شەوی پاییزان پیران نانوێنێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1471 بینین
شەوی پاییزان پیران نانوێنێ
کەڵەشێرێکیش نیە بخوێنێ
زۆربەی کەڵەشێر لە دێی «ماوەتە»
کەڵەشێر کوشتن لایان لەعنەتە
شەومان درێژە و ڕۆژمان بە هەورە
نمەکمان سوێرە و پڵاومان چەورە
هیچ کەس نابینم دڵسۆز بێ بۆمان
زوو پیاو ئەگۆڕێ ئاوی «کانیەسکان»!!
گونای کەس نییە خەتای خۆمانە
جێگای هیوامان «گردی سەیوانە»
هەندێ بە کێلی باوکیان ئەنازن
هەندێ بۆ ئاشووب ئاواتەخوازن
هەندێ کتکیان لەلا وەک شێرە
هەندێ هێندەیە تا سکیان تێرە
ئەڵێن مردوو شۆر پارەی بەرێ زوو
خوای دەکرد مردوو گۆڕ بە گۆڕ دەچوو
پەردەی بینایی ئەسپ و شێر وایە
سامی ئینسانی وەک دێو لە لایە
ئەگینە ئێمە چۆن سواریان ئەبین
دوو هێندەی ئێمەن لێیان ناترسین
ژن تەڵاق ئەدەین شوو ئەکا زۆر باش
ئەڵێین قەی ناکا بۆمان بوو «بەجاش»