فەند و فێڵێکی وای هەیە شەیتان

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  978 بینین
فەند و فێڵێکی وای هەیە شەیتان
لە کەتن و پەتنی تێناگا ئینسان
«چۆلەکە»یێکی شوانخەڵەتێنە
ئەخاتە پێش شوان، ها بگرە و بێنە
وا لە بەردەمیا «قونەی» بۆ ئەکا
ها لێرە و لەوێ، گاڵتەی پێ دەکا
دەستی بۆ دەبا ئەو هەڵنافڕێ
بە قونە نەختێ، لێی تێئەپەڕێ
بەو ڕەنگە هەتا دووریەخاتەوە
«ڕانی» لە بیر و هۆش ئەباتەوە
لەو لاوە گورگیش وا لە کەمیندا
بۆ هەل دەگەڕێ، لە سەرزەمیندا
کە زانی وا شوان ڕانی لێ گوم بوو
پەلاماری دا، لە مێگەل بەربوو
مەڕ ئەباڕێنێ و گورگ ئەیفڕێنێ
شەیتان پیشەی خۆی وا بە جێ دێنێ
شوانێ کە ڕانی پێ سپێردراوە
شەرتە شوانیشی خۆ پێ دراوە
بۆ پاروێ گۆشتی چۆلەکەی هەژار
ڕان بە جێ دێڵێ بۆ گورگی خوێنخوار
کاربەدەستێکە کە بۆ قرۆشێ
بە تەفرەی شەیتان میللەت دەفرۆشێ