مامۆستای شاعیرانی موکریان
وەک ئاگام لێ بێ بەسەرهاتی ئەم شاعیرە مەزنە لەلایەن لاوێکی زانا و ئەدەبدۆست و لێزانەوە بە دوورودرێژی نووسراوە و شێعرەکانی بە وردی شی کراونەتەوە و نەخشی بەرچاوی ئەم گەورە پیاوە لە ئەدەب و سیاسەتی نیوەی یەکەمی چەرخی بیستەمدا، بەتەواوی ڕوون کراوەتەوە. با ئەم نووسراوەش جارێ چاپ نەکرابێ و بڵاو نەبووبێتەوە. من لەخۆم ڕانەدی لەم بارەدا بۆ خاتری دوو شت چ بنووسم. یەک نەمویست ڕەنجی ئەو بەفیڕۆ بدەم، دوو، من لەو بابەتە نووسینەدا شارەزانیم. لەم بڕوایەدام هەر کارێک دەبێ پسپۆڕی خۆی بیکا.
هەتاو هەروا لەبن هەوردا نابێ، کورد هەر وا بەبێ بەشی و چارەڕەشی و لێقەوماوی ناژی. ئەویش هەر وا بە نەناسیاوی نامێنێتەوە ڕۆژێک هەر دێ دیوان و بەسەرهاتی چاپ بکرێ و لەنێو نەتەوەکەیدا باشتر بناسرێ و تەنانەت پەیکەریشی بۆ دروست بکرێ. هەر ئەوەندەم ویست چەند نموونە لە شێعرەکانی بخەمە پێش چاوی خوێنەران.
بەشانازییەوە دەڵێم من بە مێرمنداڵی و لاوەتی زۆر جار ئەم شاعیرە مەزنەم لە نیزیکەوە دیوە. لە قسە خۆش و جوان و بەتامەکانی، لە شێعرە بەرزەکانی لە پەند و ئامۆژگارییە بەنرخ و بەسوود و دڵسۆزییەکانی گەلێکم کەلک وەرگرتووە.
بەش بەحاڵی خۆم و پێم واشە بە هەڵە نەچووم. ئەم شاعیرە بە مامۆستای شاعیرانی نیوەی یەکەمی ئەم چەرخەی کوردستانی ئێران و، بەتایبەتی مەڵبەندی موکریان دەزانم.
شاعیرەکانی پێش ئێمەی موکریان وەک شێخ ئەحمەدی سریلاوا و دوکتۆر شەوقی و خاڵەمین و سەید کامیل، ئەگەر نەشڵێن بیری نەتەوایەتی لەوی فێر بوون دیارە ئوسلووبی لەکارهێنانی وشەی ڕەسەنی کوردی و زمانی شوان و سەپان و جووتیاریان لەوی وەرگرتووە. ئێمەش شاعیرەکانی پاش ئەوان وەک هەژار و عەتری گڵوڵانی و هێمن پەیڕەوی ئەوانمان کردووە و دیارە شاعیرەکانی لاویش وەک سوارە و هاوار و مەحموودی و مەلا غەفوور، ئەم ڕێڕەوەیان بەر نەداوە.
ئەبولحەسەنی سەیفی قازی کوڕی میرزا قاسمی قازی برا چوکەی میرزا فەتتاح و قازی عەلی و مامی پێشەوا قازی محەممەدی نەمر و سەدری قازی شەهید و باوکی حەمە حوسێن خانی نەبەز و تێکۆشەر بوو. گەورە پیاوێکی زانا و ڕووناکبیر و خوێندەوار و کارامە و بەئەزموونی موکریان بووە. زیاتر خەریکی کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کشتوکاڵ و مڵکداری بوو. سووفی و دڵتەڕ بوو، شاعیری پیشەی هەمیشەیی نەبوو. کەچی لە ڕێزی شاعیرە هەرە بەرزەکانی کورد دەژمێردرێ، جگە لە زەوقی شاعیری کۆمەڵناس و مێژووزان بوو.
لە شێعری دڵداریدا کە کەمی بەدەستەوە هەن، شاگردی قوتابخانەی شاعیری بێوێنەی، پایەبەرزی، هەڵکەوتەی کورد «نالی» بووە. ئەگەرچی غەزەلە تەڕ و پاڕاوەکانی ناگەنە غەزەلی نالی بەڵام بە ڕاشکاوی دەتوانم بڵێم شاگردێکی باشی ئەم قوتابخانەیە و، زۆر کەمتر لە شاعیرەکانی دیکەی لاسایی کردنەوەی لە شێعردا هەیە، پێشینیان گوتوویانە: «لە شێر ترسان عەیب نییە» شاگردی باشی نالی بوونیش پایەکی کەم نییە. نالی لەو ئەستێرە پڕشنگدارانەیە کە هەر بە چەند چەرخ جارێک ئاسمانی ئەدەبی گەلێک ڕووناک دەکەنەوە و نموونەیان لەنێو هەموو گەلێکدا هەیە. مەرج نییە هەموو کەس وەک من بیر بکاتەوە. ئەمما منیش بۆم هەیە بڵێم هەرچەند پاش نالی گەلی ئێمە شاعیری زۆر بەرزی هەبوون. بەڵام هێشتا لەنێو کورددا شاعیرێک هەڵنەکەوتووە جێی نالی پڕ بکاتەوە، مەگەر دایکی نیشتمان لەدواڕۆژدا ڕۆڵەیەکی وا شیرین و نازدار و بلیمەتێکی وا گەورە و بێوێنە لە ئامێزی خۆیدا پەروەردە بکا. بەڵام شاگردی باشی نالی بوون هونەرە. سەیفیش بە شاگردێکی گەورەی نالی دەناسم کە قوتابخانەکەی بەهۆی حەریق لە موکریاندا بۆتە باو. سەیف هاودەم و دۆست و شاگردی حەریق بووە.
سەیفی قازی لە شێعری نیشتمانی و شۆڕشگێڕانەشدا یەکەم شاگردی قوتابخانەی شاعیری نەمر فەیلەسووفی زانا و ڕووناکبیری کورد حاجی قادری کۆیی بووە. لە مەڵبەندی موکریان شاعیرێک ناناسین پێش ئەو شێعری نیشتمانی، ئەویش ئەوەندە حەماسی دانابێ.
سەیفی قازی خۆی قوتابخانەیەکی نوێی لە ئەدەبی کوردیدا کردۆتەوە. بە یەکەم شاعیری کوردستانی دەناسین کە بای داوەتەوە سەر ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی و بە زمانی زەحمەتکێشان و ڕەنجبەرانی لادێ شێعری گوتووە. تێکۆشاوە تەعبیری ناسک و ڕەسەنی کوردانە لە شێعری ساکار و ڕەوان و جوانی خۆیدا بگونجێنێ. وشەی پەتی و ڕەسەنی کوردی لە کاربێنێ و زمانەکەمان بە چەشنێکی وەستایانە و شارەزایانە بژار بکا و، وشەی بێگانە و نامۆی لێ دەرباوێژێ و، بە شایەدی هەموو زمانناسێک لەم کارە بەنرخ و بەکەلکەدا زۆر سەرکەوتووە.
ئەم شاعیرە بەرزە بڕوای وا بوو و، بڕوایەکی ڕاستیش بوو، کە دەبێ وشەی پەتی و ڕەسەن لە دێ و لە نەخوێندەوار فێربین و کێشی شێعر لە فۆلکلۆری کۆن وەرگرین و تەعبیر و ئەزموونی کوردانە بەکاربێنین. بەڵام دەیگوت ئەم وشە بێگانانەی لە کۆنەوە لە کوردیدا جێگای خۆیان گرتووە و نەخوێندەوار تێیان دەگا تازە بوونە کوردی و هەق نییە بیانگۆڕین یا وەدەریان نێین. ئەو دوژمنی بێئامانی وشە داتاشینی ناشیانە بوو و ئەو ناشیانەی لەخۆوە نەزانانە، وشە دادەتاشن بە دوژمنی زمانی کوردی دەناسی. لەم ئاخرانەدا کە هێشتا مابوو و وشە داتاشین ببووە باو. بۆ ئەوەی تووڕەی بکەی بەس بوو کە وشەیەکی داتاشراوی ناڕەسەنی نیشان بدەی و بۆ ئەوەی خەنی بکەی دیسان بەس بوو وشەیەکی ڕەسەنی کوردی بۆ بدۆزیەوە. تەنیا ڕەخنەیەکی لەباری زمانەوە لێی دەگیرێ ئەوەیە کە هەر لە لەهجەی موکریاندا زۆر شارەزا بوو و لەبەر نەبوونی قامووسێکی کوردی کەمتر ئاگای لە وشە جوان و ڕەسەنەکانی شێوەکانی دیکەی کوردی بوو.
قوتابخانەی سەیفی قازی لە کوردستانی ئێران بەتایبەتی لە موکریاندا شاعیری ئەوتۆی پێگەیاندن کە زۆریان بە مامۆستای گەورە ناسراون و لە مامۆستاکەیان تێ پەڕاندووە. بەڵام هەقی مامۆستایی بەسەریانەوە هەیە، چونکە ئەگەر ئەو ئەم ڕێچکەی نەشکاندبان دیارە هەر لەسەر ڕێبازی وەفایی و ئەدەب و حەیدەری و ئەو جۆرە شاعیرانە دەڕۆیشتن کە لەباری زمانەوە پڕن لە وشە و تەعبیری بێگانە. دیارە کارم بە پلە و پایەی شاعیرانی هاوچەرخی ئەو نەداوە بەڵکوو مەبەستم ئەوەیە ئەوان بۆ بووژاندنەوەی زمانەکەمان هەوڵێکی ئەوتۆیان نەداوە.
بەڵام سەیفی قازی بەخۆی و شاگردەکانیەوە لە ژیاندنەوە و بووژاندنەوەی زمانی کوردیدا نەخشێکی دیار و بەرچاویان هەیە.
تا ڕادیۆ چەپرەکەکانی کوردی بە وەرگێڕانی ناپوخت و دزێو و وشە داتاشەکانی شارنشین و خۆپەرست، بە داتاشینی وشەی ناشیرین و نالەبار و ناڕەسەن زمانی کوردییان وا شپڕێو و شپڕزە نەکردبوو. قوتابخانەی سەیف خزمەتی بەکەلکی بە زمانی کوردی کرد. ئێستاش لە موکریاندا شاعیر و نووسەری وا هەن ڕێبازی ئەویان هەر بەرنەداوە و پەرەیان پێ داوە.
ئەوەش چەند نموونە لە جۆرەکانی شێعری ئەم شاعیرە کە پێم وایە ناتەواوییان تێدا هەیە. بەڵام لە دووروڵات هەر ئەوەندەم بۆ پەیدا بوو بەهیوای ڕۆژێک کە دیوانی تەواوی چاپ بکرێ.
کوردینە
ئەمە نموونەی شێعری نیشتمانی و شۆڕشگێڕانەیەتی وا دیارە شینی بۆ شەهیدانی کوردستانی تورکیا گێڕاوە. جگە لەوەی زۆر پڕ سۆزە، زۆریش هاندەرە. ئاشکرایە وەک پیاوێکی سیاسی و پسپۆڕ لە گرێکوێرەی مەسەلەی کورد گەیشتووە و ئاگای لە فێڵ و دەهۆی دوژمنان بووە، بەو حاڵەوە نەتەوەکەی بۆ خەبات هان داوە. ئامۆژگارییەکانی لە بنەماڵەی نیشتمانپەروەری خۆیدا پتر کاریگەر بووە. وەک دەزانن جگە لە دوو برازا و کوڕێک، چەند خزمی زۆر نیزیکی لە عەشیرەتی بەگزادەی فەیزوڵڵابەگی لەپێناوی ڕزگاریی کوردستاندا چوونە سەردار و بوونە قۆچی قوربانیی ئازادیی گەلی کورد. ئەمەش نموونە شێعری ئاشقانە و دڵداری سەیفە و دیار نییە کەی گوتراوە، شێعرناس دەزانێ چەن وردەکاری شاعیرانەی تێدا بەکار هاتووە و وشەی چەن ڕەسەن و جوانی کوردی تێدایە و قافیەیەکی هەڵبژاردووە وەک قافیەی شێعرە نیشتمانییەکەی ڕەنگبێ پێش ئەو هیچ شاعیرێکی کورد خۆی لێ نەدابن.
داوەڵی دڵ
شاکاری هەرە بەناوبانگی سەیفی قازی بەڵکوو یەکێک لە شاکارەکانی شێعری کوردی پارچە شێعری زستانە، بەشی زۆری کوردستان زۆزان و سارد و بەفرگرە، کەچی کەم شاعیری کورد دەناسین وەسفی زستانی کرد بێ. مامۆستا لەم شێعرەدا تابلۆیەکی لە زستان و لە ژیانی لادێ نشین و ئاژەڵدار و زەحمەتکێشانی کورد کێشاوە کە بێگومان بێوێنەیە. جگە لەوە بە زمانێکی سادە و ڕەوان و لادێییانە گوتراوە و فەرهەنگۆکێکە لە وشەی ڕەسەن و پاکی کوردی، پڕە لە ئامۆژگاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووری بۆ زەحمەتکێشان و دێنشینانی کورد. وردبوونەوە لەم شێعرە بۆمان ڕوون دەکاتەوە، شاعیر چەن ڕووناکبیر و ئازایخواز و کۆمەڵناس و گەلپەروەر بووە. سەیر ئەوەیە سەیف خۆی لە چینی تەسەل و دەوڵەمەند بوو و لە کشتوکاڵ و مڵکداری و دار چەقاندن و ماڵ بەخێوکردندا ناوبانگی ئێستاش هەیە و شوێنەوارەکانی هەر ماون، کەچی دەبینین شارەزای ژیانی چینە هەرە هەژارەکانی ئەو سەردەمی کوردستان بووە و دڵی بۆیان سووتاوە و شینی دەگەڵ گێڕاون. ئەم شێعرە وەک بۆ خۆی ئیشارەی کردووە لە ساڵی ١٣١٢ی هەتاویدا گوتراوە کە زستانێکی زۆر درێژ و سەخت و قڕانێکی گەورە بووە و زۆر ماڵ لە ماڵ کەوتوون و زۆر دەوڵەمەند بێڵیان لە بنمیچ چەقاندووە. شێعرەکەی وەک نامەیەک بۆ دۆستی خۆشەویستی عەزیز ئاغای عەبباسی کە ئەویش ئەهلی زەوق و حاڵ و سۆفی و دڵتەڕ بووە نووسیوە:
زستان