نەورۆز

لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 4 خولەک  1403 بینین

لەبارەی نەورۆزی پیرۆزدا زۆر شت گوتراوە و نووسراوە. مێژوونووسان دەڵێن ئەو ڕۆژە کە ئاور دۆزراوە خەڵک کردیە جێژن و ناوی نا نەورۆز، یا دەنووسن ئەو ڕۆژە کە کاوەی ئاسنگەر لە زەحاکی خوێنخۆر و زۆردار ڕاپەڕی و دوایی بە دەستەڵاتی زۆردارانەی هێنا، کرا بە نەورۆز.

تەنانەت لە هێندێک برادەری شیعەم بیستووە کە حەزرەتی عەلی سڵاوی خوای لێ بێ لەو ڕۆژەدا لەدایک بووە. هیچ کام لەم بۆچوونانە بۆ ڕەتکردنەوە نابن. دۆزینەوەی ئاگر ئەو نیعمەتە گەورەی خودا، ڕاپەڕینی کاوە و لە ناخ ڕۆ کردنی زەحاکی زۆردار و لەدایکبوونی حەزرەتی عەلی ئەو سەردارە بەناوبانگەی ئیسلام هەموو بۆیە دەبن جێژنیان بۆ بکەی، بەڵام بۆچوونی من لەبارەی نەورۆزدا بۆچوونێکی لادێییانە و کرمانجانەیە. لەوەش ناترسم مێژووزانەکانی شارستانی پێم بڵێن کەڕە کرمانجی مێژوونەزان و نەخوێندەوار ئەوەت لە کوێ هێناوە.

من پێم وایە ئەم ڕۆژە پیرۆزە و ئەم جێژنە گەورەی زۆربەی گەلانی ڕۆژهەڵات پێوەندی بە ئابوورییەوە هەیە.

جا ئیجازە بدەن بەکورتی لەو بارەوە بدوێم. تا بزانن منی کەڕە کرمانج کەنگێ و لە کوێم دەرسی ئیقتساد خوێندووە تا قسەی وا زل بکەم.

بابە با نەخوێندەواریش بم! خۆ ئەوەندەم لە خوێندەواران بیستووە کە ئەو گەلانەی بە زمانگەلی ئێرانی دەدوێن لە ڕۆژگارێکدا کە نە من دەزانم کەنگێیە و نە ئەو کەسانەی خۆیان بە مێژووزان و مێژووناس دەژمێرن بۆیان ساغ نەبۆتەوە چەند هەزار ساڵ دەبێ لە قەفقازەوە سەرەوژێر بوونەوە و هەر یەک بۆ لایەک ڕۆیشتن.

ئەم گەلانە هەموویان شوانەوێڵە و مەڕدار بوون و ژیانیان بە پێست و گوانی ئەم گیانلەبەرە خوێنشیرین و بەستەزمانە کە زۆر زوو دەستەمۆ بووە، دابین کردووە.

ڕوونتر بڵێم خۆراکیان لە شیر و پۆشاکیان لە خوری ئەو حەیوانە بووە. جا بۆیە خۆشیان ویستووە و گەرمێن و کوێستانیان دەگەڵ کردووە و بەدوای هەوار و لەوەڕگەدا وێڵ بوون و گەڕاون. نە زۆر شارەزای نووسینەکانی «هیرۆدۆت»، «تەبەری»، «گزنفۆن»، «فردۆسی»، «مینۆرسکی» و «زێڕنۆف» و ئەوانەم کە بنەچەکەی کورد بەرمەوە سەر کاردۆخ و ماد و نازانم کێ و کێ؟...

بەڵام دەزانم کوردیش یەکێک لەو گەلانەیە لەپێشدا شوانەوێڵە بووە ئێستاش ئەگەر کارەساتی ڕۆژگار لێگەڕێ کەیفی لە شوانەتییە و وڵاتەکەشی بۆ ئاژەڵداری یا بە زمانی ئیمڕۆ دامداری و دامپەروەری دەناڵێ.

ئێستاش هەرچەند مەڕداری لە کوردستاندا بەداخەوە زۆر کەم بووە و دامپەروەرەکان کاتی بەران تێبەردانیان گۆڕیوە، بەڵام ئەو دابە هەر نەگۆڕاوە، هەر کەس کەرتکە مەڕێکی بێ ئەو ڕۆژە بەران دە مەڕی دەکا، میوانداری لە جیرانان دەکا، مێوژ و خورما و شیرینی دەدا بە منداڵان و ئەگەر خەڵاتێکی زۆرباش بۆ شوان لە ئەستۆی بەران نەکا، کاکی شوان نایەڵێ بەرانی ڕەنگاو بچێتە نێو مێگەل.

بەڵام زۆر دوور نییە هەر بە بیری من مەڕدار لە ئاخر و ئۆخری مانگی میهر بەرانیان دە مەڕ کردووە و جێژنی میهرەگانیان بۆ کردووە. دیارە ئەو جێژنە ئەوەندە گەورە بووە کە عەرەب وەریان گرتووە و کردوویانە بە میهرەجان و بە هەموو ڕۆژی خۆش دەڵێن میهرەجان.

مەڕ بە پێنج مانگ دەزێ پێشینیان دەڵێن بەرخ پاش سەد ڕۆژ ڕووحی وەبەر دێ و مەترسی بەر ئاویتن کەم دەبێتەوە. جێژنی سەدە کە ئێستاش لە زۆر شوێنی کوردستان دەیکەن و پێی دەڵێن «بێڵن دانا» پێوەندی دەگەڵ ئەم باسە هەیە. دوو مانگ پاییز و سێ مانگ زستان دەکاتە پێنج مانگ و لە شەوی ئەووەڵی بەهاردا زەوی مەڕ دێ و جێژنی هەرە گەورەی مەڕدارە.

پێم وا نییە پێویستی بە ڕوونکردنەوە بێ بەرخی مەستە شیر پاشی سێزدە ڕۆژ دەبێ لە کۆز دەرکرێ و بە زاوەماک بیبەیە لەوەڕ. ئەوەش سێزدە بەدەرەکەمان.

ئەوەیە بۆچوونی منی کەڕە کرمانج کە لە ژیانی باوکم بەسەر مەڕ ڕادەگەیشتم و گەرمێن و کوێستانم دەکرد و بە پسپۆڕی ناوبانگم هەبوو. بەڵێ ماوەیەکی زۆر وێڕای شوانی شەوگەڕ و شەنگەبێریی توند و تۆڵ لە کوێستانە جوانەکانی کوردستانی ڕەنگین ژیانم ڕابواردووە.

زۆر پاڵێنیان لە مندارە مانگدا بۆ ئەوەی شوانەکانمان نیوەڕۆ خەوی بۆ بکەن و شەوانە مەڕ بڕەتێنن بۆ خۆم دەستم داوەتە گۆچان و چوومە بەر مەڕ و لەو وەختانەدا بووە شێعرم بە تەبیعەت و خۆڕسک و ژیانی کوردەواری هەڵگوتووە.