کابرایەکی کورد ڕێی ئەکەوێتە ماڵی پیاوێکی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  712 بینین

کابرایەکی کورد ڕێی ئەکەوێتە ماڵی پیاوێکی شینکی، برسی ئەبێ داوای نان ئەکا، خانەخۆی سێ چوار نان و جامێ دۆشاوی بۆ دائەنێ. میوان تەماشا ئەکا نانەکە هەرزنە و زۆر ڕەقە، دۆشاوەکەش ڕوونە، هەر چەند ئەیکا بە دۆشاوەکەدا شتێکی وای پێوە نابێ! ناچار نانەکە لە دەستیا ورد ئەکا، ئەیکاتە دەمیەوە و جامە دۆشاوەکە ئەنێ بە سەرییەوە، قومی زل زلی لێ ئەدا!

کابرای خانەخوێ وتی: خزمە چلۆن نان و دۆشاو وا ئەخورێ؟ ئەبێ نانەکە لە دۆشاوەکە هەڵکێشی و بیخۆی. میوانەکەش وتی: قوربان ئەم نانە ڕەق و ئەم دۆشاوە شلە تۆ بۆ منت داناوە بیکەم بە قوزەڵقورتم، ئەبێ بەم جۆرە بخورێ!