چەند نوکتەیەک لەبارەی مێژووی ئەدەبی کوردییەوە

لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 11 خولەک  1491 بینین

ڕۆژێکی هەرە گەرمی هاوینی مەهاباد بوو، دەگەڵ کۆنە دۆستێکی خۆشەویست، قسەخۆش، خوێنشیرین، ڕەزاسووک و ئەدەبدۆست و لێزانم دانیشتبووین، کەس ئاگای لە دڵی کەس نییە. منیش نەمدەزانی ئەم دۆستەم کە ماوەیەک بوو، یەکتریمان نەدیبوو چەند بە دیداری من شاد بوو. بەڵام من بە دیتنی ئەو دڵم فێنک بۆوە، کوڵوکۆی دەروونم دامرکا و خەم و پەژارەی چەند ساڵی تەمەنم ڕەوی.

لە ژوورە گەرمەکەمدا کە هەرگیز پانکە و کوولێری بە خۆوە نەدیوە، لەتەنیشت یەک دانیشتین و گەرمی قسان بووین، قسەمان لە گرانی، کۆپین، لە کەسادی بازاڕ، لە نەفرۆشانی هێندێک شت و لە ڕمێن و برەوی شتەکانی دیکە نەکرد. باسی ئەنگڕان و هەڵمسان و دەوڵەمەند بوونی بەعزە کەسێک و داماڵان و هەژاری و نەداریی بەعزێکی ترمان بە زاریدا نەهات. تەنانەت لە جووت و گا، جۆگە و جۆماڵ، بەند و بناوان، باخەوانی و شوانی و گاوانی کە تاڕادەیەک سەرمان لێ دەردەچوو نەدواین.

ماوە تەنگ بوو، ڕۆژ درەنگ بوو، دەبوو زوو لێک جوێ بینەوە. بۆ بیستنی ئەو چەشنە قسانەی لەسەرەوە باسمان کرد ماوە زۆرە، ڕوو لە هەر شوێن و ماڵێک بکەی باس هەر ئەو باسەیە.

دەسمان کرد بە باسی ئەدەبی. چ بکەین هەردووکمان ئاشق بووین، نەخۆش بووین، نا نا گێل و گێژ بووین! کەسێک وەک ئێمە نەخۆش و ئاشق و گێژ و گێل نەبێ، دەزانێ شێعر و شاعیری و ئەدەبدۆستی لە کوردەواریدا بە هیچ دەور و زەمانان نەبۆتە نان و ئاو. بەتایبەتی بۆ ئەو دوو کەسە جگە لە ئاوارەیی و دەربەدەری و چەرمەسەری چ سوود و قازانجی نەبووە.

با فیش و درۆ و دەلەسە نەکەین، ئێمە ئێستاش مێژووی ئەدەبییەکی ئەوتۆمان نییە جێی متمانە بێ. بۆ نموونە نالی شاعیری گەورەی کورد ڕەنگبێ دیوانەکەی لە هەموو شاعیرێکی تری کورد پتر چاپ کرابێ. بەتایبەتی مامۆستا مەلا کەریم و کوڕەکانی ئەوپەڕی زەحمەت و ڕەنجیان لەسەر دیوانەکەی کێشاوە و ئەوەندەی هێزیان پێ شکاوە شێعرەکانیان شی کردۆتەوە، بەڵام بۆ ناساندنی خۆی هیچ بەڵگە و سەرچاوەیەکی بڕوا پێکراومان گیر نەکەوتووە. بەڕاستی من بۆ خۆم زۆر سوپاسی ئەو باوک و کوڕانە دەکەم.

ئەگەرچی لە هەڕەتی لاوەتییەوە خەریکی تێگەیشتنی شێعری نالی بووم، بە خوێندنەوەی کتێبە بەنرخ و نایابەکەی ئەوان پتر مانام لە شێعرە وردەکانی هەڵکڕاند. ئەوی هێشتا تاریک ماوەتەوە و بە وتووێژی کاک عەزیز و شێخ تەهاش ڕووناک نەبۆتەوە، ژیان و سەرگورشتەی ئەم شاعیرە مەزنەیە. ئەگەرچی دەڵێ: «لێوی تۆ ئاوی بەقا من خدرم» من دوودڵم ناوی خدر بووبێ. چونکە بۆ ئەو کەسەی کە شاعیرە سەد داوی ناوەتەوە. ئەوی شاعیریش بێ دەزانێ ئاوی ژیان و خدر پێکەوە پەیوەندییان زۆرە و بە چی دیارە ئەوەش یەکێک لەم داوانە نەبێ کە ناویەتەوە. گریمان ناوی خدر بووبێ، باوکیشی ئەحمەد شاوەیس بووبێ، ناوی دایکی چییە؟ کام قورئان و کتێبی پەڕزەردمان لەدەس دایە، نەک ڕۆژ و مانگ بەڵکوو ساڵی لەدایکبوونی ئەویان لەپشت نووسرا بێ؟ دەزانین لە کوردستانی ئازیز تەرە بووە، سەری خۆی هەڵگرتووە و ڕۆیشتووە. ڕوونە بە خۆشی خۆی نەڕۆیشتووە چونکە بە ئاشکرا دیارە زۆری پەرۆشی وڵاتەکەی بووە. جگە لەم دوو شێعرانەی کە تاسەی خۆی بۆ دیتنەوەی وڵات و دیداری دۆستان تێدا دەربڕیوە لە شێعرە ئاماڵ درێژ و پڕ سۆز و کوڵەکەیدا:

قوربانی تۆزی ڕێگەم ئەی بادی خۆش مروور
ئەی پەیکی شارەزا بە هەموو شاری شارەزوور

ئەوپەڕی هەست و سۆز و پەژارەی خۆی دەربڕیوە و سەلماندوویەتی دەردی غوربەت چ دەردێکە؟ لەم دوایانەدا بۆتە باو و دەڵێن و دەنووسن لەو قەسیدەدا کە نالی بۆ سالمی ناردووە وای گوتووە. بەڵام چۆن دەتوانن بسەلمێنن ئەم شێعرەی بۆ سالم ناردووە؟ دیسان تەماشای شێعرەکە بکەنەوە بزانن نالی تا قافیە مەودای داوە باسی شارەزوور، بەتایبەتی سلێمانی خۆشەویستی کردووە، تەنانەت ڕیشی زووری کاکە سووریشی لەبیر نەچۆتەوە. بەڵام ناوی سالمی نەبردووە کە وا بوو، ئەوە سالمە ئازایەتی کردووە و جوابی نالی داوەتەوە. بەڵێ بەڕاستی ئازایەتی کردووە: یەک وێراویەتی جوابە جەنگی نالی کردووە کە کاری هەموو کەس نەبووە و پایەی شاعیری خۆی بردۆتە سەر، دوو، پەژارە و داخی دڵی لە نەمان و بنەبڕ بوونی بنەماڵەی بابان دەربڕیوە و سێ، ئازایانە زوڵم و زۆری بڵحە ڕۆمییانی ڕوون کردۆتەوە و چەند بە کوڵ و سۆزەوە دەڵێ:

زستانی ئەووەڵین بوو، دڕا بەرگی شێخ هەباس
ڕۆمی ئەوەندە شوومە، لە شەخسیش دەدا زەرەر

دیارە سالم ئەو شێعرەی ناردووە بۆ شام تا بە دەس نالی بگا. بەڵام ناحەقم نییە بڵێم بەچی دیارە نالی نیشتەجێی شام بووە؟

«بۆ موڵکی شامە نامەیی من سوویی نالییە»

وێدەچێ ئەو وەختە نالی لە شام بووبێ. بەڵام چوونی نالی بۆ ئەستەمبووڵ جێگای گومانە، چ دەگا بەوەی لەوێ ژنی هێنابێ و ژیانی ڕابواردبێ و هەر لەوێ مردبێ و لە فڵان گۆڕستان نێژرابێ، گومانی تێدا نییە نالی چۆتە حەج و زیارەتی مەدینەی کردووە و شێعرناس دەزانێ و تێدەگا چۆنی بە بیابانی بێروونی بێ ئاو و گیای عەرەبستان هەڵکوتووە، چۆن سەنای خوا و خۆشەویستیی خوای بەجێ هێناوە و دەگەڵ ئەوەشدا چەند مەزڵوومانە و هەژارانە و کوردانە چارەڕەشی و بێبەشی کوردایەتی خۆی هەر لەبیر نەچۆتەوە و دەڵێ: «کوردی دەوری شارەزوورم».

زۆر دوور ڕۆیشتم. بۆ باسی حەریق ئەو شاعیرە مەزنە کە مەکتەبی شێعری نالی هێنا موکریان و لەو مەڵبەندە هەر کەس شێعری کوردی گوتووە یا دەڵێ بێ ئەملا و ئەولا لەوی فێربووە، نەکەم؟ تا ئێستا چی لێ نووسراوە و گوتراوە بەکەڵک بێ؟ من بۆ خۆم لەسەر ئەو شاعیرە گەورەی کە غەزەلی وەک:

هێندە بێزاری کە زانیومە بە زاری نایەوە
دوور لە باڵاکەت سەرینی ناهومێدیم نایەوە

یا:

چاوەکەم دوێنێ لە گوڵشەن گوڵ بە عیشوە خۆی نواند
نەک نمەکگیر بم، بە مەرگی تۆ قەسەم هیچ نەمدواند

گوتووە، هەر ئەوەندە دەزانم، ناوی مەلا ساڵح بووە، نیزیکەی چەرخێک لەوەی پێش لەودیوڕا هاتۆتە ئەمدیوە لە خانەقای لووساوکان یا خانەقای شێخی بورهان گیرساوەتەوە و زۆری عاقیدە بە شێخ بووە. نازانم لە کوێ، بەڵام لەسەر شێعرێک «ئیعزامولمولک» - فێئۆداڵی مەشهوور - ڕیشی لووس تاشیوە. ئەوە بۆتە هۆی ئەوە بێتە سابڵاغ و ببێتە مەلای مزگەوتی حاجی سەید حەسەنی خزمی خۆم. ئەو کەسانەی چل پەنجا ساڵ لەوەی پێش چاویان بەو مزگەوتە کەوتبێ، دەگەڵ منن ئەگەر بڵێم برسییایەتی و هەژاری و ناچاری نەبووبا هیچ کۆلکە مەلایەکیش بە پێشنوێژی ئەم مزگەوتە ڕازی نەدەبوو. ڕەنگبێ پێش ساڵی ١٣٢٨ی کۆچی کە ساڵی وەفاتی شێخە، مردبێ و لە گۆڕستانی مەلا جامی نێژراوە و هەر خوا دەزانێ ئێستا گۆڕەکەی بناخەی خانووی کام موسڵمان بێ. خوا بکەم لای سەرووی هاڵ یا میوانخانە بێ و نەکرابێتە حەمام و شتی وا.

مەهابادی ئێمە تاقە شاعیرێکی بەناوبانگی لێ هەڵکەوتووە کە خەیابانێکی خۆشیشی بەنێو کراوە، ئەوە جێگای شانازییە. من با خۆم منداڵ نەکەمەوە. زۆرم لەو کەسانە دیون کە شاگردی مەکتەبخانەی وەفایی بوون. بەڵام کۆنترین دیوانی دەسخەتی وەفایی لە بەغدا سەری هەڵدا و مامۆستا قەرەداغی زۆری نووسی و کەمی لەسەر ژیان و مردنی وەفایی زانی. ئەگەر گوتم تاقە شاعیری مەهاباد میرزا ڕەحیمی وەفایی بووە، تا ئەو جێگایەی من بزانم ئەو شارە دڵگرە جوانە، قەت شاعیرگر نەبووە. چەند غەزەلێکی میرزا سەلیم ناوێک لە کۆنە بەیازاندا هەبوون کە پێم وایە لەبیر چوونەوە. ڕەنگە ئەو میرزایەش سابڵاغی بووبێ. دەنا شاعیرەکانی موکریان وەک ئەدەب، سەید ڕەشیدی شەهید، سەیفی قازی، میرزا لەتیفی قازی، خاڵەمین، حەقیقی، سەید کامیل، هەژار ئەگەر لەم شارەش لە دایک بووبن، لە لادێ ژیاون جا بۆیە دەڵێم؛ زمانی کوردیی خاوێن و ساکار دەبێ لە دێ فێربین نەک لە شار. جا با ئەو شارە، سابڵاغی پێشوو یا مەهابادی ئێستا بێ، کە هەتا بڵێی جوان پەروەرە. جگە لە چەند غەزەل و دووبەیتی نەبێ لە شێعرەکانی مەلا حیسامەددین زیاتر نەمبیستوون کە خەڵکی بۆکان و دەوروبەری بوو. توخواکەی ئەو تاقە شێعرە بەس نییە:

لێوی لەعلی جنێوی دابوو بە من
قینی بنیادەمە منیش گەستم!

کە بڵێین شاعیرێکی ناسک خەیاڵ و باش بووە؟ هیوادارم دیوانی تەواوی ئەو شاعیرە کۆ کرابێتەوە و ڕۆژێک بکەوێتە بەردەستان.

پێویست ناکا، من خۆم جحێڵ بکەمەوە، نیزامی گوتەنی: لە شەشی شەست ڕزگار بووم و بەرەو حەفتا دەچم و وردە هەنگاوی بەرەو گۆڕ دەنێم. تازە بەهیوا نیم جحێڵایەتی بکەم. گوێ سوانان بگرم. بەڵێ من پیاو بووم کە «شاعیرێک» بە کوێری لە برسان و لە خەمان عەمری خوای بەجێ هێنا. دیبووم دەمزانی چەند زانا و خوێندەوارە، چەند کۆمەڵناسە. لە پێنج خشتەکییە فارسییەکەی و قەسیدە کوردییەکەی: «شاعیر عومووم کەوتنە مەقامات و بۆڵەبۆڵ» دیارە کە چەند جامیعەناسە.

ئەگەر ددان بەوە دابنێین کە ئەدەبیاتی نووسراوی کورد مەبەستم فۆلکلۆری ئەدەبی نییە ڕەوتی سەبکەکانی ئەدەبی فارسی گرتووە، ناچارین بڵێین کەم شاعیری وامان هەبوون لە سەبکی خۆراسانیدا بە قەد «شاعیرێک» سەرکەوتوو بن. قەسیدەکەی سێڵاوی مەهاباد، ئەو قەسیدەی کە لە زەمانی دەسەڵاتی ڕەزاخانی خوێنڕێژدا ڕەخنەی لە ڕەفتاری نالەباری کاربەدەستانی ئەو زەمانە گرتووە و بەو نیوە شێعرە دەس پێ دەکا: «موددەتێکە نەفسی حیز حوکمی خراوم لێ دەکا» شاهیدی قسەکەمن. ڕەنگبێ ئێستاش ئەو ئاژانانە مابن کە بە ئەمری شارەبانی ڕەزاخانی، مەندیلی مەلایان، شەدەی لاوان، چارشێوی ژنان، نێفەکی ڕانک و پانتۆڵ لەبەرانیان دەسووتاند، فڕێ دەدا، دەدڕی و دەبڕی و ئەگەر کەس دیار نەبا بە بەرتیل ڕازی دەبوون. کە مەلا مارف لەبارەی ئەواندا گوتوویەتی:

دەچمە سەر چۆم و خەیابان یەک نەفەس ئاسوودە بم
شەهرەبانی حازرە و داوای کڵاوم لێ دەکا

بێشک ئەو سجیل نووسانە زیندوون و ئەگەر ئەم شێعرە بخوێننەوە، تک تک ئارەق دەڕێژن کە بۆ خۆیان دەزانن ئەو سەردەم چۆنیان خەڵک دەڕووتاندەوە کە مەلا مارف لەبارەی ئەواندا گوتوویەتی:

سەیری خۆشتر من کە مەعرووفم لەنێو ئەم شارەدا
تازە ئیحسائییە داوای ئیسم و ناوم لێ دەکا

لەبیرمە شەوێکی لە دیوەخانی میرزا ڕەحمەتی شافیعی، ڕەحمەتی خوای لێ بێ، کۆمەڵێک گەورە پیاو و شێعرناس کە ئەوی لەبیرم مابێ یەکیان مامۆستای مەزن تورجانیزادە بوو، تاریفی ئەو شێعرەیان دەکرد. کە مەلا مارف بۆ شافیعی ناردبوو. من بە ئەدەب لەسەر چۆک دانیشتبووم و متەقم نەدەکرد تا گەیشتنە ئەم شێعرە:

جائیزەی شێعرم لە تۆ ناوێ مەگەر بارێ ڕەژی
تا سەر و ڕووی دوژمن و بەدخواهی تۆی پێ ڕەش بکەم

ئەو دەم وەدەنگ هاتم و گوتم ئەم شێعرە مانایەکی دیکەشی لە بندا هەیە ئەویش ئەوەیە کە میرزا ڕەحمەت ئەوەندەی دوژمن و بەدخواهـ هەیە کە بارێک رەژیان دەوێ تا مەلا مارف ڕوویان پێ ڕەش بکا. مامۆستا تورجانیزادە تاوێک مات بوو و گوتی: «ئافەریم ڕۆڵە تۆ کێی؟» خۆم پێ ناساند گوتی: «لەکن کێت خوێندووە؟» گوتم: «لەخزمەت مامۆستا فەوزی» گوتی: «ئەوە بۆیە شتی وا دەزانی».

بەڵێ مەلا مارف ئەو کەسە بوو کە بەو هەموو زانست و هونەرەوە بە زگێک تێر و بەدوو زگان برسی بوو. دوایەش کە مرد وەک حەریق لە گۆڕستانی مەلا جامی نێژرا و گۆڕی ئەویش وەک گۆڕی هەزاران مەلا و سەید و پیاوچاک بە دەستی «وەرەهرام» تەخت کرا. ئای ئەوانەی منداڵن قەبرستانی مەلا جامیان نەدیوە کە بێجگە لەوەی گۆڕستانی موسڵمانان بوو، هەزاران کێلی مێژوویی و جوانی تێدا بوون کە هەموو موسڵمانان شاردیاننەوە و لەنێویان بردن. من بۆ خۆم کێلێکم دیبوو کە نەوێکی لوتفعەلیخانی زەند هەڵی کەندبوو و بە خەتێکی زۆر جوان بوو. بەئاواتم گۆڕی مەلا مارف لە حەوشەی ماڵێک دابێ و گوڵکاری و چیمەن بێ.