ئەرکی بەیان لە هەلومەرجی ئێستادا

لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 17 خولەک  1356 بینین

پاش بڕانەوەی شەڕی یەکەمی جیهانی، پاش لەبەریەک هەڵوەشانی دەوڵەتی عوسمانی کەمالیستەکانی تورکیا بە هەلەهەل و پەلەپەل تێدەکۆشان خەڵکی وڵاتەکەیان فێری ڕێوشوێنی ئەورووپایی بکەن. توند بەگژ ڕێوشوێنی کۆندا چوون. جلوبەرگی نەتەوایەتییان لە هەموو گەلانی ئەم وڵاتە قەدەغە کرد. خەریک بوون وشەی بێگانە، بەتایبەتی عەرەبی لە زمانەکەیان وەدەرنێن، خەتیان گۆڕی.

کاریکاتۆرێکی ئەو سەردەمیم دیوە کارێکی هونەرمەندانەی زۆر سەیرە. کاریکاتۆریست، زەلامێکی تورکی کێشاوە، پیتەکانی «ص، ض، ط، ﻇ، ث، ذ»ی لە تێڕێکی خستوون، سەریان لە تێڕەکە دەرهێناوە، لە وشترێکی ناون، بە تێڵا لە وشتر ڕاساوە و تێی ڕاخوڕیوە «گێدن عربستانە!تورکی»

هونەرمەند هونەری نواندووە، هەستی خۆی دەربڕیوە، خەڵکی وەپێکەنین خستووە. بەڵام ئایا کارەکە وا بە هاسانی بڕاوە؟ هەر کەس چ بڕ ئاگای لە نووسینی ئێستای تورکی بێ، ناچارە جواب بداتەوە «نەخێر».

ڕاستە خەتیان کردە لاتین و ئەم پیتانەشیان ناردەوە عەرەبستان. بەڵام هەرگیز نەیانتوانی ئەو وشانەی لەم پیتانە دروست دەکرێن لە زمانی خۆیان دەرباوێژن. پاش ماوەیەک هەڵسووڕ، داسووڕی شێتانە و تەپوتۆزی منداڵانە هاتنەوە سەر ڕەوتەکەی جارانیان. ئێستا نووسەرانی تورک بە زمانێکی تێکەڵاو دەنووسن. بۆ نموونە ئەم چەند دێڕانەم لە تازەترین ڕۆژنامەکانی تورکی دەرهێناون:

«اجتماعی عدالت تامین یاسایش ساغلام محیط یاراتماق ایچون عموم خلق کتلەلری متحدا چالیشمار ایدلار.تورکی»

(یا)

«سنین عشقی منی مجنون ایتدی. مشرق و مغربی سیراتیدم آخر داسنی سوییدم عزیزمتورکی». قسەی خۆمان بێ، دار و بەرد گوێی کەڕ بێ. دوور لە ڕووی کەمالیستەکانی خۆپەرست ئەم دێڕانە بە تورکیێکی زۆر پەتی نەنووسراون! بەڵێ شاعیر و نووسەرەکانی تورک بەم زمانە تێکەڵاوە دەنووسن و ئی واشیان هەیە ناوبانگیان بە دنیادا بڵاو بۆتەوە و نووسینەکانیان بە زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕدراون.

پان ئیرانیستی واش لە ئێران پەیدا بوون کە دەیانویست، بە فارسیی پەتی بنووسن. ئەوانیش بڕێکیان تەپوتۆز کرد، بەملا و ئەولادا هەڵسووڕان و گێچەڵیان نایەوە. بەڵام فارس گوتەنی: کسی ترە برایشان خرد نکرد. «کەس بە ڕبەی نەپێوان»، کەس گوێی نەدانێ، کەس لاسای نەکردنەوە. کەم کەس وێرای ئابڕووی خۆی بە ڕێ و ڕێبازی سەعدی و حافیز و نیزامی و مەلەوی بەربدا وەشوێن چەند کەسی شێت و شووری بێمایە و سەرلێشێواو بکەوێ، خۆیان پێ ڕانەگیرا و وەک بڵقی سەر ئاو پووچانەوە و ناویان لەنێو ناواندا نەما.

بیستوومە ئەفسەرێکی سیاسی ڕاپۆرتێکی زۆر گرنگی بە خەیاڵی خۆی بە فارسی «سرە» بۆ دوکتۆر موسەدیق نووسیوە، موسەدیق هەرچی خەریک بووە تێی نەگەیشتووە، لە پەراوێزی ڕاپۆرتەکەدا نووسیویەتی: «خواهشمندم کاملا عربی بنویسیدفارسی».

ئێستا شاعیر و نووسەری فارسی وا هەن بەم زمانە تێکەڵاوە شاکارە ئەدەبییەکانی بێگانە دەکەنە فارسی و بۆخۆشیان شاکاری تازە و نوێ و پڕ نرخ و جوانی دەخوڵقێنن و نووسەری وەک: هیدایەت، عەلەوی، چوبک، ئەفغانی، ساعیدی و سەمەدیان لێ پەیدا دەبێ و شاعیری وەک، بەهار، شەهریار، نیما، پەروین، سیمین و فروغ و شاملوو و نادرپوور و سوپهری کەلێنی شاعیرە گەورەکانی پێشوویان پڕ دەکەنەوە. بۆ ئەوەی بزانن فارسیی ئەمڕۆ چۆن دەنووسرێ چاوێک بەم چەند دێرانەی خوارەوەدا بخشێنن کە لە تازەترین ڕۆژنامەکان دەرهاتوون: «تفکیک و تقسیم اراضی کشاورزی ممنوع اعلام شدفارسی».

«مالیات خرید و فروش در اراضی بایر خارج از محدوده شهری بطور تصاعدی دریافت میشود. معاملات شرطی و رهنی زمین برای اخذ وام ساختمان یا فعالیت صنعتی از مؤسسات دولتی مجاز بلا مانع اعلام شد.فارسی»

ئەو کەسانەی عەرەبی دەزانن بە هاسانی دەتوانن وشە عەرەبییەکان لەنێو ئەم دێڕانەدا بدۆزنەوە. بەڵام ئەگەر فارسی نەزانن لە مانای ڕستەکان ناگەن. چونکە لەسەر ڕێزمانی فارسی داڕێژراون و وشە عەرەبییەکانیان لەنێو خۆدا جۆش داوە.

ئازەربایجانی، ئەفغانی، پاکستانی، تاجیک، ئۆزبەکستانی و بلووچیش هەر وا تێکەڵاو دەنووسن. عەرەبیش کورد گوتەنی «بازە دەشگری و بەریش دەدا ئەگەر دەبەخشێ وەریش دەگرێ». زۆر تەبیعییە هەموو گەلی دنیا دەبێ ببەخشێ و وەربگرێ و تا بژی و نەمرێ.

لەم نێوەدا تەنیا ئێمەین وەک کەڵی کۆتانێ لە مەیدان چەقیوین، چاومان لە هەوا بڕیوە، فیزمان ناهێنێ لە کەس وەربگرین و ئاگاشمان لێ نییە چۆنمان لێ وەردەگرن. نازانم ئەم فیز و هەوایە، ئەم بەرزەدەماخییە و ئەم لەخۆبایی بوونە، لە کام پلەمان هەڵدەدێرێ، نازانم کەی سەرەنگرێ دەبین؟ نازانم چمان بە سەردێ نازانم بەم حاڵە دەگەینە کوێ؟ هەر ئەوەندە دەزانم زیانمان زۆر لێ دەکەوێ و زۆر شتی جوانمان لە کیس دەچێ.

مێژووی ڕۆژنامەنووسی ئێمە زۆر لە گەلانی دەوروبەرمان بەجێ نەماوە، «کوردستان» یەکەم ڕۆژنامەی کوردی کە لە ساڵی ١٨٩٨-١٩٠٢دا بڵاو بۆتەوە فەرقێکی ئەوتۆی دەگەڵ ڕۆژنامەکانی گەلانی هاوسێ و دەوروبەرماندا نییە. لە سەرەتای ڕۆژنامەنووسییەوە ڕۆژنامەنووسەکانی ئێمەش وەک ڕۆژنامەکانی تورک و فارسیان نووسیوە و پێیان شوورەیی نەبووە وشەی بێگانە لەکار بێنن.

ڕۆژنامەکانی سەردەمی شێخ مەحموودی نەمر کە لە سایەی ڕەنج و تێکۆشانی لاوی ڕۆژنامەنووسی زرینگ و پیتۆڵی کورد کاک جەمال خەزنەدارەوە سەرلەنوێ ژیاونەوە و ئێستا لەبەر دەستماندان، ئەو ڕاستییە بەتەواوی ڕوون دەکەنەوە.

پیرەمێردی نەمر ڕۆژنامەنووسی هەرە گەورە و شاعیری بەناوبانگی کورد لە «ژین و ژیان»دا ئارام و لەسەرەخۆ گۆڕانێکی باشی بەسەر نووسینی کوردیدا هێنا. ئاگایانە و وشیارانە خەریکی بژار کردن و خاوێنکردنەوەی زمانەکەمان بوو و وەستایانە وشەی عەرەبی و فارسی و تورکی لێ هەڵاوارد و وشەی ساکار و ڕەسەنی کوری لەباتی ئەوان بەکارهێنا.

گەلاوێژ، گەلاوێژی گەش و بەرز، بە پرشنگی ڕوون و جوانی، ئاسمانی ئەدەب و ڕۆژنامەنووسیی کوردی ڕۆشن کردەوە، خەواڵووی ڕاپەڕاندن و شۆڕشێکی پیرۆزی ئەدەبی هەڵگیرساند. ڕێبازێکی ڕاست و ڕەوانی گرتە پێش، نووسەر و شاعیری پێگەیاندن و بە خەڵکی ناساندن و وەک درەختێکی بە بەر و سێبەر ڕەگاژوی کرد و وەچەی وەک «نیشتمان» و «کوردستان» و «هەڵاڵە» و ڕۆژنامەکانی دیکەی سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهابادێ دەرکردن.

ناڵێم ئەویش زۆر تەواو بوو، ناڵێم کەموکوڕی نەبوو، ناڵێم کە ئەویش شتی بێتامی تێدا چاپ نەدەکرا. بەڵام دەتوانم بڵێم ئەگەر ئەو ئەستێرە گەشە وا زوو ئاوا نەدەبوو تووشی ئەو شەوەزەنگە نەدەبووین کە سەرەدەری تێدا ناکرێ.

بەداخەوە ئەو تەپوتۆزەی کە پاش شەڕی یەکەم لە تورکیا و ئێران هەستا و لەو وڵاتانە خۆی نەگرت. پاش شەڕی دووەم ڕووی لە کوردستانی عێراق کرد، ڕووی لەو پارچەی نیشتمانەکەمان کرد کە تاڕادەیەک دەرەتانی کوردی نووسینی لێ هەبوو. لەوێدا وەستا، نەڕەوی، نەڕەوی و مەیی تا ڕۆژی ڕووناکی لێ کردینە شەوەزەنگ. شەوە زەنگێکی تاریک و تنووک و ئەنگوست لەچاو.

پیاوی بێمایە و لەخۆبایی دەرفەتیان هێنا و قەڵەمیان فڕێ دا و ڕۆبوونە «بنووس» و «پێنووس» و «کتێب»یان دڕاند و «پەرتووک»یان بۆ لەبن هەنگڵ ناین. کاغەزیان بەدەم بادا دا و «تیانووس»یان خستە بەردەس. شێعریان بە درۆ و هەڵبەست زانی و هەزار ناوی سەیر و سەمەرەیان لە شاعیری کڵۆڵ و چارەڕەش نا، تا ئاخرەکەی بە هەستیاری برای بیستیاری ئامۆزای هەقی کەمتیار دەرچوو. قافیەیان بە تەنگی زانی و «سەروا»یان پێ بەراوەڵاتر بوو. لە قانوون دەرچوون و یاسای چەنگیزخانی مەغوولیان بۆ خۆیان بە ڕاست زانی. چونکە پۆلیس خزمەتی خەڵکی نەدەکرد «حەیتە...»یان بۆ ڕاژەی گەل هەڵبژارد. ئیمزایان نەخوێندراوە و «واژوو»ی پیرۆزیان لێ دا.

هەرکەس لەبەرخۆیەوە دەستی کرد بە وشە داتاشین و هەرچی بە قەڵەمی چەپرەکیدا هات نووسی. بێ ئەوەی هەست بە بەرپرسی مێژوویی بکا. بەتایبەتی پاش ئەوەی ڕادیۆی کوردی لە ئێران و عێراق دامەزران، سەرلێشێواوی پتری پەرەگرت، نووسەری بەرنامەی کوردی ناچارە تەرجەمەی دەقاودەق بکا. ناچارە ئەوەی بۆی دەنووسن مووبەموو بیکا بە کوردی. بۆیە شتێکی لێ دەردەچێ کە کەس نازانێ چییە؟ من بەش بە حاڵی خۆم وەبیرم نایە جارێکیش گوێم دابێتە دەنگوباسی ئەم ڕادیۆیانە چونکە هەر چۆنێک بێ لە فارسی و عەرەبی و تەنانەت تورکی باشتر تێ دەگەم تا ئەم زمانەی ئەوان پێی دەڵێن: کوردی!!!

هەرچەند لەم ساڵانەی دوایی خەڵک وشیار بۆتەوە و تەنووری نەزانانی لەخۆبایی دامرکاوە و بازاڕی بێ چاووڕوویی ئەوان لە برەو کەوتووە و ئیتر نووسەرە لاوە خاوەن بەهرەکان بە شوورەیی دەزانن ڕەوتی مامۆستایانی نەزان هەڵگرن و ئەم وشە ناڕەسەنە دزێوانە لەکار بێنن. بەڵام داخی گرانم هێشتا بەتەواوی فڕێ نەدراون و جاروبار لەلایەک سەر هەڵدەدەنەوە. ڕاستیان گوتووە، بەردێک شێتێک لە چاڵاوی باوێ بە سەد ئاقڵ نایەتە دەر.

لەمێژ بوو بە ئاواتەوە بووم شێعرێکی نوێی خۆش بخوێنمەوە، دەزانن ماوەیەکە شێعری شاعیرە لاوەکانمان ئەوەندە وێک دەچن کە پیاو تەنیا بە ئیمزای شاعیر لێکیان دەکاتەوە. زۆربەیان بە «ئازیزەکەم» «دڵدارەکەم!» «خۆشەویستەکەم!» دەس پێدەکەن و ئەم وشە ناسک و جوانانە ئەوەندە دووپاتە کراونەوە، پیاو چ چێژی خۆشیان لێ ناکا. تا ماوەیەک لەمەوپێش وا بزانم لە «هاوکاری»دا بوو شێعرێکم خوێندەوە هەرچەند هەر لەسەر ئەم تاقە کێشە بوو کە ئێستا باوە و بۆتە «بەیتی بلە و نابڕێتەوە» و ئەگەرچی دیار بوو، شاعیر لاوە، بەپەلەیە، کەم ئەزموونە، بەڵام شێعرێکی جوان و ساکار و پڕ لە سۆز و هەست بوو. هەر دێڕێکم دەخوێندەوە هەزار ئافەرینم بۆ شاعیر دەنارد، ڕۆڵەم! چاوم! کەسی مامی! و شتی وام لە زاری دەردەپەڕین.

دەمگوت: ئۆخەی ئەگەر شاعیری وامان هەن کە ڕستەی «پێمان خاوس بێ» دەکەنە قافیە، ئی واشمان هەن کە مایەی هیوای دواڕۆژن. لەپڕ وەک گۆزێک ئاوی ساردم پێ دابکەن ڕاچەنیم، تێکڕا بووم، نەشەکەم شکا. خاوبوومەوە. نازانم ئەم شاعیرە خۆشەویستە چۆنی بێز هاتبوو وشەی داتاشراوی ناشیرینی ئێسکگرانی وەک «پەرتووک» بخاتە نێو شێعرەکەیەوە؟

نازانم بۆ بیر ناکەینەوە، ئێمەمانان کە خۆمان دەکوژین زامی ڕەش دەکەین، ئاوی چاومان ڕۆ دەڕژێ تا شێعرێکی بە کوردی دەڵێین. بۆچی ناوبانگمان لە چوارچێوەی شارەکەمان دەرناچێ. بەڵام ئەحمەدی خانی، کە پێویستمان بە قامووسی عەرەبی و کوردی و فارسی هەیە تا بتوانین شێعرە گران و قووڵ و جوانەکانی ساغ بکەینەوە تا ئێستا مەم و زینەکەی بە چەند زمانی زیندووی جیهان تەرجەمە کراوە؟

ئەگەر هێندێک کەسی نەخوێندەواری ساویلکە، بەڵام پاک و بێفێڵ، هەستی توندی نەتەوایەتی و بیروڕای چەوت و نەزانانەی سیاسی، تووشی هەڵەی کردن و ئەم تەپوتۆزەیان بەرپا کرد. پیاوی فێڵاوی و خۆپەرست و تەنانەت ناپاکی وا هەبوون کە زانیمان فارسی زانی باش لە کوردستانی عێراق کەم بوون. لە فەرهەنگە کۆنەکانی فارسی گەڕان و وشەی سواو و لەکارکەوتە و فەرامۆشکراوی فارسییان لەنێو قامووسە کۆنەکاندا دۆزییەوە و نابەجێ لەکاریان هێنان.

دیارە من پێم وا نییە ئەگەر نووسەرێکی ئێمە لە کاتی پێویستدا بۆ دەربڕینی مەبەست وشەی بێگانە لەکار بێنێ قیامەت ڕادەبێ، دنیا بەقوڕ دەگیرێ، پردی سیرات دەپسێ و ڕووگە وەردەگەڕێ. بەڵام خۆ فریودان و خەڵک فریودان بە گوناهێکی گەورە و تاوانێکی خراپ دەزانم.

ئێمە نابێ گوێ بدەینە شۆوینستەکانی فارس کە دەڵێن کوردی شێوەیەکی فارسییە، بۆ خۆمان دەزانین زمانەکەمان زمانێکی سەربەخۆیە و ناترسین و نایشارینەوە کە خزمایەتی دەتەک فارسیشدا هەیە. زۆر باش دەتوانین وشەی فارسی وەربگرین وەک ئەوان کە لە وەرگرتنی وشەی کوردی و هیچ زمانێکی دیکە سڵ ناکەن. بەڵام هەق نییە لەباتی وشەی مەزن و گەورە، زەلام، زل، وشەی «بزرگ»ی فارسی بنووسین. یا لەجیاتی، جوان، چەلەنگ، دەلال و شەنگی خۆمان. وشەی «قەشەنگ» لەکار بێنین کە تورک و فارس کێشەیان لەسەر هەیە.

جگە لەوە ئەگەر پێویست بێ وشە وەربگرین، بۆچی واز لەو وشانە بێنین کە لەمێژە تێکەڵی کوردی بوون و لە کوردەواریدا بوونە باو و وشەی نامۆ بکەینە باو. لێتان دەپرسم: دنیا، قەڵەم و غەزەلی عەرەبی، زیاتر بوونە کوردی یا گێتی، خامە و چامەی فارسی، سەیر ئەوەیە فارسەکان بۆ خۆیان پتر، وشە عەرەبییەکان دەکار دێنن بەبڕوای من فڕێدانی ئەو وشانەی لە کۆنەوە تێکەڵی کوردی بوون و نەخوێندەوار دەیانزانی کارێکی خۆڕایییە. ڕەنگە بە کوردێکی نەخوێندەوار بڵێی سەماوەر ڕووسییە و تەماتە ئینگلیزییە تێر و پڕ پێبکەنێ. کام کوردی نەخوێندەوار دەزانی پێنووس و بنووس و خامە بە قەڵەم دەگوترێ و پەرتووک کتێبی مەلایە؟ خۆ باسی تەرخان و قاچاغ و ئاغا و خان و خانم و بیگ و بیگمی مەغوولی هەر نەکەین باشترە.

وشەی وا هەن ڕاستە زۆر بە ڕەسەن کوردی نین. بەڵام ماڵی کوردن چونکە نەخوێندەوار دەیانزانێ و لێیان حاڵی دەبێ و بشمانەوێ لەبیریان ناچێتەوە.

بەڵای لە وشە داتاشینی نەزانانە کوشندەتر، ڕستە داڕشتنی هەڵەیە، ئەوەیان پتر جێگای مەترسییە. چونکە ڕێزمانەکەمان دەشێوێنێ. بژار کردنی وشەی ناڕەسەن گران نییە بەڵام هێنانەوە سەرەخۆی ڕێزمانی شێواو ئەستەمە، دژوارە بەڵکوو ترسناکە.

دیارە ئەدەبی خۆمان ئەوەندەی خزمەت نەکراوە و پەرەی نەگرتووە کە هەستی فێر بوونی ڕووناکبیر و خوێندەوارانی کوردی عێراق ڕازی بکا. ناچارن لە ڕێگای زمانی عەرەبییەوە فێر بن و زانستیان بەرەو ژوور بەرن بیانەوێ یا نەیانەوێ دەکەونە ژێر تەئسیری زمانی عەرەبییەوە. بۆیە کاتێک دەنووسن ڕستەکان وەک عەرەبی دادەڕێژن. یا باشتر بڵێم بە عەرەبی بیر دەکەنەوە و بە کوردی دەنووسن. ڕستەی وا دەبینم هەموو وشەکانی کوردیی ڕەسەنن کەچی تێی ناگەم. چونکە لەسەر ڕێزمانی زمانی عەرەبی داڕژاوە. ئەویش زۆر لە ڕێزمانی کوردی دوورە. لەم ڕستانەی خوارەوە وردبنەوە کە هەموویانم لە وتارە پەسند کراوەکانی ئەم گۆوارە دەرهێناون، کارتان بەوە نەبێ کێ نووسیونی بزانن ڕاست نووسراون یا ناڕاست:

«وە کاتێک مرۆڤ جێگایەک بۆ خۆی دەگرێ لەناو ئەو جیهانە زەمانییەوە».

«لەبەر ئەوە سەرنەکەوتوون لە هیچ شتێکا لەم بارەیەوە».

«لەو کاتەوە مرۆڤ توانی لە دوورەوە بە کاروباری خۆی هەڵسێ».

«بەخێرایی بوونی مرۆڤ دەرچوو لە دەور و پشتی ئاژەڵی».

«کەڵکی چییە ئەو هەموو باسکردنە لەسەر زمانە».

زۆر ڕستەی لەوانەش شێواوترم دیون کە ئەگەر ڕیزم کردبان جێگایان زۆر دەگرت. تەنانەت وتارێکم هەر لەم گۆوارە خۆشەویستەدا خوێندۆتەوە کە بەشی هەرە زۆری پاراگرافەکانی بە «وە» دەس پێ دەکەن کە بەهیچ جۆرێک دەگەڵ ڕێزمانی کوردی ناگونجێ.

تا ئێستا هەر زامم دەسنیشان کردوون و دەرمانم بۆ نەدۆزینەوە. بەڕاستی ئەگەر دەرمانێک بۆ ئەم دەردانە نەدۆزینەوە. هەر وا دێن وەبن دەدەن و تەشەنەی دەکەن و دەبنە تیراوێ و بە هەزار شەخس و شێخ و پیر چارە ناکرێن.

بەبڕوای من نووسەری ئەمڕۆی کورد دوو ئەرکی لەسەر شانە و دەبێ هەر دووکی لەپێش چاو بێ. یەک نووسینی شتی چاک و پاک و جوان و بەکەڵک. دوو پاراستنی ڕێزمان و بووژاندنەوەی و بژار کردن و پەرەپێدانی زمانی کوردی. دیارە کەسانێکی بە زمانە زیندوو و خزمەت پێکراوەکان، کە قامووسی گەورەیان هەیە دەنووسن ئەرکی دووەمیان لەسەر شان نییە. بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی یەکەم من وەرگێڕانم پێ باشترە. بە تەرجەمە هەم شاکارە ئەدەبییەکانی جیهان دەکەینە کوردی و هەم مەیدانی بەرفراوانترمان لەبەر دەس دایە و دەرفەتمان هەیە خزمەتی زمانەکەمان بکەین و بیری خەڵک ڕووناک بکەینەوە. بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی دووەم دەبێ بە هەموو هێزمانەوە تێبکۆشین ڕێزمانەکەمان بپارێزین، وشەی ڕەسەنی کوردی بەکار بێنین، وشەی داتاشراو فڕێ بدەین. لەبەر خۆمانەوە وشە دانەتاشین. لە شێوەی شار و نیشتمانی خۆماندا گیر نەخۆین، لە هەر شێوەیەکی کوردیدا وشەی جوانتر و سووکترمان وەپێش چاو هات هەڵیبژێرین. لەبیرمان بێ وشەی کوردی هەتا کورتتر بێ خۆماڵیترە. بۆ ئەوەی ڕستەکانمان کورت بن هەتا دەتوانین «واوی عطف» کەمتر بەدوای یەکدا ڕیز بکەین. لە کاتی پێویستدا لە بەکارهێنانی وشەی بێگانە نەترسین. لە نووسیندا بەپەلە نەبین کەم بنووسین و باش بنووسین. هەرچی نووسیمان بە جارێک و دووجار لە کۆڵی نەبینەوە. چەند جاری دەس تێ وەردەین لەپێش ئەوەی نووسین بۆ چاپ بنێرین، پێمان شوورەیی نەبێ بە چەند کەسی لێزان و پسپۆری نیشان بدەین. ڕەخنە و تێبینی دۆستانەی ئەوان قبووڵ بکەین. خۆپەرست و بە فیز و بەرچاوتەنگ نەبین، لە خەڵک فێر بین و بۆ خەڵک بنووسین. ئەوەی بۆ چاپمان نارد ئەگەر دەسکاری باش کرا ئاگر نەگرین. ئەگەر جارێک بڵاو نەکرایەوە ناهومێد نەبین، چاومان نەچێتە پشت سەرمان، بە ڕقدا نەچین و دەس لە تێکۆشان و نووسین هەڵنەگرین. ئەرکی سەرشانی هەموومانە بۆ بووژاندنەوەی ئەدەب و خزمەتی زمانی کوردی تێبکۆشین.

بەڵام ئەرکی بەیان لە هەلومەرجی ئێستادا چییە؟

١- تێ بکۆشێ پاک و خاوێن و بێ غەڵەت چاپ بکرێ.

٢- کورتە چیڕۆکی باش و وتاری بەکەڵک و چاکی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و زانستی و مێژوویی و ڕەخنەی بێ غەرەز و دۆستانە بڵاوکاتەوە.

٣- زانایان هان بدا شتی باش لە زمانەکانی بێگانەوە وەرگێڕنە سەر کوردی.

٤- وتاری هیچ نووسەرێک بۆ خاتری جێ و پایە و ناوبانگ و دۆستایەتی بڵاو نەکاتەوە. خوێنەر ڕازیکردن باشترە لە تۆراندن و دڵ یەشاندنی گەورە پیاوێکی شتی باش یا کوردی ڕەوان نانووسی، خزمەتی گەل لە خزمەتی تاقە کەسێک چاکترە.

٥- پاراستنی زمانی کوردی لە هەموو حاڵێکدا لەبەرچاو بێ و بە گرنگی بزانێ.

٦- هەموو وتارەکانی سەرلەنوێ بە ئیملایەکی یەکدەست بنووسێتەوە جا بیاننێرێتە ژێر چاپ و خەڵکی لە پاشاگەردانیی ڕێنووسی کوردی ڕزگار بکا.

٧- لە لاپەڕەی دوایی هەر ژمارەیەکدا چەند شت هەڵبژێرێ و داوا لە زانایان بکا تەرجەمەی بکەن و باشترینیان چاپ بکا. هەروەها هێندێک مەوزوعی خۆمانە بە گرێو دابنێ تا نووسەرەکان لەسەری بنووسن و جوانتریان هەڵبژێری.

لە هەمووان گرینگتر ئەوەیە دەستەیەک لە زمانزانەکان پێک بێنێ، ئەگەر بکرێ خەڵکی ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستان بن، تا ئەم نووسراوانەی دەستەی نووسەران لەباری نێوەڕۆکەوە پەسندیان کردوون لەباری زمانەوە تەماشا بکەن و ئەگەر پێویست بوو دەسکاری بکەن. پێم وایە ئەم کارانە زۆر گران نەبن. بەڵام زۆر بەسوود دەبن. بێگومان ئەگەر نووسەرەکانمان بزانن نووسینەکانیان ئاوا لە بێژینگ دەدرێن و تەتەڵە دەکرێن، بەسەرنجەوە دەنووسن.