قەسەم بەو خاڵی نەقشی سورەتی تۆ
لە کتێبی:
دیوانی ئەدەب
بەرهەمی:
عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859-1916)
1 خولەک
1207 بینین
قەسەم بەو خاڵی نەقشی سورەتی تۆ
کە هەر بۆ حوسنی تۆ بوو؛ زینەتی تۆ
ئەوەندەی تۆ دەبینم، لێم دەشێوێ
کە باخی جەننەتە، یا تەلعەتی تۆ!
بەهەشتی جاویدانم بۆ چییە من!
ئەگەر وەعدەی وەفا بێ؛ وەسڵەتی تۆ
بەیادی شەککەری شیرینی لێوت
گەوارایە شەڕەنگی هیجرەتی تۆ
بەدیدارت؛ ئەگەر بیدەم هەتا هەم
بەنیعمەت هەردوو دنیا: زیللەتی تۆ
لە دەستی میحنەتت کێ بێ و بناڵێ!
شیفای دەردانە، بیللا میحنەتی تۆ
لەوێ ڕۆژێ، بەخاکی پای گەیشتووم
بەجان و دڵمە، شەوقی خزمەتی تۆ
خودایە وا دەبێ؛ شەو تا سەحەرگاهـ
من و تۆ بین و ئەمن و سوحبەتی تۆ؟
گوتم: چی دی، بەجانان دڵ نەدەم من
خودایە تۆ دەزانی و فرسەتی تۆ
ئەدەبناسناوی ئەدەبی ئەوڕۆ تەشەککور واجبە بۆت
کەوەی پابەندی بووی، بوو قیسمەتی تۆ