کابرایەکی شارەزووری لە ئاشنایەکی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  1129 بینین

کابرایەکی شارەزووری، لە ئاشنایەکی بازرگانی سولەیمانی، هەندێ کوتاڵی کڕی کە پاییز وەختی حاسڵات پارەکەی بداتێ. بازرگان دەفتەری گرت، وتی: دە گەز بلووری، هەر گەزێ بە دوو قڕانە، تۆ بڵێ دوو قڕان و نیو، ئەمە ٢٥ قڕان، بیست گەز چیت، هەر گەزێک بە تارانییەک، تۆ بڵێ دوو قڕان و نیو، فیستێکی ژنانە باییی سێ قڕانە، تۆ بڵێ سێ و نیو. کەوایەکی شایتانبێزی بە هەقی دروون و هەموو شتێکەوە ئەکاتە سیانزە قڕان، تۆ بڵێ پانزە. جووتێ کەوش و جووتێ کڵاش هەقەکەی نۆ قڕانە، تۆ بڵێ دە قڕان، قەیناکا!

ئەمانەی لە دەفتەرەکەدا نووسی و ئینجا وتی: عەزیزم تۆ مەڵێ خاترم ناگرێ، دووکان دووکانی خۆتە، بەڵام شتێک هەیە من قەرزاری خەڵکم و تۆش هەتا سێ مانگی کە پارەم نادەیتێ، هەشت قڕان با قازانجی بێ! ئەویش نووسرا! پاشان وتی: ڕۆحەکەم خۆت لە سایەی خواوە خاوەن خەرمان و بەرە جووتی، کە خەرمان هەڵئەگری باییی دە پانزە تارانی، هەر خەرمان لۆغە بە خەڵکی ئەدەی، با هەشت تارانیش خەرمان لۆغە بێ. ئەویش نووسرا! و ئەنجا بە کابرای وت: هەر وەکوو عەرزم کردی دووکان دووکانی خۆتە هەر شتێکت پێویست بوو ئەوانە هەیە!