چەقۆی «مالووم» و کێردەکەی شەیتان

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  893 بینین
چەقۆی «مالووم» و کێردەکەی شەیتان
تا خوێن بڕێژن، تیژن، بێ «هەسان»
زۆرتر لە ڕۆژی موبارەکدایە
ئەم پیاو کوشتنە و شەڕ و هەرایە
ماتەمی گەورەی نۆزدەی ڕەمەزان
بریندار کرا کە شێری یەزدان
«عەلی» «لا فَتَیعەرەبی»ی «بەدر» و «حونەین» بوو
هەم بابی عیلم و بابی «حوسەین» بوو
ئێشی برینی ئەو هێشتا ماوە
برین لە لەشی ئیمان کراوە
ئەمە تەقدیری ئەزەلیی خوایە
لەولاوە دەستی شەیتانی تیایە
ئەمە ئەساسی دەوری جیهانە
کە نەڵێن کەسی تیا شادمانە
لە لایێکەوە پیاو پیاو ئەکوژێ
مایشەوە برا خوێنی ئەمژێ
دوێنی «شێخ غەضبان» لە حیللە هەروا
برای خۆی کوشتی بە نای ناڕەوا
خۆی و کوڕێکی و ژن و منداڵی
کوشت و ئاگری بەردایە ماڵی
ئیرسی «قابیلە» پێمان بڕاوە
بە دیموقراتی کارمان تەواوە