لێرە لە چاکە و نەزاکەت گەڕێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1566 بینین
لێرە لە چاکە و نەزاکەت گەڕێ
کوتەک لە بەهەشت هاتۆتە دەرێ
زۆر جارم وتوە خەڕۆ بێ گوێیە
کوتەک دەزانێ قۆناغ لە کوێیە
ئەگەر خوا باڵی بە فیل بدایە
ئەبوو سەربانمان گشت بڕووخایە
خۆت هەڵمەکێشە و مەڕۆ بە عینوان
تفەنگ بۆ نیشان ئەسپیش بۆ مەیدان
ئێستا وا لێمان کەوتنە بەهانە
بەدەست خەڵکەوە بێڵ زۆر ئاسانە
شوهرەت ئافەتە لێت نابێتەوە
جام بشکێ بەڵام نەزرینگێتەوە
شەڕی ئیتالیا گرانی پێیە
کەر لە کوێ کەوتوو کوندە لە کوێیە
توخوا لێی گەڕێ با حاڵمان وا بێ
تالعی ئێمە ئەبێ شۆربا بێ
بە تەقویم سەرمای ئەمساڵ خەتەرە
مەکتەبەکەیشمان لە شار بەدەرە
لە مەعاریف دا هەر شار بەدەرین
بۆیە وەک خاکین هەر خاک بە سەرین