستا مەلا ئەحمەدی فەوزی، سەیفی قازی، پێشەوای نەمر، قازیی بۆکان شێخ ئەحمەدی سریلاوا و گەلێکی تر لە ڕووناکبیری ئەو سەردەمە پێک هاتبوو کە ئامانجی ئەساسی و هەرە گەورەیان پاراستن و پەرەپێدان و بووژاندنەوەی زمان و ئەدەبی کوردی بوو. کتێب و ڕۆژنامەی کوردییان کە لە عێراق بڵاو دەبوونەوە بە زەحمەت پەیدا دەکرد و بە ئیحتیاتەوە بەسەر لاوانی بڕوا پێکراودا بڵاو دەکردەوە تا فێری کوردی خوێندنەوە بن. ئەوان بەتایبەتی مامۆستا فەوزی دەستەیەک لاوی ڕووناکبیریان پێ گەیاندن کە لە دواڕۆژدا شاعیر و نووسەری زۆر خزمەتکار و بەناوبانگیان لێ هەڵکەوت. یەکێک لە دەسپەروەردەکانی و هاوبیرەکانی ئەوان کاک حەسەنی قزڵجیی خۆمانە. کە هەر لەو دەمیڕا فێری کوردی خوێندنەوە ببوو. ئەوەبوو دەگەڵ سایەی شوومی پەهلەوی لاچوو تەمومژی چارەڕەشی و نەگبەتیی کورد ڕەوی. وەک ئەستێرەیەکی گەش و ڕووناک و پڕشنگدار لە ئاسمانی ئەدەبی کوردیدا درەوشایەوە. لاپەڕەی گۆوار و ڕۆژنامەکانی کوردی بە نووسراوە جوانەکانی خۆی ڕازاندەوە.

لە سەردەمی کۆماری دیموکراتی کوردستاندا مامۆستا قزڵجی بێ ئەوەی سینگ ڕەپێش خا و خۆ ڕانێ یەکێک لە خۆشەویستترین نووسەران و نیزیکترین دۆستانی پێشەوا قازی محەممەدی ئەدەبدۆست و هونەرپەروەر بوو. بێجگە لەوەی لە ڕۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی حیزبدا دەینووسی سەرنووسەری گۆوارە جوانەکەی هەڵاڵەش بوو.

پێشەوا لە ئاخرین ڕۆژانی دەسەڵاتیدا خەریک بوو مامۆستا قزڵجی و چەند شاعیر و نووسەری لاو و تازە پێگەیشتوو بنێرێتە دەرەوە تا بە قەولی خۆی چاو و گوێیان بکرێتەوە و شتی تازە فێربن. بەڵام بەداخەوە نەگەیشت و ئەم ئاواتەشی وەک زۆر لە ئاواتە پیرۆزەکانی نەهاتە دی.

وەک ئێستا لەبیرمە و تا گڵەبانی چاوم دەکەن لەبیرم ناچێتەوە. ڕۆژێکی سارد و سەهۆڵبەندانی مەهاباد بوو، خۆم کوزوو کردبوو و بە پەلە دەڕۆیشتم جێگایەکی گەرموگوڕ ببینمەوە. تەماشام کرد پێشەوا لەبەر بێڵاکەی هاتوچۆ دەکا و ڕۆژنامەی کوردستانی بە دەستەوەیە و یەکێک لە نووسەرانی ڕۆژنامەکەی لەلایە. خەریک بووم فیزماڵکی بدەمێ و خۆم ببوێرم. دیتمی و بانگی کردم. هێشتا دوور بووم فەرمووی «دیوتە ئەم قزڵجییە چۆنی نووسیوە؟».

زانیم مەبەستی ئەم پارچە ئەدەبییە جوانەیە کە قزڵجی لەم ژمارەیەدا نووسیویە. گوتم: «بەڵێ دیومە و بەڕاستی چاکی نووسیوە. کاکی نووسەر هەڵی دایە و گوتی: بەڵێ چاک دەنووسێ بەڵام کەم دەنووسێ. پێشەوا بزەیەکی هاتێ و سەری ڕاوەشاند، ئەم دوو شێعرەی سەعدی خوێندەوە:

خاک مغرب شنیدهام که کنندفارسی
به چهل سال کاسهی چینیفارسی
صد بروزی کنند در بغدادفارسی
لاجرم قیمش همی بینی؟فارسی

کە خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای سەفوەت ئاوای کردووە بە کوردی:

بیستوومە کە وا لە ڕۆژهەڵاتا
بە چل ساڵ ئەیکەن یەک کاسە چینی
لەمەردەشت ئەکەن سەدی بە ڕۆژێ
بۆیە قیمەتی وایە ئەیبینی

دیسان ڕووی لە من کرد و فەرمووی: «بریا زۆری وامان هەبان» و پێش ئەوەی من جوابی دەمەوە بۆ خۆی گوتی: «ئەگەر بۆ خۆمان بین زۆری وامان لێ هەڵدەکەون».

داخی گرانم زۆر زوو هێلانەکەمان لێ شێوا، سایەی ئەو پیاوە نیشتمانپەروەر و ئەدەبدۆست و هونەرپەروەر و قەدرزانەمان لەسەر وەلا کەوت.

قزڵجیش وەک زۆر لە نووسەر و شاعیرەکانی کورد بێئەنوا و بێداشدار و دڵسۆز مایەوە و لە دەس زوڵم و زۆری ڕێژیم ئاوارە و پەڕیوەی هەندەران بوو.

هەر بۆ خۆی دەزانێ لەم ماوە دوور و درێژەی لێقەومان و دەربەدەریدا چەن تاڵ و سوێریی ژیانی چێشتووە، چەندی سەرما و گەرمای دنیا دیوە، چەندی پەند و گۆڵمەز بەسەر هاتووە. چەن گیراوە و ئازار دراوە، چەن هەوراز و نشێوی پێواوە و ئەمدیو ئەودیوی پێ کراوە و بۆ پەیدا کردنی پارووە نانێکی بێ منەت ناچار بووە بەو دەستەوەستانیی خۆیەوە، کاری چەن سەخت و گرانی بەدەنی بکا و سەر بۆ ناکەسان شۆڕ نەکاتەوە.

مامۆستا لە کۆڕی خەباتدا قاڵ بووە، خاراوە و لە کڵ هاتۆتەدەر. لەو هەموو کوێرەوەری و دەربەدەری و چەرمەسەرییە شت فێر بووە، زانستی بەرەو ژوورتر چووە. تەجرەبەی وەسەر یەک ناوە، کۆمەڵی خۆی باشتر ناسیوە، هەستی بە ئێش و ئازاری کردووە و دەرمانی بۆ دۆزیوەتەوە و بۆتە فەیلەسووفێکی پسپۆڕ و نووسەرێکی ڕئالیست و واقعبین.

پاڵەوانانی چیرۆکەکانی قزڵجی هیچکامیان بۆ خوێنەرێکی کورد نەناسیاو نین. هەموویانی لەنێو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری هەڵبژاردووە. کارەساتی ژیانی ئەوان بە کوردییەکی ساکار، بەو زمانەی هەموو کوردێکی نەخوێندەوار و ساوێلکە لێی حاڵی دەبێ شی کردۆتەوە. خوێنەری ورد تێدەگا مامۆستا قزڵجی تا چ ڕادەیەک شارەزای زانستی ڕەوانشناسییە و چۆنی ڕووحی پاڵەوانەکان ناسیوە و چۆتە ناخی دەروونیانەوە.

مامۆستا قزڵجی کۆمەڵی کوردەواریی زۆرباش ناسیوە. خوێنەر لەم کورتە چیرۆکانەدا نموونەی ژیانی دەرەبەگێکی چەکمەڕەق، کۆنە بەگێکی بارگین تۆپیو، شێخێکی دەسبڕ، دەروێشێکی زەرک وەشێن، جووتیارێکی زۆرلێکراو، باب نۆکەرێکی زمانلووس، کاربەدەستێکی بەرتیلخۆری بێگانە، تاجیرێکی سووتخۆری تەماعکار، جاسووسێکی نیشتمانفرۆش تەنانەت، ژنێکی چارەڕەش و بێبەشی کورد دەبینی.

خوێنەر پاش خوێندنەوەی زۆربەی چیرۆکەکان پێکەنین دەیگرێ، بەڵام چ پێکەنینێ؟ پێکەنینێکی تاڵتر لە کەکرە.

ئەوەی بۆ کوردێکی دڵسۆز جێی داخ و خەفەتە ئەمەیە: کە دەگەڵ ئەوەشدا زیاتر ڕووداوەکانی نێوەرۆکی چیرۆکەکان دەگەڕێنەوە بۆ سی ساڵ لەوەی پێش کەچی دەبینی ئێستاش ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆ لە وەزعی کۆمەڵایەتیی کورددا ڕووی نەداوە کە ئەم چیرۆکانە تازەیی خۆیان لەدەس بدەن.

ئێستاش جووتیار بە چەشنێکی نوێ دەچەوسێنرێتەوە و لەبەر زۆری ئیجارە و قیست و سوورسات دەس لە زەوی و زاری خۆی هەڵدەگرێ و ڕوو لە شاران دەکا. ئێستاش تونی حەمام پڕن لە هەژارە بێ جێ و ڕێیەکان. ئێستاش بازرگانی سووتخۆر و سفتەباز، شێخی کۆنەپەرست و دەسبڕ، دەروێشی فریودراوی زەرگ وەشێن لە کوردستاندا کەم نین.

ئێستاش دایک و باوکی کورد بۆ چاری دەردی منداڵە نەخۆشەکانیان، دەس و دامێنی ئامینە خانی نووشتەنووس دەبن و زۆر ئامینە خانی بێبەش و چارەڕەش ماون کە لەبەر وەزعی نالەباری کۆمەڵایەتی، هەوەس ناچاریان دەکا بە فێڵ ڕەشید فێر کەن نووشتەیان دەکۆشی باوێ.

ئێستاش سەرکار ڕەزای پاسگاکانی کوردستان لە جەنابی سەرهەنگ ئیجارە دەگرێ و بۆ ئەستاندنی بەرتیل و ساز کردنی پەڵپ و بیانوو حوسێن قوڵی هەر بەدەستەوەیە.

خوێنەرانی بەڕێز؛ من لەو سەرەتا کورتەدا ناتوانم مامۆستا قزڵجی بە ئێوە بناسێنم. خۆتان کتێبەکەی بەسەرنجەوە بخوێننەوە تا ئەم نووسەرە هەڵکەوتووە بناسن و لەبیری بەرزی بەهرە وەرگرن.

با تێکڕا فەرمایشەکەی پێشەوای نەمرمان دووپاتە بکەینەوە و بڵێین: «بریا زۆری وامان هەبان».