ئەی ڕاحەتی مودامی دڵی بێ قەراری من

لە کتێبی:
دیوانی ئەدەب
بەرهەمی:
عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859-1916)
 1 خولەک  1111 بینین
ئەی ڕاحەتی مودامی دڵی بێ قەراری من
ڕەحمێ بەحاڵی خەستەی زار و نزاری من
بێ «میهر»ی تەلعەتت، کە سەباحی ئومێدمە
وەک شامی زوڵفتە بەخودا، ڕۆزگاری من
دایم بەیادی قامەتی سەرو و سنەوبەری تۆ
دوو جۆیبارە؛ بەڵکە دوو ڕوودە، کەناری من
تا بووم بەخاکی پا؛ نەگەیشتم، مەگەر: سەبا
بێنێتە خاکی مەقدەمەکەی تۆ: غوباری من
غەمباری هیجری تۆم و لە خۆتم وەلا مەخە
من: بوردباری میحنەت و تۆ: غەمگوساری من
تا ئەو دەمەم؛ گەزافی هونەر بوو، لەمەودوا:
خاکی جەنابی تۆ و سەری ئیفتیخاری من
تۆ: دڵ دەبەی بەغارەت و بەمنیش دەڵێی: مەیە
بۆچی! مەگەر بەدەستی منە، ئیختیاری من!؟
بێهوودە عومری خۆم بەخودا سەرفی تۆ دەکەم
کەی تۆ دەکا بەقیسمەتی من: کردگاری من!
حیرەت نییە؛ کە نەشکێ خومارم بەمەی، ئەدەبناسناوی ئەدەبی
بۆ؟ چونکە هەر لە بادەی عیشقە، خوماری من