کابرایەکی بانەیی هەبوو گوڵمحەممەدی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  725 بینین

کابرایەکی بانەیی هەبوو، «گوڵمحەممەد»ی ناو بوو. ئازا و نەترس بوو، هەموو جارێک بە تەنها کاروانی لە بانەوە ئەبرد بۆ سەقز و لە سەقزەوە کاروانی ئەهێناوە بۆ بانە، جەردە نەیانئەتوانی بچنە سەر ڕێی، ڕۆژێک چوار هەتیو تەگبیری لێ ئەکەن، ئەڵێن: نە ئێمە ئەو بکوژین و نە ئەو ئێمە بکوژێ، بە فێڵ ڕووتی بکەینەوە.

هەڵئەستن لە کەلیخان لەسەر ڕێگەکەیا بۆی دائەنیشن، وەختێ لە دوورەوە قەرانتوی دەرئەکەوێ، هەر چواریان تفەنگەکانی خۆیان ئەشارنەوە و ئەبن بە دوو دەستەوە و بە درۆ دەست ئەکەن بە جنێودان بە یەکتری و لەپاشا بە زللە و مستەکۆڵە لە سەر و گوێلاکی یەک بەرئەبن.

گوڵمحەممەد کە ئەبینێ دەست ئەکا بە جنێوپێدانیان، ئەڵێ: هەتیو شەڕ مەکەن لێتان ئەدەم و لوولە تفەنگێ لەبن دەستی یەکێکیان ئەسرەوێنێ. کتوپڕ یەکێ لوولە تفەنگەکەی و یەکێ جڵەوی ئەسپەکەی و دوانیشیان هەر یەکەی قولێکی ئەگرن و دایئەبەزێنن، پاک و پوختە ڕووتوقووتی ئەکەنەوە!

ئیتر گوڵمحەممەد وەکوو شەلی شوانان - گاو، دێتەوە! لێی ئەپرسن: خۆ تۆ کەس نەیئەتوانی بێتە ڕێت ئەم جارە بۆچی ئەمەت بەسەر هات؟ وتی: فڵانی هەرکەسێ لە کەلیخان پیاوەتی بکات، وەهای بەسەر دێ!