تۆ سەری زولفی بڵاوت زولفی خاوت بامەدە
لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
1 خولەک
1305 بینین
تۆ سەری زولفی بڵاوت زولفی خاوت بامەدە
جێی دڵی سەودایییە، چی دی دڵم جەزیا مەدە
من کە بێت ناژیم وەرە ڕوحمت هەبێ نەشکێ دڵم
با بینای کەعبە نەڕووخێ، چاوەکەم لێم لا مەدە
عاشقی زولفم بە ڕۆح و دڵ ئەمن جۆیایی تۆم
خێری خۆتە دەست لە سینەی مەردی خۆش سەودا مەدە
هەر دەمەی من خاڵی گۆشەی لێوی تەعلیمی دەدام
عەیش و نۆش و کونجی تەنهایی بە ڕووی دونیا مەدە
شەو قەرارت دا لەسەر زولفت بە دڵ شادبم بەتۆ
لامەدە زولفت وەفات بێ! وەعدەیی فەردا مەدە
با قیامەت ڕا نەبێ، با ڕۆژ نەگیرێ چاوەکەم!
توند مەبە! هەڵمەستە پێ، سونبول بە ڕووی گوڵدا مەدە!
چت لە زەوقی دینی دڵبەر داوە! تۆ بی و دینی خۆت!
تا بمێنی دەم لە وەسڵی ئاتەشی سینا مەدە
مەرگی من ساقی دڵم بگرە دەمت وا بێنەوە
یا کەرەم کە جامی لەب ڕێز، یا شەرابی وا مەدە
نیوە سووتاوم ئەمان، بێ بەس مەکە ئەی تارزەن
یا وەفات بێ، یا جەفایی عاشقی شەیدا مەدە
ئەی وەفاییناسناوی ئەدەبی هێندە خوێن مەگری لە ڕووی ئارامی دڵ
گەوهەری تۆ وا لە کن تۆ، خۆت بە دەم دەریا مەدە