دوو ئاغا پێکەوە قاوڵتی ئەکەن یەکێکیان...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  701 بینین

دوو ئاغا پێکەوە قاوڵتی ئەکەن، یەکێکیان دنکە برنج بە ڕیشیەوە ئەمێنێتەوە، خزمەتکارێکی ئاقڵی ئەبێ دەرفەتی دەست ناکەوێ کە ئاغا تێبگەیەنێ. ئینجا هەر لە دیوەخانەکەدا ڕووی تێ ئەکا و ئەڵێ: ئاغا ئاسکێ لە چیمەنەکەتا ئەلەوەڕێ، ئەمر بکە بە پێنج کەس بچن دەریکەن! ئاغا دەستبەجێ تێئەگا و دەست ئەبا بە هەر پێنج پەنجەی دەنکە برنجەکە دەرئەهێنێ و فڕێی ئەدا.

ئاغاکەی تر کە دێتەوە ماڵەوە ئەچێتە ئەدەبخانە و بە خزمەتکارەکەی خۆی ئەڵێ: ئا بچۆ مەسینەیەکم بۆ بێنە. کابرا مەسینەکەی بۆ ئەبا و ئاغاکەی پێی ئەڵێ: ئاگات لێ بوو خزمەتکاری خەڵکی چلۆن ئاقڵانە ئاغای خۆیان تێ ئەگەیەنن؟ بۆ ئەو دەنکە برنجە کە لە ڕیشیا مابۆوە. دەسا تۆیش بزانم ئەتوانی ئاقڵییەکی وا بنوێنی؟ خزمەتکار ئەڵێ: بمبینە! بە هیوای ئەوە نۆکەرەکەی قسەیەکی ئاقڵانە بکات، دەنکێ برنج بە ڕیشی خۆیەوە قایم ئەکات. خزمەتکارەکەی چاوی پێ ئەکەوێ ئەڵێ: ئاغا، ئاغا! ئەوی سەر پیشاوەکە وا بە ڕیشتەوە!