گوێ لە پیران و باپیران بگرن

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  653 بینین
گوێ لە پیران و باپیران بگرن
لە هەر خەسارێ پەندێ وەرگرن
دەستێ نەتوانی بە زۆر بیبڕی
ئەبێ ماچی کەی، بە چاو بیسڕی
ئەگەر «تەناسوخ» ئەسڵی ببوایە
بهاتنایەوە سەر ئەم دنیایە
ئەشیا زەرەرمان لە هەرچی دیبوو
بۆی نەچووینایە، هەروا زووبەزوو
بەڵام بەنیادەم هێندە لاسارە
گوێ ناداتە ئەم تەجروبە و کارە
خۆ نەخوازەڵا، ئێمەی خۆش باوەڕ
کە بۆ گەورەکان بووین بە بارەبەر
چۆنمان لێ خوڕن ئەو ڕێیە ئەگرین
دوایی هەر خۆمان بۆ خۆمان ئەگرین
خۆ ئەدەین بە کوشت گشتمان بەرەودوا
ئەڵێن: بە دەردی خۆی مرد، با بڕوا
بە خەنجەر چووینە سەر سوپای دوژمن
پێیان ئەگوتین: «بە کۆمەڵ بمرن»
لەوەیش ڕزگار بووین، دیسان نەسرەوتین
لە جاران زۆرتر، ڕەدوویان کەوتین
وا «بڕووخێ»یشمان تاقی کردەوە
بەس بێ ئیتر ئەم پیشە و کردەوە