ئاسۆگە

لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 4 خولەک  1738 بینین

نووسەرانی بەڕێزی ڕۆژنامەی خۆشەویستی پاشکۆی عێراق!

بەداخەوە نەمتوانی زوو داخوازی ئێوە بدەمەوە. هیوای لێبوردنم هەیە. من ئەوەندە بەفیز نیم وەڵامی داخوازی دۆستان وەدوا بخەم. بەڵام لەبەر دەردەداری و لەش بەباری قەڵەمم ڕۆناوە، کاغەزم ڕامووسیوە و ماڵئاواییم لە دنیای ئەدەب و هونەر کردووە. زۆر شێعر و نووسینی ناتەواوم هەن کە جارێ وازم لێ هێناون.

کچ و کوڕە خۆشەویستەکانی کورد زۆر نامەی جوان و پڕ سۆزم بۆ دەنووسن کە ناتوانم جوابیان بۆ بنووسمەوە، دەترسم وا بزانن من لە بورجی عاجدا دەژیم و فیزم ناهێنێ دوو دێڕیان بۆ بنووسم. کەچی من خۆم دەناسم و دەزانم زۆر لەوەی بچووکتر و کەمترم کە ڕۆڵە پاکەکانی نەتەوەکەم رێزم لێ دەگرن. بەڵام بێبڕستی و کەمبڕشتی ڕووزەردی ئەوانم دەکا.

ویستووتانە بیرەوەرییەکی خۆمتان بۆ بنووسم. بەڵام تا ئێستا کام کەسی ڕۆژهەڵاتی لە خۆی ڕادیوە بیرەوەرییەکانی خۆی وەک «ڕۆسۆ» بنووسێ، تا من بوێرم. هەرچەند لام وایە ئەویش ئیعترافاتی تەواوی نەکردووە. چونکە ژیانی هەموو کەس دەمی وای تێدا هەیە کە ڕووی نایە بۆ نیزیکانی خۆی بگێڕێتەوە تەنانەت دەیەوێ لەبیر خۆشی بەرێتەوە.

من ژیانێکی پڕ کوێرەوەری و سەختم ڕابواردووە ئەلئان نامەوێ بە بیرەوەری تاڵ و تفت بتانکەمە شەریکی خەمی خۆم لە شێعرێکمدا نووسیومە:

«شینم گەلێ گێڕا خۆشیم کەم دیوە
شادی دەڵێن هەیە، بەڵام نەمدیوە
هەڵوەدا بووم لە دووی پەریی ئازادی
تووشی نەبووم نە لەودیو نە لەمدیوە»

لە «لە کوێوە بۆ کوێ»دا تاڕادەیەک خۆم بە خەڵک ناساندووە. با بیرەوەری ئەوەتان بۆ بگێڕمەوە. چۆن هاتمە سەر ئەوەی بەسەرهاتی خۆم بنووسم. هێشتا وا پیر و کەنفت و کەلەلا نەبووبووم و ڕەنگی مردووانم لەسەر نەنیشتبوو. جارێک کابرایەک کە نموونەی نووسینم دیبوو و دەمزانی ئەم گۆمبەزە چ شەخسێکی تێدا؟ هاتە لام و کاغەز و قەڵەمی دەرهێنا و خۆی ئامادە کرد پرسی:

«ناوت چییە؟ باوک و باپیرەکانت ناویان چی بووە؟ کەی و لە کوێ لەدایک بووی؟» زانیم ئەم کابرایە دەیەوێ لەسەر کەوڵی من نانێ بخوا؟ پێکەنیم و گوتم:

«مامۆستا! ئەدی بۆ نافەرمووی کەی کۆچی دوایی دەکەی؟»

ئەوە هانی دام سەرگورشتەیەکی کورت و پڕ پێچ و پەنای خۆم نووسی. شەوێک دۆستێکی زۆر خۆشەویستم گوتی: «هێمن! نەحلەتی خوات لێ بێ ئەگەر «لە کوێوە بۆ کوێ» تەواو نەکەی» گوتم برا: «من لە تۆ باشتر دەزانم چەن بۆشایی لە نووسینەکەمدا هەیە، بەڵام وەزعی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەوەی زیاتری هەڵنەدەگرت. ئێستاش لەبەر کەمهێزی کارم بۆ ناکرێ. ناهومێد نیم. بەڵکوو توانیم زۆر شتی دیکەی لێ زیاد بکەم بەڵام دڵنیام قەت تەواو نابێ».

با ئەوەشتان بۆ بنووسم ئەم ڕۆژانە دەسنووسێکم دی بەسەرهاتی چەند شاعیری کڵۆڵی کوردی نووسیبوو. هێندێکیان دەناسم و دەزانم درۆی چۆنی بۆ هەڵبەستوون. منیشی بەسەر کردبۆوە. بڕوام پێ بکەن ئەم نووسەرە بەڕێزە هەرگیز منی لە نزیکەوە نەدیوە و نامناسێ. کەچی نووسیویەتی «هێمن لە زمانی عەرەبیدا زۆر شارەزایە». ئەوانەی دەمناسن دەزانن من عەرەبی هەر نازانم. بیرم کردەوە بە زیندی سەری ئاوام لەبارەیدا بنووسن دەبێ کە لاقم درێژ بۆوە چ بنووسن؟

هەلم بۆ هەڵکەوتووە وەڵامی ڕەخنەگرێکی ورد و باش بدەمەوە کە گوتی: پاشماوەی گیانی چینایەتی لێت نەگەڕاوە لە پێشەکی تاریک و ڕووندا ناوی ژنەکەت بنووسی. ڕەخنەیەکی یەکجار ورد و بەجێ بوو کورد گوتوویەتی: «خوویەکی بگری بە شیری تەرخی ناکەی بە پیری» ئێستاش نەچووە بچێ ژنەکەم ناوی «ئایشە»یە یادی بەخێر.