ئەو زوڵفی سەمەن سا، کە سەراپایە لە باڵات
لە کتێبی:
دیوانی ئەدەب
بەرهەمی:
عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859-1916)
1 خولەک
1561 بینین
ئەو زوڵفی سەمەن سا، کە سەراپایە لە باڵات
چەشمی بەدی لێ دوور بێ؛ چە زیبایە لە باڵات
گەهـ دەستە، گەهێ بەستە، گەهێ کرژ و گەهێ خاو
هەر تەرزێ کە مەتبوعە بەدڵ وایە لە باڵات
شوعلەی روخت و تیرەگیی زوڵفی سیەهفام
مەهتابە، کە تێکەڵ شەوی یەڵدایە لە باڵات
ڕوخساری فروزندە، تەڕازی قەدی نەخلت
نوورێکە تەقازایی تەجەللایە لە باڵات
باخی ئیرەمە؛ سینە و گوڵزاری جەمالت
حەسرەت بەدووسەد جەننەتی مەئوایە لە باڵات
خونچەی دەهەنی تۆیە، گەهی خەندە و گوفتار
دورجێکی شەکەرخێز و گوهەر زایە لە باڵات
قامەت نییە بیللاهی، قیامەت بوو هەڵستا
لەو شۆڕش و غەوغایە، کە پەیدایە لە باڵات
جانا! مەکە مەنعی «ئەدەب»ی زار، لە زاریی
شێتی گوڵی دیداری تۆ؛ شەیدایە لە باڵات