کابرایەکی پاک و تەمیزی سنەیی ڕۆژێک بە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  720 بینین

کابرایەکی پاک و تەمیزی سنەیی، ڕۆژێک بە پیادەیی بە ڕێگادا ئەڕوا و ئەگاتە قەراخ ئاوی قشلاخ. ئەڵێ: من نادەم لەم ڕووبارە جلەکانم تەڕ ناکەم، کەسێک ببێ وڵاغێکم بۆ بێنێ سواری ببم. یاخود بمکاتە کۆڵی بمباتە ئەوبەر، چەندی پارە بوێ ئەیدەمێ. کابرایەکی نایسەری لەوێ ئەبێ ئەڵێ: دوو قڕانم بدەرێ، من بە کۆڵ ئەتپەڕێنمەوە. کابرا دوو قڕانەکەی ئەداتێ و سواری کۆڵی ئەبێ. کابرای نایسەری لە ناوەڕاستی ئاوەکەدا خۆی ئەدا بە زەویدا! هەموو لەشی ئەو هەژارە تەڕ ئەبێ. بەم جۆرە ئەچنە ئەو بەرەوە.

سنەیییەکە ئەڵێ: خوا بتگرێ من بۆیە پارەم دا بە تۆ کە جلەکانم تەڕ نەبێ، تۆ بۆ چی وات کرد؟ کابرا ئەڵێ: وەڵڵا قوربان من بە منداڵی شیری گامێشم خواردووە، بە دەست خۆم نییە لێم بووە بە خوو، هەرچەند بچمە ناو ئاو، ئەبێ بنووم! سنەیییەکەش ئەڵێ: بە خوا فڵانی جلەکانی من وشک ئەبێتەوە، بەڵام ئاخری تۆ بەم خووە ئەچی!