زیبا، سەنەما، چەندە دڵارا پسەری تۆ
لە کتێبی:
دیوانی ئەدەب
بەرهەمی:
عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859-1916)
1 خولەک
1023 بینین
زیبا، سەنەما، چەندە دڵارا پسەری تۆ
ڕەعنا قەد و شیرین لەب و نازک کەمەری تۆ
ڕەنگین و گەش و تورفە، چما لالەیی حەمرای
ڕەنگین و تەڕ و تازە، مەگەر نەیشەکەری تۆ!
خونچە دەهەن و سەروو قەد و «قورس»ی قەمەر ڕوو
قوربانی سەرت، کامە دەلیلە، بەشەری تۆ!
هەرچەندە کە شیرینە، شەکەر تەعمی لە دەمدا
حەددی چییە بێ بەو: دوو لەبی گوڵشەککەری تۆ
حەددی چییە تاووس؛ کە بنازێ بەپەڕی خۆی
ئەو دەم؛ کە لە گوڵزاری مەدا، جیلوەگەری تۆ
خورشید ئەگەر زینەتی ئافاقە بەئەنوار
خاڵێکە لە ڕوخسارەیی حوسنی قەمەری تۆ
سەد جارە، کەمە پادشەهی موڵکی هونەر بین
هەر تاجی سەری، فەخری مەیە؛ خاکی دەری تۆ
فەرمووتە: کە دڵ ڕێی نەدەنێ، سەیری جەمالت
کوێی دی هەیە بیچێتێ! دڵەی دەربەدەری تۆ
مەشهوور لە عالەم؛ کە دڵ ئاگای لە دڵانە
وەڵڵاهی ئەگەر لەو دڵی مە، باخەری تۆ
سەد جارە وەکو سەرووی سەهی بێ، قەدی ڕەعنات
دەستی کە نەگاتێ؛ چییە بۆ مە، سەمەری تۆ؟
جانا! وەک ئەدەبناسناوی ئەدەبی بەستەی ئەو دانە خاڵە
تا مردنی؛ جێ حەڵقەی زوڵفە، بەسەری تۆ