ئەزموونی شاعیریم

لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 20 خولەک  1883 بینین

بەڕاستی نازانم چۆن هەستی گڕگرتووی دەروونی خۆم دەرببڕم، نازانم بە چ زمانێک شوکرانەی چاکەی ئێوەی خۆشەویست ببژێرم. زمان و قەڵەم لە دەربڕین و نووسینی ئەو لوتفەتان لاڵ و کۆڵن.

ئەگەر لەبیرتان بێ لە بەشی دوایی سەرەتای دیوانەکەم «لە کوێوە بۆ کوێ»دا وام نووسیوە:

«لێرەشدا دەمەوێ شتێک بڵێم بەپێچەوانەی زۆر هونەرمەندی کورد، من لە نەتەوەکەی خۆم ڕازیم کەس تا ئێستا بێحورمەتی پێ نەکردووم. داوای دراو و ماڵیشم لە کەس نەکردووە تا بزانم دەمداتێ یا نا؟ لە لێقەومانیشدا نانیان داومێ و ڕایان گرتووم، شێعریشم تەنیا بۆ دەربڕینی ئیحساسی خۆم داناوە و هیچ هەقم نییە منەتیان بەسەردا بکەم».

لە قووڵاییی دڵمەوە بڕوام بەو قسەیە هەیە «کاتێک گەرای شێعرێک لە مێشکمدا دەگوورێ و ڕووداوێکی جیهان سەرنجم ڕادەکێشێ، کاتێک مەسەلەیەکی ژیان هەستی دەروونم دەهارووژێنێ، من بەپەلەم هەرچی زووترە ئەو هەستە دەرببڕم، خۆم لەو تەنگەژە و گێژاوە ڕزگار بکەم و بحەسێمەوە، کە وا بوو چ هەقم هەیە منەت لەسەر خەڵک بکەم و بڵێم شێعرم بۆ داناون».

لە ڕێگەی شێعر و نووسینەوە وەک تاکێک لە کۆمەڵ تەنیا توانیومە ئەرکێکی سەرشانم بەجێ بگەیەنم و لەباتی ئەوەی بە زمانی خوێندنم کە فارسی بووە، بە زمانی زگماکیم نووسیوە و ئەوەندەی لە دەستم هاتووە خزمەتی زمان و ئەدەبی کوردیم کردووە. ئەوەش ئەرکی نەتەوایەتیی خۆمە و ئەگەر بەجێم نەگەیاندبا، لەکن ویژدانی خۆم شەرمەزار و ڕووزەرد دەبووم و دیسان هەقم نییە خەڵک منەتبار بکەم و چاوەنۆڕی پاداش بم. کەچی هەست دەکەم و دەبینم زۆر لە ڕادەی پێویست، زیاتر لەلایەن ڕۆڵەکانی گەلەکەمەوە ڕێزم لێ دەگیرێ هەر ئەم کۆڕە گەورە نیشانەی ئەوپەڕی ڕێزگرتنی ڕۆڵە پاکەکانی کوردە لە خزمەتکارانی بچووکی گەلەکەمان و دەبێتە هۆی پتر هاندانی ئەوان بۆ فیداکاری و گیانبازیی پتر لە ڕێگای ئامانجی پیرۆزدا. لە «لە کوێوە بۆ کوێ»دا کەمێک ژیان و بەسەرهاتی تاڵ و پڕ لە کوێرەوەری خۆمم بۆ گێڕاونەتەوە.

دیارە لە بنی کوولەکەم نەداوە و لێفەم لەسەر هەتیوان هەڵنەداوەتەوە و ئەسکوێم لە مەنجەڵ نەگێڕاوە. زۆر نهێنی گرنگ و ڕازی نەگوتراو هەر وا بەسەرمۆری لە سنگمدا ماونەتەوە و دەیانبەمە ژێر گڵ. ئەگەر ڕۆڵەی گەلێکی لێقەوماو نەبوومایە و لە کۆمەڵێکی دواکەوتەدا بەڕێ نەچووبام. زۆرم لەو ڕازانەم دەدرکاند.

بەهیوام ئەگەر مەرگ بەربینگم نەگرێ و ڕۆژگار دەرفەتم بدا «لە کوێوە بۆ کوێ» بکەم بە کتێبێکی سەربەخۆ و پەردە لەسەر ئەو ڕازانە هەڵدەمەوە کە زیان و قازانجیان تەنیا بۆ خۆم دەگەڕێتەوە.

بەبیرم نایە بە منداڵی قەت بیرم لەوەی کردبێتەوە کە بە گەورەیی ببمە شاعیر و نووسەر و ئەدیب، پێم خۆش بوو ببمە دکتۆر و ئەفسەر و شتی وا.

تا لە قوتابخانەی سەرەتایی بووم فەرقێکم لەنێوان دەرسەکانمدا نەدەکرد و لە ئینشا و ئیملا و حیسابدا دەرەجەی وەک یەکم دەهێناوە. بەڵام کە باوکم هاتە سەر ئەم ڕایە ئەگەر لە قوتابخانەی نوێدا بخوێنم بۆ دینەکەم زەرەرە، دەبێ بچمە حوجرەی فەقێیان و ببمە مەلا و جێی باب و باپیرانم بگرمەوە و کەوای ئاودامێن لەبەر بکەم، مێزەری سپی ببەستم و سەڵتە و جوببە بپۆشم. گۆڕانێکی فیکریم بەسەردا هات کە باری ژیانیشمی گۆڕی.

نازانم ئەو زوڵمەی باوکم لێی کردم و نەیهێشت بە ئارەزووی خۆم بخوێنم و پێی بگەم و بمکا بە مەندیل بەسەر و عەبا بە شان وای بەسەر هێناوم، یا هاودەمی و هاونشینی لەگەڵ ئەو مەلا و فەقێیانەی شێعری موتەنەببی و سەعدی و نالییان وەک ئاو لەبەر بوو. بەڵام نەیاندەزانی حەوت جار حەوت دەکاتە چەند؟ بەرەو دنیای شێعر و ئەدەبی بردم. بەکورتی بۆم ناچێتەوە سەریەک، بۆچی کە چوومە حوجرەی فەقێیان بەجارێک گۆڕام و ئاشقە شێعر بووم و لەباتی تەسریفی زەنگانی و عوامیلی گورگانی دەستم بە خوێندنەوەی شێعری خاقانی و قائانی کرد؟ بەڵام فەرقی شێعری باش و خراپم نەدەکرد. هەر شێعرێک کێشی سوارتر و قافیەی گرانتر بایە بە باشترم دەزانی.

قەدیم لە وڵاتی ئێمە کە منداڵیان لەبەر خوێندن دەنا لەپێشدا گوڵستانیان پێ دەگوت «دیارە هەر تەقەی لەسەری دەهات» و هیچی لێ تێ نەدەگەیشت. بەڵام من کاتێک دەستم بە خوێندنی ئەم کتێبە بەنرخە کرد، تەواوێک گەورە ببووم و پلەی خوێندەواریشم تاڕادەیەک بەرەو ژوور چووبوو مامۆستاکەشم زۆر باشی دەزانی و خۆی پێوە ماندوو دەکردم. خوێندنی گوڵستان و بۆستان دەرکی ئەدەبی فارسییان لێ کردمەوە.

لە شازدە حەڤدە ساڵیدا دەستم بە شێعر دانان کرد، چونکە زیاتر لەژێر تەئسیری شێعری فارسیدا بووم، بە فارسیم شێعر دەگوت، شێعرەکانم کێش و قافیەی تەواویان هەبوو، وشەی شاعیرانەشیان تێدا دەبینرا. بەڵام لاساییکردنەوەی شێعری شاعیرانی پێشوو بوون و هەست و عاتیفەی خۆمیان تێدا نەبوو.

بە منداڵی ناوبانگی چەند شاعیری کوردی وەک نالی و کوردی و سالم و وەفایی و شێخ ڕەزام بیستبوو. بەڵام نایشارمەوە شێعری کوردیم زۆر پێ خۆش نەبوو و گاڵتەشم بە فۆلکلۆری ئەدەبی دەکرد. چونکە تا ئەو حەلە هەر لە شار و لە حوجرەی فەقێیان بووم. ئەوانەش هەر گاڵتەیان بە گوتەی نەخوێندەوار دەکرد.

ڕووداوێک گۆڕینێکی سەیری بەسەردا هێنام. تووشی زانا و ئەدیبێکی گەورە هاتم، مامۆستا ئەحمەدی فەوزی یا مەلای سلێمانی خەڵکی ئەم شارە خۆشەویستە بوو، بەم ئاو و هەوا خاوێنە پەروەردە ببوو. نازانم چۆن ئاوارەی وڵاتی ئێمە ببوو. لە کتێبەکەمدا نووسیومە:

«دەبێ بڵێم من دەسکردی فەوزیم ئەو هەڵیوەشاندمەوە و تێکی هەڵشێلام و سەرلەنوێ دروستی کردمەوە، ئەو دەرکی زانین و فێربوونی بۆ کردمەوە. ئەو ڕێگای ژیانی پێ نیشان دام. بێگومان ئەگەر نەچووبامە خزمەت فەوزی و لەکن ئەو مامۆستایەم نەخوێندبا ڕێبازی ژیانم ئەو ڕێبازە نەدەبوو کە گرتم و پێیدا ڕۆیشتم و ئێستاش بەرم نەداوە. ئەو فێری کردم زەوقی ئەدەبیم چۆن تیف تیفە بدەم و مشتوماڵی بکەم، ئەو فێری کردم چۆن بنووسم و چۆن شێعر بڵێم، ئەو فێری کردم وڵاتەکەم خۆش بوێ و پێی هەڵبڵێم. ئەو حاڵی کردم، کوردی زمانێکی ڕەوان و بەربڵاو و دەوڵەمەندە و دەکرێ ئەدەبێکی گەورە و دنیای پەسندی بێ، ئەو حاجی قادری کۆیی، نالی، کوردی، سالم، مەولەوی، حەریق، مەحوی و ئەدەب و وەفایی پێ ناساندم و شێعرەکانی ئەوانی بۆ شی کردمەوە. ئەو فێری ڕۆژنامە خوێندنەوە و ڕۆمان خوێندنەوەی کردم، ئەو دیوانی شاعیرە شۆڕشگێڕەکانی فارسی بۆ پەیدا کردم و هانی دام بیانخوێنمەوە و شتیان لێ فێربم. بەڵام سوێندی دام قەت بە فارسی شێعر نەڵێم، منیش ئەو سوێندەم نەشکاند».

هەر لەو سەروبەندەدا کە لە خزمەت فەوزی دەمخوێند مامۆستایەکی دیکەشم هەبوو کە وشەی ڕەسەنی کوردی فێر دەکردم و بەیت و باوی فۆلکلۆری بۆ دەگوتم. سەید عەوڵای، من لە دەروێش عەبدوڵڵای مامۆستا «گۆران»- کە ئەویشم دیبوو هونەرمەندتر بوو، بەڵام من شاگردێکی ناسوپاس بووم و نەمتوانیوە شێعری بۆ بڵێم.

لە تەمەنی بیست ساڵییەوە بووم بە شاعیر زیاتر هەست و عاتیفەی خۆم دەخستە نێو شێعرەوە. بەڵام هێشتا دەستم لە گرانترین و بێسوودترین جۆری شێعر، واتە تەخمیس؛ شێعری شاعیرە مەزنەکان هەڵنەگرتبوو. ڕۆژێک ئاواڵێکم گوتی دەزانی ئەو تەخمیسانەی تۆ وەک چی دەچن؟ گوتم نا، گوتی: «وەک ئەوەیە نانی خۆت لەسەر خوانی خەڵک بخۆی». ئەو ڕەخنەیە وشیاری کردمەوە و دەستم لەو کارە بێسوودە هەڵگرت و ئەو تەخمیسانەی کردبوومن نەمهێشتن هەرچەند هێندێکیان ناوبانگیان پەیدا کردبوو.

یەکەم شێعرم لە گۆڤاری گەلاوێژدا بە ناوێکی موستەعارەوە بڵاو کردەوە. شێعرێکی سیاسیی ڕێکوپێک و ڕەوانە. ئەودەمی زۆرم شایی بەخۆ بوو کە شێعرم لە گۆڤاراندا چاپ دەکرێ. کەچی ئێستا خۆم لێ بێ ساحێب کردووە و نامەوێ کەس بزانێ ئەو شێعرە هی منە. جارێک مامۆستایەک دەیفەرموو سەرگروشتە و نموونەی شێعری شەش هەزار شاعیری کوردم «الی ماشااللە» کۆکردۆتەوە و خەریکم چاپی بکەم. ئەو بەشەی کتێبەکەی پێ نیشان دام کە لەبارەی شێعری شاعیرەکانی موکریانەوە دواوە. دیتم شێعرەکەمی بەتەواوی وەرگرتووە و چەند دێڕێکیشی لەسەر بیری بەرز و زمانی پاراو و خەبات و تێکۆشانی شاعیر نووسیوە. بەڵام مێژووی لەدایکبوون و مردنی شاعیری نەنووسیوە بە مامۆستام نەگوت ئەوە منم. تا شەش هەزارەکەی نەبێ بە ٥٩٩٩!!!

دووەم شێعرم لە ژمارە ٢ی نیشتماندا نیزیکەی ٣٣ ساڵ پێش چاپ کراوە و لە لاپەڕەی ٥٢ی تاریک و ڕووندا دووبارە چاپ کراوەتەوە تەنیا شتێک لە شێعرەکانی ئێستامی هەڵداوێرێ ئەویش خۆهەڵکێشانێکی لاوانە و ڕۆشنبیرانەیە. بە کچە کوردێک دەڵێم وەک ژاندارکی فەڕانسەوی ڕاپەڕە. ویستوومە بە خەڵک نیشان دەم کە ئاگام لە مێژووی ڕۆژاواش هەیە. دەنا هێنانی ناوی ژاندارک لێرەدا هیچ جێگای نییە.

هەرچەند لە شێعرەکانی پێشوومدا سۆزی شاعیرانە و خەمناکانە تا ڕادەیەک بەدی دەکرێ، بەڵام ئەو سۆزە لەپاش ساڵی ١٩٤٧ کە توندترین زەبرم لێ درا و گەورەترین موسیبەتم بەسەر هات لەتیفتر و گەرمتر و شاعیرانەتر کەوتە نێو شێعرمەوە، لە «بابردەڵە»دا کە ئەو ساڵی لە وڵاتی غەریبایەتی گوتوومە وا دەگەڵ بلبل دەدوێم:

منیش ئەی بلبلی شەیدا وەکوو تۆم
وەها دوورم لە هێلانە و گوڵی خۆم
منیش وەک تۆ لە کیسم چوو گوڵی سوور
منیش هێلانەکەم لێ کراوە خاپوور
منیش بابردەڵەی بەر گێژەڵووکەم
دەمێک لەو قوڵکە، تاوێ لەو چڵوکەم
لە ئامێزی گەرم بێبەش کراوم
وەکوو تۆ تووشی ڕۆژی ڕەش کراوم
ژیانم پڕ لە ڕەنج و دەرد و داخە
ئەوە گیرسامەوە لەو کێو و شاخە
کەسێک ناپرسێ، نازانێ چلۆنم
لە یادان چوومەوە چیرۆکە کۆنم

ئەم سۆزە لە زۆربەی شێعرەکانی پاش ئەو ساڵەمدا هەیە و هەر بەتینتر بووە. لە فرمێسکی گەش، گریانی نیوەشەو، بۆسەی ڕۆژگار، تەپڵی ئەماندا بەرەو ژوور چووە. لە شەوگاری تەنیایی و شەوی شاعیردا بەجۆشترە. لەو شێعرانەی پاش تاریک و ڕووندا، لە ناڵەی جودایی و ئێوارەی پاییز و سازی ناسازدا گڕی گرتووە. لە فرمێسکی گەشدا دەڵێم:

خۆشەویستی گۆشەی تەنیایی هەر ئەژنۆکەمە
بۆیە ڕۆژ و شەو وەها گرتوومەتە نێو باوەشم
نابینی زەردە لەسەر لێوی کەسێ لەم شارەدا
گەر خەم و دەردی دڵی خۆمیان بەسەردا دابەشم

لە گریانی نیوەشەودا:

شەوانە گەر نەکەم ئەم شیوەن و ناڵین و گریانە
دەسووتێنێ وجوودم ئاگری ئەم جەرگە بریانە

لە خونچەی سیسدا کە شێعرێکی ڕەمزییە و لە شینی شەهیدێکی لاودا گوتراوە دەڵێم:

ناڵینی من بۆ خونچەیە
بۆ خونچە پەشێوە حاڵم
ئەم داخە لە دڵمدا هەیە
بۆیە هەمیشە دەناڵم
ئەو پێش پشکووتن سیس بووە
بە جوانەمەرگی مردووە

لە بۆسەی ڕۆژگاردا دەڵێم:

نیمە ئاواڵێ لە گۆشەی بێکەسیدا خەم نەبێ
چاکە ئەو لێرەش وەفای هەر ماوە سایەی کەم نەبێ
لاپەڕەی ژینم هەموو هەڵدەیتەوە تێیدا نییە
باسی فرمێسک و هەناسە و شیوەن و ماتەم نەبێ

لە هێلانەی بەتاڵدا:

نییە باکم ئەگەر ڕاوچی شکاندوویەتی باڵی من
ئەمە سەختە کە وا ناگاتە گوێی کەس ناڵە ناڵی من

شێعری وام هەن ئەم سۆزەشیان تێدا نییە و بۆ خۆشم لێیان ڕازیم:

من کە ناگاتە هەفتەیەک تەمەنم
بۆچی بگریم و بۆچی پێنەکەنم؟
***
وەبەر من ناهێڵێ لێرە، مەی و ساقی جەنابی شێخ
دەنا لەولا، شەراب و حۆری با هەر بۆ جەنابی با
هەموو عومری ئەبەد تێدا نییە خۆشی دەمێ مەستی
خدر ئاوی حەیاتی بۆ چ بوو فێری شەرابی با
***
بە منداڵی لە لێوی ئاڵی تۆم ئەستاندووە ماچێ
بە پیریش لەززەتی ئەو ماچە شیرینەم لەبیر ناچێ
***
پیر و زورهانم و ئێستاش دڵەکەم هەر دەیەوێ
سەر و ماڵم بە فیدای خاڵ و خەت و پەرچەم کەم
داستانی مەم و زین کۆنە کچێکم گەرەکە
شلکە ڕانی بگووشم بۆنی لە سینە و مەم کەم
***
شێعرێک وەک سێبەری بژانگ
وەکوو خەرمانەی دەوری مانگ
ڕێکتر لە گەڕی ڕەشبەڵەک
خۆشتر لە خرمژنی کرمەک
وەک شەراب بگەڕێ لە خوێن
خەمڕەوێن بێ و نەشە بزوێن
شێعرێک وەکوو دەریای بێ بن
گەرمتر لە باوەشی ژن
***
هەتا کۆمتر دەبێ پشتم، پتر هەڵدەکشێ مینیژۆپ
ئیتر دەستم بە داوێنی کچی ئەم شارە ڕا ناگا

من لەمێژە غرووری ئەدەبیم لە خۆمدا کوشتووە و هیچ بە ماک و عەیبی نازانم یارمەتیی فیکری لە ئاواڵ و دۆستانی خۆم وەربگرم، هەمیشە شێعر و نووسینەکانم بە دۆستانی لێزانم نیشان دەدەم و ڕەخنە و تێبینی بەجێ بەوپەڕی سوپاسەوە قبووڵ دەکەم. لەم ساڵانەی دواییدا بەتایبەتی زۆرم کەڵک لە هاوکاریی دۆستانی شارەزام وەرگرتووە.

تا لە دێ دەژیام شێعرەکانم بۆ لادێییە نەخوێندەوارەکان دەخوێندەوە تا لەباری زمانەوەی لێیان دڵنیا بم.

یەکێک لە تایبەتییەکانی شێعری من ئەمەیە کە نەرم و ڕەق و سۆزی ئەوین و فیکری سیاسی تێکەڵ دەکەم لە «شەنگەبێری»، «مەتەرێزی شەرەف»، «ئامێزی ژن» و «پەری شێعر» و «یادم بکەن» و «لەبیرم مەکەن» و «بناری هەڵگورد» و تەنانەت «شەوگاری تەنهایی» و «ناڵەی جودایی»دا ئەم کارەم کردووە، جا نازانم تا کوێ سەرکەوتووم!!!

مەسەلەی زمانیش بە گرنگ دەگرم و تێدەکۆشم کام وشە ڕەسەنە بەکاری بێنم. ئەوەی بە ئەرکی سەرشانی خۆم و هەموو ئەدیبێکی کورد دەزانم، بەداخەوە من جگە لە زمانی کوردی و فارسی چ زمانی دیکە نازانم. شارەزاییم لە ئەدەبی دەوڵەمەندی فارسیدا کەم نییە، کاتی خۆی زۆرم شێعری شاعیرەکانی فارس خوێندۆتەوە و کەڵکم لێ وەرگرتوون، شێعری شاعیرەکانی خۆشمان دەخوێنمەوە و کارم لێ دەکەن. پێمخۆشە شێعرێک بخوێنمەوە کە هەم ڕواڵەتی جوان بێ و هەم ناوەرۆک. بەڵام ئەگەر هەر لایەکیشی جوان بێ چێژی لێ دەکەم. وەک ئەم شێعرەی «نالی» کە هەم ڕواڵەتی جوانە و هەم ناوەرۆک:

دەورانییە وەک هێلەگی سەودا سەری گێژم
بۆیە بە دەقیقی مەسەلە هەرچی دەبێژم
هەر پەرچەم و پیشانییە فیکری شەو و ڕۆژم
هەر گەردەن و زولفە ئەمەلی دوور و درێژم

یا ئەم شێعرەی شێخ ڕەزا کە هەر ڕواڵەتی هەیە و قسەیەکی خۆشە:

خواستی لێی ماچێ «ڕەزا»، زاڵمە نەیدایە گوتی:

ئەی خوا لەم کوڕە شێخزادەیە چەند بێئەدەبە

بۆ خۆم هەمیشە خەریکم شێعرێک دابنێم هەر دوو دیوی جوان بێ، جاری وایە توانیومە تاڕادەیەک سەرکەوم و جاری واش هەیە بەلایەکیان ڕازی بووم.

ناتوانم لەپێشدا نەخشە بۆ شێعر بکێشم. کاتێک ئیلهام لە شتێک وەردەگرم و «گۆران» گوتەنی خەیاڵێک مەستم دەکا و دەمەوێ بیخەمە چوارچێوەی شێعرێکەوە، ئەمە من نیم چوارچێوە هەڵدەبژێرم. بەڵکوو خەیاڵەکەیە کە چوارچێوە و قالبی لەبار بۆ خۆی دەدۆزێتەوە. من قسەی بێ کێش با زۆر جوان و قووڵیش بێ بە شێعر نازانم. شێعر دەبێ کێشی هەبێ تا لە پەخشان جودا بکرێتەوە، جا قافیەی هەبێ یا نا هەر بە شێعر دەژمێردرێ.

ڕاستە قافیە شاعیری بێدەسەڵات و کەمبین دەخاتە تەنگانەوە و دەبێتە بەرهەڵستی دەربڕینی هەست و بیری، بەڵام هەر قافیەش یارمەتیی شاعیری خاوەن بەهرە و بەدەسەڵات دەدا بۆ دەربڕینی هەستی دەروونی بە وشەی جوانتر و شیرنتر. بەکارهێنانی تاقە کێشێک لە پایەی شاعیر کەم ناکاتەوە، بەڵام خوێنەر ماندوو دەکا.

هیچ گومان لە پایەبەرزی مەولەوی ڕۆمی و مەولەوی تاوەگۆزیدا نییە. کەچی من بەش بەحاڵی خۆم هەم لە خوێندنەوەی مەسنەوی و هەم لە خوێندنەوەی دیوانی مەولەوی ماندوو دەبم.

دیوانی شاعیران وەک باخچەی گوڵانن. گوڵی باخچە تا ڕەنگاوڕەنگتر بن تەماشاکەران زیاتر ڕازی دەکەن. منیش وەک مامۆستا «گۆران»ی پایەبەرز پێم وایە کێشە خۆماڵی و فۆلکلۆرییەکان، کە لە باوک و باپیرانەوە بۆمان بەجێ ماون باشتر دەگەڵ تەبیعەتی زمانەکەمان ڕێک دەکەون. هەر لە منداڵییەوە گوێم بە لایەلایەی دایکی کورد کە لەسەر ئەم کێشانەیە ڕاهاتووە و زمانم بە «هەلوور، بەلوور تەکامە» پشکووتوە کە ئێستاش نازانم مانای چییە؟

لە سەرەتای شاعیریشمەوە شێعرم لەسەر کێشی خۆماڵی داناوە «ئەمەگی گوڵان» «بلوێری شوان» «ڕۆژگاری ڕەش» «بەهاری کوردستان» لە شێعرە کۆنەکانی منن، بەڵام وەک خۆم بە وەزنی عەرووزییەوە نەبەستۆتەوە لە کێشە فۆلکلۆرییەکانیشدا گیرم نەخواردووە.

گومانم لەوەدا نییە ئەگەر «شەنگەبێری»م لەسەر وەزنی عەرووزی دابنایە ئەم چێژەی نەدەبوو و ئەگەر «گەرمەشین»م لەسەر کێشی مەسنەوی مەولەوی نەگوتبایە عالەمێکم دەگەڵ خۆم نەدەهێنا گریان و ناڵە. بەکورتی من بڕیارم نەداوە لە کام قالبدا شێعر بگونجێنم لە شێعر دەگەڕێم خۆی قالب بۆ خۆی بدۆزێتەوە و ئارامی تێدا بگرێ.

ڕەنگە هیچ شاعیرێکی کورد بە زیندوویی سەری بە ئەندازەی منی لەسەر نەنووسرابێ، پێم وایە ئەگەر دەزگای «هاوکاری» بێزار نەبووبا و بڵاوی نەکردبایەوە کە هیچی تر لەسەر تاریک و ڕوون چاپ ناکا، تا ئێستاش نووسین درێژەی دەبوو. زۆریان پێ هەڵگوتم، مەمنوونیان کردم، بەڵام خۆم لێ نەگۆڕا. جنێو! بەڵێ جنێویان پێدام، بەڵام نائومێد نەبووم.

زۆر شت لە ڕەخنەکان فێربووم، بەڵام شتی سەیریشم هاتە بەرچاو. ڕەخنەگرێک نووسیبووی لە دنیای تەکنیکدا ئیتر شێعری درێژ باوی نەماوە و بێڕەحمانە هەرچی شێعری درێژم هەبوو بە هیچی دانابوو. ڕەنگە ڕاست بێ و لە وڵاتە سەرمایەدارەکاندا کە دراو هەموو شتێکە کەم کەس وەختی هەبێ نەک شێعری درێژ بەڵکوو هەر شێعر بخوێنێتەوە. بەڵام لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا کە وەختی کار دیاری کراوە و ساڵ بە ساڵ لە دوایی دەدا وەخت بۆ خوێندنەوەی شێعری درێژ زۆرە. لە وڵاتەکانی دنیای سێهەمیشدا کام شێعری من زۆر درێژە وەختی دەستێک دۆمینە ناگرێ، سەیر ئەوەیە لەو سەروبەندەدا نامەیەکم لەلایەن دۆستێکمەوە پێ گەیشت کە لە وڵاتێکی هەرە بۆرژوازیدا دەژی و هەم دەخوێنی و هەم کار دەکا. نازانم ڕاستی کردبوو یا نا، سوێندی خواردبوو کە سێ جاری تاریک و ڕوون خوێندووتەوە. چونکە خەڵکی لادێیە زیاتر ئەو شێعرانەی بەدڵ بووە کە لەسەر ژیانی لادێ گوتراون. «ئارەق و تین»ی بە باشترین شێعری من دانابوو. نووسیبووی تا ئێستا شێعری وەک ئەم شێعرانەم نەخوێندۆتەوە:

من جووتیارم من جووتیارم
من دەگەڵ هەتاو هاوکارم
من بە ئارەق و ئەو بەتین
دامان ڕشتووە بناخەی ژین
باسکی من و تیشکی ئەوی
بژێو دەستێنین لە زەوی
گەر جووتیار ئارەق نەڕێژی
گەر هەتاو تیشک ناوێژی
دانیشتووی نێو کۆشک و قەڵا
دەخۆن نانی گەڵا گەڵا؟

ئارەق و تین شێعرێکی ئاماڵ درێژی منە. کە ڕەخنەگری ئێرە بە تاوانی درێژ بوون ڕەتی کردۆتەوە و لاوێکی کوردیش کە لە وڵاتی ئیمپریالیستیدا دەژی بە باشترین شێعری دەزانێ. کارم بەوە نەداوە قسەی کامیان ڕاستە، دەگەڵ ڕەخنەگری ئێرەم، شێعر تا کورت بێ باشترە، بەڵام ئایا کورتی و درێژی شێعر بە دەستی شاعیرە؟ بێگومان نا. شاعیر دەبێ کوڵوکۆی هەستی خۆی بڕێژێ، جا ئەو کوڵوکۆیەی زوو بۆ دەڕژێ یا درەنگ، بە دەس خۆی نییە.

سی و پێنج ساڵێک لەمەوبەر دەستی کچە کوردێکم لە کەلەبچەدا دی کە لە دڵی خۆمدا خۆشم دەویست بێدادی و ئەوین هانیام دام ئەم ڕووداوە بخەمە چوارچێوەی شێعرەوە. خۆم لام وابوو بە هەزار دێڕ شێعر ناتوانم هەستی خۆم دەرببڕم. کەچی ئەم گڕە بەتینەی دەروونم بە تاقە شێعرێک دامرکا:

ئەسیری بسکی ئاڵۆزی کچە کوردێکی نەشمیلم
تەماشا کەن چ سەیرێکە بە دەستی دیلەوە دیلم

بەڵام ئێستاش ناڵەی جوداییم بەو درێژییەوە پێ ناتەواوە و دەزانم کوڵوکۆی دەروونی خۆم نەڕشتووە.

ئیلهامی شێعر بۆ من وەخت و ناوەختی نییە، جاری وایە بە ڕێدا دەڕۆم یا سواری پاس بووم و شێعرم بۆ دێ زۆر جار لەنێو جێدا شێعرم بۆ هاتووە کە نەمتوانیوە بینووسمەوە و لەبیرم چۆتەوە بەڵام زیاتری شێعرم لە تاریکی و بێدەنگی نیوەشەودا خوڵقاون.

مرۆڤ هەرچەند بژی و هەرچەند فێر بێ هێشتا کەم فێر بووە و زۆر شتی نەزانیوە. وردبوونەوە لە شێعری شاعیرێکی باشی کوێر ئەزموونێکی بەنرخی فێر کردم. لە شێعری ئەو شاعیرەدا وەسفی نەرمی سنگ و گەرمی هەناسە و بۆنی بسک و شیرینی ماچ و ناسکی لێو و تەنگی دەمی یارەکەی کراوە. بەڵام باسی چاوی کاڵ و لێوی ئاڵ و کوڵمی سوور و کەزی ڕەش نەکراوە. وەسفی شنەی با، هاژەی باران، بۆنی گوڵ و ڕەقی بەرد و تامی میوە هەیە ئەمما باسی شەپۆڵی ڕووبار، بەرزی چیا، گەشی گوڵاڵە و زەردی خەزان نییە زۆر بە هاسانی لێرەدا دەردەکەوێ کە شاعیری واقیعی ناتوانێ ئەوی هەستی پێ نەکا بیکاتە شێعر.

«گۆران»ی مەزنی خۆمان وەسفێکی چیاکانی هەورامانی کردووە لە ترۆپکە هەرە بەرزەکانی ئەم چیایانە بەرزترە، بەڵام کانی بەر تریفەی مانگەشەوی پێ لە دەریای بێسنوور جوانترە.

لامارتین وەسفێکی دەریاچە دەکا کە بێگومان – بە زمانی فەڕانسە - دیارە لە شەپۆڵی دەریا بەتەوژمترە، کەچی کانی بەر تریفەی مانگەشەوی بە بەرچاودا نایە. هەردوو لاش هەقی خۆیانە نە ئەم لە لێواری دەریا ژیاوە و نە ئەو لە بناری چیا. شاعیر هەر لەو شتانە ئیلهام وەردەگرێ کە لە دەوروبەری هەن، دەیانبینی یا هەستیان پێ دەکا و لەنێوانیاندا دەژی.

ئەزموونی شاعیریش لە شێعریدا زۆر دیارە. ئەم ڕۆژانە من خەریکی بەراورد کردنی شیرین و خوسرەوی خانای قوبادی و «خسرو شیرین»ی نیزامیم یا ڕاستەکەی بڵێم خەریکم لەژێر سێبەری فارسییەکەدا شێوەی کوردیی گۆران بزانم. لە وەسفی شەوێکی مەستی خوسرەودا بۆم دەرکەوت کە خانای کوردی دۆ نەدیو تا ئەو دەمەی ئەو شێعرەی گوتووە قەت دەمی لە شەراب نەداوە و شێخی نیزامی هاونشینی شا و شازادایان زۆر جار لەبەر مەستی و سەرخۆشی بە کۆڵ بردۆتەوە ماڵ.

زۆرم سەر یەشاندن. زۆرم «من، من» بە زاردا هات کە قسەی نەزان و خۆپەرستانە. بەڵام ئەگەر نەزانیش بم خۆپەرست نیم و باسەکە ئەوەی هەڵدەگرت. هیوادارم لێم ببوورن. دیسان لە کانگای دڵمەوە سوپاستان دەکەم و خۆشیتان بەئاوات دەخوازم.