کورد بۆ گشتی شاعیرە؟

لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 7 خولەک  1761 بینین

ئەم جیهانگەڕ، ڕۆژهەڵاتناس، جوغرافیازان، مێژوونووس و تەنانەت فەرماندە دڵڕەق و خوێنخۆرانە و دیپلۆماتە فێڵەزان و چاونەزێرانەی بۆ هەر مەبەستێکی زانستی و هەر کارێکی لەشکری و سیاسی ڕێیان کەوتۆتە خاپوورەوڵاتی کوردستان، ئەم مەڵبەندە سەیر و سەمەرەی جیهان و کوردی لێقەوماو، زۆرلێکراو و پاشکەوتوویان دیوە و ناسیوە و چاک و خراپ، ڕاست یا درۆ، دوژمنانە یا دۆستانە شتێکیان لەسەر نووسیوە و هەموو لەسەر ئەم دیاردەیە یەکدەنگن کە «کورد گشتی شاعیرە».

من ناوێرم وا بە ڕاشکاوی ڕای خۆم دەرببڕم و وشەی گشت بەکار بێنم، بەڵام دەوێرم وەباڵیان بۆ بکێشم و بڵێم ڕاست دەکەن و کەم کورد هەیە شتێکی بە ناوی شێعر نەگوتبێ تا خەڵک پێی نەبێژن «شەندە لە مەندە کەمترە».

نابێ وا بە ساکاری بڕوانینە ئەم دیاردەیە. ڕەنگبێ هەروا بە خۆڕایی نەبێ کە کورد ئەوەندە شێعردۆستە. ئەم دیاردەیە پەیوەندی دەگەڵ مەڵبەندی ژیان و چلۆنایەتی باری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی دانیشتووانی کوردستاندا هەیە.

ڕاستە کوردستان گەرمەسێری قاقڕ و کڕاڵ و ڕووتەن و دەشتی بەیتوون و بیڕوون و کاکی بەکاکی، بێ ئاو و کەم باران و دزێویشی هەیە. بەڵام بەشی هەرە زۆری ئەم مەڵبەندە، جوان و دڵگر و هەست بزوێنە. چیا سەربەرز و گەردنکێشەکانی کوردستان کە دوندیان دە جەرگی ئاسمان چەقیوە، سەرنجی هەموو ڕێبوارێک بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن، ئەم کەڵەپیاوانەی لە گیانی خۆیان ببوورن و بە چنگەکڕکە بگەنە ترۆپکی ئەم چیایانە، گەواڵە هەوران لەژێر پێی خۆیاندا بەدی دەکەن. هەوای سازگار و بێخەوش و ئاوی زوڵاڵ و سارد و ڕوونی ئەم کوێستان و کەویانە، نواڵە زەنوێرەکان وا دەخەمڵێنێ، گوڵە جوانەکان وا دەپشکوێنێ و گیاوگژی مێرگە بژوێنەکان وا تێک دەچڕژێنێ کە باشترین شاعیریش لە وەسفی ئەواندا دادەمێنێ. خۆ باسی هۆبە و هەواری باسەفا، شمشاڵی شوان بگرە و بەردەی کابانی نازدار و شەنگەبێری کێل گەردن لە داوێنی کوێستان، کوا بە زمان و قەڵەم تەواو دەبێ، سیڕەی سەقر و هەڵۆ، قاسپەی کەوی کوڕادە خواردوو، ورینگەی بولبولی سەرمەست، جریوەی چوڕە و چۆلەکە، مۆسیقایەکە کە کوێرانیش لە بەزمی بەهار بێبەش ناکا، لێڕ و جەنگەڵی کوردستان بەو هەموو زوڵمەی لێی دەکرێ هێشتا فێنکاییی دڵانە، کێڵگە و دەشت و کانیاو و ڕووبار و زێ و زناوی ئەم وڵاتە وشکەسۆفیش دەخاتە گۆرانی چ دەگا بە شەوگەڕی دڵتەڕی سەوداسەری دەنگخۆش.

زارۆکی کورد دەگەڵ هاوێژرا سەر پشتی لانک و بە دەسرازە پێچرا و سەرسینگەی پێ دادرا، گوێی بە ئاهەنگی بلاوێنی لایی لاییی دایکی زەحمەتکێش و هەژاری کورد ڕادێ. کە گیانی لە چەنگ نەخۆشی منداڵانە کە بۆ خۆتان دەزانن چۆن کۆرپان لەبەر دایکان دەڕفێنن ڕزگار بوو، زمانی بە «حلوور بلوور تەکامە» ڕادێ کە گەورەتر بوو چ کچ بێ و چ کوڕ لەنێو زبڵ و زاڵ و پەین و پاڵ «حیلانە» دەکا و دەڵێ: «ئەمن و تۆ منداڵین، بە جووتەی دەسماڵین، لەنێو پەین و پاڵین» هەر دەستی داری گرت، دەچێتە بەر دەسلەوەڕ، بزن و مەڕی شەل و نەخۆش و ئەم بەر ئەوبەر شەڕە بالۆرە دەکا.

کەم کچی وا هەیە کە گەیشتە دەوروبەری خۆناسین بچێتە بەر ئاژەڵ، هەرچەند بوختانێ ناکەم بە چاوی خۆم دیومە قەیرە کچ نەک هەر بە ڕۆژی ڕوون بەڵکوو بە شەوی تاریک چۆتە بەر مەڕ و شێوەخوار و شەوێنی داوە و ئاخری مەڕی باوکی لە چەری لەسەر حەوشە بەجێ هێشتووە و ڕەدواکەوتووە. بەڵام شتی وا کەم هەڵدەکەوێ. وەنەبێ کچ کە نەچووە بەر ماڵات بحەسێتەوە، نەخێر شیاکە ڕشتن، حەوشە ماڵین، تەپاڵە کردن، لیژەدەوە لێدان و دەوەڵان دانان کاری هەرە سووکنی، دەسکەنە، کێشە، گێرە، خۆیان ماڵین، باڵەکەو و گێژەو دەگەڵ باب و برایان دەکا. مەڕ و بزن و مانگا دۆشین و پەنیر کوشین و لۆرک و شیرێژ کوڵاندنەوە و مەشکە ژاندنیش دەگەڵ دایک و خوشکان فێر دەبێ. هێشتا ئەستێرە بە ئاسمانەوە هەن هەڵدەستێ و ماستی جمک لە مەشکەی گاوس دەکا و وەبەر گوڕمانی دەدا و بەو حاڵەوە دەس لە شێعر هەڵناگرێ و پێی هەڵدەڵێ:

مەشکە بژێنە بەیانە
شەدە ڕەشمان میوانە
قەدری لەسەر چاوانە
مەشکە سوورێم نەژاوە
وەکەف و ڕۆن گەڕاوە
کابانم لێ تۆراوە
مەشکەم مەشکەی مانگایە
لۆلەپ لە دار خورمایە
شڵقەی گەییە بەغدایە
مەشکەم مەشکەی گاڕەشی
هەڵماندا لە گاگەشی
مەشکەم مەشکەی لە بڵیندی
لە دەرکی دەوڵەمەندی
لە خرینگەی بازیبەندی

ئەم شێعرانە و زۆر لەوانەش جوانتر دەڵێ تا مەشکە دەژێ و بەرەمەشکە ڕۆ دەکرێ، ئەم کیژە مەشکەژێنە دەگاتێ، باوکی یا ژن بەژنەی پێ دەکا و یا شیربایی وەردەگرێ، نۆشی گیانی نەبێ، ڕەنگبێ بۆ یەکەمجار شەوی خەنەبەندان دەستەخوشکان خاوێنی بکەنەوە و چڵک و چەپەری لە لاق و لەتەر و مەچەک و زەندی داماڵن و بە قەولی خۆیان بیڕازێننەوە و تارای سووری پێ دادەن و کە بووکنی هاتن بیبەن. دیسان شێعر سەرهەڵدەداتەوە و شایەر دەڵێ:

نایەتە دەر نایەتە دەر، بووک یاخییە و نایەتە دەر
لە چیمەنان، لە چیمەنان، بووک یاخییە و نایەتە دەر
دایکی بووکێم دەکورکێنێ، بووک یاخییە و نایەتە دەر

مانگی هەنگوین و شتی وا کە لە شاران ئێستا باوە لە لادێ نییە، بووک ئەوپەڕی سێ ڕۆژان لە کاروباری ماڵێ مەعاف دەکرێ، دووبارە، سەوەی ڕیخ ڕشتن، لۆلەپ و دوژەنگی مەشکە، وێژینگی گێژەو لە خزمەتی دان، سەرباری ئەوە پرتە و بۆڵەی خەسوو، تەوس و لاتاوی دش و چەمۆڵەی هێوەرژنیشی دێتە سەر، دیسان بووکی تازە پەنا دەباتەوە بۆ شێعر کە پێویست ناکا نموونەیان بێنمەوە.

هێندەی پێ ناچێ ئەویش دەبێتە دایک و بە منداڵەکەی هەڵدەڵێ، بەپێی تەمەنی ناوی دەگۆڕێ: دێد، خات، یای، پوور، دایکە و نەنەی پێ دەگوترێ. ئەو کچۆڵەی حێلانەی دەکرد و شێعری بە پێکەنینەوە دەگوت کە کوڕیان بە ئیجباری دەگرت دەردی دڵی خۆی بە شێعر دەکا و دەڵێ:

هەڵنەگری هەی هەڵنەگری لە پەهلەوی زوڵم و زۆر
ڕەببی شاپوورشای بمرێ هێنامە ئەحمەدی کۆر

یا:

کوڕم گەورە کرد بە قەندی شاری
ڕەزاشا بردی لە بۆ ئیجباری

تەنانەت کە زۆر پیر بوو لە شینگایاندا شینگێڕی دەکا و بە شێعر بە مردوو هەڵدەڵێ: خەڵکی بە تاڵانی دەچۆوە، مەڕە، بەرانە، یەختەیە، شەکە، ئەمن بە تاڵانم چۆتەوە بەژنی باریک و قەدی زراو و چاوی دەبەڵەکە.

کە وا بوو ژنی کورد دەگەڵ شێعر دەژی تا گڵەبانی چاوی دەکرێ. هەر وەها ئەم کوڕەی کە بە منداڵی دەگەڵ کیژەکە حێلانە و شەڕە بالۆرەی دەکرد کە دەستی پاشبارەی گرت و توانی هۆگانێک وەسەرەوە بدا دەکەوێتە زەحمەت کێشان. بە دەنگی بەرزی خۆی و باوک و باپیری گاڕەش و گابەش بە نەقیزە تێیان دەوەژێنێ و دەڵێ: بارە، خەتە، هەڵێنە هۆ وەرە بەقوربانت بم، کە گای وچان دا دەنگی خۆش بێ یا ناخۆش گۆرانی دەڵێ:

بریا دەرزی بام تیژ و تەنک بام
دەروازەوانی سینگ و مەمک بام

هەواکەی دەگۆڕێ و دەبێژێ:

هەڵمگرن ئەوبەر ئەوبەر
بمبەنە ماڵە باب نۆکەر

شینم بۆ بکەن شەدە بەسەر

دەیکاتە ئایشیلێ مامان و دەڵێ:

بە هەوران بەهارە
دەیخوێنن کۆلارە
یارکۆڵەم لێ دیارە